بەهرۆز جەعفەر: لەبارەی نەوت و بودجەوە: قسەیەکیش بۆ کوردستان بکەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ململانێکانی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر ئەوە نییە هەرێم 250 هەزار بەرمیل نەوت بداتە بەغدادو ئەوانیش بودجەی هەرێم ڕەوانە بکەن، ئەگەر ئەوە بێت، ئێستا تەنها کێڵگەی خورمەلە بە پێی وود مەکەنزی- wood mackenzie بەرهەمی ڕۆژانەی لەنێوان 180 بۆ 210 هەزار بەرمیلدایە. ئەوە ماوەیەکە بەشێکی زۆر لە بەرپرس و پەرلەمانتار! ە کوردەکان (ڕێز بۆ یه‌ك دوانێك له‌و په‌رله‌مانتاره‌ خه‌مخۆرانه‌) گوایە خەمی نانی میللەتیانە پتر لە شیعەو سووننەی عێراق لە میدیا عەرەبییەکانەوە قسە لەسەر ئەم پرسە ئەکەن، لێرەدا:
یەکەم/ بودجەی عێراق ساڵی 2019 بڕی 135 تریلیۆن دینارە، 1 تریلیۆنیش بودجەی حاڵەتی لەناکاو ئەمە 136 تریلیۆن دینار ( جگە لەوەش لە بودجەدا حیساب بۆ ئەو ملیارەها دۆلارە نەکراوە وەک یارمەتی دەرەکی ئەدرێ و دراوە بەعێراق بۆ ئاوەدانکردنەوەو بەشی زۆری لووش ئەدرێ)، لەکۆی ئەم هەمو بڕە تەنها 10 دە تریلیۆنی دراوە بە حکومەتی هەرێم. بۆچی هیچ کەسێک بەدواداچوون بۆ 126 تریلیۆن دینارەکەی تر ناکات، چی لێ دێت؟ بۆ کوێ ڕۆیشتوە لەکاتێکدا بە پێی هیومان ڕایتس ووچ ڕێژەی بێکاری لە عێراقدا 33٪ ەو قەرزە دەرەکیەکانی ئەم وڵاتە 132 ملیار دۆلاری تێپەڕاندوەو، 200 هەزار خانوی خاپورکراوی پاش جەنگی داعش هەیە؟. ئیتر ئەم عێراقە وێرانە هەیە کەچی ڕای گشتی و ناوەندی سیاسی سەرقاڵکراون بە هەرێمی کوردستانەوە کە هەرگیز كورد مەترسی سیاسی و ئەمنی و دارايى نەبوە بۆ عێراق، بودجەی دە ساڵی هەرێمی کوردستان هێندەی بودجەی دوو ساڵی شەڕی داعش نەبوە کە لە ڕۆژئاواو ناوەڕاستی عێراقەوە هەڵقوڵان و ئێستاش بونیان هەیە!. ئینجاش له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌دا هێشتا چاوه‌ڕێ ئه‌كرێت بودجه‌ى ساڵى 2020 ى عێراق نزیكه‌ى 70 حه‌فتا تریلیۆن دینار كورت بهێنێت!. ئه‌ى باشه‌ خۆ ئه‌و كورتهێنانه‌ تاوانى هه‌رێمى كوردستان نییه‌، ئه‌و كورتهێنانه‌ كورتهێنانى ساڵانى پێشوتره‌ كه‌ ساڵى دارایی (سنه‌ ى مالی) ته‌واو بوه‌و (حیسابى خیتامى) سالانى پێشوو داخراوه‌ كه‌چى هێشتا ئه‌وانه‌ چاره‌سه‌ر نه‌كراون، ته‌نانه‌ت كه‌ عێراق له‌ ڕووى داراییه‌وه‌ كورتى هێناوه‌ خۆ- ئه‌و ساڵانه‌ عێراق دینارێكى به‌ هه‌رێم نه‌داوه‌ تا له‌سه‌ر كوردى هه‌ژماربكه‌ن!.
دووەم/ سێکتەری نەوتی هەرێمی کوردستان سەرەڕای نەبونی شەفافیەتی تەواو و دامەزراوەی ئابوری نیشتیمانی، کەوتۆتە بەردەم هەڕەشەی ئێران و عێراق و ڕووسیا و تورکیا لەلایەک، سکاڵای کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان لەلایەکی تر، بۆچی؟. چونکە بەغدا زیاتر لە 3 ساڵ یەک دیناری بەهەرێمی کوردستان نەدا، نرخی نەوت هەڵگەرانەوەی زۆری بەخۆیەوە بینی، ئابڵوقەی سیاسی و سەربازی و، وە کرێی هەقدەستی کۆمپانیاکان کەڵەگە بو لەسەر هەرێمی کوردستان. ئێستا ڕەنگە بڵێن سیاسەتی هەڵەی هەرێمی کوردستان بو کە ڕێگەی ئابوری سەربەخۆ و ریفراندۆم ی گرتە بەر « ئێمە لەکاتی خۆیدا تێ بی نی و ڕەخنەو ئارگیۆمێنتی خۆمان لەسەر ئەمانە خستوەتە ڕوو» بەڵام جێی بیر هێنانەوەیە خۆ لەساڵی 2008 هەرێم باسی ڕیفراندۆم و ئابوری سەربەخۆی نەکردبو کە نوری مالیکی هێزی دیجلەی ناردە سەر کەرکوک و خانەقین!؟. ئەی ئەوکات بۆ بودجەی هەرێم کەوتە بەر مەترسی ؟ کێ ئەم ڕێگەیەی پێ نیشاندان؟!. به‌كورتیه‌كه‌ى وادیاره‌ خه‌ڵكانێك ئه‌یانه‌وێ هه‌رێمى كوردستان سه‌رقاڵ بكه‌ن به‌ كێشه‌ى داراییه‌وه‌.
سێهەم/ کات لە سیاسەتدا گرنگە، ئەمریکا ئێستا هەڵوێستەکانی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە پاشەکشەدایە، بۆ؟. چونکە لە ڕۆژھەڵاتی دەریای سپی ناوەراست « مێدیتریانە» غازو نەوتێکی بێشومار دۆزراوەتەوە، بەمانایەکی تر هێزی ئابوری و جیو- ستراتیجی و سەربازیی گەورەی ئەمریکاو ئیسرائیل و ئەوروپا بە پلەی ئیمتیاز لە دەریای ناوەڕاستە لەمەولا نەک کەنداو. ئەمەش وا ئەکات ئەگەری گۆڕینی هێڵی ووزەی ناوچەکە بێتە ئاراوە، وەزیری نەوتی عێراق خۆی تێکداوە ئەڵێ هێڵێکی نوێ لە کەرکوکەوە بۆ جەیهان دروست ئەکەین، لەکاتێکدا پێش هاتنی ئەو بۆ وەزارەت ئەو هێڵە ساڵو نیوێکە ئیشی لێ ئەکرێ و لە تەواوبوندایە، هەروەها ئەڵێ پلانمان هەیە 6 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە بکەین؟. پێمان ناڵێ لە کوێوە؟. ئێستا عێراق ئەوەندەی نەوتی ئێران ئەفرۆشێ بە ئەوراقی عێراقی نیو هێندە سەرقاڵی نەوتەکەی خۆی نییە « لوتکەی بڕیاری عێراقی لەمەدا شەریکە». بە کورتیەکەی بەندەری بەسرە بەرەو ئەوە ئەچێت ئیتر ئەو شوێنە سەکوێرە نەبێت بۆ هەناردەکردنی نەوتی عێراق… بەچیدا بزانین بە پێچەوانەوە نابێت کە سبەینێک نایەت کە ئەبێت عێراق نەوتەکەی خۆی ڕادەستی هەرێم بکات بۆ هەناردەکردن. چونکە پێگەی هەرێم نزیکترە لە سنوری دەریای ناوەڕاست ەوە… مەگەر عێراق هێڵی بۆڕی کوردستان ی لە ماوەی شەڕی داعش دا بەکار نەهێنا بۆ هەناردەکردن، کەچی دوای ئەوە سکاڵای لەدادگای پاریس زیندوو کردۆتەوە بۆ داخستنی هێڵی نەوتی کوردستان !.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت