بورهان شێخ ڕەئوف: بە ئامانج گرتنى دامەزراوەکانى ئارامکۆ ناوچەکە نزیک دەکاتەوە لە جەنگ؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

عەرەبستانى سعودیە یەکێک لە گەورەترین وڵاتانى بەرهەمهێنى نەوت لە گێتى دا لە هەمانکاتیشدا یەکێگە لە زەبەلاحترین فرۆشیارانى نەوت لە جیهان، ئەو کۆمپانیایەش کە سەرپەرشتى ئەم پرۆسە گەورە و گرنگە دەکات کۆمپانیاى ئارامکۆی سعودیەیە، ئێستا ئەم کۆمپانیا مەزنە لە ژێر سێرەى چەکە جۆراوجۆرەکانى ئێران هاوپەیمانەکانیدایە لە یەمەن و عێراق و خودى ئێرانیش، دواى ئەو پەلامارەى کە لە 14/9/2019 کە فڕۆکەى بێ فڕۆکەوان ئەنجامی دا لە ناوچەى بەقیق ى ڕۆژهەڵاتى سعودیە نیوەى بەرهەمى ڕۆژانەى ئەو وڵاتەى وەستاند کە دەکات 6 ملیۆن بەرمیل نەوت لە کۆى 12 ملیۆن.

کاریگەرییەکانى ئەم پەلامارە
پەلاماردانى بیرە نەوتە کان و پاڵاوگە کانى عەرەبستانى سعودیە کە کۆمپانیاى ئارامکۆ سەرپەرشتى دەکات کە ناسراوە بە کۆمپانیاى ڕۆنى عەرەبى ئەمریکى، بەرهەمهێنانى تا ئاستى نیوە دابەزى، کە دواتر حووسیەکانى یەمەن بەرپرسیارێتى خۆیان ڕاگەیاند لە ئەنجامدانى لە کاتێکدا ئێستا هەواڵى تر هەیە کە لە عێراقەوە هێرشەکە کرابێت لە لایەن تاقمەکانى حەشدى شەعبیەوە هەرچەندە عادیل عەبدولمهدى سەرۆک وەزیران ئەوەى بە توندى ڕەتکردەوە. لە لایەکى ترەوە سعودیەکان و ئەمریکیەکان ئۆباڵەکەى دەخەنە سەر ئێران و تەنانەت باس لەوە دەکەن کە فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان بە ئاسمانى دەوڵەتى کوەیتدا ڕۆیشتبن . تەنانەت هەواڵى ئەو بڵاو کرایەوە کە هێزەچەکدارەکانى کوەیت خرابنە حاڵەتى ئینزارو ئامادەباشى هۆشدارى تا پلەى (ج) هەرچەندە دەوڵەتى کوەیت دواتر ئەم هەواڵە ڕەت کردەوە.
لە هەمانکاتدا ئەم دەستدرێژییە بۆ سەر ئارامکۆ کاریگەرى ڕاستەوخۆى کردە سەر نرخى نەوت لە بازاڕەکانى جیهان و تا ئاستێ 20% بەرز بووەوە، جگە لەوەى زیانى ئەم کردەوە نەک هەر بۆ عەرەبستانى سعودیە زۆر بوو بەڵکو بۆ هەموو بازاڕەکان و ئابورى جیهان کاریگەرى ڕاستەوخۆى هەبوو.

گرنگى کۆمپانیاى ئارامکۆ
کۆمپانیاى ئارامکۆ نەوت و هەموو بەرهەمەکانى ترى لە عەرەبستانى سعودیە بەرهەم دەهێنێت هەرلە بیابانە لماوییەکانى ڕەبع ئەلخالیەوە تاوەکو ئاوەکانى کەنداو، هەروەها پاڵاوگەى بەقیق کە کەوتە بەر ئەم پەلامارە ئەرکى پاڵاوتنى نەوتى خاو و پاککردنەوەى لە هەموو خەڵتەو پیسیەکانى گرتۆتە ئەستۆ ئامادەى دەکات بۆ فرۆشتن بە بەرمیل.
شایانى وتنە کۆمپانیاى ئارامکۆ تواناى ڕۆژانەى بەرهەمهێنانى 12 ملیۆن بەرمیل نەوتە، بۆیە عەرەبستانى سعودیە توناى یەدەکى زۆرى هەیە لە هەرکوێ یەک لە جیهاندا کێشە بۆ فرۆشتنى نەوت دروست ببێت و بەرهەم کەم ببێتەوە ئەمان خێرا بۆشاییەکەى پڕدەکەنەوە بۆ ئەوەى قەیران نەخوڵقێت، بەڵام لە ئێستادا کە عەرەبستان خۆى کێشەى بۆدروست بووە ئارامکۆ بە ئامانج گیراوە ئەمریکا خۆى ناچار بووە پەنا بۆ یەدەگى ئیستراتیجى خۆى ببات.

بەرەو لێکۆڵینەوەى نێو دەوڵەتى
وەزارەتى دەرەوەى سعودیە بەیاننامەیەکى زۆر توندى دەرکرد وێڕاى سەرکۆنەو نیگەرانى زۆ ر لەم کردەوە تێکدەرانە بە هەڕەشەى توندى زانى بۆ سەر ئاسایش و ئارامى و سەقامگیرى جیهان ، هەروەها ئاماژەیان بۆئەوە کردووە کە ئەم هەنگاوە هەڕەشەشە بۆ سەر سەرچاوەکانى وزە لە جیهاندا، هەروەها بەیاننامەکە خوازیارى ئەوە بوو کە نەتەوە یەکگرتووەکان تیمێکى لێکۆڵینەوەى شارەزاى نێو دەوڵەتى بنێرن بۆ سعودیە بۆ لێکۆڵینەوە لە سەرچاوەو شوێن و چۆنیتى ئەنجامدانى کردەوە تێکدەرانەکە، تاوەکو دواجار لە بەر ڕۆشنایى ئاکامى ئەو لێکۆڵینەوانەدا بڕیارى پێویست و شیاو بدەن، لە هەمان کاتدا ئەوەشیان ڕاگەیاند کە تواناى بەرپەرچ دانەوەو بەرەڤانى تەواویان هەیە لە هەموو دامەزراوەکانى وڵات.
هەر تایبەت بەم هەوڵە دواتر سکرتێرى گشتى نەتەوە یەکگرتووەکانیش بڕیارى ئەوەى دا کە تیمێکى نێودەوڵەتى ڕەوانەى عەربستانى سعودیە بکات بۆ لێکۆڵینەوە لەو بابەتە.
ماوەتەوە بڵێین ئێستا ئیتر هیچ بوارێک بۆ مانۆڕو خۆلادان لە جەنگ نەماوە ولەوەناچێت ئێران بە هێزى نەرم بچێتە ژێربارى داخوازییەکانى ئەمریکا، ئاکامى لێکۆڵینەوەکان بەتایبەتى تر ئەگەر لە لایەن تیمى نێو دەوڵەتیەوە بکرێت وەکو بڕیاردراوە پێدەچێت وەڵامێکى توندو کەمەرشکێن بێت، بە تایبەتى کە ئەوروپیەکانیش زۆر نیگەرانن لەم پەلاماردانەى ئارامکۆ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت