عوسمان عومەر: ڕوداوى ڕاکتەرى ئەتۆمى چیرنۆبل.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

یەکێ لەو بیرەوەریانەى تۆمارم کردون سالى 1987 ئەوکات لەدۆلى جافایەتى بوین لە بارەگاکانى سەرکردایەتى لەکانى مورادى یاخسەمەر، لە نیۆان هەردوو شاخى ژیلوان و ئاسنگەران، لە ئاسۆیەکى دوور، یەک دوو ئیوارەی جیاواز تا چاوو بڕى دەکرد بلاچەیەک وەک شیوەى قوبەیەک ووردە ووردە بەرز بۆوە، بەلام نەمزانى و نەشمان زانى چییە؟ ڕەنگبێ ئەوانەى ئەوێ ڕۆژى لەوی بوبن دیبێتیان یا هەستیان پێ کردبێ . لاى خۆم وەک دیاردەیەکى سروشتى نامۆ تۆمارم کردووە.
چیرنۆبل وێستگەیەکى ووزەى ئەتۆمى بوو بۆ ووزەى کارەبا بەدوورى 18کم لە باکورى خۆرئاواى چیرنۆبل و، 16کم دوور لە سنورى ئۆکرانیا لەگەل بیلاروسیا و بەدوورى 100کم لەشارى کییڤ و لە قەراغ شارى پراپیت دامەزرینرا بوو، کۆمەلگایەکى نیشتەجێبونیش بۆ کریکارەکان و خێزانەکانیان بنیات نرا بوو.
ناوى چیرنۆبل لە دوو ووشە هەلبژێردراوە چیرونى/ بە واتاى رەش و، بیلیا/ بە واتاى گژو گیا بە رووسى, راکتەرى ژمارە 4 بووە شوێنى رووداو سالى 1986.
ئەم وێستگەیە 4 راکتەرى جۆرى RBMK-1000 کەتواناى بەرهەم هێنانى 1000 میگاوات کارەباى لەکاتژمێریک دا هەبووە، لەوزەى ئەتۆم و سێهەم ویستگەى ووزەى ئەتۆمى بووە دواى هەردوو وێستگەى لینینگراد و خۆرسک، کە یەکیتى سۆڤیتى جاران بنیاتى ناوەو، یەکەم بوو لە ئۆکرانیا. لەساڵى 1971 ڕاکتەرى 1 و 2 و ڕاکتەرى ژمارە 1 سالى 1975و ڕاکتەرى ژمارە 2 سالى 1976 تەواوکران و سالى 1977 دەستکرا بە بنیات نانى ڕاگتەرى ژمارە 3 و 4 سالى 1981 و 1982 تەواو کراو کەوتنە بەرهەم بریار بوو ڕاکتەرى 5 و 6 یش بنیات بنرێت وڕاکتەر ژمارە ٥ لە تەواو بون دابوو کە تەقینەوەى ڕاکتەرى ژمارە 4 رووى دا سالى 1986 بوە هۆى وەستانى هەردوو پرۆژەکەى تر واتە 5 و 6, پێش تەقینەوەى ڕاکتەرەکە 10% ى ووزەى کارەباى ئۆکرانیا لەسەر ئەو وێستگەو ڕاکتەرە بوو.

چەند روداێکى دیکە
سالى 1982 کارەساتێکى تر رووى دا ئەویش توانەوەى ناوکى راکتەرى ژمارە 1 بەلام بۆ راى گشتى و جیهان ئاشکرا نەکرا ,چاککردنەوەى چەند سالێکى خایاند سالى 1985 گەرێنرایەوە بۆ خزمەت ئەویش چەند مانگى پێ چوو.
کارەساتى تەقینەوەى ڕاکتەرى چیرنۆبل لە رۆژى شەمەى 26ى نیسانى سالى 1986, نزیکەى 200 کارمەند لە ڕاکتەرەکانى 1 و 2 و 3 کاریان دەکردو، لەوکاتە تاقىیکردنەوەى سەلامەتى لە راکتەرى 4 ئەنجام دەدرا تەقینەوىەکى گەورە ڕووى دا لە ئەنجامى توانەوەى ناوکى راکتەرەکە دواى بەرزبونەوەى پلەى گەرمى بەشێوەیەکى نا ئاسایی و لە ئەنجامى هەلەى تەکنیکاران لەکاتى گۆڕینى وەجبەکانیان، کە هەندێ گەنجى ناشارەزا بوون و هیچ ئەزمونێکیان نەبووە لەوبارەیەوە، دەرەنجامى لە کارکەوتنى بزوێنەرە تۆرباینیەکان، کە تایبەت بون بە ساردکردنەوەى ڕاکتەرەکە، بوە هۆى ئەو تەقینەوەیە و هەمو سیستەمى کۆنترۆڵى ڕاکتەرەکە لەکار کەوتن.
تەقینەوەکە ئەوەندە بەهێز بووە کە سەرى ڕاکتەرەکە بریتى بووە لە 3000 تەن لە پۆڵا هەلتەکاند و نزیکەى 8 تەن لەسوتەمەنى ئەتۆمى بە ئاسمان دا بلاوبۆوە, دواتر تیمەکانى پاراستن و ڕزگارى و ئاگرگوژێنەوە دەست بەکار بون بەلام، نەیان دەزانى کە هەندێ مادەى تیشکاوەرى وەک یۆرانیۆم, پلۆتۆنیۆم, سیزیۆم و یۆد بلاوبۆتەوە. ئەو تیشکە ترسناکانە بەر ئەوانە کەوتوە, دواى چەند مانگێ 36 کەسیان گیانیان لەدەست دا زۆربەیان کریکارى ئاگر کوژێنەوەبون.
دوو رؤژى سەرەتاى ڕووداوەکە بەنهینى مایەوەو باس نەکرا، بەلام دواتر یەکیتى سۆڤیەت ئاشکراى کرد، کە چیرنۆبیل ناوچەیەکى کارەساتبارە, دەستکرا بە کشانەوەى سەدان هەزار کەسى ناوچەى دەوروبەرى روداوەکە. چاکترین و زیرەکترین پسپۆر کە سۆڤیەتیەکان هەیانبوو خرانە گەر لەماوەى 10 ڕۆژ دا توانیان ئاگرو رادەى تیشکدانەوەکە کەم بکەنەوە و لم و قورو قورقشم بەکار هینرا بۆ کەمکردنەوەى تیشکەکان فرۆکەى هەلیکۆپتەر لەو کارە بەکار هێنرا. ژیانی خۆیان دەخستە مەترسیەوە بۆ رزگارکردنى ملیۆنان کەس, بەپیى زانیاریەکان ئەو تیشکانەى لەو ڕاکتەرە دەرچون 200 بەرانبەر ئەو بۆمبە ئەتۆمیە بووە کەبەسەر هیرۆشیمادا دراوە. تەقینەوەى ئەو ڕاکتەرە کاریگەرى بەسەر بەشێکى زۆرى ئەوروپاوە هەبوو بە تایبەت ئۆکرانیا, بیلاڕوسیا, روسیا, ئەلمانیا تەنانەت سویدیش.
دواى دەستبەسەرداگرتنى ئاگرەکەو کوژانەوەى زانا روسەکان لەوە هۆشیار بونەوە کە ئەو مادە تیشکیە تواوەیە بەناو چینەکانى زەوى ناوچەکە بلاو بۆتەوە ئەوەش مەترسیەکى تر بوو هەروەها ئەو مادە تیشکیە گەیشتە ڕوبارى دنیبەر، ئەوە مەترسیەکى تر بوو، چونکە ملیۆنان کەس لە پڕۆژەى ئاوى ئەو ڕوبارە سود مەند دەبوون, سەرڕاى ئەوەش ئەو تیشکە بە ناو ئاوى ژیرزەوىش دا بلاو ببۆوە کارەساتیکە بۆ سەدان سال دەمێنێتەوە,بۆیە ڕوسەکان بیریان لەوە کردەوە، کە ژوورێکى کۆنکریتى لەژیر راکتەرەکە دروست بکەن بۆ نەهیشتنى دەرچونى تواوەى مادە یەکگرتوە تیشکیە ترسناکەکان بۆ نەچونە ناخى زەویەوە, هەروەها چەرداخێکى کۆنکریتى لە 700 هەزار تەن لە ئاسن و پۆڵا و چیمەنتۆ لەچواردەورى ڕاکتەرەکە دروست بکەن بۆ ڕیگەگرتن لە 200 تەن لە سوتەمەنى تیکەلەى تیشکاوەرى تواوە لەگەل لم و چیمەنتۆ, نزیکەى 600 هەزار کەس لە کارمەندانى بەرگرى شارستانى و کریکارى کانگاکان و سوپا لەهەموو شوێنێکى وولات بەشدار بون لەکوژانەوەو چارەسەرکردن و لابردنى پاشماوەى تەقینەوەکە و چۆڵ کردنى ناوچەکانى دەوروبەرى کارەساتەکە وتەنانەت زۆربەى ئاژەلەکانیش لەناوچون دواى تیشکاوى بونیان.
ئەم کارەساتە بوە هۆکارى مردنى زیاتر لە 2000 کەس وەک سۆڤیەتیەکان ئاشکرایان کرد، بەلام ئۆکرانیەکان بە 8000 هەزار کەسیان دەخەمڵاند دواى جیابونەوەیان, دواى چەند ساڵ لەو ڕوداوە سەرەڕاى بەرکەوتنى هەزارەها کەس بە تیشکەکان بە پلەى جیاواز و توشبونى زۆربەیان بەنەخۆشى شیرپەنجە یا تیکچونى سیما جگە لە زیانى زیاتر لە 3 ملیار دۆلار و 200 هەزارکەس لەدانیشتوانیش دوورخرانەوە و هەردوو شارى چیرنۆبیل و پراپێت وەک دووشارى چۆل و کارەساتبار ناودەبران.

کێ بەرپرسیار بووە لە ڕوداوەکەى چیرنۆبیل:
ئەندازیار ئەناتۆلى دیاتلۆف جێگرى سەرۆکى تیمى ئەندازیارانى چیرنۆبیل بووە سالى 1995 لەتەمەنى 64 سالیدا کۆچى دوایی کردوە بەبابەتى تیشکاوى بوون, ڤیکتۆر بریگانۆڤ و نیکۆلاى فۆمین بە هۆى کەمتەرخەمییان هەریەکەیان بە 10 ساڵ زیندانى حوکم دران بەپێى یاساى ژمارە 220 تاوانەکانى یەکیتى سۆڤیەت، لەدواى دووسال لە تەقینەوەکە ڤالیرى لیگاسۆڤ لە تەمەنى 51 سالى خۆى کوشتووە خۆى بە کەمتەرخەم زانیوە, دواى خۆکوشتنى، یەکیتى سۆڤیەت دانى ناوە بەشیوەى هەلەدانانى کورە ناوەکیەکەى RBMK .

چەند راستیەکى ترسناک سەبارەت چیرنۆبیل:
تەقینەوە ئەتۆمیەکەى چیرنۆبیل بەیەکێک لەکارەساتە ئەتۆمیەکان دەژمێردرێ لە مێژوى نوێ، بەرزى ئاگرەکەى چەندین کیلۆمەتر بوو و دوکەڵەکەى گەیشتە نزیکەى 12 وولات و هەندێ سەرچاوە کوژراوەکان 4000 هەزارو، هەندێکیان بە 8000 هەزارکەس لەقەلەم دەدەن بەهۆى جیاوازى لە ژمارەکان پێگەى بووزى ئەمەریکى چەند زانیاریەکى ترسناکى بلاو کردۆتەوە لەوانە:
• ژمارەى زیان لێکەوتوانى چیرنۆبیل تا ئیستا دیار نییە، کە دەم و دەست 29 کەس گیانیان لەدەست داوە و هەزاران کەس بەر ئەو تیشکانە کەوتون زۆربەیان گیانیان لەدەست داوە.
• ئەوانەى لەسەر پردە ئاسنینەکەوە سەیرى روداوەکەیان دەکرد کەسیان دەرنەچون
• ئەو کەسانەى تیشکەکەیان بەرکەوتوە بە مردنى لەسەرخۆ دەمرن, یەکێک لەوانە ڤاسیلى ئیجناتینکۆ لە ئەنجامى هەلمژینى ئەو تیشکە ڕۆژانە 25 جارخوین لەلوتى هاتوە و لەکاتى کۆکین دا پارچەگۆشت لەناو سنگیەوە هاتۆتە دەرێ, توشى شێوانى جەستەیی دەبون.
• ئاوسانى جەستەى ئەوانەى تیشکەکەیان هەلمژیوە یا بەرکەوتوە تەنانەت نەیانتوانیوە پیلاو لەپێبکەن و هەندێ جار ناچار بوون جلەکانیان بدرێنن، چونکە بەبەریانەوە نەدەچوو. لیۆدمیلا هاوسەرى ڤاسیلى باس لەوە دەکات.
• دواى ئەو ڕوو داوە ڕێژەى لەبارچون گەیشتۆتە 200 هەزار حالەت.
• ئەوانەى ئەوتیشکەیان بەرکەوتوە پەلەى رەش بەجەستەیانەوە دیار بووە و هەندێکیان زۆرقەلەو بون وەک بەرمیل لەشیان ڕەش داگەڕاوەو بچوک دەبونەوە.
• بەهۆى تەقینەوەکەى چیرنۆبل, ئەو تیشکانەى بلاوبونەوە بە ئەوروپا رێژەى لەبارچون لەویش لە 100 هەزارەوە بۆ 200 هەزار زیادى کردووە.
• بەهۆى چیرنۆبیلەوە ئەو دارستانانەى دەوروبەرى بە دارستانى سوور ناودەبرێ، بەهۆى لەناوچونى گژوگیاو دارەکانی ناوى رەنگى سورى تێر بوون تا دواتر نەماون و داپۆشران.
• لەگەل ئەوەى چیرنۆبیل و برابێت ناوچەیەکى چۆل و داماڵدراو دەژمێردرا، بەلام تا ئیستا نزیکەى 120 تا 150 کەس خەریکى کارى کشتوکالین لەو ناوچەیە, هەرچەندە چۆلەوانیە.
• لەدواى ڕوداوەکە و بریارى چۆلکردنى ناوچەکە لە دانیشتوان سالى1986 ڕیگە نەدراوە خەلکە ئاساییەکە ئاژەلەکانى خۆیان لەگەل خۆیان بەرن بۆیە لەکاتى گواستنەوەیان سەدان سەک بەدواى خاوەنەکانیان دەوەرین پێ دەچێ دواتر تیم نێردرابن بۆ لەناوبردنیان, لەگەل ئەوەش تا ئیستا چەندین سەگى بەرەلڵا لە دارستانەکانى دەوروبەرى چیرنۆبل ماون, بەپێى رۆژنامەى گاردیانى بەریتانى بێ رێژەیەکى زۆر تیشک لەفەروەکانیان دایە بۆیە ناوەندى رێژەیی تەمەنیان کورتەو زۆر ناژین.
• ئەوەى سەیرە لەگەل ئەوەى بەناوچەیەکى قەدەغەکراو دانراوە، بەلام رۆژانە هەزاران کەس دەچنە سەردانى و، شتى ترسناک دەبینرێ لەوێ. بۆنمونە لەپاشماوەى خویندنگایەک چەندین ماسکى گازپارێز و بوکەڵە لەسەرتەخت بەشێوەیەکى وورد دانراون. پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا وەک هیمایەکە بۆ ئەو منالانەى لەوێ ژیاون لەکاتێ لەکاتەکان. هەروەها هەندێ وینەى سەیر لەسەر دیوارى بینادارماوەکان کێشراون نازانرێ کێ ئەو کارانەى ئەنجام داوە.
• لە پینج سالى یەکەمى دواى ڕوداوەکەى چیرنۆبیل، ڕیژەى شیرپەنجە لەناو منالان دا 90% زیادى کردووە و لە 20 سالى دواى ڕووداوە 5000 حالەتى شیرپەنجەى گلاندى دەرەقى لە روسیا و ئۆکرانیاو بیلاروسیا لەو کەسانەى خوار تەمەنى 18 ساڵن تۆمار کراوە.
• لەهەموى سەیرتر ئەوەىە زاناکان ئەوەیان ڕاگەیاندوە ناوچەى چیرنۆبیل و دەوروبەرى پاریزراو نابێ بۆ مرۆڤ تێیدا نیشتەجێ بێ بەلاى کەمەوە نا 20.000 ساڵى تر لەوەش سەیرتر تا کانونى یەکەمى ساڵى 2000 یش بە فیعلى وێستگەى ئەتۆمى چیرنۆبیل بەبەردەوامى کارى دەکرد.
لە کۆتاییدا دەلێم یەکیتى سۆڤیەتى جاران بەو هەموو ئەزمون پسپۆرى و شارەزایی چەند ساڵەیان لە بوارى ئەتۆم و بەرهەم هێنانى یۆرانیوم و دامەزراندنى چەندین ویستگەى ئەتۆمى و بۆمبى ئەتۆمى ئەو کارەساتەى بەسەر مرۆڤایەتی دا هێناوە لەو ناوچەیە ڕەنگبێ زۆر سەرژمێرى هەبێ تا ئەمرۆش لەلایەن دەزگا هەولگریەکەیانەوە ڕیگە نەدرابێ بلاو بکرێتەوە یا ژمارەیەکى کەمتریان ڕاگەیاندوە ئایا ئێران، کە پسپۆر و شارەزاى کەمترى لەوبوارەدا هەیە، کارەساتیکى لەو بابەتە لەویستگەیەکیان رووبدات چ کارەساتێک لە ئێران و خۆرهەلاتى کوردستان و باشورى کوردستان ڕووبدات ئیستا گەلى کورد کارەساتبارە بەهۆى چەکى کیمیاوى سەردەمى بەعسەوە دەنالێنێ و، چەندین حالەتى شیرپەنجەى جۆراوجۆر لە وولات دا بلاوە و بازرگانەکانیشمان گوێزى ئۆکرانیمان بۆ هاوردە دەکەن و لەبازارەکان دەفرؤشرێ زۆر کالاى تریش.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت