نەوزادى موهەندیس: بەغداد و هەولێر تەواوکەرى یەکتر نەک دژ و ناحەز.

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەم ڕۆژانەدا دوو ساڵى تەواو تێپەڕدەبێت بەسەر پڕۆسەى ڕیفراندۆمەکەى 25 ئەیلولى ساڵى 2017دا، کە بەداخەوە نەتوانرا مەبەست و ئامانجە سەرەکیەکەى ئەو پڕۆسە پیرۆزە وەدیبهێنرێت، لەلایەک بەهۆى هۆکارى خودى ناوخۆیى و لەلایەکى تریشەوە بەهۆى هۆکارە بابەتیە دەرەکیەکان لەناوچەکە و دونیاشدا.لێرەدا هیچ مەبەستمان نیە کە برینى ئەو پڕۆسە شکستخواردووە بووکلێنینەوە یان تۆمەت بخەیەنە پاڵ هیچ سەرکردە و حیزبێکى سیاسى، هێندەى مەبەستمانە کە لەم یادەدا بیرى هەموان بهێنینەوە بەوەى کە پەندێکى قوڵمان لەو ڕۆژانە وەرگرتبێت و بەسەر کار و کردەوە و گوتارو هەڵە و سۆزەکانماندا بچینەوە و پێ بە هەڵە و کەموکوڕیەکانى خۆمان بنێین و هەوڵى ڕاستکردنەوەشیان بدەین، نەک هەر سووربین لەسەر هەڵەکانمان لە تێڕاونینى بابەتەکە و خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنى هاوکێشەى هێزەکان و هاوسەنگى دونیا و ناوچەکەش لەنێوان زلهێزە دونیایى و هەرێمیەکاندا و بەهەمان شێوەش هەڵسەنگاندنێکى ڕاست و دروستیش بکەین بۆ دۆخى سیاسى و ئابورى و ئەمنى و کۆمەڵایەتى ناوخۆى نێوماڵى کورد خۆشمان.
مەسەلە و پرسى سەربەخۆیى و دامەزراندنى دەوڵەتى کوردى پڕۆسە و ئامانجێکە کە هیچ تاکێکى کورد لە بیرى ناکات و هەمیشە خەونێکى زیندووە لە بیر و هزر و کردەوە و گوتارى تەواوى کورد زمانەکاندا، بۆیە هیچ کات ترسى لەبیرکردنى ئەو پرسە گرنگە ناکرێت، هەربۆیەش پەلەکردن و دەستبردن بۆى جارێکى دى بەبێ ئامادەسازى تەواوەتى هیچ پێوست نیە و دەکرێت خەباتى ڕاستوڕەوان و پشوودرێژى شۆڕشگێڕانەى کوردایەتى درێژە و بەردەوامى پێبدەین بۆ وەدەستهێنانى ئەو ئامانجە زۆر پیرۆزەمان لە دۆخێکى گونجاو و لەبارتردا کە هەموو هۆکارە ناوخۆیى و دەرەکیەکان پشتیوان بن نەک دژ.
لەئێستادا و دواى 2 ساڵ تێپەڕبوون بەسەر ئەو نسکۆ کاتیەدا،هەق وایە سەرکردایەتى سیاسى کورد و تەواوى حیزبە سیاسیەکان و دامودەزگا و ئۆرگانە شەرعیەکانى حکومەتى هەرێم لەسەرۆکایەتى هەرێم و پەڕلەمان و حکومەتى کابینەى نوێ، هەوڵى جدى بدەن بۆ چێکردنى پڕۆسەیەکى ئاشتەوایى ناوخۆیى لەکوردستان و یەکخستنى هەوڵ و گوتار و کردارەکان لەبەرامبەر ئەم دۆخە نوێیەى کە لەپێشماندایە، لەهەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان لە عێراقدا لە 1 نیسانى 2020 و چێکردنى پڕۆسەى سەرژمێرى گشتى لە مانگى تشرینى یەکەمى ساڵى ئایندەدا، کە بۆ کورد هەردوو پڕۆسەکە گەلێک گرنگ و ژیارین و ناکرێت پشتگویێ بخرێن و بەخەمساردیەوە لێیان بڕوانرێت بەهۆى هەندێک کێشە و ململانێى ناڕەواى سیاسیەوە و ناوچە دابڕێنراوەکانى کوردستان و مادەى 140ى دەستور بکرێنە قۆچى قوربانى حەز و ویستە حیزبیە تەسک و بچوکەکان.
دواتریش هەقە ئەم هێز و توانا یەک و یەکگرتوەى کورد و هەرێمى کوردستان بە ئاڕاستەى بەغداد هەنگاو بنێت و بەهێزەوە بچێتە سەر مێزى گفتوگۆکان و ڕاست و دروستى کێشە کەڵەکەبوە سیاسى و ئابورى و ئەمنى و جوگرافى و… هتد، لەگەڵ دەسەڵاتدارانى ناوەند لە بەغداد گەنگەشە بکات بۆ گەیشتن بەڕێکەوتنێکى کۆنکرێتى لە پێناو وەدەستخستنى مافە ڕەواکانى گەلەکەماندا. چونکە ناکرێت میلەتەکەمان هەمیشە لە دڵەڕاوکێ و ترس و تۆقاندندا بژێت و هەست بە ئارامى و خۆشگوزەرانى نەکات و وڵاتیش هێواش هێواش بەرەو دواوە بگەڕێتەوە بەهۆى عینادى و غرورى سیاسى سەرکردەکانەوە، میلەتکەمان ناتوانێت تاسەر بەرگەى برسێتى و نەبونى مووچەو وێران و کاولبوونى زیاترى وڵات بگرێت، بۆیە ڕاستترین سیاسەت و بیرکردنەوە و پلان لەم قۆناغەدا گەیشتنە بەڕێکەوتن لەگەڵ بەغدادا و گەیشتنە بەڕێکەوتن لەسەرهەموو مەسەلەکانى هێزى پێشمەرگە و بودجە و ناردنى مووچە و مەلەفى نەوت و ئەمنى و ئەوانى تریش.
پێویست دەکات بەغداد و هەولێر ببنە تەواوکەرى یەکترى نەک دژو ناحەز، چونکە بە تەبایى و لێکتێگەیشتن دەتوانرێت زۆر ئامانج و خواست و مافەکان وەدەستبێنین نەک بە جەنگ و توندوتیژى، بەتایبەتیش کە لەم قۆناغەدا ناوچەکە بەعێراق و کوردستانیشەوە ڕووبەڕووى ململانێ و ئاڵنگارى زۆر مەترسیدار دەبنەوە لەنێوان وڵاتانى ناوچەکە و ئەمریکا لەلایەک دژ بە ئێران و هاوپەیمانەکانىلەلایەکى ترەوە، کە بەداخەوە عێراق و کوردستانیش بیانەوێت یان نا بونەتە بەشێک یان ڕاستتر بونەتە گۆڕەپانى سەرەکى یەکلاکردنەوەى ئەو ململانێیانە، بۆیە تەنها بە یەک و یەکگرتوویى هەولێر و بەغداد دەتوانرێت هەڵوێستێکى هاوسەنگانە بگیرێتە بەر و هەموان لەشەڕ و ماڵوێرانى و پڕیشکى ئەو ئاگرەى کەلەبەردەم قاپى عێراق و کوردستاندایە بپارێزێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت