شەنگار سابیر: ئێوارەی ڕیشۆڵە ھەژارەکان.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دەمێک بوو دەمزانی ئێوارەیەک ئاسمان ڕەش ھەڵدەگڕێت، دەمێک بوو لە ھەموو شتێک ورد دەبوومەوە،دەمزانی ئەم نەھامەتییە کۆتایی نایەت.
شەوێکی بێدەنگە…وەک ئەوەی ڕوناکی بە ئەفیۆنێکی تەڕ لەناو شەودا بێھۆش کەوتبێت، زوڵمات لەھەموو سەر سەربانەکان وەستابوو، شەو وەک قەتران لە بونبەستەکاندا تریاکی تەنیایی دەکێشا.
ھەمیشە دەترسام…ترسێک کە نازانم سەرچاوەکەی کام دەریایی تەریکی زەوی بوو. بەڵام دڵنیا بووم ھەمیشە لە شتێک یان زیاتر ترساوم، ئەوەی ئەم ڕۆژانە ھەستی پێدەکەم ترس نیە لە خورافەتێکی دێرینی منداڵی. لەرز نیە لە شەوگەرێکی ئوستوڕەیی, کە بەردوام لە ناو چیرۆکەکانی نەنکمدا دەمبینی.
ڕۆژگارێک بوو کە دەترسام لە ھەر شتێک، تووند لە باوەشی دەگرتم.. ئەی ئێستا؟ نا.. ئیدی ھەموو شتێک تەواو بووە، ئەوانەی دەیانگووت: ڕۆژێک ئاسمان ڕەش ھەڵدەگەڕێت ھەموو مردوون. نەمدەزانی سەرچاوەی ئەو مەرگە کتوپڕانە چی بوون، بۆچی بەتەنیا جێیان ھێشتم؟ ڕەنگە وایان زانیبێت گەورە بوون شتێکە, کە ئەمرۆ تێیدا دەبێیە پاڵەوان، منداڵێک کە گەورە دەبێت و دەبێتە ھەرکلیس… نا.
ئەوان وایان نەدەزانی، گەورە بوون لای ئەوان بریتی نەبوو لە دۆخێکی واقعی، بەڵکو لەحزەیەک بوو لە وێنەیەکی یۆتۆپی. گەرچی دەمویست پاڵەوان بم، بەڵام ھەمیشە کەسێک ویستوویەتی ئەندزیار.. دکتۆر.. یان ھەر بابایەکیتر بم. بەڵام من چی؟
سەردەمێک کە شەوان دەچوومە سەر جێگاکەم و دەمویست بخەوم خەیاڵم دەکرد، پادشایی عەرشی عەزیم بووم، جنسێک بووم باڵاتر لە ڕەگی ڕەشی بەشەر، خودایەک بووم کۆدیتام دەکرد بەسەر ھەموو حەرامێکدا. دەچوومە جەنگ و شمشێرم ھەڵدەکێشا بەیادی جارانەوە، خۆمم پیشان دەدان بە ڕووتی، بێباک ژەھرم دەتکاندە خوێنیان و سەمام لەگەڵ مردنیاندا دەکرد، بە جۆشی مەستانەوە.
ھەمووی تێپەری… نەنکم دەیگووت ھەمووی تێدەپەڕێت ھەموو شتێک، ھەرواش بوو ھەموو شتێک تێپەڕی، بەڵام چۆن ڕوویدا؟ چەند زوو ھەمووان مردن و منیش گەورە بووم.
ئێستا چەند تاڵێکی سپی کەوتۆتە ڕیشم و سەرم، دەمزانی بەیانیەک کە لەخەو ھەڵدەستم و دەچمە بەردەم ئاوێنەکە شتێک لە مندا دەگۆڕێت.. ھەرواش بوو من گەورە بووم، تەنیا بووم، چیرۆکەکانی نەنکم نەبوایە ھەرگیز نەم دەزانی ژیان چەند پڕە لە پارادۆکس.

***

ئێوارەیەک، کە دەمزانی ئاسمان لەبەر ڕیشۆڵەکان ڕەش ھەڵدەگەڕێت، گەڕامەوە بۆ خانووە کۆنەکەی ڕزگاری، ئێوارەیەک گەڕامەوە بۆ ئەو خانووە چۆڵ و سامناکە. خانووی جنسە نەبینراوەکان، ڕۆحە تەنیاکان، کە چووم
نەنکم لەوێ دانیشتبوو. دەمزانی چەند ساڵێک بەسەر مردنیدا تێپەریوە، بەڵام نەم دەزانی ئێستا بۆ لێرەیە، کەمێک دەستم دەلەرزی، خانووەکە بەجۆرێکی سەیر پڕبوو لە تەنیایی و کپیی.. وەک کپی دەریاوانێک کە دەیەوێت لە بنی زەریادا یاقوتێکی دەگمەن بدۆزێتەوە، چۆن گەڕان بەدوایی خودادا سۆفیەک فەنا دەکات.. ئاوھا لە بنی ئەو زەریا بێدەنگ و کپەدا سەیری ماڵە کۆنەکەمانم دەکرد. دەمزانی ھەموو شتێک لێڵە و دەنگم بە ھیچ ناگات، خەونێک بوو لە ڕەگەزی ڕاستەقینەی واقعیەت… واقعێک لە فیترەتی ئەبەدی خەیاڵ. کە دەرگا شینە ئاسنەکەم دادەخست ھەموو شتێک زیاد لە پێویستی خۆی تاریک دەبوو، نەنکم بانگی دەکردم و دەیگووت: ھێشتا دەترسیت؟
وڵامم نەدەدایەوە. پاشان بە ھێمنی چیرۆکە تەم و مژاویەکەی سەردەمی منداڵی بۆ دەگێڕامەوە. بەڵام بە دەنگێکی سەیر.. دەنگێک کە تۆنەکانی ھیچ پەیوەندیەکیان بە ژیانەوە نیە، دەربڕینی ووشەکانی لەمێژە کارێکیان بە زیندەگییەوە نەماوە و لە مەرگدا دێن و دەچن. بە ھێمنی کەسێکەوە کە بێباکانە لە سەر لوتکەیەکی غەمگین وەستا بێت، دەیگووت: ئێوارەیەک دوو جن دەچنە خزمەتی عەلی بەردەشانی، جا داوای لێدەکەن، کە بێتە مەجلیسێکی دەگمەنەوە و بە سەدا سیحریەکەی خۆی. شایی قەومی جن بگێرێت. بەڵام پێی دەڵێین کە ھاتیتە شایی مەستان، کە پێت خستە سەر خاکی جننان، نابێت باسی ھیچ خودایەک
بکەیت. جا ئێمە خوانندەیەکی جنی خۆشمان لێرەیە و شاییت لەتەک دەگێڕێت، جا ھەر کامێکتان لە شایی سەرزەمی جنان بردتانەوە دەتوانن دوو قەشەنگ ترین کچانی جنی شاییەکە دەستنیشان بکەن.
بەھەمان سەدایی کپی خۆیەوە چیرۆکەکەی بۆ دەگێڕامەوە، وەک منداڵی.. وەک ئەوەی ھەموو شتێک ھیچ نەبێت جگە لە کۆمەڵێک ئاوڕدانەوە بە شێوەی ریترۆئەکتیڤ.

***

لەو ماڵە چۆڵ و دۆزەخییە دەھاتمە دەرەوە، کۆڵانێکی بێدەنگ. خۆمم دەبینی لەگەڵ منداڵانی گەڕەک یاری دەکەم. کۆڵانەکە جێدەھێڵم. لە مێژە دەزانم ئێوارەیەک ئاسمان ڕەش ھەڵدەگەڕێت لەبەر ڕیشۆڵەکان. ئێوارەیەکە بە ھەموو وجودی خۆیەوە ھاتوە و لێرە. لەسەر ئەم سفرە دێرینەی ئێمە دانیشتووە. ئێمە ھیچ غەزایەکمان نیە.. ئەویش ھیچ کەشکۆڵێکی پێنییە، بەرانبەر یەک دادەنیشین و تا دەتوانین چاو دەبڕنە چاوی یەک. بە ھێواشی لە کۆڵانەکە دێمە دەرێ، دەنگی نەنکم لە گوێمدا دەزرینگێتەوە، بەڵام شتێک لەو دەنگە زیاتر لە ناوەوەمندا دێت و دەچێت.
ئێستا چوار ڕۆژە نانم نەخواردووە، دەزانم چوار ڕۆژە ڕیشۆڵەکانیش نانیان نەخواردووە. کاتێک زیاتر تاریک دادێت زیاتر ھەست بە فرینی ڕیشۆڵەکان دەکەم، زیاتر چیرۆکە سەیرەکانی نەنکم دێتەوە یاد… زیاتر ھەست بە برسێتی دەکەم. خۆ دەزانم ئێوارەێەک ئاسمان ڕەش ھەڵدەگەڕێت لەبەر فرینی ڕیشۆڵەکان، بەڵام ھێشتاکە ئەو ماڵە ترسناکە، کپی ئەو ڕۆژگارانەی کە تەواو بوونیان وەک تەواو بوونی چیرۆکی نوسەرێکێ بەسەلیقە وابوو، کە لە ناو مندا دەژیان.

***

ئێستا دەگەڕێمەوە ماڵەوە، بەڵام کام ماڵ؟ مەگەر ھەمووی چیرۆکێکی بێکەڵک نەبوو؟ مەگەر ئەم تەنیای و ھەژارییە چارەنوسێکی بەد نەبوو؟نا.. ئێستاش نازانیت، نە خواردنەوە زۆرەکانت، نە کێشانی حەشیشە تەرەکانت، نات گەێنن بەوەی کە دەبێت بیزانیت. تووند دەست بە سکتەوە دەگریت، چوار ڕۆژە نانت نە خواردووە، چوار ڕۆژە ھیچ تامێک جگە لە تامیی ھیچی نەھاتۆتە سەر زمانت. وایی لەم ھەموو بۆشاییە و لە نێوان خۆت و خۆتدا دروستت کردووە. دەتزانی، کە ئێوارەیەک ئاسمان  ڕەش ھەڵگەرێت لەبەر کۆچی ڕیشۆڵەکان. خەتای ئەم بۆشاییەیە، ئەم مەودایە نەنگیەکی گەورەیە کە،  ھیچ گورسێکی ئیلاھی نیە ڕابردوو ئایندە بەیەکەوە گرێبداتەوە.

***

دەرگای ماڵە پیس و تاریکەکەم دەکەمەوە و بە خێرایی ڕادەکەمەوە ژورەکەم، ئەو ژورەیی لە نەخشەی ھیچ ئەھریمەنێک و لە خەیاڵی ئافەرۆزەی ھیچ خودایەکدا نیە. دەچمەوە بەردەم پەنجەرەکە و سکم ھەڵدەگڵۆفم، چوار ڕۆژە ھیچم نە خواردووە، ھەموو جیھان بە سیناریۆیەکی ناشرین.. پڕبووە لە کپیەکی جەھەنەمی. بەڵام تۆ دەتزانی، ئێوارەیەک ئاسمان ڕەش ھەڵدەگەڕێت لەبەر فرینی بە لێشاوی ڕیشۆڵەکان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت