شاسوار هەرشەمی: بەروار، جا تازە قەیدی چیە، کە وا هاتووە.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەر وەک نمونە:
کاتێک کە پورتوگالیەکان گەیشتنە دوورگەی مالاگاسی لە کلکەی باشوری ڕۆژهەڵاتی ئافریکا، تێکڕا گوتیان: ئەوە، ئەو مادەگەشکەرەیە، کە مارکۆپۆلۆ گوتویەتی شارێکی گەورەی ئافریکایە و لەناو دەریا هەڵکەوتووە. سەرەڕای ئەوەش دواتر زاندرا، کە مەبەستی مارکۆپۆلۆ، شاری (مەگادیشۆ)ی پایتەختی سۆمالستان بووە، بەڵام ناوی مەدەگاشکەر هەر وەک خۆی مایەوە.
کاتێک کە بەریتانیەکان گەیشتنە کەنارەکانی ئەوسترالیا، چاویان بە ئاژەڵێکی سەیر کەوت، کە لەسەر دوو پێ باز دەدات و بێچوەکەیشی لە کەوڵی زگی هەڵدەگرێت. لە ئابوریگن، یان گەلی بنەڕەتی ئەوسترالیان پرسی ناوی ئەم گیانەوەرە چیە؟ ئەوانیش لە ئینگلیزی نەدەگەیشتن و گوتیان (کەنگارۆ). ئێستا ناوی کەنگەر، لە هەموو زمانێک هەیە، بەڵام درەنگتر زاندرا کەنگارۆ واتا تێناگەم!
کاتێک کە ئەوروپییان گەیشتنە (مەوریتانیا) لە باکوری ڕۆژئاوای ئافریکا، شوێنەکە ناوێکی یەکگرتوی نەبوو. لە بەڵگەنامە لاتینییەکاندا، بە گەلێکی پێست ڕەنگ (مەور، مۆر)، کە بە لاتینی واتای ڕەش دەگەیەنێت، گوتراوە مەوریتانیا، ئەوانیش گوتیان دەبێت مەبەستیان ئێرە بێت کە دەکەوێتە خوار مەورۆکۆ. دواتر زاندرا ڕۆمانەکان بە (لیبیا)یان دەگوت مەوریتانیا، کەچی هێشتا ناوی مەوریتانیا هەر وەک خۆی ماوەتەوە.
کاتێک کە فەرەنسییەکان، ویستیان دەوڵەتێک لە کەنارەکانی شام، بۆ مەسیحیانی کاتۆلیکی هاومەزهەبیان دروست بکەن، تازە داستانی گیلگامیش خوێندرابووەوە و کۆدەکانی ئاشکرا ببوون. لەو داستانەدا، ئەنکیدۆ و گیلگامێش، بە کەناری ڕووباری پیرۆزی فرات دا هەڵدەکشێن تا دەگەنە شوێنێکی پڕ لە درەختی (سورە چنار). لە داستانەکەدا، ئەو شوێنە ناوی (لەبنانۆ)یە. ئیدی ئەوان لەوێ درەختەکان دەبڕن و بە ئاوی فراتی دادەدەن، تا دەگەنەوە شاری ئورۆک. بە هۆی بوونی داری سورە چنار، کە لە لوبنانی ئێستا، پێی دەگوترێت (ئەرز) و لەسەر ئاڵای دەوڵەتەکەش داندراوە، فەرەنسیەکان ناویان لەو شوێنە نا لەبنانۆ، لوبنان. دواتر زاندرا، لەبنانۆی گیلگامێش، لە کەنارەکانی باکوری ڕووباری فرات، لە باکوری کوردستان بووە، نەک لوبنان. جا خۆ لەوێ بایە، ئەی بە چی درەختەکانیان لەو شوێنە گەیاندۆتە کەناری فرات. تازە کارەکە لە دەست دەرچوو و لوبنان هێشتا هەر ناوی لوبنانە.
مەجەرییەکان، جاران لە وڵاتی (بەشکیریا) دەژیان، کە دەکەوێتە باکوری دەریای خەزەر و ناو دەوڵەتی فیدرالی ڕووسیا. گەلێکی تورک زمان، بە ناوی on- ogur، ئۆن- ئۆگور، پەلاماری وڵاتەکەیانیان دان. زۆرێکیان بەرەوە ناوەڕاستی ئەوروپا (مەجەرستانی ئێستا) کۆچیان کرد. ڕووسەکان، بە هەڵە بەو ماگیار، یان مەجەرانەیان گوت (ئۆن ئوگورەکان). ئیدی بەرە بەرە هەمان ناوی دوژمنە داگیرکەرەکەیان، بە شێوەی ئۆنگور، هۆنگور، هەنگوری، هەنگاریا، بووە ناوی مەجەرەکان و هێشتاش هەر پێیان دەڵێن هەنگاریی.
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش، گەلێک دەژین ناویان کوردە. ڕۆژێک لە ڕۆژان، نوسەرێکی ئەم گەلە، بە هۆی بوونی ناوی گوندی (بەروار) لە کۆتایی نامەیەک، وەک هەنگی لە داردا دۆزیبێتەوە، لەجیاتی تاریخ و تەسادوف، بۆ بە پەتی کردنی کوردیی، بەرواری لا زۆر گونجاو بوو. ئێستا نەوەکانی دوای ئەو نوسەرە، هەڵەکەیان دۆزیوەتەوە. پەڕڕلەمانەکەیان، کە بەرامبەر پەلاماری دوژمنکارانەی سپای هاوسێکانی، هیشتا نەوێراوە بەیاننامەیەکیش دەربکات، بە پێچەوانەی هەموو گەلانی دی سەر زەوی، وا خەریکە هەڵەی بەروارمان بۆ چاک دەکاتەوە.
ئەوانەی سەرەوە و دەیان وشەی دی، وەک بەکارهێنانی هیندە سورەکان بۆ خەڵکی بومی و بنەڕەتی هەردوو ئەمەریکا، هەموویان دوای ماوەیەک بە هەڵەکانی خۆیان زانیوە، بەڵام چونکە بوونەتە هەڵەی باو، وازیان لە ڕاست کردنەوەیان هێناوە. هەر دەستەڵاتدارانی کورد نەبێت، کە دەیانەوێت لەمەدا، ببنە پێشەنگی دنیا. جا لەوەش خۆشتر، من دەتوانم دەیان وشەی لە بەروار هەڵەترتان لە زمانی کوردیی بۆ ڕیز بکەم، بەڵام خۆشبەختانە، ئەندامانی پەڕلەمان لەو ئاستەی تێگەیشتن نین تا خۆیان بیاندۆزنەوە و بکەونە ڕاونانیان.
نازانم پیرۆزباییان لێ بکەم و بڵێم بە ئەرکی خۆیان هەستاون، یان بە بێ ئاگایان ناودێر بکەم، کە لەجیاتی بەرەنگار بوونەوەی سپای داگیرکەر، خۆیان بەو شتانەوە دەغافلێنن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت