كەمال محەمەد: خۆپشاندانەكانی عێراق و پێشهات گەلێك.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سەرەڕای نەبونی خزمەتگوزاری پێویست لە حكومەتێكی لاواز لە عێراقی ئێستادا، لەوانەیە هیواگەلێك سەبارەت بە هەنگاونان بەرەو ئاشتی و دیموكراسی لە عێراقی ئەمڕۆدا سەوز نەبێت. ئەگەر باشتر دەرك بە جددیەتی رەوشەكە بكەین، چونكە ئەو زەحمەتییانەی كە گەلی عێراق ڕووبەروی بونەتەوە لە دوای كابینە یەك لەدوای یەكەكان نەیتوانیوە كۆمەڵگایەكی لیبراڵ و سوسیالیستی بنیاد بنێت. ئەگەر لە ڕۆژی ئەمڕۆدا لە عێراق بڕوانین تێدەگەین كە ناتەندروستی حكومڕانی، دورنییە ببێتە هۆكاریی پشێوییەكانی بۆ داهاتوو بەهۆی زۆری زیاتر لە پێكهاتەیەكی ئەتنی و ئایینزایی و كەلتورییەوە لەم وڵاتەدا. ئەمڕۆ ئەوەی لە عێراقدا هەیە ململانێی نێوخۆیی مەزهەبگەرایی لایەنەكان، كە كاری كردۆتە سەر دۆخی سۆسیۆلۆژی و كۆ دەنگی نێوان سەركردە سیاسییەكانی بۆ عێراقێكی فیدراڵیزم.
یەكێكی دیكە لە هۆكارەكان لاوازی دەسەڵاتی یاسادانانە لەبەرامبەر جێبەجێكردندا ،كە نەیتوانیوە سەقامگیری رەوشی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی بهێنێتە ئاراوە و ببێتە داینەمۆی دەوڵەت و ژیانی هاوڵاتیانی لەڕێگەی سیستەمێكی سیاسی هاوچەرخەوە لەگەڵ هەمو ئەمانەشدا بێكاری هاوڵاتیان لەعێراقێكی سەرمایەداری و خاوەن پەتڕۆڵی ژێر زەوی وەك هەرەسی بەفر لە زیاد بوندایە و حكومەت نەیتوانیوە كێشەی بێكاری نێو كۆمەڵگا چارەسەر بكات.
بۆ هێشتنەوەی لە ژێر باڵادەستی خۆیان هەریەك لە ئەمریكا و ئێران دورنییە پێویستی بەشداریكردنیان لە پشت پەردەوە نەكردبێتە ئەركێكی دەستبەرلێنەداروی خۆیان، بۆیە بە تەنها دیاریكردنی هۆكارەكانی رودانی خۆپیشاندانەكانی ئێستای عێراق گرێدراو نییە بە گەندەڵی و ژیانی هاوڵاتیان بۆ بەردەوامیدان بە خۆپیشاندان تا بتوانن ئاییندەی خۆیانی لەسەر ئامادە بكەن، بۆیە بەرژەوەندی هەژمونگەراییەكان چۆن بخوازن تا ڕادەی ڕێنیشاندەری كودەتاو بۆ لایەنە مەزهەبییە سیاسییە جیاوازەكان هەنگاو ئەنێت!
عێراق لە پارادۆكسێكی زۆر ئاڵۆزدا ئەبینرێت ،لەلایەك ئەمریكا هەوڵی بەهێزكردنی ئەوخەتەسیاسییە ئەدات كە نزیكە لە خۆیەوە، لەلایەكی دیكەشەوە ئێران ئەیەوێت لەرێگەی عێراقەوە رەوتی بە ئیمپراتۆریا بونی خۆی بسەلمێنێت و چەندین جارە ئەیەوێت لەرێگای پەرلەمانەوە یاسایەك بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق بهێنێتە بون كە ئەمریكا پێی وایە ئەمە دەست بڕینی تەواوەتی خۆیەتی لە عێراق و لەدەستدانی گرنگترین ناوچەی جیۆپۆلەتیكی، لە قۆناغی ئێستاشدا خەریكە ئاسۆی مەترسیدارین دۆخ لە ناوچەكەو سەرەوەری مانەوەی عێراق بەدیار دەكەوێت.
هەژمونی ئێران لەعێراق بەرونی ئەبینرێت بەهۆی نزیكی ئایدۆلۆژیای ئایینزانییەوە لەناوچەكەدا كە هۆكار و یارمەتییەكی باش بوە بۆی ،ئێستا كردە سەربازی و سیاسییەكانی كوتلەكانی سەربەئێران و جموجوڵەكانیان بونەتە مەترسی بۆسەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی بەتایبەت ئیسرائیل كە بۆ ڕێگریكردن لەو مەترسییانە لەماوەیەكی نزیكدا دوجار بە فرۆكەی بێ فڕۆكەوانەوە بۆردومانی بنكەو بارەگانی حەشدی كردوە ،هەمو ئەمانە دورنییە عێراق ڕوبەروی دۆخێكی نەرێنییەوە بكاتەوە كە سەرەتای دەستپێكێكی مەترسیدار بێت لەهەڵگیرسانی دۆخێكی نەخوازراو كە دواجارئەوەی باجەكەی ئەدات گەلانی عێراق خۆیانن.
دەست پێشخەرییەكەی سەرۆك كۆمار وەك یەكێك لە ئەركی هەرسێ دامەزراوەكەی حكومەتە ” سەرۆكایەتی كۆمار و ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمانە ” بەر بە شەڕ و پێكدادانەكانی خۆپیشاندەران و دەوڵەت بگرن و عێراق و سیستەمە سیاسییەكەی بكەنە شوێن و هێزی سەنتێزێكی نوێی كۆمەڵگایەكی دیموكراتی و هەوڵی دەرباز كردنی سەرجەم كێشە سەرەكییەكان بدەن و هەموان لەژێر دەستور و یاسادا ڕێزدار بكەن و خەمی هەموان لە ئەستۆ بگرن و لەگەڵ ڕەواندنەوەی حەسرەتەكانیان وەك زەوی سەوزبوون كۆمەڵگای عێراقیش ئاشنای ژیانێكی ئازاد و دیموكراتیك بكەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت