محەمەد بەرزی: دێگەڵە و گەشەپێدانی مرۆیی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە ساڵی 1939 دا ئاگری جەنگی جیهانی دووەم کڵپە دەکات و وەک گڕکانێک بە هەموو ئەوروپادا بڵاودەبێتەوە. لە ساڵی 1945 دا ئەو جەنگە وێرانکەرە کۆتایی دێت، لە ئەنجامیشدا وڵاتی دوڕاوی ئەڵەمانیا یەکییەتی خاکەکەی لە دەستدەدات و لەسەر هەمان خاک دوو دەوڵەت بە ناوەکانی ئەڵەمانیای ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواوە دادەمەزرێن و دیوارێکیش لەیەکیان جیادەکاتەوە، لە ساڵی 1990 دا ئەڵەمانیا یەکدەگرێتەوە و، سیاسییە زیرەک و نیشتمان پەروەرەکانیشیان، بە پلانی ورد و ژیرانە و پشتبەستن بە هێز و بازووی ڕۆڵەکانیان، هەر زوو دەوری کارای خۆیان دەگێڕن و توانیویانە ئەڵەمانیا بکەنەوە بە یەکێک لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی دنیا، دیوار و سنورە دەستکردەکەشی بکەن بە بەشێک لە مێژووی ڕابوردوو.
لە ساڵی 1885 دا فەرەنسا وڵاتی ڤێتنام داگیردەکات، لە ساڵی 1941 دا بزوتنەوەی ڕزگاری خوازی ڤێتنام وڵاتی خۆیان ئازاد دەکەن، پاشان لە ساڵی 1954 دا فەرەنسا خاکی ئەو وڵاتە دابەشدەکات بۆ ڤێتنامی باکور و باشور . ئەمەریکا بۆ شکستهێنان بە باکور دەستێوەردان دەکات و بە هەموو هێز و توانایەکی خۆیەوە پشتگیری لە باشور دەکات و جەنگێکی خوێناوی لە دژی باکۆر سەرهەڵدەدات. لە ساڵی 1973 دا جەنگاوەرانی ڤێتنامی باکور لووتی هێزەکانی ئەمەریکا زۆر خراپ دەشکینن و وڵاتی خۆیان ئازاد دەکەن، سەرکردەکانی هەردوو لاشیان هەر زوو سنورە دەستکردەکە دەسڕنەوە و ناوێکیش نامێنێت بە ناوی باکور و باشورەوە.
لە ساڵی 1964 دا بزوتنەوەی ڕزگاری خوازی کوردستان ، لە لایەن کورد خۆیەوە بەسەر دوو باڵی ( جەلالی و مەلایی ) دا دابەشدەبێت، لە ئاکامدا هەزاران قوربانی و ماڵوێرانی لێدەکەوێتەوە . لە ( 26 – 2- 1991 ) دا سوپای ئەمەریکا هێزی سەربازی عیراق لە کوێت تێکدەشکێنێت و کوردیش سود لەو بارە لەبارە وەردەگرێت و لە بەشێکی زۆری وڵاتەکەی خۆیدا سوپای بەعس ڕادەماڵێت. بێگومان ئەو فرسەتە مێژووییە ، ڕێک ساتە وەختی لێبوردن و یەکگرتنی هەموو لایەنە سیاسییەکان بوو، تا بە عەقڵ و دڵێکی پاکەوە نەخشەی وڵاتێکی سەربەخۆیان دارشتایە، چونکە جگە لە لاوازبوونی ڕژێمی بەعس، هەست و سۆزی دنیاشمان لەگەڵدا بوو ، کەچی بە پێچەوانەی هەموو میللەتانی دنیاوە ، درێژە بەو ناکۆکییانە دەدەن و ئەمڕۆش 55 ساڵی تەواوە، ئەو ناکۆکییانە وەک ژەهری مار لە ناو هەناویاندا پەپکەی خواردووە، نە ئەنفال و هەڵەبجە ، نە قوربانییە زۆرەکانی میللەتە کڵۆڵەکەمان، نەیانتوانیوە ئەو ژەهرە ڕەش و ناشیرینە لە ناخیاندا ڕاماڵێ، بە دەستی خۆشیان سنوری دێگەڵەیان کردووە بە هێمای دووبەرەکیی و ڕادەی دواکەوتوویی عەقڵی سیاسییان، ئەوەی جێگای داخیشە بی باکن لەوەی ، کە داگیرکەران زیاتر لەوان، پەرۆشی تۆخکردنەوەی ئەو سنورەن.
جا ئێستا پرسیار ئەوەیە بۆچی میللەتانی ئازادی خوازی دنیا، توانیویانە بە زووی چارەسەری جێگا مەقەستی دوژمنەکانیان بکەن و بەرژەوەندی وڵات و دواڕۆژی نەوەکانیان بخەنە سەروو بەرژەوەندییە تایبەتییەکانیانەوە ، ئەی بۆ 55 ساڵە کورد نەیتوانیوە جێگا مەقەستی دەستی خۆی تیماربکات ؟. لە وەڵامدا دەڵێین: هەموو خەون و خولیا و سەودایەکی سەرکردەکانی کورد، تەنها کۆکردنەوەی سامان و قۆرخکردنی دەسەڵاتە و نایانەوێت سود لە تاقیکردنەوەکانی دنیا دەرەوە وەربگن. چونکە چاکدەزانن ئەو تاقیکردنەوانە لە سایەی ئازادی و دەستاودەستکردنی دەسەڵاتدا سەردەکەوێت، ئاکامەکەشی کۆتایی هێنانە بە دەسەڵاتی بنەماڵە و حیزبی گەندەڵی پاوانخوازی مشەخۆر. ئاخر وڵاتانی وەک ئەڵەمانیا و ڤێتنام دوای ملیونەها قوربانی بە عەقڵ کاریانکردووە، مرۆڤیان بە بەردی بناغەی پێشکەوتن و سەرلەنوێ بوژاندنەوەی کۆمەڵگاکەیان داناوە، هەر بۆیە یەکەم هەنگاوی دوای جەنگ، کە بیریان لێکردۆتەوە ، بیرۆکەی ( گەشەپێدانی مرۆیی ) بووە، کە پڕۆژەی ئاوەدانکردنەوە و بوژاندنەوەی ئابوری داتەپیوی بە دوای خۆیدا هێناوە و ئازادی و ژیانێکی سەربەرزانەی وای بۆ هاوڵاتییان دابینکردووە ، نیشتمانیان بە نیشتمانی خۆیان زانیوە، هەر بۆیە بە هەموو هێز و توانایانەوە خزمەتیانکردووە.. جا ئیستا بابزانین مەبەست لە بیرۆکەی گەشەپێدانی مرۆیی چییە؟.. بە شێوەیەکی گشتی، گەشەپیدانی مرۆیی بریتییە لە: ( سەرلەنوێ دروستکردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگا ، لە لایەن دامەزراوەکانی حکومەت و ڕێکخراوەکان و کەسانی شارەزاوە ) . ئامانجەکانیشی بریتیین لەم خاڵانەی لای خوارەوە:
1- قۆرخ نەکردنی دەسەڵات و دابینکردنی ئازادییەکانی سیاسی و ئابوری، چونکە لە هەر شوێنیکدا ئازادی هەبوو ، خۆشەویستی و دڵسۆزی بۆ نیشتمانیش هەیە.
2- ڕەخساندنی هەلی خوێندن بۆ هەموو ئەندامانی کۆمەڵگا و کەمکردنەوەی ڕێژەی نەخوێندەواری.
3- کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاری و دابینکردنی هەلی کار بۆ هاوڵاتییان ، چ لە ناو شارەکاندا، چ لە ناو شارۆچکە و گوندەکاندا.
4- پەرەپێدانی کەرتی تەندروستی ، بە جۆرێک ئەو کەرتە بۆ هەمووان بێت و ڕێژەی مردن دابەزێنێت و ژیانیش درێژتربکاتەوە.
5- هەوڵدان بۆ دروستکردنی شوێنی نیشتەجێبوون بۆ ئەو کەسانەی داهاتی مانگانەیان کەمە.
6- نەهێشتنی هەژاری و کەمکردنەوەی ڕێژەی برسییەتی.
7- کارکردن بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی داهاتی هاوڵاتییان و باشکردنی ئاستی ژیان و گوزەرانییان.
8- دانانی کەسی شیاو لە شوێنی شیاودا.
9- ڕێزگرتن لە کەسایەتی هەموو هاوڵاتییەک.
10- ڕێزگرتن لە هەموو پیشەیەک بێ جیاوازی.
11- پەرەپێدانی شێوازەکانی کارگیڕیی و بەرزکردنەوەی ئاستی هونەری و پشتبەستن بە پلانی کورت و درێژ خایان.
ئەوەی شایانی باسیشە لە هەندێک وڵات و کۆمەڵگادا ، کیشەی گەورە و گران ڕووبەڕووی پڕۆسەی گەشەپیدانی مرۆیی دەبێتەوە، کە گرنترینییان بریتیین لەم خاڵانەی لای خوارەوە :
1- کێشەی سیاسی: کاریگەرترین کیشە و گرفتی بەردەمی گەشەپێدانی ئابوورییە ، کە لە ئەنجامدا برسییەتی و پشێوی و ئابلۆقە و جەنگی جۆراوجۆری لێدەکەوێتەوە . بەگشتی ئەم حاڵەتەش لەو وڵاتانەدا ڕوو دەدات، کە دەسەڵاتی تێدا قۆرخ کراوە و بەرژەوەندی تایبەت خراوەتە سەروو بەرژەوەندی گەل و نیشتمانەوە.
2- کێشەی ئابوری: بریتییە لە داتەپینی باری ئابوری، کە بەهۆی تێکچوونی دۆخی سیاسییەوە ڕوودەدات، ڕاستەوخۆش کاریگەری زۆر خراپ لەسەر ژێر خانی ئابوری دەوڵەت و کۆمەڵگا دروستدەکات.
3- کێشەی تەندروستی: بریتییە لە کۆمەڵێک کێشە، کە ڕاستەوخۆ کاردانەوەی خراپ لەسەر ژیانی هاوڵاتیان دروستدەکات، وەک برسییەتی و بەد خۆراکی، کە بەهۆی هەژاری و ئافات و پەتا و دەردەوە سەرهەڵدەدەن.
4- کێشەی پەروەردە: گرنگی نەدان بە پەروەردە و نە بوونی بەرنامەی تۆکمە و سەرکەوتووانەی بواری خوێندن، بە شێوەیەکی بەردەوام لە وڵاتدا.
5- کێشەکانی کایەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی: بریتییە لە کۆمەڵێک کێشەی زۆروزەوەند، کە لە ئەنجامی خاڵەکانی سەرەوەدا سەرهەڵدەدەن، لە ئاکامیشدا کۆمەڵگایەکی نەخوێندەوار و دواکەوتووی پڕ لە خۆفرۆش و نۆکەر و توندڕەوی لێدەکەوێتەوە، کە جگە لە نەهامەتی و نەگبەتی هیچی تریان لیێ سەوز نابێ .

سەرچاوەکان :
1- مفهوم التنمیە البشریە … مجد فرارجە
2- سایتی ویکبیدیا ، دەربارەی ئەڵەمانیا و ڤێتنام .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت