بورهان شێخ ڕەئوف: خوێندنەوەیەک بۆ کتێبى” چین زلهێزى نوێى جیهان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

چاپى دووەمى کتێبى چین زلهێزى نوێى جیهان کەوتە بەردیدى خوێنەران و کتێبخانەى کوردى، ئەم کتێبە هەروەکو لەسەر بەرگى یەکەمى نووسراوە لێکۆڵینەوەیەکى سیاسى، مێژوویى، ئابووریى و کۆمەڵایەتى یە لەلایەن ئەردەڵان عەبدوڵاوە نووسراوە.
ئەم کتێبە جگە لەبەرایى و پەیڤێک بۆ چاپى دووەم لە شەش بەش و دوو پاشکۆ پێکهاتووە، هەوڵدەدەم بە کورتى تیشک بخەمە سەر بەشەکانى. هەرچەندە کتێبخانەى کوردى زۆر هەژارە بە زانیارى وردو فراوان لە سەر وڵاتى چین. بەڵام ئەم هەوڵەى نووسەرى خامەڕەنگین کاک ئەردەڵان عەبدوڵا، کەلێنێکى زۆر ى پڕ کردۆتەوە. بەو هێوایەى لە داهاتوودا بتوانێت زانیارى و لێکۆڵینەوەى وردترمان پێشکەش بکات لە مەڕ وڵاتى چین، لە کاتێکدا هەموو ئاگادارین چین بە قۆناغێکى گرنگ و هەستیار دا تێدەپەڕێت بەرەو لوتکە و چاوى هەموو جیهانى لەسەرە.

بەشى یەکەم
بە وتە گرنگ و دووربینیەى ناپۆلیۆن بۆناپارت دەستى پێکردووە ( واز لە چین بهێنن با بخەوێت ئەگەر لە خەو هەڵسا، هەموو جیهان دەلەرزێت ).
دواتر باس لە جوگرافیاى چین دەکات، چین دەکەوێتە خۆرهەڵاتى کیشوەرى ئاسیاوە، ڕووبەرێکى زۆرى زەوى بۆخۆى داگیرکردووە، ڕووبەرى زەوى چین 9،5 ملیۆن کم2، واتە بە قەد هەموو کیشوەرى ئەوروپا تا دەگاتە ناوچەى ئۆراڵ.

دراوسێکانى چین:
چین دراوسێ ى چواردە وڵاتە ئەوانیش بریتین لە هیندستان، پاکستان، ئەفغانستان، تاجیکستان، قرقیزستان، کازاخستان، ڕووسیا، مەنگۆلیا، کوریاى باکور، ڤێتنام، لاوس، میانمار، بۆتان، نیپاڵ.
هەر لە بەشى یەکەمدا بەوردى باسى لە چیاو ڕووبارو بیابانەکانى وڵاتى چین کردووە، کە ئەم جۆراو جۆر ى و هەمە ڕەنگیە لە و وڵاتە بووەتە فاکتەرێکى بەهێز بۆ کشتوکاڵ و گەشتیاریى، کە سوودى زۆرى بۆ وڵات هەیە و چینیەکان توانیوویانە بە باشى بە بەرى بهێنن. جگە لەو چیاو ڕووبارو دەریاچە سروشتیانە خۆیشیان چینیەکان توانیویانە چەندین بەنداوى گەورە دروست بکەن بۆ گلدانەوەى ئاوى باران و بۆ ئەوەى لە کشتوکاڵدا کەڵکى لێ وەربگرن .

ژمارەى دانیشتووانەکەى
هەمووان دەزانین چین یەکەمین وڵاتەلە جیهاندا لە ڕووى ژمارەى دانیشتوانەوە بە گوێرەى سەرژمێرى گشتى ساڵى 2018 (980 ، 396 ، 1 ) کەسە.

هەیکەلى کارگێڕى شارو هەرێمەکانى چین:
چین لە 22 هەرێمى گەورەو 5 ناوچەى ئۆتۆنۆمی پێکهاتووە 3 هەرێمى لە هەموو یان گەورەترن و ڕووبەرى لە 45% چین داگیر دەکەن ئەوانیش هەرێمەکانى خین یانگ، تیبت، خۆرئاواى مەنگۆلیایە.

نەتەوە جیاوازەکانى چین:
وڵاتى چینیش وەکو زۆربەى وڵاتانى ترى جیهان لە کۆمەڵێک نەتەوەو ئاینى جیاواز پێکدێت، زۆرینەیەکى چینى کە بە هانە چینیەکان ناسراون کە 92% دانیشتوانى چین پێکدێنن و کەمە نەتەوەکانیش نزیکى 8% دانیشتوان پێکدێنن. جگە لە هانە چینیەکان 55 نەتەوەى تر هەیە کە بە شێوەیەکى فەرمى لە لایەن حکومەتى چینەوە بەفەرمى دەناسرێن.
جگە لەمانەش 15تا 20 کەمەنەتەوەى تر هەن، کە حکومەتى چین بەفەرمى نایان ناسێت و دان بە بوونیاندا نانێت کە ژمارەیان دەگاتە 120 تا 140 ملیۆن کەس هەرچەندە تەنها 18 لەم کەمەنەتەوانە ژمارەیان لە 1ملیۆن تێپەڕ ناکات.

زمانى چینى
زمانى چینى یەکێکە لە زمانە کۆنەکانى جیهان تەمەنى بۆ زیاتر لە 3000 ساڵ دەگەڕێتەوە، زمانى چینى زیاتر بە وێنە دەنووسرێتەوە کە لە شێوەى زمانە کۆنەکانى میزۆپۆتامیا دەچێت ( سۆمەرى و بابلى ) کە بە زمانى بزمارى ناسراون، هەروەها زمانى چینى لە بەر دێرینى و گەورەیى وڵاتە، کە چەندین زارو دیالێکتى جیاوازى هەیە.

بارى کۆمەڵایەتى و خێزان:
کۆمەڵگەى چینى کۆمەڵگەیەکى تەواو تایبەتەو خاوەنى کۆمەڵێک بنەماى سەرەکییە، لەم کۆمەڵگایەشدا (خێزان ) دەبێتە بەردى بناغەولاى چینیەکانیش خێزان خاوەن پێگەیەکى تایبەتە.

سیاسەتى یەک منداڵى:
لە دواى شۆڕشەکە 1949 بە سەرکردایەتى ماوتسیتۆنگ ژمارەى دانیشتووانى چین بە شێوەیەکى سەرسوڕهێنەر زیادى کرد، کە حکومەتى چین ناچار بوو سیاسەتى یەک مناڵ پەیڕەو بکات و کەس بۆى نەبێت لە یەک مناڵ زیاترى هەبێت بۆ بەرگرتن لە ڕێژەى زۆرى زیاد بوونى ژمارەى دانیشتووان.

ئایینەکانى چین:
هەرچەندە لە کاتى سەرکەوتنى شۆرشى چینەوە ماوتسیتۆنگ بە یاسا هەموو ئاینێکى قەدەغەکرد، هەربۆیە ئێستا چین خۆى بە وڵاتێکى سیکۆلار و بێ ئایین دادەنێت، بەڵام لەم دوایەیشدا هەندێک کرانەوە ڕویداوە، تا ڕادەیەک بوار دەدات بە ئاشتیانە تقوساتى ئایینى خۆیان بکەن، بە گشتى ئێستا لە چین ئەم ئاینانە هەن ( تاوى، کۆنڤۆشى، بودى، کریستى، ئیسلام .

خوێندەوارى و ڕوناکبیرى
پێش شۆڕش چین وڵاتێکى ئێجگار دواکەوتوو بوو، بەشێکى زۆرى نەخوێندەواربوون تەنها کەمایەتیەکى کەم دەیانتوانى بخوێنن، لێ پاش شۆڕش بارى وڵات بە جارێکى تر گۆڕا، یەکێک لە دەستکەوتەکانى شۆرشى چین بەرزکردنەوەى ئاستى ڕۆشنبیرى خوێندەوارى خەڵکى چین بوو.

میدیا کان
ئەمڕۆلە چین 2200 ڕۆژنامەى هەفتانە و ڕۆژانە هەیە جگە لە سەدان گۆڤارى هەمەجۆرى ئەدەبى و زانستى و کولتوورى بە شێوەیەک لە ئێستادا چین گەورەترین بازاڕى فرۆشتنى ڕۆژنامەو گۆڤارەو هەروەها نزیکەى 3000 ڕادیۆو تەلە فزیۆن هەیە، ئێستا 93،3% چینیەکان تەلەفیزیۆنیان هەیە و، 58،6% یشیان ڕۆژنامە دەخوێننەوە. پێویستە ئەوەش بڵێین کە بەشى زۆرى چاپخانەکان لە ژێر کۆنترۆڵى حکومەتدان.

بەشى دووەمە کتێبەکە
بەشى دووەمى ئەم کتێبە ناوازەو گرنگە بە کورتى، بەڵام بە کەڵک و بە وردى باسى مێژووى چین دەکات و بەراوردى لە گەڵ مێژووى میزۆپۆتامیا و میسر دەکات. چین خاوەنى مێژوویەکى ئێجگار کۆن و دێرینە، کە خۆى لە هەزاران ساڵدا دەبینێتەوە، هیچ وڵاتێک هێندەى چین مێژووى نووسراوى نیە ، ڕاستە میسرو ناوچەى میزۆپۆتامیا دوو ناوچەى کۆنى جیهانن و شارستانییەکى ئێجگار کۆنیان هەیە. بەڵام جیاوازى نێوان ئەم دوو ناوچە یە لە گەڵ چین ئەوەیە، کە چین توانى بۆ ماوەى هەزاران ساڵ بەرگرى لە وڵات و کولتوورى کۆنى خۆى بکات. لێ ئەم ناوچانە واتە میسرو میزۆپۆتامیا نەیانتوانى بەرگرى لە کولتوورى کۆنى خۆیان بکەن، بگرە ئەم ناوچەیە نەک کولتوورى بەڵکو لە ڕووى دیمۆگرافیشەوە گۆڕانى ئێجگار گەورەى بەسەرداهات.
دیارە لە مێژووى کۆنى هەزاران ساڵەى چیندا، دەیان بنەماڵە ى گەورە حوکمى چینیان کردووە وا لێرەدا هەوڵدەدەین بە کورتى هەندێک لەو بنەماڵانە بنووسین:
1- فەرمانڕەوایى بنەماڵەى خیا 2200 بۆ 1800 پ . ز
2- فەرمانڕەوایى شانگ ساڵە 1766 بۆ 1050 پ.ز
3- فەرمانڕەوایى بنەماڵەى تسۆ 1050 بۆ 221 پ.ز
4- فەرمانڕەوایى بنەماڵەى کین 221بۆ 207پ.ز
هەر لەم بەشەدا باسى دیوارە مەزنەکەى چین کراوە، کە یەکێکە لە سیمبوڵە ناسراوەکانى ئەو وڵاتە مێژووى دروستکردنى دەگەڕێتەوە بۆ سەدەى حەوتى پێش زایین و، لە سەردەمى فەرمانڕەوایى ( کین ) دا دەستکرا بە دروستکردنى ئەم دیوارە. دیارە ئەم دیوارە لە چەندین شوێن و کاتى جیاوازدا دروستکرا، بە هاتنى هەر فەرمانڕەوایەکى نوێ دەستکراوە بە دروستکردنەوەى و نۆژەنکردنەوەى ئەم دیوارە. بۆیە بە گشتى زۆربەى مێژوونووسان و چینۆلۆژیۆیەکان پێیان وایە، کە مێژووى ئەم دیوارە لە سەدەکانى 7و6 پێش زایینەوە دەست پێدەکات و تا سەدەکانى 15 ى زایین بەردەوام دەبێت.
ناکرێت باسى ئەم دیوارە بکەین و باسى قوربانیەکانى نەکەین، کە ئەو خەڵکە زەحمەتکێش و هەژارەو بووە، کە ئەم دیوارەى دروستکردووە . بە پێ ى بۆچوونى زۆربەى مێژوونووسان بۆ دروستکردنى ئەم دیوارە زیاتر لە 300 هەزار سەربازو کرێکار بەکارهێنراوە، کە لە خراپترین هەلوومەرجى ژیاندا کاریان پێکراوە. تا ئەم دیوارە تەواو بووە، کە هەزارانیان بریندارو کوژراون.
بابەتێکى ترى گرنگ لەم بەشەدا حەزدەکەم بە کورتە ئاماژەى پێ بدەم، چین و داگیرکارى ئەوروپیە. لە کاتێکدا لە مێژووى کۆنو نوێ ى چیندا پەلامارى خاکى هیچ وڵاتێکیان نەداوە، بەڵام ئینگلیزەکان بە تایبەتى زۆر بی َبەزەییانەو دڕندانەو چەتەگەرانە پەلامارى چینیان داوە. ئەوەى، کە پێى دەڵێن جەنگى تلیاک بە زۆرى زۆردارەکى شمەکێکى زیانبەخشى بە زۆر بە گەلێکى تر بسەپێنێت.

بەشى سێ یەم
باسى دامەزراندنى پارتى کۆمۆنیستى چینى دەکات هەر لە هۆکارەکانیەوە هەر لە بزاڤى جوتیارانەوەتا سەرهەڵدانى چینى کرێکارى چینى تا خەباتى کرێکاران و ژنان بۆ سەعاتى کارو پشوو و کرێ و مافى مانگرتن و دامەزراندنى سەندیکاو بڵاوبوونەوەى بیرى کۆمۆنیستى. سەرهەڵدانى ڕاى جیاوازو دەرکەوتنى ماوتسیتۆنگ و کاریگەرى ئەو لە سەر ڕووداوەکانو سەرکەوتنى شۆڕش و کۆتایى هاتنى شەڕى ناوخۆ و ڕاگەیاندنى کۆمارى گەلى چین لە 1 ئۆکتۆبەرى 1949 لێرەشەوە قۆناغێکى نوێ دەست پێدەکات.

دواتر یش باسى دامەزراندنى دامودەزگاکانى دەوڵەت دەکات و دواى مردنى ماوتسیتۆنگیش دینگ خیا پینگ بە ناوبانگترین سەرکردەى چینە.
بەشى چوارەم
ئایا چین دەبێتە زلهێزى مەزنى جیهان، ئەم بەشەى بە وتەیەکى (جولیس نیری ) سەرۆکى تەنزتنیا دەستپێکردووە کەدەڵێت: لە مێژووماندا بیگانەکان دەهاتن هێڵى ئاسنیان بۆ دروست دەکردین بۆ ئەوەى سەروەت و سامانى کیشوەرەکەمان تاڵان بکەن، بەڵام ئەمڕۆ چینیەکان هێڵى ئاسنینمان بۆ دروست دەکەن تا خزمەتى هاوڵاتیانمان بکەین و و ئابوورییەکەمان پێش بکەوێت.
ئەمە لە لایەک لە لایەکى ترەوە چین زۆر خاڵى بەهێزى هەیە بۆ ئەوەى ببێت بە زلهێز ئەوانیش ئەمانەن:
1- ئابوورییەکى بەهێز، کە دووەمینە لە جیهاندا.
2- سوپایەکى بەهێز کە ئەویش دووەمە لە جیهاندا.
3- ژمارەیەکى زۆر ى دانیشتووان کە یەکەمە لە سەر ئاستى جیهان.
4- بوونى ڕووبەرێکى گەورەى زەوى کە سێهەم دەوڵەتى گەورەى جیهانە لە ڕووى ڕووبەرو زەوییەوە.

بەشى پێنجەم
باسى پەیوەندى کوردو کۆمارى چین دەکات
لەم بەشەدا باسى پەیوەندى بازرگانى نێوان هەرێم و چین و سەرەتاکانى بڵاوبوونەوەى بیرى ماویزم و کۆمەڵەى ڕەنجدەرانى کوردستان و هەڵوێشتى چین و شۆڕشەکانى کوردستان و بێهەڵوێستى چین بەرامبەر بە مەسەلەى کورد.

بەشى شەشەم
هەگبەى چین کۆمەڵە وتارو گەشتەکانى نووسەرە بۆ وڵاتى چین، کە ئەوانیش بابەتى گرنگ و بە سوودن لەوەیە لێرەدا بوارى ئەوە نەبێت باسى ئەوانە بکەم.تەنها ئاماژە بە وتارێک دەکەم، کە زۆر گرنگە بۆ هاوسەنگى ئەم بابەتە ئەوەیە نووسەر یان لێکۆڵەر نابێت هەر لایەنى پۆزەتیف بخاتە ڕوو. بەڵکو پێویستە خاڵى نەگەتیفیش بەیان بکات دەربارەى بابەت بۆیە لێرەدا نووسەر چەند خاڵێک دەخاتە ڕوو، کە بۆ چین نەبووەتە زلهێز تا ئێستا ئەوانیش ئەمانەن:
1- کێشەى ناوخۆیى: چین هێشتا بە دەست کۆمەڵێک کێشەى ناوخۆییەوە دەناڵێنێت لە سەرووى هەموویانەوە هەژاریى و بێکارىی. هێشتا چین لە ڕووى داهاتى تاکەوە ڕێژەى کەمە
2- نەبوونى کەسانى شارەزاو پسپۆر:
نەبوونى کەسانى شارەزاو پسپۆڕ لە بوارى هەرێم و دەڤەرو گەلەکانى جیهان، هێشتا چین لەم بوارەدا لە چاو وڵاتانى وەکو ڕوسیا و ئەمریکا هەژارە.
3- پێڕەو کردنى سیاسەتى هۆڵەندى : چین هەمان سیاسەتى کۆلۆنیاى بەریتانیاو فەرەنساو یان ئەمریکاى ئێستا پێڕەو ناکات، بەڵکو سیاسەتى هۆڵەندى لە سەدەى نۆزدە پێڕەو دەکات کاتێک تەنها گرنگیان بە بازاڕەکانى جیهان دەداو وازیان لە سیاسەتى جیهانى هێنابوو.
لە کۆتاییدا ماوەتەوە بڵێم گەندەڵى پەتا گەورەکەى سەردەم ئەوانیشى زۆر بە توندى گرتۆتەوە زۆر بە توندیش بە گژیا چوونەتەوە و هەزاران کەس لە سەرکردە باڵاکان و کادیر و ئەندامەکانى پارتى کۆمۆنیستى چینى تێوە گلاون و ڕووبەڕووى یاساو دادگاکان کراونەتەوە و لە زیندانیشدان دەکرێت لە عێراق و کوردستانیش سوود لە ئەزموونى ئەوان بۆ بە گژاچوونەوەى گەندەڵى وەربگیرێت.
پێمخۆشە ئوەش بڵێم ئەم پەڕتووکە بابەتێکى گرنگ و پڕزانیارییە لە سەر وڵات و گەلى چینى مەزن و ئەزموونەتاڵ و سوێرو ترش و شیرینەکانیان لە گەڵ داگیرکەرە زاڵم زۆردارەکانى وڵاتەکەیان بۆیە کاتێک نووسەرى ئەمریکى جۆن رایت کتێبى ( دە ڕۆژ جیهان هەژا) ى نووسى لە سەر شۆڕشى ئۆکتۆبەرى ڕووسیا، لینین وتى داوا لە کریکارانى جیهان دەکەم ئەم کتێبە بخوێننەوە، منیش داوا لە لە هەموو ئەوانەى حەز بە مێژووى گەلان و خەباتیان دەکەن بە تایبەتى مێژووى خەباتى گەلى چین ئەم کتێبە بخوێننەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت