دکتۆر کەمال میراودەلی: ئەمریکا کوردی ڕۆژاوای نەفرۆشتووە، شەرەفی خۆی فرۆشتووە، ئایا دەیستێنێتەوە؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەمریکا نەیتوانیوە کوردی رۆژاوا بکڕێت تا بیانفرۆشێت، ئەمریکا خۆی فرۆشت و ترامپ شەرەفی ئەمریکای فرۆشت و ئێستا دەبێت چی پێدەکرێ ئەو شەرەفە بستێنیتەوە یان لەگەڵ ئەردۆگان بڕوات!
گاردیان: دنیا دژی ئەردۆگان وەستاوە
تایمز: لەمڕۆ بە دواوە دەبێ هیچ گەل و لاتێک باوەری بە هاوپەیمانی لەگەڵ ئەمریکا نەبێت، ئەوروپاش دەبی ئەمە بزانێت
پەیامنیری بی بی سی ئەم ئیوارەیە: تاکە دەوڵەتێک لە جیهاندا نییە پشتگیریی ئەردۆگان بکات
تەنانەت سەرۆکی قوبروسی تورکیش ڕەخنەی توندی لە ئەردۆگان گرت و، وتی: هێرشەکەی ناو ناوە [کانی ئاشتی]، بەلام ئەو کانییە خوێنی لە بەر دەڕوا نەک ئاو.
لەگەڵ گەورەیی و خەتەرناکی ئەم هێرشەی تورکیا. لەگەڵ ئەو ترس و دڵەخورپێیەی هەموو شەو چەند جار، بیدارم دەکاتەوە. هێشتا هیوا و گەشبینییەک لە دڵمدا هەبووە و هەیە. گرنگ پاراستنی گەلەکەمانە و ئەو دەسکەوتەی رۆژاوا رەگی داکوتاوە و ناسردڕێتەوە. تاوانەکەی ترامپ سەرکردایەتی کوردی ڕۆژاوای خستە تەنگژەیەکی جینۆسایدییەوە.. هەولی خێرایان بۆ بەدەستهێنانی پشتگیری رووس و ڕێکەوتنیکی سەرەتایی لەگەڵ رژیمی سووریی [ کە ڕاستیی نەماوە و روس و ئیران رژێمن] کارێکی بەرپرسانەبوو کە ‌ئەمریکا و تورکیا و هیزە ئیسلامییە فاشیستەکانی تووشی شۆک کرد. ئەمە دەری دەخا کە جەنگ و سیاسەت دەبی پێکەوە بڕۆن و سیاسەت ڕیبەری جەنگ بکات. خەباتی کورد چەند سەدەیە و درێژخایەنە، بەداخەوە بێکەسیی و بیپشتیوانیی و یاری نەتەوەکان لە سەر حیسابی خاک و خوێنی کورد بەردەوام بووە و بەرەدوام دەبێ. بەلام ئەمڕۆ جیایە. کورد لە سایەی خەبات و خوێنی کچە پیرۆزەکانی ڕۆژاوا مەساحەیەکی زۆر فراوانی لە ناسین و پێزانین و سۆزی دنیا داگرتووە.

( 1 )
لە وتاری پێشووتر دا وتم:
1- پێوەدان لە خشەخشی مار زیاترە:
ئەردۆگانی تینوو بە خوێنی کورد و، تورکی دوژمنی میژوویی و رەگەزپەرستیی و ئایدیۆلۆجی هەموو کورد و هەموو شتێکی کوردیی و کوردستانیی، بێگومان نایەوێت و گەر بتوانێت ناهێلێت لەو دیو سنووری زۆرکردیی کوردستانی باکوورەوە کوردستانێکی نەک سەربەخۆ بەلکو خاوەن مافی سەرەتایی و ناسنامەی نەتەوەییش دروست بێت جا چ جا کوردستانێک سوپای مەشقپێکراوی خۆی و ئیدارەی دیمۆکراتی خۆی و پشتگیری دنیای هەبێت. ئەردۆگان ئەو هێرشەی هەر دەکرد، زووتر باشتر.
با بزانین 1- ئەمریکا چ دەکات، 2- ڕوسیا چ دەکات3- دنیا چ دەکات؟
2- کۆتایی مرۆڤایەتیی
هەروەها وتم: پشتکردن لە کورد و بێوەفایی بەرامبەر خوێنی کچەکانی ڕۆژاوا کە لە جیاتی هەموو مرۆڤایەتیی و جیهان داعشیان تێکشکاند، کۆتایی مرۆڤایەتیی و سەرەتای نازییەتێکی نوێیە کە لە بەرچاوی هەموو دنیادا ڕوو دەدات. ئەمەش عەقڵ نایبڕێ کە مرۆڤایەتی بە تەواوی بمرێت و دنیا ببێتەوە بە جەنگەڵێکی سەرەتایی. فەرەنسا ئێستا کۆمەلکوژی ئەرمەنییەکان بە جینۆساید دەناسێنێ، ئەوروپا بەرەدوام باسی جینۆسایدی جوولەکە و هۆلۆکۆستی نازییەکان دەکات، بەلام لە بەرچاوی هەموو دنیا ئەردۆگان بە ئاشکرا، هیتلەرییانە، شێلگیرانە بە بیر و وتار و کرداری ئەهریمەنییانە، هیرشی داگیرکردنی تەواوی شارو گوندی ولاتێک و وێرانکردنی و لەناوبردنی گەلەکەی دەکات، بە نیازی سەر لە نوێ دروستکردنەوەی بۆ جێنێشتەکردنی دوو تا سێ ملیۆن خەلکی تر و بە خەیاڵی خۆی بە پارە و یارمەتی ئەوورپاو دنیاش.
ئەمە نەک تەنیا لە سەدان راگەیاندنی تورکییدا بەرجەستەیە، بەڵکو وەک پلانێکی ستراتیجی [عەقلانی] – بۆ کێشەی سوریا و پەنابەران لە نەتەوە یەکگرتۆکان لە بەردەم دنیا دا بە نەخشەوە پێشکەشی کرد.
واتە جینۆسایدی ئەرمەنییەکان لە کوردا دووبارە دەکاتەوە.
ئەمڕۆ سبەی ئەردۆگان ئەمەی دەکرد.
جێبەجیکردنی بڕیارەکە و راددەکەی بە پلەی یەکەم بە هەڵویستی ئەمریکا و ڕوسیاوە بەند بوو و هێشتا بەندە.
ئایا ئەمە بە بێدەنگیی تێدەپەڕێت؟ ئایا مرۆڤایەتی دەمرێت؟ ئایا خوێنی پیرۆزترین ئافەریدەی یەزدان لە جیهان و مێژوودا کچە جەنگاوەرە داعشبەزێنەکانی رۆژاوا لە بیر دەبەنەوە؟

( 2 )
عەقلانییەت و دەسەڵات
عەقل پەیوەستە بە دەسەڵاتەوە و ‌‌هێز و دەسەلات سنوورەکانی عەقڵ دیار دەکەن بەلام هێزو دەسەلاتیش ئاخری دایلەکتیکی عەقل سنووریان بۆ دادەنێت. مانای ئەسڵی وشەیی عەقڵی عارەبیی بەستنەوەیە. بە ئینگلیزییش مانای وشەیی رەشنالیزم یانی ڕێژەبەندیی، پاراستنی پێوەندی رێژەیی و هاوسەنگیی مەرج و بریارەکان.
کورد دەلێ” لە حەددی خۆی چۆتە دەرێ]
ئەمە ئەو حەددە یان سنوورەی هێز و دەسەلاتە کە عەقلی دەسەلاتی خۆی دەسەلاتە لە راددەبەدەرەکە لە بەهانەکانی و ئایدیۆلۆجییەتەکەی رووت دەکاتەوە. یەکەمجار وەک هێزی رووت، جەنگەڵیی، دژە-مرۆڤایەتی وێنای دەکات، دوایی دەیڕوخێنێ – لە ناوەوە و لە دەرەوە.
کورد گوتەنی: هەموو شتێک لە تەنکیدا دەپسێت، زۆر و دەسەلات لە ئەستوورییدا. ئەمە رەوشی ئێستای تورکیا و ئەردۆگانە.

( 3 )
ئەمریکا خۆی دەفرۆشێت کوردی ڕۆژاوا نافرۆشێت
وتارەکەی مانگی ئاب کە وتم ئەمریکا کوردی رۆژاوا نافرۆشێت بێگومان ىێ مەرجبەندیی نەبوو. بە لێکدانەوەی عەقل و مرۆڤایەتیی و سومعە ی دەوڵەتێکی زەبەلاحی وەک ئەمریکا و شەرەفی سوپاکەی، پرۆسە و ئەزموونی چوارسالی هاوکاری پێکەوە، دەبوو خیانەتکردن لە هەسەدە شتێک بێت لە سنووری مەحال.. بەلام لە ڕوانگەی فەلسەفەوە هیچ شتێ مەحاڵ نییە چونکە ئەوەی حەقیقەتی ڕەهایە ئەوەیە کە هەموو شتێک دەگۆڕێ و هیچ شتیک درەنگ یان زوو وەک خۆی نامێنێتەوە. گەر هەموو هۆکارە بابەتییەکان نەگۆڕ بن ‘ کە ئەمەش مەحاڵە، ئەوا هۆکاری پیربوون، مردن، بەسەرچوون وەک پرۆسەیەکی بایۆلۆجی خۆی دەسەپێنێت. ڕەنگە تاکە مردنێک زۆر شت بگۆڕێت. بە ڕای من گەر سیناتۆر جۆن مکەین [1935- 2018] مابایە لە لیندزی گراهام ی شل و بڵ زیاتر لە ترامپی توند دەکرد. واتە تاکە مرۆڤێک رەنگە بیتوانیبایە بە ئیرادەیەکی بەهێزترەوە ترامپ بوەستێنێ. میژوو ئاوا ئاژاوەییانە بەڕیوە دەچێت. تویتی گەوادێکی دەسەلاتدار دنیا دەشڵەژێنێ. ئینگلیزیش راست دەکات کە دەڵێ: قەت مەلی قەت. کەواتە مەسەلەی فرۆشتن و نەفرۆشتن ڕەهایی مەحاڵ نەبوو بەلامەوە بەلکو بە نیسبەت ئەمریکاشەوە، وەک تورکیا و ئەردۆگان، دڵنیا بووم بەزاندنی سنووری عەقڵ و عەقلانییەت و دەرچوون لە بازنەی مرۆڤایەتیی و ژێرپێدانی هەموو بنەما و بەهاکانی دامەزراوەی دەسەلاتی ئەمریکی دەبێت.
واتە: گەر کورد بفرۆشێت، ئەمریکا شەرەفی خۆی دەفرۆشێت. بەلام کوردی رۆژاوا قەت نەکڕدرا بوون تا ئەمریکا بتوانێت بیانفرۆشێت، ترامپ خۆی دەڵێ: ئەوان بۆ خاکی خۆیان دەجەنگان نەک بۆ ئێمە. هەر واش بوو ئەوان کۆمارێکی فیدرالی خۆبەڕیوەبەریان دامەزراندووە. ئەوان ئایدیۆلۆجیەت و ‌هیزی سیاسیی و سەربازیی و کەسێتیی نەتەوەیی و مەعنەویی خۆیان پاراست. کەواتە ئەمریکا کوردی نەفرۆشت شەرەفی خۆی فرۆشت! واتە کوردی ڕۆژاوا نەبوون بە قوربانی هەڵخەڵەتان بە ئەمریکا، بەلکو بوون بە قوربانی لەحزەیەکی مێژوویی کە تێیدا ئەمریکا شەرەفی عەسکەریی و ئەخلاقی سیاسیی وەک زلهێزێک لە دەست دا و متمانەی هاوپەیمانیی لای هەموو دنیا لە دەست دا.
ئەمە بوو بۆچوونی من وەک لە دەقی وتارەکەدا هاتووە:
گەر کورد بفرۆشێت، شەرەفی عەسکەریی ئەمریکا دەفرۆشێت]
پرینسیپی ئەخلاقیی بنەمایی دەولەتی ئەمریکیی دەفرۆشێت.
دەور و پایە و هێز و ڕیز و بەرژەوەندی ئەمریکا لە رۆژهەلاتی نێوەند و دنیادا دەفرۆشێت.
شەرەفی ئەمریکا بە تورک و ڕوسیا و ئێران دەفرۆشێت.
تاکە ئەزموونێکی سەرکەوتوو و هاوپەیمانییەکی پیرۆز و ئەخلاقیی کە ترامپ بتوانیت شانازیی پێوە کات دەخاتە ژێر پۆستاڵی سەرسەرییەکی وەک ئەردۆگانەوە.]
ئایا ئەمانە هەموو ڕاست دەرنەچوون؟ ئایا ئێستا هەر هەموو ئەمریکییەکان خۆیان ئێستا ئەمانە ناڵێن؟
ئایا کەس چاوەڕێی دەکرد کە سەرۆکی ئەمریکا لە ئەردۆگان سەرسەری تر بێت یان ئەوەندە لاوازبیت لە بەردەم سەرسەرییەکی وەک ئەردۆگاندا چۆک دادات و شەرەفی سەربازیی ئەمریکا هەتا هەتایە لەکەدار بکات وەک ئێستا من نا، زۆر لە ئەمریکییەکان دەیلێن؟.
بەلێ هیچ شتێک مەحاڵ نییە و قەت مەلێ قەت بەلام مەرجبەندییەکان بزانە و ئاگاداریان بە.
هەموو کەسێک چاوەڕێی ئەوەی دەکرد ئاخری ترامپ بەلێنەکەی خۆی جیبەجێ بکات و لە سوریا بکشێتەوە، بەلام بەم جۆرە نا،
هەر بە ماوەیەکی کەم پێش بریاری ترامپ ئەمریکا چی کرد: [گەرشی ڕاستی یەک ئەمریکا نییە و ئەمریکای خەیالی ترامپ شتێکی تازەیە!]
1- بەڵینی پاراستن و مانەوە تا ئاسایش و سەقامگیری تەواو لە سوریا دەچەسپیت و بە پرۆسەی سیاسیی بە بریاری نەتەوە یەکگرتۆکان کێشەکان کۆتایی دێن [چەندین راگەیاندنی جەیمس چیفری نوێنەری ترامپ لەم بارەوە]
2- راگەیاندنی پنتاگۆن کە هێزیکی ئاسایشی مەشقداری پرۆفێشنالی 60.000 سەرباز لە سوریای دیمۆکرات دروست دەکەن [ وەک جاری پێشوو ئەم راگەیاندنە تورکیا و ڕوسیای شیت کردەوە]
3- ئەمریکا ڕیگر بوو لە هەر ڕیکەوتنێکی کورد لەگەڵ رژێمی سووری کە لە شوینگەی هیزەوە و بە ناوبژی و گەرانتی روسیا دەیکرد و دەیتوانی دەسکەوتی گەورە بە دەستبێنێت نەک لە لاوازیی و ناچاریی و بۆ خۆپاراستن لە جێنۆسایدی تورک وەک ئێستا ڕوو دەدات
4- لە وەڵامی شیلگیریی تورک بۆ دامەزراندنی ناوچەی ئارام یان دابڕ، ئەمریکا و تورکیا گەیشتنە رێکەوتنێک کە میکانیزمی ئاسایش پیکەوە دابمەزرێنن بە قووڵایی 10 تا 20 کیلۆمەتر .
5- ئیدارەی کوردیی بەشێک بوو لەم پرۆسەیە و هەموو داواکانی ئەمریکییەکانیان قبول کردن: پڕ کردنەوەی نەفەقەکانیان، رووخاندنی سەنگەرەکانیان، کێشانەوەی چەکی قورس و هیزەکانیان بە درێژایی سنووری ناوچە بریاردراوەکە.
کەچی لەم کاتەدا لە ناکاو بە تویتێک ترامپ دوای تەلەفونێک لەگەڵ ئەردۆگان بڕیاری کشانەوە و بەجیهێشتنی کوردی بۆ جێنۆسایدی کورد دا.
تەنانەت داوای هەسەدەی بۆ قەدەغەکردنی بەکارهێنانی هێزی ئاسمانی قبوڵ نەکرد.
واتە وەک جەنەرال مەزلوم عەبدی ڕوو بە ڕوو بە ئەمریکییەکان وت: ئێمە بۆ سەربرین بەجێدێڵن.
ئەنجام: ئەردۆگان وەک کەڵەگایەک دەرکەوت. دیمەنی خوێن و ویرانی و ئاسۆی ئیبادەی کورد و داگیرکردن و تەعریب و تەتریکی خاکەکەیان لە کەللەی دا.
کورد کەوتە خەتەری جدیی و عەمەلییەوە.
ڵیرەوە روون بۆوە کە ئەمریکا شەرەفی عەسکەریی و پەیمانی خوێنی فرۆشت.
ئەمریکا خۆی فرۆشت.
جا گەر ترامپێک بەرپرس بێت لەو شەرەففرۆشییە بە تایبەتی و لە پێشەوە شەرەفی سەربازیی ئەمریکیی، ئەوە ئێستا لە کێشەی کورد دەرچووە. یان ڕاستتر تراژیدیای ئێستای کورد کیشەی فرۆشتنی کورد نییە لە لایەن ئەمریکاوە، کێشەی فرۆشتنی شەرەفی ئەمریکایە لە لایەن ئەمریکاوە، کێشەی هەڵوەشاندنەوەی هەموو ستراتیج و دەسکەوت و دەسەلاتی پێنج ساڵە دروستکراوی ئەمریکایە لە سوریادا.
کێشەی بێشەرەفی، بێ پەیمانیی، بی متمانەیی ئەمریکایە لە گەل دلسۆزترین و جوانمەردترین هاوپەیمان کە تا ئێستا هەیان بووە، بە وەسفی ورد و بەسۆزی جەنەرالەکان و سەربازانی ئەمریکی خۆیان.
ئایا ئێستا نوخبەی ئەمریکی چ دەلێت؟ پنتاگۆن و پایەکانی هێزی سەربازیی ئەمریکی چ دەلێن؟ دامەزراوەی سیاسیی و دیمۆکراتی ئەمریکا و میدیا و ڕای گشتی ئەمریکا چ دەلێت؟
لە وتاری پێشوودا بیر و ڕای کۆمەلیک سیاسیی تازە و پێشووی ئەمریکام بەرچاو خست.
بەلام هیشتا ئەمە مشتێک بوو لە خەروارێک.
قەت ئاوا هاورایی لە ئەمریکا دژی بریار و سیاسەتێکی سەرۆکی و ئیدارەی ئەمریکی نەبووە.
بێرنی ساندرز کە سۆشیالیستە و کاندیدی سەرۆکایەتییە و ئەو پەڕی چەپە و هەمیشە دوژمنی جەنگی دەرەوەیی و بوونی سەربازیی ئەمریکا لە ولاتان بووە، لەگەڵ ئەوپەڕی ڕاسترەوەکان هاوڕایە کە ئەم بڕیاری کشانەوە لە سوریا هەڵەیەکی گەورەیە و خیانەتە لە کورد. لە چاوپێکەوتنێکدا وتی:
”تۆ پشتت لە هاوپەیمانێک ناکەی کە 11000 سەربازی دژی تێرۆریزم بەخت کردووە، نە تویتێک و تەلەفونیک لەگەڵ ئەردۆگان.”
You don’t turn your back on an ally that lost 11,000 troops fighting against terrorism through a tweet and a discussion with Erdogan,“ the Vermont senator said.

سوسەن رایز ڕاوێژکاری ئەمنیی پێشووی ئۆباما وتی: بوونی هێزی سەربازی ئەمریکیی لە سوریا پێوسیتیەکی جەوهەرییە بۆ جەنگی دژە تێرۆر. بریاری کشانەوەی ترامپ نەک تەنیا لە ئامۆژگاری خراپەوە هاتووە، نەک لە بەر ئەوەش کە ئاماژەیەکی ترسناکی بە هاوپەیمانانی ئەمریکا لە تەواوی جیهاندا دا، بەلکو لە بەر ئەوەی کە ناڕاستەوخۆ دەبیتە هۆی ژیاندنەوەی داعش. سەرکەوتن بە سەر داعشدا تەواو نەبووە، ترامپ [کارتی-خۆڕایی-دەرچوون-لە-زیندان] ی پێ بەخشیون.
Susan Rice said Trump’s move to withdraw was ill-advised — not just because it sent an alarming signal to U.S. allies around the globe, but because it could indirectly contribute to a revival of ISIS forces.“The fight against ISIS is not entirely won,” Rice said on CNN’s “Fareed Zakaria GPS,” adding that Trump has offered a “get-out-of-jail-free-card” to ISIS terrorists
قەت جیهانیش ئاوا دژی کارێکی کارەساتیی نەوەستاوە.
ولاتانی ئەوروپی هەمیشە کلێشەیەکیان بۆ تورکیا بەکاردێنا:
ئیمە قەلەق/نیگەرانیمان هەیە بەلام مەترسی ئەمنیی تورکیا تیدەگەین.
ئەمجارە لئیدانەکردن بوو بە توندترین دەربڕین لە پێوەندی تەلەفونیی لەگەڵ ئەردۆگان خۆیدا و جۆرەها بریار و راگەیاندندا تا هەوڵی سزای سەربازیی و ئابووریی.
ئەردۆگان تەنیا تەنیا تەنیایە.
لە ئەمریکاش ترامپ تەنیا تەنیا تەنیایە.
ئایا لە تەنیاییدا دڵی یەکتر دەدەنەوە.
نا .. ئەردۆگان ملهورە. ئێستا ترامپ بە خۆی دەزانێ ئەردۆگان لەو ملهوڕترە و بەو ملهوڕییەی عەرشەکەی ترامپ دەخاتە خەتەرەوە. شەش رۆژە ترامپ هەر بە کوردەوە گرتوویەتی و ئەردۆگانیش کورد دەکوژێت. تا ئەمڕۆ کەرانە زەڕاندی کە رەنگە کوردەکان داعش بەردەن تا بمبەنەوە بۆ یارمەتیدانیان.
بەلام قووڕەکە بە دەقیقە بۆ ترامپ خەستتر دەبێ.
ناتوانێ لێی دەرچێ تا پالێک بە ئەردۆگانەوە نەنێ. یان ڕاستتر شەقێکی توندی تێهەڵنەدا.
بۆیە من هەمیشە گەشبین بووم. قوربابی دەدەین بەلام بێ ئاکام نابێت.
دەردەکەمان دەردەکوردە: نەبوونی یەکیتی نەتەوەیی، ستراتیجی نەتەوەیی، خێڵەکیی و خیانەت و خۆفرۆشتن و لەشفرۆشتن بە داگیرکەران.
ئەوەتا لە هەموو ولاتانی عەرەبیی و دنیا تەنیا قەتەر ی ئیخوانیی فاشسیت بە ئاشکرا بێئابرووانە پشتگیریی هیڕشەکەی ئەردۆگان و جینۆسایدی ڕۆژاوا دەکات. کە خۆفرۆشەکانی باشوور پێیان شەرم نەبووە ببنە قاحبەیەکی قەتەریی.
لە بەرامبەر راگەیاندنە توندەکەی کۆمکاری عەرەبی دژی تورکیا، کۆمەلێک نووسەرو سیاسیی فاشیستی عەرەبیست وئیسلامیست و ئیخوانی یاداشتێکیان دا بە نەتەوە یەکگرتۆکان بۆ پشتیوانی تورکیا: کی لە پێشەوە ئیمزای کرد بێ: طارق الهاشمی کە خۆفرۆشەکانی باشوور هاوبیر و هاوبەرنامەی بوون لە دروستکردنی داعش وگەوادییکردنی بێشەرمانە و ئاشکرا بۆ ئەردۆگان.
هەر ئەو خۆفرۆشیی وخیانەتەی باشوور بوو کە ئەردۆگان وەک بەڵگەیەک بۆ بەجێگەیاندنی بەرنامە ئینسانییەکەی لەگەل ترامپ و ئەوروپییەکان بەکاری هێنا، وتی من بە دڕیژایی 20 کیلۆمەتر [‘ناوچەی ئارامم] لە باکووری عێراق دامەزراندووە و 20 قاعیدەی سەربازییم هەیە. [ بە بێ ئەوەی کەس نووزەیەکی لێوە بێت] دەیەویت ئەمە درێژبکاتەوە بۆ باکووری سوریا. بەلام لە سەر حیسابی جینۆسایدی کورد و لیکدابرینی ناوچەکانی کوردستان و چینشێنکردنی عەرەب وتورک و دروستکردنی جەیشێکی [محەممەد] ی 200.000 کەسی لە فاشسیتە ئیسلامییەکان و ئیخوانییە هەرە دڕندەکان کە هەمیشە ئامادە و لە سەر پێ بن بۆ جێنۆسایدی کورد.
ئەمەیە ئەنجامی خۆفرۆشییەکەتان.
خیانەت و لەشفرۆشیی بەسە،بەسە، بەسە..

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت