نەوزادی موهەندیس: ئاگربەستەکەى تورکیا & ئەمریکا، لەناو خراپترینەکاندا خراپەکەیانە!

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دوێنێ 17/10/2019 و لەدواى 5 کاتژمێر کۆبونەوەى چڕ و پڕى نێوان تورکیا و ئەمریکادا لە ئەنقەرەى پایتەختى تورکیا لەنێوان مایک پێنس جێگرى سەرۆکى ئەمریکا و تەیب ڕەجەب ئەردۆگان سەرۆکى تورکیا، لێکتێگەیشتن(( چونکە وەزیرى دەرەوەى تورکیا ناوى دەبات بە هەڵپەساردنى پڕۆسە سەربازیەکان)) نەک ڕێکەوتنێک کە لە 13 خاڵ پێکهاتوە هاتە ئاراوە، کە ئەم چەند سەرنج و تێبینیانەى لاى زۆرێک دروستکردوە بەهۆى نادادپەروەرى لەو لێکتێگەیشتنەدا چونکە تەنها لە بەرژەوەندى تورکیا تەواو دەبێت نەک کوردەکان و سوریا:
1- ئەم لێکتێگەیشتنە لە ڕووى یاسا نێودەوڵەییەکانەوە نەک ناکامڵە بەڵکو زیادەڕەویشە بۆ سەر مافى دەوڵەتى سوریا،چونکە لەنێوان دوو لایەندا سازکراوە کە هیچیان شەڕیان لەگەڵ یەکتردا نیە.و لەجەنگەکەدا دووبەرەى جیاواز و دژ بەیەک نەبوون.
2- تورکیا و ئەمریکا لەسەر خاکى یەکتر شەڕناکەن تاڕێکەوتنیش بکەن لەسەر چارەنوسى خاک و وڵات و گەلێک کە هیچ پەیوەندى خوێنى و فیزیکیان پێکەوە نیە.
3- تورکیا و ئەمریکا ئەم شەڕە شەڕى ئەوان نیە و بەزۆر خۆیان تێهەڵقورتاندوە بۆ بەرژەوەندى و پاراستنى ئەمن و ئاسایشى خۆیان لەسەر حسابى خەڵک و خاکى ناوچەکە.
4- ئەم لێکتێگەیشتنە لە بنچینەدا دەبوو لەنێوان دوو دەوڵەتى تورکیا و سوریادا سازبکرایە وەک ئەو دوو وڵاتەى کە دراوسێن و هەندێک کێشەى ئەمنى و نائارامى لەسەر سنورەکەیاندا هەیە.
5- کوردیش دەبوو لایەنێکى گرنگى لێکتێگەیشتنەکە بوایە بەو سیفەتەى کە یەکێکە لەو هۆکارانەى کە لەلایەک تورکیا بەهۆیەوە دەستیوەرداوەتە مەسەلەکە و لەلایەکى تریشەوە جەنگاوەرێکى سەرسەختى جەنگى دژى تیرۆریستان و داعشیەکان بوە لەماوەى 8 ساڵى ڕابووردوودا.
6- ئەوەى کە ئامادەگى نیە لەو لێکتێگەیشتنەدا، کورد و سوریا و ڕوسیایە کە وەک گەورە هاوپەیمانى سوریا وایە و هەر ئەویش بوە هۆکارى ڕێکەوتنى نێوان کوردەکان و سوریا لە 13/10دا و گەڕانەوەى سوپاى سوریا بۆ هەندێک ناوچە.
7- ئەم ئاگربەستە دەبێت لەماوەى 120 کاتژمێردا جێبەجێبکرێت، بەڵام ئەوەتا تائێستا تورکیا ڕاینەگرتوە،چونکە گەرەکێتى پێش تەواوبونى ئەو ماوەیە بەهەرشێوەیەک بوە گرێ سپى و سەرى کانى بگرێت و ئەوکاتیش دەڵێت بەشەڕ گرتومە و مساوەمەى لەسەر ناکات.و مەرجى نوێشى دەبێت بۆ کشانەوە.
8- هاتنە ناوەوەى تورکیا بەقوڵایى 20 میل ،هیچ مانایەک بۆ بوون و دەسەڵاتى کورد ناهێڵێتەوە کە ماوەى 8 ساڵە دەسەڵات و ئیدارەیەکى خۆسەرى دامەزراندوەو کورد دەبێتە غەریب و تورکیاش بەخاوەن ماڵ.
9- وەرگرتنەوەى چەکە قورسەکان لە پەیەدە لەلایەن ئەمریکاوە، وەکو ئەوە وایە پەیەدە بێ دەست و نینۆک بکرێت و ئیدى بۆ داهاتوو تواناى نەک شەڕ بەڵگو بەرگریشى نامێنێت دژ بە تورکیا و چەتە تیرۆریستەکانى تر.
10- دروستکردنى ناوچەى ئارام و باڵادەستبوونى تورکیا بەتەنها لەو ناوچەیەدا، جارێکى تر ماناى بەهێزبوون و جێبەجێکردنى داواکارى و مەرامە گڵاوەکانى تورکیایە کە 8 ساڵە بەشەڕ و کوشتار و پشتیوانی لە تیرۆریستان هەوڵى بۆ دەدات.
11- گەڕانەوەى ئاوارەکان بۆ ئەو ناوچەیەش خاڵێکى مەترسیدارە، چونکە ئەو ناوچانە زۆربەیان کوردن و ماونەتەوە، بۆیە گەڕانەوەى عەرەب و تورکومان و… هتد. بەناوى ئاوارەوە ماناى لەدەستدانى خاک و ئاوى کوردانە بۆ هەتاهەتاییە.
12- ئەم ڕیکەوتنە تەنها خاڵێکى پۆزەتیفى تیادایە بۆ کورد ئەویش ئەوەیە کە جەنگەکە ڕادەوەستێت و کوشتار و ئاوارەبون و ماڵوێرانى نامێنێت کە بۆ کورد ئەم خاڵە گرنگە.
13- ئەم لێکتێگەیشتنە ڕووى ڕاستەقینەى تورکیا و ئەمریکاى دەرخستەوە کە تەنها لە پێناو بەرژەوەندى خۆیاندا هەوڵدەدەن نەک کورد و ئاشتى و ئارامى ناوچەکە. چونکە ئەمریکا گەرەکێتى لەسوریادا بمێنێتەوە و نایەوێت تورکیاش لەدەستبدات و تورکیاش ئارامى سنورەکانى و مانەوەى لەناتۆدا لا گرنگترە و سزا ئابوریەکانیشى لەخۆى دوورخستەوە وئەوەشى ویستویەتى بەدەستیهێناوە دژ بە کوردەکان کە لە جەنگدا نەیتوانى وەدەستیبهێنێت.
14- ئەو دوولایەنەى کە دەبوایە ئامادەگى جدیان هەبوایە، کوردەکان و سوریا بوون،هەردوولایان بەشێوەیەک لەشێوەکان ڕازین یان دوودڵ و نیگەرانن بەو لێکتێگەیشتنە، چونکە هیچیان دەسەڵاتى ڕەتکردنەوەیان نیە ،کەواتە ئیتر لایەنەکانى دەرەوەى هاوکێشەکە بۆیان نیە قسەى لەسەر بکەن. چونکە بەدڵنیایى ڕاوێژ و پرسیان پێکراوە لەمیانەى ئەو 5 کاتژمێر دانوسانانەدا.
لە کۆتاییدا، ئایندە زامنى دەرکەوتنى ڕاستیەکانى ترە و دەرخەرى ئەوەشە چ لایەنێک سەرکەوتوو چ لایەنێکیش شکستخواردوە. ئەوەى بەلاى ئێمەى کوردەوە گرنگە کە کورد تاچەند سەرکەوتوە و پارێزراوە، لەکاتێکدا لەو دۆخەدا کورد لەمەى زیاتر پێنەدەکرا، چونکە یان دەبوایە شەڕ و کوشتار و ماڵوێرانى و ئاوارەبون و داگیرکارى بەردەوام بوایە لە کاتێکدا کە دۆستێکى ڕاستەقینە بۆ کورد پەیدا نەبوو دژ بە تورکیا، یان ڕازیبون بەم ڕێکەوتنە نادادپەروەرە بوایە. کە ڕازیبونیش وەک خواردنەوەى پیاڵە ژەهرێکە, بەڵام هیچ ڕێگە چارەیەکى تریش نەبوو. ئومێدیش بە ئایندە نابڕێت وگرنگ لەم چرکە ساتەدا ئەوەیە کە باهەنگاوى یەکەم شەڕ ڕابوەستێت، ئیدى مەرجیش نیە هەموو خاڵەکانى تر وەکو خۆیان جێبەجێبکرێن لەسەر زەمینەى واقع. چونکە هەر لە ئێستاوە و لناوەڕۆکى ڕێکەوتنەکەدا ناڕۆشنى زۆر هەیە و ڕاى جیاوازیش هەیە لەنێوان ئەمریکا و تورکیا بۆخۆشیان،و هێشتاش قسەى کۆتایى لەگەڵ ڕوسیادا نەکراوە کە ڕەنگە لەسەردانەکەى ئەردۆگان بۆ ڕوسیا و کۆبونەوەى لەگەڵ پۆتیندا لە سوشى لە ڕۆژى 3 شەممە 22/10/2019دا گەلێک گۆڕانکارى نوێ بێنە ئاراوە کە چاوەڕوان نەکراون، چونکە ڕوسیاش بەئاسانى دەست لەمافەکانى خۆى هەڵناگرێت لە سوریادا و وەک تەماشاکەرێکیش نامێنێتەوە و لانى کەم دەتوانێت ڕێگرى بۆ ئەو لێکتێگەیشتنە دروست بکات یان پەکى بخات و سەرلەبەرى قڵپ بکاتەوە. کە هەموو ئەمانە گریمانەن و ڕاستیە موجەڕەکان تەنها ئەو لایەنانە دەیزانن کە شاراوە و نادیارن، هەرچەندە سپاردنى قەدەر لە سیاسەتدا بەنادیار کارێکى هەڵەیە بەڵام کوردەکانى ڕۆژئاواش دواى 9 ڕۆژ لە مقاوەمەت و بەرخۆدانى بێوێنە هەرئەوەندیان لەتوانادا بوو.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت