عوسمان عومەر: جاش و جاشیەتى/ بەشى سێهەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کورد و جاشایەتى
کە باسى جاشایەتى بکرێ پێویستە جاشایەتى لە هەموو پارچەکانى کوردستان هەر لەباشورو باکور و خۆرهەلات و رۆژئاوا بکرێ. وەک ئاماژەم پێداوە لە پێشەوە جاشایەتى دیاردەیەکى تایبەت نییە تەنها بەکورد، بەلام کەى جاشایەتى لە ناو کوردا پەیدا بووە، مێژوەکەى دیار نییە. ئایا هەر لەکونەوە هەبووە یا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمى داگیرکارى عوسمانیەکان و سەفەویەکان و دواتر ئینگلیزەکان؟ ووشەى جاش بەکەسێک گوتراوە کە چەکدار کرابێ و بە دیارىکراوى ئاشکرا نییە کێ ئەو ووشەیەى داتاشیوەو بەکارییهێناوە. هەندێ پێیان وایە خوالیخۆشبوو ئیبراهیم احمد ئەم ووشەیەى لە چلەکانى سەدەى ڕابوردوو بەکار هێناوە. هەر لەو کات و سەردەمە بێکەسى شاعیر ووشەى جاشى بۆ وەسفى خیانەتکاران بەکارهێناوە. لەسەردەمى داگیرکارى بەریطانى هەندێ لەئاغاو شێخ و دەرەبەگەکان بەپارە وەرگرتن هانى خەلکیان داوە چەک بۆ بەریطانیەکان هەلگرن. ئەو کوردانەى بونەتە پۆلیس پێیان گوتراوە( جاش پۆلیس )، چونکە لەدژى شێخ مەحمودى نەمر بەکار هێنراون. جاش پۆلیسەکان لەژێر فەرماندەیی ئەفسەرێکى ئینگلیزدا بون.
چون لە حەفتاکان و هەشتاکانى سەدەى رابوردوو فەوجە جاشەکان، کە شەریان بۆ ڕژیمى بەعس دژى پێشمەرگە کردووە، ئەفسەریکى سوپاى عیراق سەرپەرشتیاریان بوون و خاوەن فەوج بە موستەشار ناوبراوە.ووشەى جاش لەباشورى کوردستان لە بیستەکان و سیەکانى سەدەى ڕابوردوو بۆ جاش پۆلیسە کوردەکان بەکارهێنراوە.بەلام گەر بە پێوەریی شەرکردن بێ بۆپارە بۆ داگیرکەران، ئەوە مێژووى جاشى چەکدار لەناو کورددا، مێژویەکى زۆرکۆنترى هەیە. بۆنمونە هۆزو خێلە کوردیەکان دەیان جار بەپارە و هاندانى عوسمانیەکان و سەفەویەکان لە دژى میرو ئەمارەتە کوردیەکان ڕاپەریون و شەریان کردووە، وەک بەڵگەیەکى مێژوویی بۆ ئەو دەستە واژەیە/ 33 سەرۆک خێڵ و کەسایەتى ناوچەکە دواى گرتنى ئامێدى لەلایەن میر محەمەدەوە (پاشا کۆرە یا پاشاى گەورە)نامەیان ناردووە بۆ رەشید پاشاى والى سیواس و داوایان لیکردووە، کە میرنشینى سۆران لەناوببەن! لەوانە عەبدى ئاغاى مزورى و مستەفا بەگى بەروارى و عوەر ئاغاى زێبارى و شیخانى زاخۆ و ئاکرێ و ئامیدى. ئایا ئەوە کویلایەتى و جاشایەتى نەبووە بۆ عوسمانیەکان.
لەسەردەمى شۆڕشى ئەیلول دا جاشیەتى دیاردەیەکى بەربلاو بوو چەند ژمارەى پێشمەرگە زۆر بوو، ژمارەى جاشیش ئەوکات و سەردەمە جگە لە خۆفرۆشى دوژمنایەتى و کۆنەقینى نێوان خێلەکان و هەندێ لە خێلەکان بەهۆى دوژمنایەتى کۆنێنەیان لەگەل سەرکردایەتى شۆرشى ئەو کات و، بەتایبەت مەرحوم بارزانى، دەبونە جاش. ئەوەش بەهۆى تێکەڵ کردنى شۆڕش و خیلەکیایەتى.
ساڵى 1974 بەهۆى پەیوەندى خراپى نێوان پدک و پارتى کۆمۆنیستى عیراق و نزیک بونەوەیان لە ڕژێم بیانوى دایە دەست هەندێ کەس ببن بەجاش. هەندیکیان هەر شیوعى نەبون و ئەو چەکدارانەشى دواى رێکەوتنى ئادارى 1970، کە چەکدار کرابونەوە ئەوانیش دووبارە دایانەوە پاڵ حکومەت و، بوون بەجاش. لەسالى 1979 تاکو ساڵى 1991 دەتوانم بلێم زۆرترین جاش لە مێژووى کوردا لەباشور هەبووە، بەپێى زانیاریەکانم گەر هەڵەنەبێ، نزیکەى 400 فەوجى جاش هەبووەو، ژمارەیان لە 300 بۆ 400هەزار جاش زیاتر بون. جگە لە مەفرەزە خاسەکان گەر ژمارەى پێشمەرگەى هەموو لایەنەکان 10هەزار پێشمەرگە بوبێ، وەک ڕاستیەکى مێژوویی ژمارەی پێشمەرگەکانى ی ن ک لە هەموو لایەنەکان زیاتر بوو، ئەوا هەر پێشمەرگەیەک 40 جاشى بەرکەوتووە. ئەو جاشانەى ئەو سەردەمە زۆر چاوچنۆک و تالانچى بوون، بۆنمونە کاتى کیمیابارانى دۆلى بالیسان دەتوانم بلێم: پەنجەى ژنانیان قرتاندوە بۆ ئەنگوستیلەو ئەلقەى زێرى ژنان و گوێی ژنانیان دادریوە بۆ گوارەکەى. جگە لەشتى تر و بەشداریشیان لە پرۆسەى بەدناوى ئەنفالەکانیش کردووەو و، پێش لەشکرى بەعس کەوتون بۆ گرتنى خەلکى سیڤیلى لادێکان، کە دەیانزانى رەوانەى چارەنوسێکى نادیار دەکرین. لەگەل ئەوەشدا بەشانازیەوە باسى خۆیان و سەرکەوتنەکانى سوپاى بەعس یان دەکردووە لە تیڤیەکانەوە. هەندێکیان نەوتى شەجاعەیان وەرگرت لە پاداشتى ئەوە، جگە لە پارەو شتى تریش.
جاشایەتى لە باکورى کوردستان هەر لەکۆنەوە عوسمانیەکان خێلەکوردیەکانیان دژى یەکتر بەکارهێناوە بە پارەو ئیمتیازات و، هەندێ لە خێلەکوردیەکانى باکور بۆ سەرکوتکردنى شۆرش و راپەرینەکانى کورد بەکار هێنراون، بەتایبەت شۆرشى شێخ سەعیدى پیران و سەیید رەزاى دەرسیم، دواى بەشدارییان لەدامرکاندنەوەی گڕی شۆرش، تورکەکان چەکیان کردن و هەندێ لە سەرۆک جاشەکانیشیان لە سێدارە داوە. بەلام وانەو پەند وەرنەگیرا. دواتر لیواکانى سوارەى حەمیدىە، ئەم لیوا سوکانە سالى 1890 لەلایەن شاکر پاشا و موشیر زەکى پاشاوە بە فەرمانى سولتان عبد الحمید دامەزراوە و، سەر بە سوپاى چوارەمى عوسمانى لەکوردەکانى ئەرزەرۆم و ئامەد و موش و وان و روحا وەک بەکرێگیراوى عوسمانیەکان بون. بەلام ووشەى جاشیان بۆ بەکار نەهێنراوە. سوارەى حەمیدى ساڵى 1894 یەکەم کوشتاریى ئەنجامداوە لە نزیک مەرعەش و ، تاوانێکى تریش لەنزیک دەریاچەى وان و، تا ساڵى 1896 بەردەوام بوون. وەک ڕاستیەکى مێژویی کورد لەکوشتاریى ئەرمەنیەکان بەشدار بوون. بۆیە سولتان عبدالحمید بەبکوژى گەورە یا سولتانە سور ناوبراوە بەهۆى ئەو تاوانکاریانەى ئەنجامى داون، دەستى بەخوێنى زۆر کەمە نەتەوە سووربون. دکتۆر جانێت کلین دەلێت: سوارەى حەمیدى رۆلێکى گرنگیان لەمێژووى کورد و ئەرمەن و زۆر لایەنى مێژوى عوسمانیەکان دا هەبووە، دوایى پارتى کرێکاران لە سالى 1984 شۆرشى چەکدارى جارێکى لەباکورى کوردستان دەست پێکردەوە. دواى سالێک لەو بەروارە رژێمى تورکیا جارێکى دى دەستى بەجاش دروستکردن کردەوە، ئەمجارە بەناوى ( قوروجى واتە پارێزەرگوند)، بەلام پەکەکەو کوردانى باکور پێیان دەگوتن جەردەوان. لەوکاتەوە تا ئیستا شانبەشانى سوپاى تورک شەرى گەریلاکانى پەکەکە دەکەن و، ئازارو ئەشکەنجەى هاوولاتیانى باکور دەدەن. ژمارەیەکى زۆریش هاوولاتى سیڤیلیان شەهید کردووە. بەپێى هەندێ ئامار نزیکەى 80 هەزار جاش لە باکور بونیان هەیە.
لەخۆرهەلاتى کوردستانیش هەر لەسەردەمى شاى ئێران لەشەستەکان و حەفتاکانى سەدەى ڕابوردوو، دیارەدەى جاشایەتى هەبووە. بەلام وەک عوسمانیەکان بەسیستەماتیک نەکرابوو. لەکاتى ڕاپەرینى چەکدارانەى کۆمێتەى شۆرشگیرى حدکا، جاشەکان جگە لەشەرى سوپاى ئێران، شەرى پێشمەرگەشیان دەکرد و، چەندین تێکۆشەرى خۆرهەلاتى کوردستانیان شەهید کرد. لەوانە سمایلى شەریف زادە، لەدواى ساڵى 1979 لەسەردەمى رژێمى مەلایەتى، جاشایەتى زیاتر پەرەی سەند، کە هێزە کوردیەکانى خۆرهەلات خاوەنى هەزاران پێشمەرگە بون و، کۆنترۆلى زرۆبەى شارەکانى خۆرهەلاتیان بەدەستەوە بوو، سەرکردەکانى ئێران پەنایان بۆ دروستکردنى جاش برد و، توندرەوەکانیان ڕۆلیان هەبوو لە دروستکردنى گرۆپە جاشەکان بەناوى پێشمەرگەى موسلمان و، شانبەشانى سوپاى پاسدارن بەناوى جیهادەوە شەریى پێشمەرگەیان دەکرد لەگەل هێزى پدک، بۆ داگیرکردنەوەى شارەکانى خۆرهەلاتى کوردستان و، لەزۆر ناوچەى تریش هەولێ دروستکردنى جاشیان دەدا. هیچ ئاماریک لەبەردەست نییە، کە ژمارەى جاشەکانى خۆرهەلاتى کوردستان دیاریی بکات.
لەخۆرئاواى کوردستان دیاردەى جاشایەتى بەدى نەکراوە، چونکە هەرگیز هێزە کوردیەکانى خۆرئاوا پەنایان بۆ شۆرشى چەکدارى نەبردووە، بۆیە رژیمەکانى سوریا پێویستیان بەجاش نەبووە و، زیاتر پەنایان بۆکاریى سیخورى کردن بردووە. هەرچەندە لە پارچەکانى دیکەى کوردستان لە پاڵ جاشایەتى سیخورى کردنیش هەبووە. لیرەدا پرسیارێک خۆى دەخاتە ڕوو، ئایا هۆکاریى دروست بونى جاش هەلەى سیاسەتى حێزبەکانى باشور و باکور خۆرهەلات بووە؟ رەنگبێ زۆرجار هەلەى حیزبەکان بوبێ، چونکە دژایەتى ئاغاو و شێخ و دەرەبەگ و خێلەکانیان کردوە بەکوشتنى ئاغایەک یا هەرەشە لێکردنیان واى کردووە لە داهاتوى خۆیان بترسن، بۆیە داویانەتە پاڵ رژیمەکان بۆنمونە دواى سەرهەلدانى شۆرشى پەکەکە لەباکور، سەرەتا هەندێ ئاغاو دەرەبەگیان کوشت، ئەوە بیانویەکى دایە دەست سەرۆک خێلەکوردیەکان، کە لە خۆیان بترسن بۆیە چەکیان بۆ ڕژێمى تورک هەلگرت لە خۆرهەلاتى کوردستان. بەپێى هەندێ زانیارى بەهۆى دژایەتى حدکا بۆ هۆزى مەنگور لە خۆرهەلاتى کوردستان بونە جاش و، تا ئیستاش هەرجاشن. هەندێجاریش بەهۆى دژایەتى چەپەوە بۆ ئایین بەنمونە کوشتنى مەلایەک لەناوچەى سنە لەلایەن کۆمەلەوە واىکرد، کە بەلگە بدرێتە دەست خەلکى ناوچەکە بەهاندانى ئێرانیەکان، کە ببنەجاش. بەلام لێرەدا پرسیاریک دێتەئاراوە، کە پەکەکە ئاغاو دەرەبەگیان کوشتبێ و، حدکا دژایەتى هۆزێکى کردبێ و کۆمەلە مەلایەکى کوشتبێ لە کفتوگۆى سالى 1984 کۆمەلێک پێشمەرگە بەفەرماندەیی کاک على شامار لە گوندى سیدخلیل بوون بارق حاجى حنطە دەورى گرتن و، پێشمەرگەکان نەیاندەویست پێکادان روبدات، مەلایەکیان بەقورئانەوە ناردە لاى بارق، بەلام بارق مەلاکەى کوشت ئەى بۆچى جاشەکانى ئەو دەڤەرە، چەکیان دانەنا یا پەیوەندى بەشۆرشەوە بکەن یا هیچ نەبێ بەرەنگاریى بارق ببنەوە، نەهیڵن هێرش بکاتە سەر ئەو گوندە، کە مەبەستیان تەختکردنى بوو. پێم وانیە کوشتنى ئاغایەک یا مەلایەک یا شێخێک بیانوبێ بۆ جاشایەتى؟

تێبینى:
• سینان هاکان /ئەرشیفى عوسمانى ل٨٥ گەر ئەویش جاش قەلەم نەبێ
• Uthmanly.com

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت