ئارام عەلی عەزیز: خۆت بناسە.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

خۆناسین مەعریفەیە، خۆنەناسینیش نەزانین و جەهالەت. ئەمە لەسەر هەموو ئاستەکاندا راستە. لێرەدا ئێمە مەبەستمانە بەو هاوکێشەو بنەما لۆجیکیە رووداوو گۆڕانکاریی و، بە دیاریکراوى قەتلوعام و جینۆسایدەکانى بەسەر کورددا هاتوە هەڵبسەنگێنێن، ئەوەى کە کورد ناوى ناوە، دووبارەبوونەوەى مێژوو. رێککەوتنى ئەمریکا لە گەڵ تورکیاو کێشانەوەى هێزەکانى لە رۆژئاواى کوردستان دەرگاى کردەوە لەبەردەم پەلامارى تورکیاو، کورد جارێکى دیکە هەڵاى لێهەستاو گوتى : ئەمریکا خیانەتی لێکردین. من پارێزگارى لە ئەمریکا ناکەم بەو نوسینەم، چونکە دەزانم ئەمریکا سەرى مارەکەیە، بەڵام گلەیی لە کوردە، بۆچى پشت بە مار دەبەستیت، ئەمریکا  کاوبۆیە، کە لای خۆمان پێی دەگوترێ، گاوان، دەڵی کوڕى گاوان بوو بە قازى یەکەمین جار باوکی خۆى لەسێدارەدا. کێشەی سەرەکی دووبارە بوونەوەى شکستەکان، بزووتنەوەى کوردیی و سەرکردەکانیەتى کە ئیدارەى دەکەن، ئەویش لەبەرئەوەى نەخۆیان دەناسن وەکو ئینسان، نە مێژوو شارستانیەتى راستەقینەى  وڵاتەکەشیان دەزانن. ئەگەر خۆت نەناسى، بێگومان دۆست و دوژمنى خۆست ناناسیت. دۆستت لێدەبێت بە دوژمن و دوژمنیش دەخەیتە خانەى دۆستەوە. تاوانى مارچیە، کە تۆ دەیخەیتە باخەڵت؟ تاوانى گورگ چیە، کە تۆ دەیکەیتە شوان و مەڕى پێدەسپێریت؟ دکتۆرێکى نەزان لەوانەیە نەخۆشێک بکوژێت، بەڵام سەرکردەو حزبی نەزان میللەتیک رووبەڕووى لەناوچوون دەکاتەوە. کارەساتەکە ئەوەیە کە تا ئێستایشى لە گەڵدا بێت تیۆری شۆرشی کوردستان لە هەموو پارچەکاندا چەوتە. تەنانەت تیۆریی شۆرش و چۆنیەتى چارەسەرکردنى کێشەکەیشمان نیە لەسەر بنەماى لێکۆڵینەوەو خوێندنەوەیەکی زانستیانەى هۆکارى دابەشکردن و داگیرکردن و دەسنیشانکردنى هۆکارى شکستەکانى بزووتنەوەکانمان، کە بەدرێژایی سەد ساڵى رابردوو، تەنها شکستیان بەرهەمهێناوەو هیچى تر. ئەمە واقیعەکەیە، ئەزموونى هەموو جەماعەتەکان کە بە خۆیان دەڵێن حزب وەکو یەکن.

هۆکارى سەرەکى شکست و کوشتوبڕى میللەتەکەیشمان بۆ خۆنەناسین دەگەڕێتەوە. ئێمەى کورد، چین؟ کێین؟ خۆمان تا ئێستا ناناسین و نازانین، بەڵام دوژمنەکانمان باش دەزانن و باش دەمانناسن. لەبەرئەوەیش هاتوون لەناو مێژوودا بزریان کردوین، خاکەکەیان دابەشکردوین، هەر رۆژەو بە یەکێک بە کوشتمان دەدەن، هەر رۆژەى بە گژ یەکێکمانەوە دەنێن.

 بابێینەوە سەرئەسڵى مەسەلەکە، کێشەى ئێمە لە گەڵ بریتانیاو ئەمریکاو خۆرئاوایە، ئەوان کوردستانیان لە سایکس پیکۆ دابەشکرد، ئینجا بە پلەى دوەم کێشەى ئێمە لە گەڵ سیستەمى داگیرکاریی سەر کوردستانە. ئەم دوو کۆمەڵە دەوڵەتە کە سیستەمى دەولی و ئیقلیمی پێکدەهێنن، کۆى سیستەمی ستەمکاریی جیهانین و لەسەر پشتى نەهێشتنى کوردو دابەشکردنى کوردستان دروستبوون، رزگاربوونی تۆ لەو ستەمە واتاى نەمانى سیستەمەکەى ئەوان دەگەیەنێت. لە باشترین حالەتدا دوو پارچە چەکت پێدەدات و شەڕى خۆیت پێدەکات و دواتریش تەسلیم بە دەوڵەتەکەت دەکاتەوەو لەناوت دەبات. کەواتە کورد دەبێت  خۆیی و  مێژوو شارستانیەتەکەى خۆی بناسێت، ئینجا دۆست و دوژمنى خۆى دەناسێت و تیۆری رزگاربوون و شۆرش و گۆڕانکاریی لەسەر ئەو بنەمایە دابڕێژێت، کەواتە کوردە گیان، دەرد لەخۆتەو هەمیش دەرمان.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت