نەبەز گۆران: ئەمریكا مێژووی ئێمەی گۆڕی.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەم ناونیشانە، رستەی یەكێك لە فەرماندەكانی شەڕڤانانە لە ماڵپەری (بی، بی، سی) بڵاو بوەتەوە. بێگومان پاش رێككەوتنەكەی نێوان _توركیا و ئەمریكا_ و جوڵاندی لەشكر بەرەو رۆژئاوا، چارەنووسی رۆژئاوا ئیدی لە دەستی كوردەكان نەما، بەڵكو كەوتە دەست هێزە گەورەكانی جیهان. لە دوای شەڕەكە، رێككەوتنێككرا بۆ وەستانێكی چەند رۆژی، لەو رێككەوتنەدا ئەمریكا هێزەكانی خۆی لە سوریا كشاندەوە و گەڕایەوە بۆ _عێراق_ تا _روسیا_ شوێنی بگرێتەوە. رێككەوتنەكە تا ئەوكاتە قورسایی هەبوو، _روسەكان_ هاتنە ناوەوە، بەهاتنە ناوەوەی ئەوان رێككەوتنەكەی پێشو پوچەڵ بووییەوە.
پێدەچێت لەنێوان _روسیا و ئەمریكا_ رێككەوتنێك هەبێت بۆ دابەشكردنی دەسەڵاتەكانیان، بەڵام هیچ میدیایەك وردەكاری ئەم رێككەوتنە باس ناكات. هێزەكانی _ئەمریكا_ وردە وردە لە خاكی _سوریا_ پاشە كشێدەكەن و دەگەڕێنەوە بۆ _عێراق_ و لە شوێنی ئەوان _روسیا_ دەبێتە جێگرەوەیان. بەهەمان شێوە لە چەند شوێنێكی عێراق هێزێكی كەمی _روسیا_ هەبوون لە سنووری _موسڵ_، كە زیاتر بە پارێزەری كۆمپانیا نەوتییەكان دەناسران، ئەوانیش لە _عێراق_ پاشە كشێیانكرد و گەڕانەوە بۆ _سوریا_. ئەم ئاڵوگۆری هێزە لە نێوان دوو وڵاتدا و جێهێشتنی دوو وڵاتی دراوسێ‌ لەلایەن دوو زلهێزەوە بە بێ‌ رێككەوتنی پێشوەختە رونادات.
“ئێستا ئێرانییەكان و روسەكان پێیان باشە جارێكی دیكە رێككەوتنەكەی ئەدەنە زیندوبكرێتەوە. ” رێككەوتنی (ئەدەنە) چییە؟ ” رێككەوتنی ئەدەنە لە ساڵی 1998 بە ئاگاداری ئێران و میسر و چاودێری روسیا، لە نێوان توركیا و سوریا ئەنجامدرا. لەم رێككەوتنەدا هەردوولا رازین دژی گروپە تیرۆریستەكان بجەنگن و لەناو خاكەكەیاندا وەدەریان بنێن، لەهەمان رێككەوتندا توركیا بۆی هەیە بە قوڵایی پێنج كیلۆمەتر بچێتە ناو خاكی سوریاوە.” پێناچێت ئێستا توركەكان بەمە رازیبن، بەڵكو زیاتریان دەوێت بۆیە رێككەوتنێكی دیكەیان لەگەڵ روسەكان ئەنجامدا. گەر بەوەش رازیبن خاڵی مەترسیداری رێككەوتنەكە زۆرن، لە هەموویان گرنگتر چەمكی (گروپی تیرۆریستی)یە. ئەم چەمكە بۆ _سوریا_ بریتییە لە هەموو هێزە فەندەمیتالە ئاینییەكان، بەڵام بۆ _توركیا_ بریتیە لە هەموو هێزە كوردییەكان. تەنانەت پێش لەشكركێشییەكە وەزیری دەرەوەی توركیا وتبووی :” بۆ لەناوبردنی رۆژئاوا ئامادەین ناتۆ لەدەست بدەین، بەڵام ئامادەنین دەست لە روخاندنی ئەو دراوسێ‌ مەترسیدارە هەڵبگرین” گوتاری _توركیا_ روونە، هەوڵدانە تا كۆتایی هاتنی رۆژئاوا، ئیدی بە هەر رێگایەك بێت دەستی لێهەڵناگرێت و هەوڵدەدات رۆژئاوا بخاتە دۆخێكەوە گەر بە تەواوەتی تێكی نەشكێنێت، لانیكەم پارچە پارچەی بكات و دەسەڵاتی كورد بچوك بكاتەوە بۆ ئاستێكی دیاریكراوی بێ‌ مەترسی.
“رۆژئاوای كوردستان پێش رێككەوتنەكان بەدرێژای 444 كیلۆمەتر سنوورەكەی بەستراوبوو بە خاكی توركیاوە.” لەم رێككەوتنەدا توركیا بۆی هەیە بە 30 كیلۆمەتر جوڵەی سەربازی خۆی بكات. داواشدەكات هێزە كوردییەكان چەكەكانیان لێوەربگیرێتەوە، وەزیری دەرەوەی روسیاش گوتی: ” كوردەكان دەبێت لە شاری مەنبەج و تل رەفعت بكشێنەوە و روسیا رازییە بەوەی توركیا بە درێژای 30 كیلۆمەتر جوڵەی سەربازی خۆی بكات و، بە درێژای 118 كیلۆمەتریش هێزەكانی روسیا و سوریا توركیا سنوورەكان بپارێزن.” ئەمە جگە لە سەرێ كانی و عەفرین كە بە تەواوی كەوتنە ژێر دەسەڵاتی توركیا.
بە پێی رێككەوتنەكان، وردە وردە ئەو شوێنانەی كوردەكان شەڕی گەورەیان بۆكرد تا لە دەسەت هێزە فەندەمیتالیزمەكەی داعش رزگاری بكەن، ئەمڕۆ بەبێ‌ ئامادەبوونی كورد، لە رێككەوتنەكاندا دابەشدەكرێن. بەشێكی دەدرێتە توركیا، بەشەكەی دیكەشی هێزەكانی سوریا و روسیا بە ئامادەی هێزەكانی توركیا كۆنترۆڵدەكرێن. بەپێی بەدواداچوونەكانی (بی بی سی) خەریكە كوردەكان دەگەڕێننەوە بۆ خاڵی سەرەتا، چونكە هەموو رێككەوتنەكان بەو ئاراستەیەدا دەچن كوردەكان بكرێنە دەرەوە و لە شوێنی ئەوان یان سوریا یان توركیا یان روسیا بێتە جێگرەوەیان.
خاڵەكانی دووهەمین رێككەوتن، زۆر روونن. كوردەكان دەخرێنە ناو چوارچێوەیەكی كۆنترۆڵكراوەوە. پاراستنی یەكریزی خاكی _سوریا_ یەكێكە لە ئامانجە گرنگەكان. هەرچۆن لە _عێراق_دا هەركاتێك كورد جوڵەیەكی پێچەوانە بكات هەمان گوتار بەرزدەكرێتەوە، بۆ رۆژئاوای كوردستانیش هەمان گوتارە. چەندین جارە بەروونی هەموو جیهان بە گوێی كورددا دەدات، ئەم نەخشانە دەسكاری ناكرێن، كەوایە لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتەكانەی كێشەی خاك و شوناس و ئیدارەتان هەیە بیرلە چارەسەر بكەنەوە.
سیستەمی نوێی جیهان، سیستەمی سەرمایەدارییە، لەناو ئەم سیستەمی سەرمایەدارییەدا بیركردنەوەیەك لە ئارادانییە بۆ گۆڕینی نەخشە كۆنەكە بۆ نەخشەیەكی نوێ‌. هەر جوڵەیەكی كورد لەناوچەكەدا، دەبێتە مەترسی بۆسەر چوار دراوسێكەی و پێكەوە یەكدەگرن بۆ لەناو بردنی ئەو جوڵەیە. وەك سەركردە (مەزڵوم كۆبانێ) دەڵێت: ” ئێمە نازانین بڕوا بەكێ‌ بكەین، راستییەكەی بڕوامان بە هیچ كەس نەماوە.” ئەو چوار دەوڵەتەی خاكی كوردانیان بەسەردا دابەشكراوە كۆكن لەسەر گەمارۆدان و پەكخستنی جوڵەكانی كورد ، تا زیاتر گەشە نەكەن و نەبنە مەترسی. هێزە گەورەكانی جیهانیش، بە پێی بەرژەوەندی خۆیان مامەڵە لەگەڵ ناوچەكەدا دەكەن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بەروونی وتی: ” ئێستا بۆریە نەوتییەكان لە ژێر دەستی ئێمەدان و پارێزراون.” كەوایە ئەوەی گرنگە سامانەكەیە، نەك كوردەكان. لە هەر چركەساتێكدا كوردەكان ببنە مەترسی لەسەر بەرژەوەندییەكانی زلهێزەكان گەلەكۆمەیەكیان لێدەكرێت و لە گوتاری میدیایشدا بەشێوەیەكی فریودەرانە و ئاوەژوكەرانەدا دۆخێكی جیاوازیان بۆ دەخولقێنرێت.
ئێستا رۆژئاوای كوردستان یەك دەرگای ماوە، ئەویش گەڕانەوەیە بۆ ناوەند ، بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پێشنیازەكەی _روسیا و ئێران_ ئیدی لەو گفتوگۆیەدا چۆن وەك بەشێك لە _سوریا_ لەناو دەستووردا خۆی دەچەسپێنێت ئەوەش دەكەوێتە سەر شێوازی گفتوگۆكان. هەرچەندە _بەشار ئەسەد_ لە دواهەمین دەركەوتنیدا هێرشی كردە شەر رۆژئاوا و گاڵتەی بە ئازایەتیەكەیان كرد، كە خۆیان بەرامبەر توركەكان رانەگرتووە، بەڵام قسەی ئەو زۆر سەنگی نییە، ئەوەی پێش ئەو قسە دەكات _روسیا و ئێران_ە، چونكە ئەوان دەیپارێزن و ئەوانیشن دەسەڵاتەكەیان راگرتووە. كوردانی رۆژئاوا لەم دەلاقەیەوە دەتوانن جارێكی دیكە لەرێگەی گقتوگۆی سیاسییەوە ئەو بەشەی بەریاندەكەوێت بیپارێزن و لە چوارچێوەی _سوریا_ هەرێمێك بونیاد بنێن، لەمە زیاتر دەرگای دیكەیان نییە و لەناو رێككەوتنی زهلێزەكاندا كورد بەشێك نییە لە دانیشتنەكان و بەشێك نییە لە قسەكەر، بەڵكو جێبەجێكەر و گوێگرە. قسەی فەرماندەی شەڕڤانەكەیە، ئەمجارەش ئەمریكا مێژووی ئێمەی گۆڕی و بەرژەوەندییەكانی خۆی خستە پێش هەموو شتێكەوە، بۆ كۆتایی نەهاتن بە هەمووشتێك گفتوگۆ لەگەڵ ناوەند دەرگایەكە كوردانی رۆژئاوا ناچاركران بیگرنە بەر.

_تێبینی: تەواوی ئەو رستانەی لەناو وێرگوڵدان “..” لە ماڵپەری (بی،بی،سی) وەرگیراون

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت