بورهان شێخ ڕەئوف: ئەبوبەکر بەغدادى لە ئۆپەراسیۆنى ( کایلا مولەر) دا کوژرا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دواجار ئەبوبەکر بەغدادى خەلیفەى دەوڵەتى ئیسلامى لە عێراق و شام کۆتایى بە ژیانى هات و چۆن لە پێنج ساڵى ڕابردووى تەمەنى خەلافەتە کەیدا کوشتن و بڕین و تاڵانکردن و بە سەبایا کردن و تێکدانى شوێنەوارە مێژووییەکان حەڵال کردنى خوێنى هەموو ئەو کەسانەى کە لە گەڵیاندا نەبوون، چ لە ئێزدیەکان و کریستیانەکان و شیعەکان و کوردەکان و زۆر تاوانى گەورەی تریان ئەنجام دا کە مرۆڤایەتى شەرمەزارە لە ئاستیاندا.
بەڵێ ئەوە چارەنووسى هەموو خوێنڕێژو دکتاتۆر و گەندەڵێکە کە زوو یان درەنگ ئاکامى کارو کردەوەکانى وەردەگرێت بۆیە هەر دەبوو چاوەڕوانى ئەو چارەنووسە بین بۆ ئەو جانەوەرە سامناکە.

کێ بەغدادى کووشت؟
ئەمڕۆ 27ى ئۆکتوبەر 2019 سەرۆکى ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند کە هێزە تایبەتەکانى ئەمریکا شەوى ڕابردوو لە ئۆپەراسیۆنێکى جۆرى نهێنى و نەخشە بۆ داڕێژاوى وردا لە ژێرناوى (کایلا مۆلەر)دا کە دواتر بە درێژى باسى ئەو ناوە دەکەین توانیان کۆتایى بە ژیانى ئەبوبەکر بەغدادى خەلیفەى دەوڵەتى ئیسلامى لە عێراق و شام بهێنن، بێگومان ناوى بەغدادى ناسراوە لە سەر ئاستى جیهان بۆ تاوان وخوێن ڕشتنەکانى، کە شوێنێک نەما لەم جیهانە دەستى تاوانى نەیگاتێ، لە خۆر هەڵاتەوە بۆ خۆر ئاوا، لە باکورەوە بۆ باشورى زەوى.
ترەمپ زانیارى زیاترى لە سەر چۆنێتى کوشتنى بەغدادى خستە ڕوو وتى: هەڵهات بۆ تونێلێکى تاریک کە دەرنەدەچوو و سەگ دواى کەوتبوون، بۆیە خۆى تەقاندەوە بەو چاکەتە بۆمبڕێژکراوەى کە لە بەریدا بوو خۆى و سێ منداڵ کەلە گەڵیدا بوون کوژراو تونێلەکەش ڕووخا بەسەریدا تەرم و لاشەکەشى شێوا و لەت و پەت بوو.

کێ هاوکار بوو لەم ئۆپەراسیۆنەدا؟
ترەمپ ڕایگەیاند کە کوردەکان مەبەست کوردانى خۆرئاوا هاوکار بوون و زانیارى پێویستیان پێداون و بۆیە زۆر سوپاس و ستایشى کردن ، لە هەمان کاتدا وتەبێژى هەسەدەش ڕایگەیاند کە ئۆپەراسۆنێکى هاوبەش بووە لە نێوان ئەوان و هاوپەیماناندا ، لە لایەکى ترەوە ترەمپ سوپاسى ڕوسیاى کرد کە بوار ى ئاسمانى سوریاى بۆ کردونەتەوە بۆ ئەنجامدانى ئۆپەراسیۆنەکە، بەڵام ڕووسەکان ئەوەیان ڕەتکردەوە کە ئاگادار ى ئەو ئۆپەراسیۆنە بووبن.
لە لایەکى تریشەوە وەزارەتى بەرگرى عێراق ڕایگەیاند کە دەزگاى هەواڵگرى سەربازى عێراق ڕۆڵى کاریگەرى هەبووە لە چاودێرى و دەستنیشانکردنى شوێن و پەناگەى بەغدادى دواى ئەوەى بۆ ماوەى یەک ساڵ تیمێکى تایبەت بە وردى بەدواداچوون و چاودێرى وردیان کردووە تا لە نزیک ئەدلب شوێنەکەى دیارى کراو و بە هەماهەنگى لە گەڵ ئەمریکیەکان ئۆپەراسیۆنەکە بە سەرکەوتووی ئەنجام درا.

قازانجى ئۆپەراسیۆنەکە بۆ ترەمپ
پێدەچێت ئەم کوشتنەى بەغدادى لەم کاتەدا سوودو کەڵکى باش بە سەرۆک ترەمپ بگەیەنێت لەو پرۆسەى لێپێچینەوەى کە دیموکراتەکان دەستیانداوەتى لە دژى ترەمپ.

بۆ ناوى ئۆپەراسیۆنەکە نرا ( کایلا مولەر)
کایلا مولەر ئەو کچە ئەمریکیە یە لە دایکبوى ساڵى 1988 ولایەتى ئەریزۆنا، چالاکوانى مافى مرۆڤ و، وەکو خۆبەخش و چالاکوانى مەدەنى لە بوارى یارمەتى مرۆڤایەتى دا کارى دەکرد، لەلایەن داعشەوە ڕفێنراو وەکو بارمتە دەستبەسەرکرا لە حەڵەب لە ساڵى 2013لە نەخۆشخانەى پزیشکانى بێ سنوور و دواتر لە 6 شوباتى 2015 کوژرا.
ئەوەى لە سەر زارى دایک و باوکی کایلا مولەرەوە باسى کراوە کە بۆ میدیاکانى ئەمریکا قسەیان کردووە بە تایبەتى بۆ تۆڕى ABC ئەوەیە کە کچەکەیان ئەشکەنجە دراوەو و دەستدرێژى سیکسى کراوەتە سەر لەلایەن ئەبوبەکر بەغدادیەوە.
بۆیە ئێستا دواى چوارساڵ ئەمریکیەکان لە کوژران وتیرۆر کردنى ئەو هاوڵاتی یەیان کە گێڕانەوەى جۆراو جۆر هەیە لە سەر شێوازى کوشتنەکەى، بە هەقى خۆیانى دەزانن سزاى ئەو تاونبارە بدەن و تۆڵەى کایلا مولەر و هەزاران خەڵکى ترى بێ تاوان لە عێراق و سوریا لە سەرى یەکەمى داعش بکەنەوەو ئەو ئۆپەراسیۆنە بەناوى کایلا مۆلەرى مرۆڤ و ئازدیخوازو چالاکوانى مەدنى یەوە بنێن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت