لاوک کونجرینی: یەکێتی نیشتمانی کوردستان؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەدواچوونم کرد، گەڕام و هەندێک سەرچاوەم ڕووبەڕووی پرسیار کردەوە. سەرئەنجام دوای ئەوەی کۆی وەڵامەکانم لە ڕنەو تەرازوو دا، یەک وەڵامم هەڵجنی و، ئەویش: یەکێتی هەتا بڵێیت ڕەوشی خراپە!.

ڕاستە من یەکێتی بووم. ڕاستە ماندووبوونی ناو یەکێتی بەخۆم و کەسوکارەکەم تا ئێستا دەمان تلێنێت. ڕاستە شەقی زیندانی ناو ئیتڵاعات و میتی تورکی ـم چێشتووە  لەسەر یەکێتی، ڕاستە خۆم و کەسووکارەکەم لەسەر یەکێتی دەربەدەری و ماڵوێرانیمان بینییووە. بەڵام ئەوە دوێنی بوو. دەتوانرێت بە وشەیەکی نا بەرامبەر بەو هەموو ڕووشەی پیایدا تێپەڕبووین، بڵێین: یەکێتی ئامرازبووە بۆ کوردایەتی و کوردایەتی تا ئێستا ئاسۆیەکی ماوە تا مرۆڤ شانازی پێوە بکات.

بیستم و دەبینم و هەست دەکەم، شەقام هەتا بڵێیت لێتان بێزارە، ڕێکخستەکانتان ئەوانەن، گەر بەرژەوەندی و قوتی ژیان و چاوچنۆکییان لێدەرکەیت، وەک پاسۆکی جاران بە پاسێک دەیانگوێزمەوە.

هێزی پێشمەرگەتان، بە خۆتان و پارتییەوە، هێزێکن لەژێر چەتری مووچەدا کۆبوونەتەوەو، هەستی نیشتمانیان هێندە لاوازە، بەرگەی هێرشێکی دووژمنان ناگرن. گەر هەمان هێزی سەردەمی هەشتاو نەودەکانتان هەبووایەو، کەڵکەڵەی کۆکردنەوەی سامان و دارایی نەبوونایە. دەمێک بوو، لەسەر بیرە نەوتێک هەردوولاتان ” پارتی + یەکێتی” بۆ وەگەر هێنانی شەڕێکی ناوخۆ لەسەر مێزێکی ڕازاوو، پێکی برا کوژیتان دەنۆشیی. کە ناشیکەن هۆکار هەیە:

1- هێزەکانتان داماڵنراون لە هەستی حیزبایەتی و کۆی دروشمە نەتەوایەتییەکەی جاران، کە ماشێنی وەگەرخستنیان بوو بۆ شەڕی کورد بە کورد کوشتن.

2- ترسی بەردەوام بوونی شەڕ! کاسەی سامانتان مشکی جەواڵی شەڕی ناوخۆ لێی بدات.

کەواتە ئێوە چی دەکەن و بەتامای چین؟ لە کاتێکدا شەقامتان فت. هێزیی چەکدارتان ئەو هێزەیە، کە قسە هەڵناگرێت. ئەوەی هەتانەو لافی پێوەدەدەن جارجارە بۆ بۆنەکان، فوویەک بە شانازییەوە دەکەن و دوای کاژمێرێک، گەر ژنە شەهیدێک و یان پێشمەرگەیەکی دێرین، لەبرسان و لەنەبوونی پەناتان بۆ بەرێت، نەک دەرگای لێ ناکەنەوە، بەڵکوو دەرگاکەشی بەچڕووچاویدا دادەخەن.

 ئای هاوڕێیان چ باسە، لەسەربانی هەمووان یەکێتی یە، دووا هەناسە.

دیسانەوە پرسیارو، دواتر  خولیای وەڵام: بیستوومە یەکێتی سەرقاڵی خۆکۆکردنەوەیە، خۆی ئامادە دەکات، هەنگاو دەنێت و یەکڕیزییان ئێستا گونجاوە بۆ کۆنگرە؟ بەڵام سەرئەنجام لەوەڵامی ئەم پرسیارە سەر لێشێواییەدا، تەنها  تڕحێوێکم چنگ کەوت.

ئەی باشە چی دەکەن و بەتەمای چین؟ وتیان: ئێستا بە هەمان ڕێڕەوی  10 ساڵی پارتی دا تێدەپەڕن. بە پەرشوبڵاویی، هەر یەکەیان کۆمپانیایەک دادەمەزرێنێت یان خەریکی کۆکردنەوەی قووتی خەڵکن و، بەو قووتە:

 1- بتوانن هەم سنوور و هەم نوزەی جارجارەی  دەست و دایرەکانیان پێ خامۆش بکەن.

 2- بیرو خەیاڵیان بۆ مێدیا زەبەلاحەکەی پارتی دەچێت، کە مانگانە دەیان ملوێن دۆلار دەرچەیەتی.

3- خەیاڵیان لای شەقامە کارتۆنییەکەی پارتییە، کە لەسەر قوتی خەڵکی لە لانکدا دەیان ڕاژێنن و، بە لەرەیەک هەرەس دێنن، وەک { تەرسەپیاو } هەمیشە چاویان لەدەستی ئەوان بێت.

ئای هەڤاڵینەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، با بەسەرهاتێکی منداڵانەتان بۆ بگێڕمەوە. دەڵێن پیاوێکی پیر نەوەکانی بانگ دەکات و کۆیان دەکاتەوەو هەر یەکەیان چلەدارێکیان دەداتێ، بەئاسانی هەموویان دەیشكێنن. بەڵام بۆ جاریی دووەم گوورزە دارێکیان دەداتێ و، هەوڵی زۆر دەدەن یەکە یەکە بۆیان ناشکێت. لەمەدا یەکێتی لە یەکێتی ناچێت، لەمەدا پارتی لە یەکێتی دەچێت.

ئەرێ ئێوە و پارتی پێمان ناڵێن، خەریک چین: نیشتمان و دیموکراسییە زەبەلاحەکەی بەرزتان کردۆتەوە لەکووێ هەراجتان کردووە. لە چ قومارخانەیەک دۆڕانتان. لەچ زبڵخانەیەک تووڕتان دا.

سیاسەت لەهەمبانەی گاڵتەجاڕیی و بە تابوتی بیرکردنەوەی دۆڕا و بە پێوانەی قولانجەکەی باپیرم، وەک سیاسیەکانی ئەمڕۆی یەکێتی لە کوردسان و نیشتمان و یەکێتی دەڕوانن. بۆیە گوێم لێی بوو، قسەیان بۆ کردم، یەکێتی گەر ئەمجارە بچێتە هەڵبژاردنەوە، بەقەد دەسراسەکەی  (پیزە ) دەنگ کۆ دەکاتەوە.

پێکەنینم بە خۆتان و سیاسەت  و دەوڵەتداریی و دۆڕاندنی شەهامەتی دوێنێتان دێت. بە هیچ نرخێک بۆتان ناکڕێتەوە.

ناخوازم و هەرگیز بە سەرابیش بۆی ناڕوانم، پلەوپایەو ئاستی ژیانتان، مرۆڤ دەبێت کارەکتەری هەڵچنێت، ئێوە وادۆڕانتان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت