سامان غەفور هۆرامی: دیموکراتیەتی شەیتانی.. مرۆڤی بەشەیتانکراو.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ھەر چەندە ئێمەی ڕۆژھەڵاتی زۆر گوێبیستی وشەیەک بووین، چ سیاسیەکانمان بەکاریان بردبێت یان ڕۆشنبیری موتوربەکراوی سیاسی. گرنگ ئەوەیە بەکاربراوە و گوێمان ئاخنراوە بەئەو وشەیە. دیموکراتیەت ئەو چەمکەیە کە دوو جۆر لە سیاسی بەکاری دەبەن. یەکێکیان بەفعلی باوەڕی پێیەتی و دەیەوێت لەو ڕێگەیەوە خزمەتی پێبکات یەکێکی تریان تەنها لە چوارچێوەی وشەدا بەکاری دەبات ئامانجی زیاتری فریودانە، دەنا باوەڕی پێی نیە.. دیموکراتیەت لەسەر دوو ڕووبەر کار دەکات، ڕووبەرێکی نهێنی کە ڕوبەرێکی بچوکە بۆ تارمایی و کاریگەریەکی پێچەوانەی هەیە و ئەوەش سەرچاوەیەکە بۆ ترس و تۆقاندن و لەهەندێک کاتیشدا مەترسیە بۆ ئازادی، وە ئازادیش لەهەندێک بواری گشتیدا سەرچاوەیەکە بۆ سترێسی بەردەوام، بەمانایەکی تر مرۆڤ خۆی بەدوور بگرێت لە من و لەئەوانی تر. واتە دیموکراتی چەندێک ئازادت دەکات ئەوەندەش کۆتوبەندت دەکات. ڕوبەرێکی تریشی هەیە کە ڕوونە و باس لەدەستاو دەستکردنی دەسەڵات و مافی مرۆڤ و زۆر شتی ڕووکەشی تردەکات کە ڕۆژهەڵات و وڵاتە دواکەوتوەکانی پێوە سەرقاڵکراوە، بۆیە ستەمکاریی لە ڕۆژهەڵات لەدایک دەبێت و ستەمکاری بەدیوێکدا کاری لەسەر بچوکبوونەوەی مرۆڤ کردووە، بەهای مرۆڤ دەخاتە ئەو بازنەیەی کە بەرژەوەندیەکانی خۆی بپارێزێت.
لەناو سیستەمە دواکەوتوەکاندا کار لەسەر بەشەیتانیکردنی مرۆڤ کراوە، زۆر بەمونەزەمی و ڕێکخراو کاری لەسەر بەقوربانیکردنی هاوڵاتیەکانی خۆی دەکات. چونکە سیاسەت بۆ پاراستنی خۆی دەکات نەک بۆ هاوڵاتیەکانی و قوربانی بەخەڵک دەدەن بۆ مانەوەی خۆیان،
دیموکراتیش دەرگای بەکراوەیی هێشتوەتەوە بۆ گفتوگۆکردن، واتە دەبیت لەو سنورەدا شت بڵێیت کە بەرژەوەندی ئەوان پارێزراو بێت، یان دەبێت دوور بێت لە بازنەی ململانێکانی ئەوان، چونکە ئەو بازنانە لەوانەیە قوتت بدەن.
ململانێیەکی کۆن هەیە لەنێوان بیروباوەڕە سیاسیەکاندا لەژێر چەتری دوالیزمیەتی شەیتان و مرۆڤدا، لە پێگەی ئاینە ئەبراهیمیەکاندا کە سنورەکانی یاخیبوون و گوێڕایەڵی کێشاوە. گەر ئەم تێگەیشتنە بگوازینەوە بۆ نێو دنیای سیاسەت و لەوێوە لێکدانەوە بۆ چەمکی مرۆڤ و شەیتان بکەین، هەموو دەزانین مرۆڤ چیە دەشزانین بەدووی چی دەکەویت بەڵام لەوە دەچێت خویندنەوەکان بۆ شەیتان جیاوازیان تێبکەویت چونکە دیدی ئایینی و دیدی سیاسی بۆ شەیتان جیاوازە.
مرۆڤی بەشەیتانیکراو دابەش دەبێت بەسەر دوو دیدا، یەکێکیان خەڵک و هاولاتی وەک شەیتان دەڕواننە سیاسیەکانیان چونکە بەڵێن و کرداریان زۆر لەشەیتان دەچێت و تەنها لەسیاقی وشەدا بەڵێن جێبەجی دەکەن. ئەوی تریان سیاسیەکانن وەک شەیتان دەڕواننە هاوڵاتیەکانیان و تەنها گەمە و یاری خۆیانی پێدەکەن. بۆیە ناتوانین هێڵێکی گشتی بدۆزینەوە بۆ کارکردنی ئەم دوو جۆرە لەمرۆڤ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت