ئارام عەلی عەزیز: سەعاتی سفر.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

خۆپیشاندانەکانی عیراق وەکو لوبنان، سەرهەڵدانى خۆڕسک و راستەقینەن، دەستى کەسیان لە پشتەوە نیە. نموونەیان لە مێژووى نوێ و کۆنى هەردوو وڵاتدا نابینرێت. هەردوو راپەڕینەکە، دواى کەڵەکەبوونی ئێش و ئازارونەهامەتی ساڵانێکى زۆرى حوکمرانی سیستەمى موحاسەسەى تایەفی دێن.
وەکو لە مەعنەویات وئیرادەى گەنجانى شۆڕشگێرو گەورە بوونى خۆپیشاندانەکاندا دیارە، سەرەڕاى رووبەڕووبوونەوەى وەحشیانەى حەشدو حکومەتەکەى عەبدولمەهدی و، سەدان شەهیدو هەزاران بریندار، ئەگەرى پاشداکشان و دامرکاندنەوەى سەرهەڵدانەکە مەحاڵە. گەنجان بەراستى بەرەوپیلی مەرگ دەڕۆن و هیچ باکیان بە شەهیدبوون نیە.
ئێران و بەرەی شیعە و حزبوڵا سەرهەڵدانى بەغدادو بەیروت بە موئامەرەى ئەمریکاو ئیسرائیل و سعودیە دادەنێن، لەبەرئەوەى چاوەڕواندەکرێت خۆپیشاندانەکانى عیراق دەسەڵاتى شیعەو تایەفی لە عیراق کۆتایی پێبهێنێت و، لە لوبنانیش پەڕوباڵى حزبوڵا بکات، ئەمەیش لەروى جیۆپۆلیتیکیەوە واتاى شکستى پرۆژەى هیلالی شیعی دەگەیەنێت.
ئیسرائیل بەو خۆپیشاندانانە مەترسی جیۆپۆلیتیکی گەورەى لە دەریاوە هەتا زێ دەکەوێتەسەر. چونکە لاوازبوونى شیعە لە لوبنان و عیراق زیانى گەورە بە ئیسرائیل دەگەیەنێت، لەبەرئەوەى ئەوان هەرگیز مەترسیان بۆسەر ئیسرائیل نەبوە.
ئەو سەرهەڵدانانە، کە دەکەونە خانەى شۆڕشەوە، مەترسین بۆ سەر بەرژەوەندیەکانى خۆرئاوا، نەک ئێران و حزبوڵاو حەشدى شەعبی. لەبەرئەوە دواى ئەوەى هەموولایەک بە گرتنەبەرى شێوازى توندوتیژیی و شەڕى ناوخۆ بێ ئومێد دەبن لە کۆتایی پێهێنانى ، هەوڵی بەلارێدابردنى دەدەن بە ئاقارى بەرژەوەندیەکانى خۆیان.
یەکێک لە سیناریۆکانى هەوڵى دەستبەسەرداگرتن و بەلاڕیدابردنى خۆپیشاندانەکان بە ئاراستەى بەرژەوەندى ئەمریکاو ئێران، سیناریۆى کودەتاى سەربازییە. کە لەوانەیە وەکو سیناریۆى دوا فرسەت بە هاوکارى هەندێک لایەن و بە هێنانەپێشى کەسایەتیەکی سەربازی بگیرێتەبەر. چونکە سروشتی کۆمەڵگاى عیراقی بە کوردیشەوە سروشتێکی گەرمەو حەزى بە پاڵەوانێتیی و شەڕو جەنگە، هەر لەبەرئەوەیش مناڵەکانمان لە جیاتی حەلواو نوقڵ لە دوکانەکاندا (تەقە) دەکڕن. ئەو گەلە بە فیترە جەنگاوەرى خودایە. لەو روانگەیەوە گەلى عیراق حەزى بەسەرۆکێکی فەرماندەیە، نەک سەرۆکێکی ئەفەندیی و کڕو بێ دەنگ.
سەرهەڵدانەکانى عیراق و لوبنان و، گۆڕانکاریە چاوەڕوانکراوەکانى ناوچەکە لە سوریاو لیبیاو یەمەن وگشت دەوروبەرەکە، مەترسی جیۆپۆلیتیکى گەورە بۆ سەر تەواوى بەرژەوەندیەکانى خۆرئاواو ئیسرائیل و تەواوى سیستمی جیهانى و ئیقلیمی دروستدەکەن، بە تایبەت دواى ئەوەى ئەم بووژانەوە شارستانیە سەرکردەى راستەقینەى خۆى وەکو زەرورەتێکى بابەتى لێ بەرجەستە دەبێت، ئەو کاتە کار لەکار دەترازێت. لەبەر ئەوە چاوەڕواندەکرێت بە هەموان جەنگێکی گەورە هەر لە فوراتەوە هەتا نیل لە ناوچەکەماندا هەڵبگیرسێنن، دوور نیە سەعاتی سفریشیان بۆ دیاری کردبێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت