کاوسێن بابەکر: تاکارلەکار نەترازاوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەدوای 2003 وە لەعێڕاقدا بڕیار هێندەی لەژێر هەژمونی تائیفی و مەزهەبیدا بووە، هێندە گرێدراوی خەڵک و بەرژەوەندی و ئاوات و ئازارەکانیان نەبووە. ئەوەش وایکردوە کەمترین خزمەت بەخەڵک بکرێ و ڕۆژ بە ڕۆژ ئاستی هەژاری و بێکاری بەرزبێتەوە و، گەندەڵی بەشیوەیەکی سیستماتیک بەڕێوەبچێ و دەزگا چاودێریەکانیش هەر لەپەرلەمان و چاودێری دارایی و دەستەی نەزاهە بۆ بەگژاچونەوەی گەندەڵی، یان تێوەگلاون یان لەلایەن سەرکردەکانیانەوە ڕێگریان لێکراوە.
16 ساڵە حکومەتە یەک لەدوای یەکەکان نەک هیچ بەرنامەیەکی جدیان نەخستۆتە گەڕ، بەڵکو جگە لەپەیمان و بەڵێنی زۆروبۆر و دەستەوستانی لەچارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ چاکسازی هیچی تریان بەکردەوە پێنەکرا.چەندین جار خۆپێشاندان کرا، کە هیچ جارێکیش بێ خوێنڕشتن تێنەپەڕیوە. وای لەحکومەت و حزبەکان نەکرد هەڵوێستەیەک بکەن و، لانی کەمی چاکسازیەک بکەن. تۆزێک لەمەینەتیەکانی عێڕاقیەکان کەمکەنەوە!
هەردەستی دزەکان بگرن و بەفیڕۆدانی پارە کەم بکەنەوە و گەندەڵە گەورەکان بدرابانە دادگا. دەیانتوانی زۆر لەوە زیاتر بکەن کەژیانی خەڵک ئاسایی بێتەوە.
ئیدی ئازارو مەینەتیەکان گەیشتنە لوتکەو لەتاقەتی کەسدا نەما بەرگەیان بگرێ. ئەمجارە توڕەییەکە بووە بەگەردەلول وزەحمەتە وابەئاسانی هێور بێتەوەو ئەگەر بەپیر داواکاریەکانەوە نەیەن هەموو شتێک لەسەر ڕێگا ڕادەماڵێ.
ئەمجارەیان ئێرانی دۆستیش فریایان ناکەوێت، چونکە خۆی کەوتۆتە ژێرلافاوی توڕەیی گەلی ئێرانی زۆرلێکراو. کوشتنی ڕاپەڕیوانیش دادیان نادا، باشترە تا کار لەکار نەترازاوە بۆجارێکیش بێ گوێ لەخەڵکی نیشتمانەکەیان بگرن و، دەوڵەتی قانوون و سیستەمێکی دیموکراتی دوور لە تائیفی و مەزهەبی بنیات بنێن گەردەتوانن. ناشتوانن، کە واتا هاوکاربن عێڕاق بۆ سێ هەرێمی کۆنفیدڕاڵ دابەش ببێ و پێکەوە ڕۆڵیان لەئاشتی و دێموکراسی و ئارامی جیهانیدا هەبێ، نەک ببێتە هێلانەی توندڕەوی ئایینی و مەیدانی شەڕی بەوەکالەت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت