نەوزادى موهەندیس: لەبەردەم چوارەمین کۆنگرەى گشتیدا. یەکێتى نیشتیمانى کوردستان چۆن کۆنگرەیەکى پێویستە؟

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەم ساتە وەختەوە تا 7/کانونى یەکەمى 2019 کەمتر لە 15 ڕۆژ ماوە بۆ وادەى ڕاگەیەنراوى بەستنى کۆنگرەى چوارهەمى گشتى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان، خۆشبەختانە کۆمەڵ گەلێک هەنگاو بەکردارەکى پیادەکراوە بە نیەتى بەستنى کۆنگرە لەکات و وادەى دیاریکراوى خۆیدا،لەهەڵبژاردنى نوێنەرى کۆمیتە و مەکتەبەکان و دواتریش بەستنى کۆنفرانسى مەڵبەندەکان بۆ دیاریکردنى نوێنەرانى کۆنگرە، کە وا بڕیارە 1000 نوێنەر ببنە ئەندامى کۆنگرە.هەموو ئەم هەنگاوانە مایەى دڵخۆشین. چونکە بەسەرکەوتویى و تاڕٍادەیەکى باشیش بێکێشە و کەموکوڕى و ئاژاوە و پشێوى بەڕێوەچوون لە 14 مەڵبەند و دوو بازنە و 207 کۆمیتەدا.لەماوەى تەنها نێوان 16 تا کۆتایى مانگى 11/2019دا،کە بەهەموو پێوانەیەک و بە بەراوورد بە گەورەیى و فراوانى و ئاڵۆزى پڕۆسەکە سەرکەوتنى وەدیهێناوە. لەکاتێکدا کە ماوەى زیاد لە 10 ساڵە پڕۆسەیەکى ئاوها جێبەجێنەکراوە. کە بۆ خۆى ئەم کارە گەواهیدەرى زیندویەتى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان و ئۆرگانەکانێتى و پەرۆشى ئەندام و لایەنگران و ئاستەکانى خوارەوەى پێکهاتەکەیەتى، و ئەو ڕاستیەش دووپاتدەکاتە کە هەرکاتێک سەرکردایەتى یەکێتى ویستبێتى بە جدى کارێک یان پڕۆسەیەک چێ بکات چەندە گەورە و سەخت و ئاڵۆزیش بێت دەتوانێت بیکات و ڕێگەنادات هیچ بەربەستێک ڕێگەى بەرەو پێشچوون و نوێبونەوەى لێبگرێت، کەواتە کە 10 ساڵە کۆنگرە نەگیراوە بەماناى ئەوەدێت ئەوە سەرکردایەتى یەکێتى بۆخۆى ویستى ڕاستەقینەى نەبوە بۆ ئەو کارە.
بەڵام ئەوەى دەخوێنرێتەوە لەم پڕۆسەیە و گەرموگوڕەیەى ئەم قۆناغە سەرەتاییانە و کەمى ماوەى بەردەم خۆئامادەکردن بۆ بەستنى کۆنگرەە لەکاتى خۆیدا، گومان دەکرێت کە کۆنگرە لە 7/12دا سازبکرێت، بەهۆى لەلایەک ئامادەسازیەکان لەماوەى تەنها 6 ڕۆژى سەرەتاى مانگى 12/2019دا ناتوانرێت تەواوبکرێت نە لەڕووى لۆجستى و نەلەڕووى مادى لە جێگەى مانەوە و خواردن و بانگهێشتنامەى میوانانى دەرەکى و پێداویستیەکانى ترى هەڵبژاردن و لیست و نە لەڕووى ئەمنیشەوە، و تا ئێستاش لەناوەندى دەرەوەدا هیچ هەڵبژاردنێک نەکراوە، کەواتە گومان دەکرێت کە کۆنگرە لەو وادەیەدا ببەسرێت، بەڵام دەبێت هەر ئەنجامبدرێت و ڕەنگە بکەوێتە کۆتایى ساڵى 2019 و سەرەتاى ساڵى 2020وە. چونکە ئیدى ئەم سەرکردایەتیەى ئێستا ناتوانێت دواى بڕینى ئەو قۆناغانە و ئەو خەرجیە زۆرە کۆنگرە چیدیکە دوابخات بەپێچەوانەوە دەکەوێتە بەر فشار و ناڕەزایەتیەکى گەورەى بنکە و ئۆرگان و نوێنەرانى هەڵبژێردراوى کۆنگرەوە.
پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە کە چۆن کۆنگرەیەک پێویستە بۆ یەکێتى لەم قۆناغەدا ؟ئەى کۆنگرەى چى پێدەکرێت؟ ئایا کۆنگرەش دەبێتە فریادڕەسى هەموو کێشە کەڵەکەبوەکانى 10 ساڵى ڕابووردوو؟ ئایا یەکێتى بەهێز و یەکگرتوو دەمێنێتەوە یان بە پێچەوانەوە بەرەوە لێکترازانى ڕیزەکان و دڕدۆنگى ناوخۆیى زیاتر دەڕوات؟ و دەیان پرسیار و گومان و ترس و دڵەڕاوکێى تر.
سەرەتا دەبێت هەموان و بەهەموو ئاڕاستە و باڵ و تەکەتولەکانى ناو یەکێتیەوە کە بەداخەوە هەر لە ئێستاوە سەریان هەڵداوەتەوە و بەتوندیش دژایەتى یەکتر دەکەن و هەریەکەیان گەرەکێتى بەرامبەرەکەى بشکێنێت و بچوک و نابوتى بکات و خۆشى زاڵ و دەستەڕۆ بێت لەکۆنگرەدا، دەبێت هەموان سەرەڕاى ئەو پێشبڕکێیە یان ململانێ ناڕەوایانەى نێوانیان دەبێت لە مەترسى و گەورەیى ئاڵنگاریەکانى دەوروبەرى و گۆڕانکاریەکانى ناوچەکە و عێراقیش لەبەرچاوبگرن، بۆئەوەى هەنگاو و بڕیارێک نەدەن لەکۆنگرەدا کە یەکێتى لە حیزبێکى گەورە و کاریگەر و خاوەن نفوزى سیاسى و ئابورى و ئەمنى و جەماوەرى و سەرتاسەرى عێراق و کوردستانى گەورەشەوە بەرەو حیزبێکى بچوکى لۆکاڵى قەتیسکراو و بێ بایەخ و کاریگەر هەنگاو بنێت، بۆیە پێویستە هەرچیدەکرێت هەموان لەسەر:
1- میکانیزمێکى تەواو دیموکراسى و موتوربەکراو بە نەرمى نواندن لەبەرامبەر یەکتر و دوورکەوتنەوە لەگیانى تۆڵە و نەمان و دەرپەڕاندنى یەکترى بکەنەوە.
2- پێویستە کۆنگرەیەکى تەواو ئامادەسازیکراو بۆى لەهەموو ڕوەکانەوە ئەنجامبدرێت کە لەگەڵ ئەوەى ببێتە هۆکارى نوێبونەوەى ڕوخسار و ڕەفتار و کردار و عەقڵى سەرکردایەتى و ئۆرگانەکانى، لەهەمانکاتیشدا نەبێتە هۆى لێکترازانى ڕیزەکانى و دوورکەوتنەوە و وازهێنانى ژمارەیەکى گەورەى ئەندامانى.
3- کۆنگرەیەک پێویستە کە بەسەر هەموو گوتار و کردار و هەڵوێست و ئایدیا و فکرى یەکێتیدا بچێتەوە کە لە 10 ساڵى ڕابووردوودا تەواو بەرەو پاشەکشەچوون بۆتەوە نەک پێشکەوتن و گەشەکردن.
4- کۆنگرەیەک پێویستە کە یەکێتى لەڕووى ئۆرگان و پەیکەرو پێکهاتەوە بکرێتەوە حیزبێکى ڕەشیق و چوست و چالاک کە بتوانێت سەختى و قورسایى قۆناغى ئایندە هەڵبگرێت و ڕووبەڕووى ببێتەوە.
5- کۆنگرەیەک پێویستە کە بنەما حیزبى و مەرکەزیەتى بڕیار و پڕەنسیپە حیزبیەکان لەخۆبگرێتەوە و تۆخیشیان بکاتەوە.
6- کۆنگرەیەک پێویستە کە سەرچاوەى داهاتەکانى یەکێتى شەفاف و ڕوونبکرێت و لەدەستێکى ئەمیندا بێت و بەهەمان شێوەش خەرجیەکانیش بەپێى ڕێنمایى و یاساو لەدەسەڵاتى دیاریکراودا بێت.
7- کۆنگرەیەک پێویستە کە یەکێتى بکاتەوە بە حیزبى پلە یەکى کوردستان و ئەمەش بەنزیکبونەوەى لە جەماوەر و خاکیبوون و گەڕانەوە دەبێت بۆ سەرەتا شۆڕشگێڕیەکان و بەدەمەوە چوونى داواکاریە ڕەواکانى جەماوەرى پانوپۆڕى گەلەکەمان دەبێت.
8- کۆنگرەیەک پێویستە کە یەکێتى بکاتە حیزبێک کە ڕابەرایەتى پڕۆسە و قۆناغى نوێى دژە گەندەڵى و بێکارى و ناعەداڵەتى بکات و هەوڵى دۆزینەوەى هەلى کار و خۆشگوزەرانى و خزمەتگوزارى و پاراستنى ئەمن و ئاسایش و ڕێزیش لەدیموکراسیەت و ئازادیەکان ویاسا و مافەکانى مرۆڤ و ڕاگەیاندن و میدیا و هاوڵاتیان بگرێت.
9- کۆنگرەیەک پێویستە کە یەکێتى بدروشێنێتەوە و متمانەى جەماوەرى بۆ بگەڕێنێتەوە و بیکاتەوە حیزبى داموودەزگایى و دووربکەوێتەوە لە حیزبێکى قەتیسى ناوچەگەرى و بنەماڵەیى و دەوڵەمەندان و بازرگانانى سیاسى.
10- گەرەکیشە کە ئەندامانى کۆنگرە کەسانى بوێر و چاونەترس و ڕۆشنبیر و بەتوانا و لێهاتوو بن بۆ ئەوەى گفتوگۆى گەرموگوڕ و جدى بکەن و پێشنیاز و ڕەخنەى جدى پێشکەشبکەن و تەنها وەک ژمارە و بۆ دەستبەرزکردنەوە و بەڵێ ى ناڕەوا جێگە نەگرن و گرنگیشە دەستەمۆى تەنها بەرژەوەندى و بەرنامە و ڕێبازى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان و شاڕێگەکەى بن نەک تولە ڕێگە کورت و کوێرەکانى تەکەتولە ناڕەواکان.
بۆیە تەنها بە کۆنگرەیەکى ئاوها دەتوانرێت یەکێتیەکى بەهێز و پتەوى دواى مام بەهێزبکەینەوە. بەپێچەوانەوە ئەوا یەکێتى دەبێتە خەبەرێک لە زەمەنى ڕابووردوودا.
ئاشکراشە ئەم کۆنگرەیەش ناتوانێت تەواوى خەوش و کێشە کەڵەکەبوەکانى چەندین ساڵە چارەسەربکات و ببێتە عەسایەکى ئەفسوناوى، بەڵام دەکرێت لانى کەمى ئەو کێشانە چارەسەر بکات وبە هەنگاوێکى ئەرینیش لە قەڵەم دەدرێت و یەکێتى تاڕادەیەکى باش دەگێڕێتەوە بۆ سەر شارێگەکەى یەکێتى دوور لە باڵباڵێن و تەکەتولاتى ناڕەواى بەرژەوەندچێتى گروپ و دەستە و چەند سەرکردەیەکى پاوانخواز و قۆرخکارى پلەو پۆست و ئیمتیازاتەکانى حیزب و حکومەت بۆ خۆیان و ماڵ ومنداڵ و خزم و کەسوکار و عەشرەت و تەکەتولەکانیان. هەروەها دەشبێتە هۆى ئەوەى کە هەر لایەک و سەرکردەیەک قورسایى ڕاستەقینەى خۆشى بۆ دەربکەوێت، کەهەر ئەم کارانە بونەتە هۆى ڕاز و گەلەیى زۆرینەى ئۆرگان و ئەندامەکانى یەکێتى خۆى و جەماوەرى گەلەکەشمان. کە ناکرێت چیدى درێژەیان پێبدرێت بەبیانوى جیاوازەوە. هەر بۆیە کۆنگرە نابێتە فریادڕەسى هەموو کێشەکان.
جا هەر کات کۆنگرەیەک کە هەموان بەخەمخۆرى و دڵسۆزى و ئەمانەتەوە کاریان بۆ سەرخستنى کرد و دروشم و ناوەڕۆکیان پێکەوەگرێداو ئامانجى ڕوونیان هەبوو بۆ ئایندە و هەموان پەرۆشى پاراستنى یەک و یەکگرتوویى ڕیزەکانى بوون و بەرژەوەندى و بازرگانى و دەسکەوتە کەسیەکانیان خستە ژێر بەرژەوەندى باڵاى یەکێتى و گەل و نەتەوەوە، ئەوا بەدڵنیایى ئەم کۆنگرەیە دەبێتە مایەى زیاتر پتەوکردن و بەهێزبوونى یەکێتى و هەستانەوە و بوژانەوە و گەشەکردنیشى بۆ قۆناغى ئایندە، بەڵام گەر بەپێچەوانەوە کاریان کرد ئەوا ئەوەى کە لە یەکێتیش ماوەتەوە لەدەستدەچێت و بەرەو پوکانەوەى زیاتر و بچوکبونەوە و لێکترازان و دڕدۆنگى زیاتر هەنگاو دەنێت. و ئەو کاتیش هەموان دەڵێین خۆزیا کۆنگرەیەکى ئاوهامان نەبەستایە و ئەو زیانە گەورەیەشمان بە یەکێتیەکەمان و تەواوى مەسەلەى کوردایەتیش نەگەیاندایە، چونکە یەکێتى بەهەموو هەڵە و کەموکوڕیەکانیشیەوە تائێستا هەر بەو تروسکایە ئۆمێدبەخشە ماوەتەوە بۆ تەواوى کوردایەتى لەهەرچوار پارچەکەى کوردستاندا کە هەموان چاوەڕوانى کارى گەورەترى لێدەکەن، بۆیە ئەم کۆنگرەیە هەم چارەنووساز و گرنگ و هەمیش مەترسیدارە، جا سەرکردەى ژیر و حەکیم و دووربین لە ڕۆژە تەنگانەکاندا دەردەکەوێت نەک لەکاتى ئاشتى و ئارامیدا.
بەهیواى ئەوەى کە کۆنگرەى چوارهەمى گشتى ببێتە وێسگەیەکى ڕۆشن بۆ نوێبونەوە و بەخۆداچوونەوە و ڕاستکردنەوەى هەڵەکان و پەندوەرگرتنیش لە ڕابووردوو و خۆسازدانەوەش بۆ ئایندە و بوژاندنەوە و گەشەکردنى زیاتر یەکێتى نیشتیمانى کوردستان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت