بەیان ئیبراهیم: کەوتن لە دۆخێکی ئاڵۆزدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەعێراقدا چەندان حکومەت ڕووبەڕووی ڕووخان یان کەوتوون بونەتەوە، چ سەردەمی پاشایەتی یان کۆماری. بەڵام هیچکامیان لەم دۆخە ئاڵۆزەی ئێستای عێراقدا نەکەوتوون.
کەمێک دەچینە پێشەوە سەروبەندنی پێکهێنانی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی، هەموو ئەوانەی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی یان، پێکەوەنا بۆ دەستەبەرکردن و گەیشتن بوو بە پۆست و بەرژەوەندی تایبەتی ئەم خواستە هەموویانی کۆکردەوە. ئەمە لەکاتێدابوو عێراق بەدۆخێکی دژوارو ناسەقامگیرا ڕێیدەکرد، هەربۆیە دوای ئەوەی دۆخەکە ئاڵۆزتربوو هیچ لایەک ئامادەنەبوو بەرژەوەندییەکانی بکاتە قوربانی بۆ باشترکردنی تا گەیشتن بە دەست لەکار کێشانەوەی سەرۆکی حکومەت.
لەئێستاشدا عێراق بەجۆرێک ئاڵۆزە لەلایەک بێزاری و توڕەیی هاوڵاتیان و هاتنە سەرشەقام، لایەکەی تری ململانێی توندی مەزهەبیە.
ئەم دوولایەنە هەریەکەیان دەتوانن دۆخەکە لەوە ئاڵۆزتر بکەن، بۆ دەرازبوونیش ئومێدێکی لاواز هەیە، چونکە کێشەی خەڵک لەعێراقدا هێند ئاڵۆزو لەمێژینەیە لەبەعسیەکانەوە تا دەسەڵاتی شیعە ڕەگی تاکوتاوە، چارەسەرو یەکلایی بوونەوەی ململانێ مەزهەبیەکەش هیچ ئاسۆیەکی ڕوونی نیە. ماڵی شیعەش لەدوای پرۆسەی ڕزگارکردنی عێراق پێکاهەڵپژانی وایبەخۆوە دیوە هێزی یەکلاکەرەوەی ململانێکان نیە، بۆیە نەبەشەڕو نەبەڕێی سیاسی دۆخەکە ئەوەندە لەبارو گونجاونیە حکومەتێک پێک بێت دڵخوازی خەڵک و مەزهەبیش بێ. بۆیە ئەو خرۆشانەی بە کەوتنی دەسەڵات ئاهەنگ دەگێڕێ بۆی هەیە ببێتە مەترسی.
دوای دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی.. بەپێی دەستور دەست لەکار کێشانەوەی، پێویستی بە دەنگدانی ئەنجومەنی نوێنەران نیەو لەڕۆژی ڕاگەیاندنییەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردن و حکومەتیش دەبێتە کار بەڕێکەر. دوای دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆک وەزیران، سەرۆک کۆمار ئەرکی سەرۆک وەزیرانیش وەردەگرێت، بەپێی دەستور دەبێت لەماوەی 15 ڕۆژدا کەسێکی تر بۆ پێکهێنانی حکومەت ڕاسپێرێت، ئەوەش کارێکی ئەستەمە. چونکە گومانی ئەوە هەیە ده‌سه‌ڵاتى ده‌ستورى سه‌رۆك كۆماریش له‌ به‌رده‌م گوشاری شەقام و ره‌وته‌ توندڕه‌وه‌كانى ململانێى مه‌زهه‌بى خۆى پێ ڕانه‌گیرێ.
بۆیە یه‌كه‌م به‌رپرسیارێتى سه‌رۆك كۆمار، هه‌مواركردنى زه‌مینه‌ى هه‌ڵبژاردنى گشتیه‌. له‌ دۆخى وه‌ك ئه‌وه‌ى ئێستاى عیراق، هه‌موو شتێك ناكۆكى له‌سه‌ره‌. ته‌واوى جومگه‌كانى ده‌وڵه‌تى عیراق له‌ ژێر پرسیار و حوكمى شەقام و ره‌وته‌ تونده‌ڕه‌وه‌كاندایه‌.
چین و توێژە سیاسىەکەیش بۆى هه‌یه‌ هه‌ڵبژاردنى پێش وه‌خت و ئه‌وه‌ى چەندین ساڵه‌ ناویان لێناوه‌ پرۆسه‌ى سیاسى، كه‌م و زۆر قبوڵكراو بێ. به‌ڵام مه‌رج نیه‌ به‌ هه‌مان ئه‌ندازه‌ شەقام پەسەند یان متمانەی بداتێ چونکە خۆپیشاندەران فاکتێکی نوێن و بۆ دەرازبوون داخوازی و قسەی خۆی هەیە بەدەر لەئامانجی سیاسی یان حزبی، داخوازی و ویستی ئەوانە دوورە لەخواستی بەساڵاچووەکانی ناوچەی سەوز بۆیە دەست لەکارکێشانەوەی عادل عەبدول مەهدی هیچ لەژیانیان ناگۆڕێ و لەداخوازییەکانیان کەم ناکاتەوە.
ڕەنگە بە حکومەتی کاربەڕێکەرو بەهەڵبژاردنی پێش وەختە و بەزۆر و بەڵێنی دووبارەو فریودان کەف و کوڵی خۆپیشاندان دامرکێنێتەوە. بەڵام هەرگیز چارەسەری کێشەی قووڵ وئاڵۆزییەکەی عێراق ناکات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت