بورهان شێخ ڕەئوف: تویتەکەى سەرۆکە تازە هەڵبژێراوەکەى تونس.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەم ساڵى 2019 ەى وا ئێستا لە مانگى کۆتایى و رۆژەکانى دواییدان چەندین خۆپیشاندان و شۆڕشى جەماوەرى گەورە ناوچەى خۆرهەڵاتى ناوین و باکورى ئەفریقیای گرتەوە تاوەکو ئێرانیش، ئەوەى لەم خۆپیشاندانانەدا جیاوازبوو لەوانى پێشتر دروشمى بنبڕکردنى گەندەڵى و دادپەروەرى کۆمەڵایەتى دابینکردنى خزمەت گوزارى خێراو پێویست بوو جگە لە شەفافیەتیش کە ئەویش ڕووبەرێکى فراوانى داگیر کردبوو لە داخوازییەکان.
لە گەرمە ى ئەم باسوخواستانەدا سەرۆک کۆمارى تونس، ئەو وڵاتەى کە دەست پێشخەرو دەروازەى ڕاپەڕینەکانى بەهارى عەرەبى بوو، هەر زوو دکتاتۆرى ئەو وڵاتە زەینلعابدین بن عەلى هەڵهات و گەل و سوپاى ئەو وڵاتە دەستەڵاتیان گرتە دەست، دەکرێت هەر تونسیش بە تاکە وڵاتێک دابنێن لەو وڵاتانەى کە بەهارى عەرەبى گرتەوە بە سەرکەوتوویى لەو شۆڕش و بەرخۆدانانە دەرچوو، تێوەنەگلا بە شەڕى ناوخۆیى و تائیفى بە جۆرێک لە جۆرەکانى دەستاودەستکردنى دەستەڵات و ژیانى سیاسى و دیموکراسى پیادەکرا.
لەم ڕۆژانەشدا مامۆستا قەیس سەعید سەرۆکى تازە هەڵبژێراوى تونس لە تویتێکى جوان و شایستە و پڕ ماناو گشتگیر نەک بۆ تونس بەڵکو بۆ هەموو وڵاتانى ناوچەکەش گونجاوە و دەرمانە بۆ ئەو دەردەى، کە زۆرێک لە وڵاتان موبتەلاى بوون.
تویتەکەى قەیس سەعید ( ئیمتیازات و خانەنشینى خۆش و یاساى پارێزبەندى پەرلەمنتاران هەڵبوەشێننەوە، ئیتر کەسێک نادۆزنەوە جگە لەوانەى کە ڕاستگۆ و دڵسۆزن بۆ خزمەتى گەل و وڵات ).
زۆر دروستە ئەم پەندەى ئەو بەڕێزە وا بە وردى و بە کورتى بەیانى کردووە، هەر لە بەر ئەو ئیمتیازات و مووچەو پاسەوان و خانەنشینى بە گەنجى و پارێزبەندى و پاسەپۆرتى دیبلۆماسیە لە عێراقیش هەموو ئەندامانى تاقم و حزب و لایەنەکان شەڕى لە سەردەکەن، کار گەیووەتە ئەوەى کاربەدەستان وەکو ددیارى ودەسەنە ئەو پۆستانە دابەش دەکەن بە سەر کەسە نزیکەکانى خۆیاندا و ئەندامانى حزبەکانیشیان با داناو زانا و لێهاتووش بن ئەو شانسەیان بەرناکەوێت.
بۆیە بۆ دۆخى عێراقیش کە وا دوو مانگى تەواوە خەڵکى بەغدادى پایتەخت و شارەکانى باشورى عێراق خۆپیشاندانى گەورە و کۆڵنەدەرانە ئەنجام دەدەن سەرەڕاى قوربانى زۆر و دەست لەکارکێشانەوەى سەرۆک وەزیران، خوازیارى بنبڕکردنى گەندەڵى و خزمەتگوزارى و سزادانى گەندەڵکاران و دوورخستنەوەى ئەو تاقم و حزبانەى کە لە شازدەساڵى ڕابردوودا گەندەڵى و بە فیڕۆدانى گەورەى ماڵى گشتیان ئەنجامداوە.
لە هەموویشى قورستر و خەمناکتر بۆ گەلى عێراق ئەو ئیمتیازات و مووچەى خانەنشینى خەیاڵیانەیە کە بەناو نوێنەرانى گەل بە یاسا بۆ خۆیان تەرخانکردووە، کە لە هیچ شوێنێکى ئەم جیهانەدا لە وێنەى نى یە.
لە کاتێکدا دەکراو دەبوو بە دانانى زۆر کاراکتەرى بە تواناو لێهاتوو تر لەو خەڵکانە کاروبارى وڵات بە جوانترین و باشتر ین شێواز بەڕێوەببرایە چونکە هەموومان شاهیدى سەدان و هەزاران خەڵکى بەتواناین لە چالاکوانان و ئەندامانى ڕێکخراوە پیشەیى و مەدەنیەکانین کەلەسەر حسابى خۆیان زۆرکارى گەورە ئەنجام دەدەن، بۆ یە دەکرێت حکومەتەکان لە ڕێگەى خەڵکى و لەو بابەتەوە خزمەتى وڵات بکەن و بەڕێوەى بەرن، نەک دانانى لە شکرێک لە خەڵکى مشەخۆرو بێ پرنسیب و دوور لە مۆراڵ کە ماڵى گشتى بەماڵى خۆیان دەزانن و پۆست و پلە بۆ بەرژەوەندییە تایبەتەکانى خۆیان بەکار دەهێنن.
لە کۆتایدا ئیتر ئەم شەپۆلەتوڕەو حەقخوازە پێناچێت وا بە ئاسانى دابمرکێتەوە ئەگەر ئاگرەکەى هەموو ئەوانە نەسووتێنێت، کە لە کۆمەڵگایەکدا بەشێکى زۆر بێ کارو برسى بێت و بەشێکى تریش کە کارمەندى جزب و دەوڵەتن کە داهاتەکەیان دیاریکراوە، بوون بە ملیلردێر و خاوەن گەلێک سامان و سەرمایەن کە بەکارمەندو بەڕێوەبەرانى دەوڵەت ناکرێت ئیتر کاتى ئەوەیە بەتوندى یاساى ( ئەمەت لە کوێ بووە ) جێبەجێ بکرێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت