بورهان شێخ ڕەئوف: خۆپیشاندانەکانى عێراق لەلاپەڕکانى ڕۆژنامەى ( احتجاج ) دا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەرچەندە سۆشیال میدیا ڕۆڵى کاراو کاریگەرو ڕاستەوخۆى لە خۆپیشاندانەکانى ئەم دواییەى عێراق و وڵاتانى ناوچەکە و تاوەکو باکورى ئەفریقیاش هەبوو، بەڵام لە عێراقدا کە دەستەڵاتداران تۆڕى جاڵجاڵۆکەى ئەنتەرنێتیان لە خەڵک دەبڕى گورزێکى گەورەیان لە خۆپیشاندەران و خەڵکى ناڕازاى دەدا، لە کاتێکدا ئەم هەنگاوە کردەوەیەکى دژ بە دیموکراسى و تەسکردنەوەى ڕادەربڕینە کە دژ بە دەستوورى عێراقە کە ئەو مافەى بۆ گەلى عێراق مسۆگەر کردووە .
ڕۆژنامەى ( احتجاج ) واتە ناڕەزایى بەکوردى لە سەرەتاى سەرهەڵدانى ئەم بزاوتە جەماوەرییەوە لە لایەن دەزگاى ئەلمەدا بۆ ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیرى و هونەرەکان بڵاو دەکرێتەوە، ئەگەر چى باس لەوە دەکرێت کە ڕۆژنامەى کاغەزى ئەو برەوەى جارانى نەماوە، لە هەمانکاتدا هێشتا خەڵکێکى زۆریش تا ئێستا بە شەوقو زەوقەوە دەى خوێننەوە لێ ى دەڕوانن، بۆ عێراقیش کە تۆڕى ئەنتەرنێت هەڕەشەى لەسەرە و حکومەت وەکو چەکێکى کاریگەر بەکارى دەهێنێت دژ بە خۆپیشاندەران لەبەرئەوە گرنگە ئەم بڵاوکراوە چوار لاپەڕییە وەکو ئەڵتەرنەتیفێکیش بۆ سۆشیال میدیا بڵاو بکرێتەوە.
هەرچەندە دەزگاى ئەلمدا بڵاوکراوەکەى وا ناساندووە کە ڕۆژنامەیەکى ڕۆژانەیە و دۆکۆمینتى ڕاپەڕینى عێراقییەکان دەکات.
لە ڕاستیدا من هەموو ژمارەکانى ئەم بڵاوکراوەم نەدیووە، بەڵام هەندێک لە ژمارەکانیم دەست کەوت بە سوپاسەوە لە لایەن هاوڕێ ى ڕۆژنامەنووسم کاک ستران عەبدوڵا، بۆیە هەوڵدەدەم گەشتێکى خێراى بەناودا بکەم هەر لە مانشێت و سەروتارەوە تا ئەو چیرۆک و بە سەرهات و ڕوداو قوربانیانەى کە لە لایەن هەموو چین و توێژەکانى ئەو شارانەو گۆڕەپانەکانەوە ئەنجام دراون .
مانشێتى ئەو ژمارانە ڕۆژانە لە سەر هەواڵە تازەو گەرمەکانى خۆپیشاندان و گۆڕەپانەکانە ، پێشهاتە نوێکانى عێراقە . وەکو :
1- بەیانێک لە گۆڕەپانى تەحریرەودەست لەکار کێشانەوەى حکومەتى ( قەناس بەدەسەکان ) پێش هەر گفتوگۆیەک لە گەڵ حکومەت، خۆپیشاندانێکى ملیۆنى نوێ کێشانەوەى ڕەوایەتى لە حکومەت.
2- مانگرتنى دەوامى زانکۆ و خوێندنگەکان بەردەوامە (( ئەگەر نیشتمان نەبێت دەوامیش نابێت ))
3- هێزەکانى بەگژاچوونەوەى ئاژاوە گولە بەکار دەهێنن دژى خۆپیشاندەران (7) کوژراو دەیان بریندار لە چوار پارێزگا.
4- ڕێکخراوى لێبووردنى نێوە دەوڵەتى : پێشهاتەکان لە بەسرە جەرگبڕن
5- کۆمیسیۆنى مافى مرۆڤ : هێزە کانى ئاسایش بەردەوامن لە بەکارهێنانى هێزو توندوتیژى .
6- خۆپیشاندەران: ناگەڕێینەوە بۆ ماڵەکانمان تاوەکو هەموو داخوازییەکانى گەل بەدى نەیەت
7- دواى ڕۆژێکى خوێناوى حاڵەتێکى ئیفلیجى تەواو باڵى بەسەر شارەکانى ناوەڕاستو باشووردا کێشاوە .
8- کۆى دوومانگ قوربانى خۆپیشاندەران 432 کوژراو 19 هەزار بریندار.
9- خۆپیشاندەران: داواى گۆڕانکارى بنەڕەتى دەکەن و دەڵێن تەنها گۆڕینى شۆفێر ى ئۆتومبیلى خراپ بەس نیە!
10- هیومن رایتس وچ: داواى دادگاییکردنى نێودەوڵەتى سەرۆک وەزیران دەکەن و دەڵێن خۆدزینەوە لە کوشتنى خۆپیشاندەران هیچ پاساوێکى نیە.
هەر لە لاپەڕەى یەکەم ستوونێکى تێدایە هەموو ژمارەکان کە بەناوى خۆپیشاندەرێکەوە دەنووسرێت ڕۆژانە کەوەکو سەروتاریش وایە کە ناونیشانى سەرەنج ڕاکێش و تووڕەى تێدایە وەکو تووڕەییەکانى شەقامى عێراق لە هەمبەر نەبوونى خزمەتگوزارى و نادادپەروەرى و گەندەڵى بە هەموو جۆرەکانیەوەو لەو ناونیشانە جوانانەى ئەم ستوونە ئەمانەم بۆ هەڵبژاردوون.
1- کاتێک شەیتان دەبێتە پاسەوانى دەرگاى بەهەشت.
2- سیستانى لە نێوان لایەنگرانى و لایەنى سێ یەمدا.
3- علوج لە بیرەوەرى عێراقییەکاندا ..خەم و گاڵتە و گەپ.
4- ڕاپەڕین ڕێچکەکانى خۆى دیارى دەکات میکانیزمى یاساى هەڵبژاردن و کۆمیسیۆن.
5- سەرکردە سیاسیەکان بە دەورى خۆیاندا دەخولێنەوە و ئاگایان لە هەڵچوونى گۆڕەپانەکان و ناڕەزایەتیەکان نیە.
6- خۆشەویستى و هاوسۆزى نێوان بازرگان و بزنسمانەکان لە گەڵ تاقمە سیاسیە دەستەڵاتدارەکاندا.
7- کاتێک نیشتمان دەگرى و ڕەشپۆشە.
لاپەڕەکانى 2 و 3و4 پڕن لە وێنەو چیرۆک و هەواڵى تایبەت بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانى شۆڕشى تشرین هەوڵدەدەم هەندێک وێنەوهەواڵى گرنگ و کاریگەرى بخەمەڕوو بۆ خوێنەرانى خۆشەویست.

باڵەخانەى ڕێستوڕانتى تورکى
باڵەخانەیەکى چۆڵ لە ساڵى 2003 ەوە هیچ کەسێکى تێدا نەبوو دواتر دواى ئەوەى لاوانى بەغداد لە 1 تشرینەوە بڕیاریان دا کە 25 تشرینى یەکەم خۆپیشاندانێکى ملیۆنى ئەنجام بدەن بۆ بەدەستهێنانى داخوازییەکانیان، ئەو ئاپارتمانە کە دەڕوانێتە سەر گۆڕەپانى تەحریر و ئێستا ناوى ترى هەیە وەکو چیاى ئوحد یان قەڵاى ئازدیخوازان و لە هەموو ئاژانسەکانى هەواڵ و میدیاکاندا بە بەربڵاوى دەنگى داوەتەوە و بووە بە سیمبوڵێکى نیشتمانى گەورە بۆ هەموو ئازدیخوازانى عێراق.

بۆ خۆپیشاندەران چوونە ئەم باڵەخانەوە ؟
وەکو خۆپیشاندەران لە ڕۆژنامەکەدا باسیان کردووە ئەوەیە چونکە ئەم باڵەخانە کە 12 نهۆمە سەرەتا هێزە کانى ئاسایش بەکاریان دەهێناو لەوێوە بە قەناس و گازى فرمێسک ڕێژ پەلامارى خۆپیشاندەرانیان دەدا بۆیە ئەمانیش لە کاتى هەوڵدان بۆ پەڕینەوە لە پردى سنک کە هێزە ئەمنیەکان پەلاماریان دەدان وردە وردە چوونە ناو باڵەخانەکەوەو دەستیان بەسەردا گرت کە شوێنێکى ستراتیجى گرنگى هەیە کاتى خۆیشى شوێنى یەکێک لە وەزارەتەکانى سەردەمى سەدام بووە ، ئێستا ئەم باڵەخانە کە هیچ بنەمایەکى ژیانى تێدا نەبوو بە هەوڵى هەموو لایەک و بە یارمەتى ڕەوندى عێراقى لە دەرەوەى وڵات توانراوە دەستکارى بکرێت و شانۆ و پێشانگاى هونەرى تێدا دروست بکرێت کە هەموو خۆپیشاندەران هان بدات بە هەستى نیشتمانى و خۆشەویستى وڵات و ڕێزگرتن لە یاسا و سەروەر بوونى.

دیمەنەکانى یارییە کە لە گۆڕەپانى تەحریر
جەماوەر لە گۆڕەپانى تەحریر مانیان گرتووە و داواى مافەکانیان دەکەن بەو دروشمە سادەو ساکارەى وەکو داخوازییەکانیان دابەزییومەتە سەر شەقام و مافى خۆمم دەوێ، لە لایەکى ترەوە گۆڕەپانى تەحریر خاڵێکە ئەمڕۆ کە ململانێ ى هەردوو وڵاتى ئێران و ئەمریکا ى لە خۆیدا کۆکردووەتەوە ململانێ ى لە مێژینە عێراق و ئێران و شەڕى هەشت ساڵەى نێوانیان هەرچەندە ئیستا نەوەى نوێ ئەو شەڕەیان نەدیوە بەڵام باوک و باپیریان قوربانى و کارکتەرى ئەو جەنگە نەگریسە بوون تەنانەت لە یارى تۆپێنى نێوان هەردوو تیپى عێراق و ئێراندا کە عێراق بردیەوە بە ڕوونى ئەمە بینرا.

چالاکى ڕۆژانەى گۆڕەپانى تەحریر
لە چوار چێوەى ئەو چالاکى یە بەردەوامانەى لە گۆڕەپانى تەحریر بۆ پشتیوانى خۆپیشاندانەکان ئەنجامدران جگە لە پاککردنەوەى گۆڕەپانەکەو ڕازاندنەوەى بە وێنەو تابلۆى جوان و سینەماو یارى تۆپێن ، ماراسۆنێکیش ڕێکخرابۆ پشتیوانى خۆپیشاندانەکان.
لە لایەکى تریشەوە چەندین هەواڵ شرۆڤەو ڕاپۆرتى جۆراو جۆرى لە خۆ گرتووە لە میدیا جیهانى و ئاژانسە هەواڵیە ناودارەکانى دونیاوە.

ئەدەب و احتجاج
چەندین چیرۆک و شیعرو وێنەى شیعرى جوانى تێدایە کە نووسەران و شاعیران بۆ پشتیوانى خۆپیشاندانەکان نووسیویانە، جگە لەوەى کە ڕۆشنبیران ویەکێتى ئەدیبان و نووسەرانى عێراق و دەزگاى ئەلمداو هەموو ڕێکخراوە هونەرى و ڕوناکبیریەکان ئامادەگى تەواویان هەیە لە گۆڕەپانەکە چەندین چالاکى جۆراو جۆر ئەنجام دەدەن دوو ڕۆژنامە دەردەکەن احتجاج و تک تک لە باڵەخانەى ڕیستوڕانتى تورکى کتێبخانەیەکیش بە ناوى کتێبخانەى شەهیدانى تەحریر کراوەتەوە کە کتێب بە خۆڕایی دابەش دەکات بەسەر خۆپیشاندەراندا ، بۆ پشتیوانى ئەم بزوتنەوەیەو خێمە تایبەتى بە خۆیان هەیە وەکو بنکەیەکى گرنگ و ڕوویەکى شارستانیانەى خۆپیشاندانەکان دیارن.

هەواڵى پردەکانى بەغداد
هەروەکو لە هەواڵەکاندا دەیبیسین خۆپیشاندەران بەرەو دەروازەکانى ناوچەى سەوز دەڕۆن لە پردەکانى سنەک وکۆمارى و…تد. بەرگرتنیان لە لایەن هێزەکانى ئاسایشەوە ، باسى گۆڕەپانەکانى وەسبەو خەلانى ئەو چیرۆکانەن کە ڕۆژانە ڕووبەرێکى زۆرى ڕۆژنامەکەیان داگیرکردووە.
ئەم ڕۆژنامە توانیوویەتى ڕوماڵێکى وردى خۆپیشاندانەکانى عێراق بکات هەر لە چیرۆکى تک تک ەکانەوە کە بوونەتە پاڵەوانى ئەم فیلمە و ڕۆڵى کارایان هەیە لە گەیاندن و فریاکەوتنى بریندارەکان و سەرجەم چالاکیەکانى تردا.

کارى هاوکارى نان خواردنى خۆپیشاندەران
دەیان ژنى خۆبەخش خۆبەخشانە لە گۆڕەپانەکە سەرەڕاى هەموو مەینەتیەکانى مێژووى خۆیان و وڵاتەکەیان لە جەنگ و شەڕە نەبڕاوەکانەوە لە گەمارۆى نێودەوڵەتى و شەڕى ناوخۆو تائیفیەوە کەچى هێشتا کەسانێک هەن هەموو ئەوانە کارى تێ نەکردوون و گیانى هاریکارى و خۆبەخشیان تێدایە و پارووى دەمى خۆیان لە گەڵ هاو خەمەکانیاندا بەش دەکەن.

هەواڵى دادگاکان
دەستەڵاتى دادوەرى عێراق و دادگاى تەمیزە عێراق ڕایگەیاند ئەو سەرپێچیانەى کەلەسەر خۆپیشاندەران تۆمار کراوە تاوانى تیرۆریستى نین و بە گوێرەى یاساى سزادانى عێراقى ڕەفتاریان لە گەڵ دەکرێت و سەرپێچى ئاسایین و تیرۆر نین.

هەواڵى جیهانى دەربارەى خۆپیشاندان لە احتجاج ەوە
بەریتانیا بە توندى سەرەکۆنەى بە کارهێنانى هێزو توندو تیژى دەکات لە لایەن هێزە ئەمنیەکانى عێراقەوە دژبە خۆپیشاندەرانى ئاشتیخوازى عێراق کە داواى مافەکانیان دەکەن، بەیاننامەیەکى توند لە کۆمیتەى خاچى سوورى نێو دەوڵەتیەوە دژ بە هێرش و پەلامارە توندو تیژەکانى هێزە ئەمنیەکانى عێراق بۆسەر خۆپیشاندەران و کوشتن و بریندارکردنى هەزاران کەس.

بیرو بۆچوونى تائیفى و ئتنیکى لە فەرهەنگى هاوڵاتیانى عێراقدا نەما
سەروەرییەکى ترى ئەم خۆپیشاندانانە و ئەوەى لەم ڕۆژنامە جوانەدا ڕەنگى داوەتەوە داماڵینى بەرگى تائیفى و ئتنیکیەو شێوازێکى نیشتمانیە کە مایەى خۆشحاڵیە و ئومێدى دوا ڕۆژى گەشى لێدەکرێت، ئەوەى من بەرچاوم نەکەوت باسى کوردو هەرێمى کوردستان بوو لەم ڕۆژنامەدا هەرچەندە خەڵکى هەرێم هیچ پشتیوانیەکى جەماوەر ى ڕاستەوخۆیان نەکردووە سەرەڕاى ئەوەى سەرکردایەتى هەرێم پشتیوانى داخوازى خۆپیشاندەران بوون. بەڵام لێرەو لەوێ هەندێک دەنگى ناسازو نەشاز باسى هەڵوەشانەوەى هەرێمى کوردستان و مافەکانى کورد دەکەن، بەڵام ئەو قسەو هەڵوێستانە لە گەڵ دروشم و داخوازییەکانى ئەم بزاوتە نیشتمتانیەدا یەک ناگرێتەوە.

پزیشک و کارمەندانى تەندروستى
ئەوەى چینەى کەزۆر ڕۆڵیان کاریگەرەوە پشت و پەناو ئومێدى خۆپیشاندەرانن ئەو پزیشک و دکتۆرە خۆبەخش و لێهاتووەکانن کارمەندە خۆبەخش و بەخشندەکانى تەندروستین کە ڕۆژنامەکە تیشکى باشى خستوونەتە سەر و ئەرکە مرۆڤایەتیەکەیان بەرز دەنرخێنێت.
لە کۆتاییدا چیرۆک و هەواڵ و باسو خواستەکانى ئەم بزوتنەوە جەماوەرییە لەم ڕۆژنامەدا هێجگار فراوان و گشتگیرن و کاردانەوەى خەڵکى بەشخوراو و پەراوێزخراوى و برسى و ڕەش و ڕووتە بەرامبەر دزو گوندەڵ و نمەک بەحەرام و ماڤیاو چەتەو ڕێگر کە سڵ لە هیچ شتێک ناکەن لە کوشتن و ڕفاندن و گرتن و بێ سەرو شوێن کردن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت