ڕەزا شـوان: چیرۆک بۆ منداڵان.. خـۆڵی کوردسـتان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مـریـەم کچۆڵەیەکی کوردی جوانکـیلە و زیرەک و رووخـۆشە، لە نەرویج لەدایکـبووە. دایک و باوکی لە ماڵەوە هەر بە زمانی شیرینی کوردی لەگەڵیدا دەدوێن.. بۆیە مریـەم بە باشی کوردی دەزانێت، لە باخچـەی منداڵانیـشدا فـێری زمـانی نەرویـجی بووە.
پـار مریەم شەش ساڵان بوو، لە بەهاردا لەگەڵ دایک و باوکیدا، بە سەردانی بۆ ماوەی سێ هەفـتە هاتنەوە بۆ شاری سلێمانی لە باشووری کوردستان، کە کەسوکـاری دایک و باوکی لەم شارە دان. کەسوکاری دایـکی و باوکـی ناسی. بۆ گەڕان و سەیرانیش بردیان بۆ گەلێ شوێنی کوردستان. مریـەم بە جوانی دیمەنە جـوان و قەشەنگەکـانی کوردستان و بە گـوڵ و گـوڵـزاری جـوان و بـۆنخـۆشی بەهـاری کوردسـتان زۆر سەرسام بـوو.
مـریـەم ئێستا تەمـەنی حـەوت سـاڵە، لە پـۆلی یەکـەمی قوتـابخـانەی بنەڕەتی دایـە.
دایکی لە ماڵەوەدا، لە نێو خانە شووشەییەکانی رەفتەکانی چـێشتخانەکەیاندا، کۆمەڵێک شووشەی بچـووکی ریزکـردوون، کە پـڕن، لە کـاری و لە بەهـاراتی بـریانی و کـفـتە و شفتە و یاپـراغ و جاتـرە بۆ ناو نۆکاو و بیـبەری تیژ و زەردەچـێوە و چەنـدین ئاڵەت و بەهـاراتی تر.. کە بەتاڵ بوونایە دووبارە پڕی دەکـردنەوە.. لەسەر پارچە کاغەزیش بە کوردی نـاوی یەک بە یەکی بەهـاراتەکـانی نووسـیوون.. ئەوەی کە سەرنجی مـریـەمی راكێشا ئەو شووشەیە بوو، کە دایکی بە جـیا لە نێـو خانـەیەکی رەفـتەکاندا دایـان بوو، لەسەریشی نووسیـبوو. مـریـەم وایـدەزانی کە ئـەوەش جـۆرێکە لە بەهـاراتی چـێـشت، بەڵام نەیبینی کە بۆ یـەک جارێیش دایکی ئەوەی لەو شووشەیە دایـە بەکـاری بهـێنێت.
مریـەم: دایکە ئەو شـووشە بە تەنیایە، چ بەهـاراتێکی تێـدایە؟ بۆ بەکـاری نـاهـێنیت؟
دایـکی (بە زەردەخەنەیەکی ناسکەوە): مریـەم گیـان ئەو شـووشەیە خـۆڵی تێـدایە.
مریـەم (بە پێکـەنین و سەرسامـیـیەوە): خـۆڵـی تێـدایە؟!
دایکی: بەڵـێ.. خـۆڵـی کوردسـتانی تێـدایە.
مریـەم (هـێندەی تر سەری سوڕما): خـۆڵی کوردستان؟! ئـەی لە نەرویـج خـۆڵ نییە؟
دایـکی: بەڵێ کچـە شـیرینـەکەم، لـێرە و لـە هەمـوو وڵاتێکـدا خـۆڵ هـەیە.
مریـەم: کەواتە خـۆڵی کـوردسـتانت بۆچـییە؟!
دایکی: ئەم پرسیارەتم پێخۆشە. مریەم گیان، من و باوکت لە کوردستان لەدایک بووین. لە کوردستان گۆش و پەروەردە بووین و گەورە بووین، هەوای کوردستانمان هەڵمژی، ئاوی کوردستانمان خـواردەوە، لە بەروبـوومی خـاكی کوردستانـمان خـوارد.
بۆیە کوردستان و هەموو شتێکی کوردستانمان لا پیرۆزە. کوردستان نیشتمانی یەکەمی ئێمەیە، زۆر خۆشـمان دەوێ و لامان شیرینە، هەمیشە لە بیرمانە و لە ناو دڵمان دایە.
مریـەم: ئەمـانە تێگـەیـشـتـم، ئـەی ئـەو خـۆڵـەی کوردسـتانتـان بـۆ لـەوێ دانـاوە؟
دایکی: تا رۆژانـە بیبینین و هـەمیشە کوردستان لە بـیر و خەیاڵ و لەبەرچاومان بێـت.
مریـەم (لە دوای کەمێک دامان و بیرکـردنەوە): دایکـە گیـان، لە ئەمـڕۆوە کوردسـتان نیشـتمانی یەکـەمی منـیـشە، خـۆشـم دەوێـت، ئـەو خۆڵـەشـم خـۆشـدەوێـت.
دایکی (لە باوەشی کرد و سی و چوار ماچی کرد): دەمخـۆش کچە ژیـر و زیـرەکـەکەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت