عوسمان عومەر: فەنتەلۆزیش هەر وابوو.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەرچى سەرەتا کەدەیەوێ دەسەلات و حوکمڕانى لەم عیراق و هەرێمەى خۆمان بگرێتە دەست، سەرەتا بەکۆمەلێ ووشەى بریقەدارو ریکلامێکى بەربلاوى ئیعلامى بۆ دەکرێ و باس لەچاکسازى و بەگژاچونەوەى گەندەلى و بەهەدەردانى سەروەت و سامان وولات و، ڕەخنە گرتن لەوانەى پێش خۆى، کە دەرفەتیان بۆ نەرەخساوە و گرفتیان هاتۆتە پێش و نەیانتوانیوە بەرنامەکانیان جێبەجێ بکەن. ئێمە هەولى جدى بۆ چارەسەرى هەندێ لە گرفت و قەیرانەکان دەدەین گەر لە بنەڕەتیشەوە چارەسەرى نەکەین واتە ئەوانە نایانەوێ چارەسەرى بنەرەتى بۆ بدۆزنەوەو هەندێ دەرگا دەمێنیتەوە بۆ چەواشەکارى و گەمژە کردنى خەلکى وولات تا دەشمرێ هەر بەقەیران و چارەسەرنەکردنى کێشەکانەوە بتلێتەوە.
لەوانەى کە دەخرێتە ڕوو وەک بەرنامەى کاریى نوێ و دیارى کردنى سەقفى زەمەنى و داواى مۆلەت لەهاوولاتیان تا وەک مناڵ چۆن دەلێن لە خەم بڕەخسێ ئەوانیش لەخەم بڕەخسێن پرسیارەکەش ئەوەیە دواى 28 ساڵ حوکمڕانى هێشتا حوکمەتى هەرێم لە خەم نەرەخسیوە؟ یا هێشتا گڕوگاڵ دەکاو نەکەوتۆتە سەرپێ و مەترسى لەسەرە؟ باشە ئەى بۆخۆتان چۆن ئەو هەموو سەروەت سامانەتان بۆ خۆتان پێکەوە ناوە؟ناچمە ناو قولایی بابەتەکانەوە زۆر شتى لەسەر نوسراوە، هەر لەبن دیوارەکان و بەهەدەرانى سەروەت سامانى ژێرخاک و سەرخاک و… هتد.
بەرنامەکانى چاکسازى، دژە گەندەلى، پاریزگارى لەمافى هاوولاتیان و پارێزگارى لە یاساکان و سەروەرى یاسا دەخریتە ڕوو ئەو قسانە هەموى بۆ ئیستیهلاکى تیڤى و پرکردنەوەى ڕوپەرى ڕۆژنامەکان و پڕکردنەوەى سایتەکانە.
کاتێ کە وورد دەبیتەوە، زۆرێک لە یاساکانى هەرێم غەریب و عەجیبە، لە هیچ کونجێکى وولاتیکى دواکەوتوى دونیا پەیرەو ناکرێ، نمونەکان زۆرن لەوانە وەزیرى خانەنشینکراو بە پلەى وەزیر یا جێگر وەزیر ,دەکرێتەوە بە وەزیر. بەلام هەردوو موچەکەش وەردەگرێت، فەرمانبەرى حکومەتە کار بۆ حیزب دەکات، موچەى فەرمانبەرى وەردەگرێت و حێزبیش موچەى بۆ دابین دەکات، ئایا ئەوە قورسایی نییە لەسەر حیزب و بۆ حکومەتیش؟دوا هەمییان وەک نوسراوى داواکارى گشتى هەولێر دەریخستوە 16 پەرلەمانتار بەپێى یاساى خانەنشینى، دواى تەواو بونى خولى پینجەمى پەرلەمانى 48 ملیۆن دیناریان وەک ئیکرامیە وەرگرتووە، لەخولى دواتریش بونەتەوە پەرلەمانتار چ لە هەرێم چ لە عیراق.
لەنوسراوەکەى سەرۆکایەتى داواکارى گشتى هەولێر ئاماژە بەوە کراوە لە چوارچیوەى پاراستنى مافى گشتى و بەهەدەردانى سامانى گشتى بە پێى ئەو زانیاریانەى گەیشتوە لە بەرێوەبەرایەتى گشتى خانەنشینى هەرێم، هەلساوە بە پێدانى بڕى پاداشتى کۆتایی ڕاژەى 6 مانگى خزمەتى هەندێک پەرلەمانتارى خولى پێشوکە هەریەکەیان 48 ملیۆن دیناریان پێدراوە، کە ئەم خولەش وەک ئەندام پەرلەمان هەلبژێردراونەتەوەو موچەى پەرلەمانتارى وەردەگرن ئەمەش پێچەوانەى یاساى بەهەدەردانى سامانى گشتیە.
کاتێ سەرۆکى حکومەت لەسەر تیڤى باس لەکارو چالاکیەکانى 100 رؤژى حوکمرانى دەکات، پێشتریش لەدەزگاى پاراستن و ئاسایشى هەریم کارى کردوە چۆن ئەوەى بەسەردا تێپەریوە و هەستى پێ نەکردوە؟ بەراى من ئەوە سەیرنەکردن و پێدانەچونەوەى دۆسیى و دیکۆمێنەتەکانى پێش خۆیەتى، ئەى ڕاوێژکارانى سەرۆکى حکومەت کە موچەیەکى موفت وەردەگرن کاریان چى بووە لە حکومەتى نوێ ؟ هەندێ پەرلەمانتاریش بەتایبەت على حمە سالح لەم رۆژانە داواى یاسایی لەسەر ڕیبازحەملان تۆمارکردوە گوایە بە نایاسایی رێگەى داوە بە کۆمپانیایەک لەکاتى ئینفلەوەنزاى بالندە هێلکەى هاوردە کردوە؟ باشە ئەى بۆچى داوایەکیش لەسەرخۆى تۆمار ناکات بلێ 48 ملیۆنم لە پاى خانەنشینى وەرگرتوە و ئیستا موچەى پەرلەمانتارىش وەردەگرم؟ با نەگوترێ هەر باسى ئەوان دەکرێ، بائەوانەى کوتلەى سەوزیش باس بکرێ وەک خاتو رێواس فایق کە ئیستا سەررۆکى پەرلەمانە، خاتو بێگەرد وەزیرى کشتوکالە و گەر ئەوانە گوێیان پێ نەدابێ خۆ ئەوانە لەخواترسن و سەریان بچێ نوێژیان ناچێ کە ئەبوبکر هەلەدنیی و شیرکۆ جەودەتیش زۆر باسى چاکسازى و رژدن لەسەر کۆمەلێ بابەت، ئەى سۆران عومەر و مونا قەهوەچى و ئایدن مەعروف و رابون مەعروف، عەباس فەتاح و ئومێد خوشناو، ڤالا فەرید و بەهار مەحمود و عەبدولاى حاجى مەحمود و محەمەد سەعددین و هەورامان حەمە شەریف …. ئەو ناوانە داواکارى گشتى داواى وەرگرتنەوەى پارەکەیان لێدەکات.
ئێ خۆ ئەوانەش بابەتن دەبێ حکومەت پێى بزانێ، پەرلەمانیش لە جیانى ووشە گۆڕین ئەوەشى بە یاسایەک بخستایەتە ڕوو.. کەواتە حوکمرانى لە فەنتە لۆزیش هەر وابووە.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت