بۆچی بەکارھێنانی چەمکی (پەرلەمانتاری خانەنشین) لەلایەن ڕاگەیاندنکارەکانەوە، ھەڵەیە!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

چونکە:
یەکەم/ وشەی (خانەنشین) بەپێی یاسا ڕێکخراوە، بەلایەنی کەمەوە کەسەکە دەبێت پانزە ساڵ خزمەتی ھەبێت، یاخود تەمەنی لە شەست ساڵ گەورەتر بێت. نەک تەنیا بە چوار ساڵ و بە تەمەنی گەنجی خانەنشین بکرێت. چونکە لە یاسادا فەرمانبەر پلە باڵا بێت یاخود پلە نزم، لە ماف دا یەکسانن. ئەڵبەتە کە ئەڵێم: بە پێی یاسا، مەبەستم ئەو وڵاتانەیە (یاسا) وەک خۆی جێ بە جێ دەکەن.
دووەم/ موچەی (خانەنشین) بوون ھەمیشە دەکاتە بڕێکی کەم لەو موچە گشتییەی کە مانگانە لە پلە وەزیفییەکەت دا وەرتگرتووە. بەڵام بە پێچەوانەوە، موچەی (بە ناو) خانەنشینی پەرلەمانتارانی کوردستان دەکاتە نزیکەی لە سەدا ھەشتای ئەو موچەیەی کە مانگانە لەو چوار ساڵ دەوامەدا وەریانگرتووە. واتە لە بڕی موچەکەش دا دیسان دەسەلمێتەوە ئەوەی دوای چوار ساڵەکە مانگانە وەری دەگرن، ناچێتە خانەی خانەنشینبوونەوە. چونکە بڕەکەی زۆر نزیکە لەو بڕە پارەیەی کە پەرلەمانتاری ئاسایی لە چوار ساڵەکە دا وەری دەگرێت.
ھەربۆیە: ھەڵەیە ڕاگەیاندنکارەکان دەستەواژەی (پەرلەمانتاری خانەنشین) بەکاردەھێنن.
چونکە مادەم موچەیەکی قەبەی نایاسایی تا ھەتایی تەنیا دوای چوار ساڵ دەوامكردنیان بۆ خۆیان دەبڕنەوە، لە ڕاستیی دا ئەوانە دەبنە (پەرلەمانتاری بندیوار) نەک (پەرلەمانتاری خانەنشین).
چونکە کورتوپوخت: پرۆسەی (خانەنشینبوون) بە تەنیا (چوار ساڵ) دەوام کردن، نایەتەدی و نایاساییە و، بڕی موچەی مانگانەی دوای چوار ساڵەكەشیان کە ھێندە مەبلەغێکی گەورەیە دیسانەوە ئەیسەلمێنێتەوە کە ئەوانە (خانەنشین) نین!
کەوابو، ڕاستتر و مانادارترە بۆ (پەرلەمانتارانی خانەنشینبووی کوردستان) دەستەواژەی (پەرلەمانتاری بندیوار) بەکاربھێنرێت!
لە بنەڕەتییش دا، یەکەم ھەنگاوی گەندەڵیی لە کوردستان دا، لەو مەبلەغە گەورە ھەتا ھەتاییەی موچەی مانگانەی (پەرلەمانتارانی بندیوار) سەرچاوە دەگرێ و، ئینجا ئەو گەندەڵییە لە سەرەوە بۆ خوارەوە درێژ دەبێتەوە.
شەریف ھەژاری: خوێندکاری دکتۆرا لە دبلۆماسییەتی نێودەوڵەتی بەریتانیی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت