زاهیر باهیر: کێبڕكێی نێوانی ئێران و ئەمەریکا لەسەر عێراق.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەوەی کە تا ئیستا و لەم ڕۆژانەشدا لە نیوانی ئێران و ئەمەریکادا ڕوودەدات بۆ ڕوودانی جەنگی نێوانی ئەم دوو وڵاتە نییە. ڕوودانی ئەم جەنگە گریمانێکی زۆر زۆر کەمی هەیە. بەیەکادانی ئەمەریکا و ئێران هۆکارەکەی شکستهێنانی ئەمریکایە لەسەردەستی ئێران لە ناوچەی خۆرئاوای ناوین-دا. سیاسەتی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا و سەراپای ناوچەکەدا فەشەلێکی گەورەی هێنا و پاشەکشەیەکی گەورە بوو لە سیاسەتی دەرەویدا. ڕووداوەکانی ئەم چەند ساڵە ئەوە نیشاندا تاکو ئەم ڕژیمەی ئێران بەردەوام بێت سیاسەتی ئەمەریکا لە شکستا دەبێت. ئێران دەزانێت چۆن یارییەکانی لە ناوچەکەدا زیرەکانە دەکات.
سیاسەتی ترامپ لە بەرپاکردنی جەنگدا نەك هەر لەتەك ئێران-دا بەڵکو کۆریای باکور و لەتەك ڕوسیا و شوێنەکانی دیکەشدا خۆپاراستنە. ترامپ ئەو کابرا گەمژەیە نییە کە لە لایەن ڕۆشنبیرانی کوردەوە ناونوسکراوە و هەروەها لە لایەن میدیای ئەوروپاشەوە بووەتە گاڵتەجار. ترامپ بۆ جەنگی لەگەڵ ئێران-دا لانی کەم سێ هۆکار ڕەچاو دەکات:
یەکەم: جەنگی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا و لە ئەفغانستانا وەکو لە سەرەوە باسمکردن شکستیهێنا و زیانێكی دارایی و ڕۆحی گەورەی بە ئەمەریکا گەیاند. ترامپ دەزانێت شەڕ لەگەڵ ئێراندا شەڕێکی نەبراوەیە و سەختترین شەڕ دەبێت لە دوای جەنگەکەیان دژ بە ڤێتنامییەکان و هاوکاتیش پانتایی ئەم جەنگە هەموو ناوچەی خۆراوای ناوین دەگرێتەوە ، هێشتا برانەوەشی نادیار دەبێت.
دووەم: ترامپ دەزانێت خەڵکی ئەمەریکا ئەزموونێکی تاڵیان لەگەڵ جەنگەکانی پێشودا هەیە و بە کردنی جەنگێکی دیکە ڕازی نابن.
سێیەم: ترامپ لە ئەمساڵدا هەڵبژاردانی سەرۆکایەتی لەبەردەمدایە و لە کاتێكدا کە ئەگەری زۆر هەیە بۆ خولی دووهەم بێتەوە سەر کار، نایەوێت ئەو هەلە لە دەست خۆی بدات.
ئێرانیش زیرەکانە خوێندنەوەیەکی باشی بۆ ئەمەریکا و بە تایبەت سیاسەتی ترامپ هەیە. ئەوانیش دەزانن کە ترمپ ئارەزوی شەر دژ بەوان ناکات بەڵام هاوکاتیش نایانەوێت کە عێراق-یان لەژێر چنگ دەرچێت. هەر ئەمەشە جار و بار بە ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ نمایشی هێزی سەربازی و مەعنەوی خۆیان دەکەن و ئامادەشن بە هەر نرخێك بێت ڕژێمی شیعەیی ئێستای عێراق بپارێزن.
ئەمەی کە ئێستا ڕووی داوە و ڕوودەدات لە قازانجی ئێرانە زیاتر تاکو ئەمەریکا، بەڵام بێ گومان زەرەری عێراقییەکان. ئێران دەزانێت کە ئەمەریکا تا ڕادەیەك دەستەپاچەیە لە کردنی ئۆپەراسوێنێ گەورەی ئاوادا کە ئێران ملکەچ بکات لانی کەم بە هەڵوێستەکانی ئێستای نەك هاتنە ڕیزییەوە. ئێران دەزانێت کە لەم ڕووبەڕووبوونەوەیدا لەگەڵ ئەمەریکادا لە دوو لاوە قازانج دەکات: یەکەم: دروستکردنی کەلێنێکی گەورە لە نێوانی ڕژێمی عێراق و ئەمەریکادا و هاوکاتیش هێزە سەربەخۆکانی و لایەنگرەکانی خۆی لە ناو حکومەت و ناو حەشدی شەعبی و پۆلیس و دەزگەی ئەمنی بەمە تاقیدەکاتەوە. خۆ ئەگەر بتوانێت بەردەوامی بدات بەمە لە تەک هاوکارانی لەناو عێراق-دا کە ئێستا لە هێڕشکردنە سەر باڵوێزخانەی ئەمریکادا بەردەوامن بەمە دەتوانێت شەڕەکە یاخود چەقی فشار لەسەر خۆی لابدات و بیخاتە سەر بەیەکادانەکانی نێوانی عێراق و ئەمریکا چونکە ئەمەریکا هەر وا بەو ئاسانییە ڕازی نابێت کە هێزە سەرکوتکەرەکانی عێراق کە وەکو بینیمانن چەندێك درندانە بەرانبەر خۆپیشاندەران وەستاونەتەوە کەچی لە بەرانبەر ئەمەی کە ڕوودەات، تەنها تەماشاکەرێکن و هیچی تر. دواجار ڕژێمی عێراقی دەبێت خۆی لە نێوانی ئێران و ئەمەریکادا ساخبکاتەوە، ناکرێت وەکو کەری نێو جۆگە لە هەردووبەر بلەوەڕێ [ بێ سوکایەتی بە گوێدرێژ چونکە هەمەیشە گوێدرێژ خزمەتی زیاتری بە هاووڵاتیان لە هەموو سیاسی وپەڕلەمانتار و هێزە سەربازییەکان، کردووە] .
لە لایەکی ترەوە گەر ئەم ڕووداوانە پەرە بسەنێت و بەردەوام بێت دەبێتە هۆی پەرت و بڵاوەکردنی خۆپیشاندەران و ساردبوونەوەیان، ئەمەش ئامانجێکی دیکەیە کە ئێرانییەکان زیاتر لە ڕژێمی عێراقی، بەدەستیدەهێنن.
ئەم دوو هێزە، ئێران و ئەمەریکا، لە ملانملانێدان لەسەر عێراق، ئەمەش دەبێت زوو یاخود درەنگ لابەلا ببێتەوە ئیتر بە هەر چەشنێك بێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت