شەریف ھەژار: دۆخی ھەرێم، ھەڕەشەکانی ئێران، کشانەوەی ئەمریکاو شاسوار عبدالواحید!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کورد وەک نەتەوەیەکی داگیرکراو و تیکەتیکە کراو، ھەرگیز نەیویستووەو نەیکردووە نەتەوە مسوڵمانە داگیرکەرەکانیی جینۆساید بکات. بەڵام لە بەرنبەردا ئەوان (تورک، فارس و عەرەب) بە جینۆسایدکردنی کوردی سڤیل فێرن، کەچی لە ئاست ئینگلیز و فەرەنسیی و ڕوسیی و ئەمریکیی دا ھەمیشە لەسەر ئەژنۆبوون!
کێ ھەستاوە بە کوشتنی قاسمی سولەیمانیی و سەدان کەس لە حەشدی شەعبی؟ ڕوونە ئەمریکا!
ئەی بۆچی ئاماژەی ھەڕەشەکانی ئێران ڕووی لە ھەرێمە؟ ھەرێم لەوە زیاتر چییان بۆ بکات کە ئێرانییەکان خۆیان ناوێرن تۆڵە لە ئەمریکییەکان بکەنەوە!؟
لە ماوەی کوشتنی قاسمی سولەیمانیی ھەتا ناشتنی دا، ھیچ ھێزێکی ھەرێم ھێندەی سەرکردەکانی پارتیی نەکڕوزانەوە بۆ ئێران!
لێدوانەکانی فەرید ئەسەسەرد و نوێنەرەکەی گۆڕان لە پرسەکەی قاسمی سولەیمانیی دا لە ڕوی سیاسییەوە زۆر پەسەندتر بوو تا لێدوانەکانی فازڵ میرانی و ئاری ھەرسین! کەچی ئێران ناڕاستەوخۆ ھەر ھەڕەشە ئەکات!
بۆ نمونە: کنسوڵی ئێران لە کەناڵی ڕوداوی پارتیی وتی: ھێشتا لە ھەڵوێستی ھەرێم ڕازی نین!
ئەمە لەکاتێکدایە نێچیرڤان بەرزانی دووجار پەیامی بڵاوکردۆتەوە کە دەبو یەک جار پەیام بڵاوبکاتەوە! ئەمە لەکاتێکدایە فازڵ میرانی و ئاری ھەرسین لە وتەکانیان دا قاسمی سولەیمانییان بە گەورەتر و پێویستتر خستەڕوو بۆ حیزبەکەیان و کورد لە چاو مەلا مستەفا. بۆ نمونە وتیان: قاسمی سولەیمانیی جیڤارای خۆرھەڵاتی ناوەڕاست بوو. قاسمی سولەیمانیی گەورەترین شۆڕشگێڕی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست بوو. لێدوان و بابەتەکانیان ماوە! مرۆڤی سیاسیی دەبێت بزانێت چۆن لێدوان دەدات!
کەچی ئێران لە ڕۆژنامەی کەیھانییش دا ئەڵێت: مەسرور بەرزانی دەستی ھەبووە لە کوشتنی قاسمی سولەیمانیی!
کەوابو ئەم ھەمو سازشەی پارتیی لە پێناو چی؟ لەکاتێکدا پارتیی و ھەمو حیزبەکان ئەزانن ئێران و تورکیا ھەرچیان لە دەست بێت لە دژی ھەرێم ئەیکەن!
ڕوونیشە مەسرور بەرزانی و بافڵ تاڵەبانی و سەرکردەکانی ھەرێم ژمارەیەکی وەھانین لای ئەمریکا کە لە کەیسی کوشتنی قاسمی سولەیمانیی پرس و ڕایان پێ بکەن!
واتە وەک لە دەنگی ئەمریکا و ئێن ئاڕ تی وتم: ئەمریکا پێشتر ھەمو ئەگەرەکانی پاش کوشتنەکەی شەن و کەو کردووە، ئینجا بڕیاری لەسەر داوە.
بەو مانایەی ئەمریکا زۆر بە سانایی دەزانێ زۆرینەی پەرلەمانی عێراق لە ژێر فەرمانی ئێران دان.
تێرمێک ھەیە لە سیاسەت دا (سازش سازشی بەدوادا دێت!). پارتیی ئەم ھەموە پیاھەڵدانەی بۆ قاسمی سولەیمانیی و ئێران کرد، کەچی ھێشتا ئێران ئەڵێت: چاوەڕێی زیاتر دەکەین!

کشانەوەی ئەمریکا و شاسوار عبدالواحید!
ئاشکرایە یەکێک لە ئەگەرە سیاسییەکانی دەست ئێران، بەکارھێنانی پەرلەمانی عێراق بوو. بەڵام ئەو بژاردەیە ھێندە ئاسان لای ئەمریکییەکان پێشتر خوێندنەوەی بۆ کرا بوو، خێرا ترامپ وتی: لە ئەگەرێکی وادا سزایەکی ئابوری وا ئەسەپێنین بەسەر عێراق دا، وێنەی لە مێژوودا نەبووبێت!
تایبەتمەندی داگیرکاریی ئەمریکیی ئەوەیە: ڕۆشتە خاکێکەوە ھەرگیز لێی ناکشێتەوە. ئەمریکا لە ڤێتنام شکستیی ھێنا ئەگینا ھەرگیز نەئەکشایەوە. ئەمریکا چەند بژاردەیەکی بۆ کشانەوەش لە بەردەستە.
ڕونە باڵوێزخانە گەورەکەی ئەمێنێت، بەڵام تەنانەت لەو ئەگەرەش دا، کودەتا، سونە، کورد، شەقامی ناڕازی عێراق و دبلۆماسییەتی جیھانیی بەدەستە. ئەمە جگە لەوەی بشکشێتەوە، شەڕی ناوخۆیی لە عێراق ڕوودەدات و، دواتر لێی ئەپاڕێنەوە کە بگەڕێتەوە!
لە ماوەی بڕیاردانی پەرلەمانتارەکانی شیعە تا ئێستا، دەبو پەرلەمانە کارتۆنییەکەی کوردستان کۆبوونەوەی بەپەلەی ڕێکبخستبایەو، بە بەیاننامەی فەرمی ڕایبگەیاندبایە: ئەو بڕیارەی پەرلەمانی عێراق بڕیاری ھەمو پێکھاتەکانی عێراق نییە. چونکە ھەڵوێست لە ساتە ھەستیارەکاندا گرنگە. وەک وتم: ئێران و تورکیا ھەرچیان لە دەست بێت دژی ھەرێم ھەر ئەیکەن، ئیتر ئەم خۆچەماندنەوە ھەتا کەی!؟
من لە ھەندێک پرس دا، لەگەڵ ھەندێک ھەڵوێستی شاسوار عبدالواحید ھاوڕا نەبووم. بەڵام ئەم ھەڵوێستەی کە ئەمڕۆ ڕایگەیاندووە، ھەڵوێستێکی سیاسیی-ستراتیژیی ئازایانەیە. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی مرۆڤی سیاسیی و سەرکردە ئەوەیە: لە ساتە ھەستیارەکاندا ھەڵوێستی ڕوون بێت. شاسوار عبدالواحید بەئاشکرا ڕایگەیاندووە: ئەوە بڕیاری ھەمو پێکھاتەکانی عێراق نییەو ئەوانەی بڕیارێکی وا دەدەن دەبێت بەرپرسیارێتییەکەی لە ئەستۆ بگرن!
دەبو، سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان و تەواوی نەفەری یەکەمی حیزبەکان ھەڵوێستێکی وەک ئەمەی شاسوار عبدالواحید ڕابگەیەنن. نابێت کات بکووژن تا بارودۆخەکە ئەتەپێت! کورد ئەبێت ھەڵوێستی ھەبێت بۆ ئەوەی بڵێت: بەڵێ منیش ژمارەم و فراکسیۆنە شیعەکان ناتوانن ئێمە پشگوێ بخەن!
ئەوەی کە شاسوار عبدالواحید ڕایگەیاندووە: فەراغێکی گەورەی ھەڵوێستی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان و سەرکردایەتی حیزبەکانی کوردستانی پڕکردۆتەوە. ھەڵوێست لەم کاتەدا نەبێت، ئیتر کورد پەرلەمان و سەرکردایەتی سیاسیی حیزبەکانی بۆ چییە!
ناشیشارمەوە، چەندین جار لەلایەن کەناڵی ئێن-ئاڕ-تی یەوە ساڵانی ڕابردو و ئەمساڵ بۆ چاوپێکەوتن بانگێشت کراوم (وەک ئەکادیمییەکی نەتەوەیی بێ-لایەن) بەڵام مەجالم نەبووە بەشدار بم. بەس پرسیارەکە ئەوەیە: ئەوەی ماوەیەکە لە کەناڵی ئێن-ئاڕ-تی بەرانبەر تورکیاو ئێران ئەوترێت، چ کەناڵێکی حیزبەکانی تر غیرەتیان ھەیە پەیام و بەرنامەکانیان بەو ڕاشکاوییەوە بگەیەنن!؟
باشە خۆ ئەگەر ئێران سبەینێ ھەرێم داگیر بکات، یەکەم کەس شاسوار عبدالواحید بەئاسانیی ئەگیرێت. چونکە نە چەکی ھەیەو نە زۆنەکەشی لە ئێرانەوە دوورە. بەڵام ئەیڵێمەوە ئەم ھەڵوێستەی: سیاسیی-ستراتیژیی بوو!
گرنگە سەرکردایەتی سیاسیی کورد، بەنھێنیی داوای سیستمی موشەکی پاراستن لە کنسوڵگەرییەکانی (فەرەنسا، ئەڵمانیا، بەریتانیاو ئەمریکا) بکات!
گرنگیشە لەم کاتەدا ھەڵوێستی پەرلەمان و حیزبەکانی تری ھەرێم ڕوون بێت، نەک لە ساتە ھەستیارەکاندا خۆیان بشارنەوە!

شەریف ھەژار: خوێندکاری دکتۆرا لە دبلۆماسییەتی نێودەوڵەتی بەریتانیی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت