زەبەنگ بەهادین: دوا جار کورد بەرەیەکی راستی ھەڵبژارد.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەمریکا دۆستی ھەمیشەی نی یە، بەڵام بەرژەوەندی ھەمیشەی ھەیە. ئەمە ئەو سیاسەتەیە، کە ئەمریکا ھەمیشە پێ ی ناسراوە . ئێرانیش تا ئەو رۆژەی لە لایەن عەمامە بەسەرەکانەوە سەرکردایەتی بکرێت بە واتا دوژمنی ھەمیشەی ئەمریکایە و ئاشوبی بەرداوەمە بۆ ناوچەکە. لە دوای روخانی رژێمی شا ئەمریکا و ئێران دوو دووژمنی شەری ساردن لە ناوچەکە ھەمیشە ھەر لایەکیان ھەوڵی باڵا دەست بوونی ھەژموونی خۆی داوە لە خۆر ھەڵاتی ناوەراست، راستە ئەمریکا سوودی بینیوە لە بوونی ئێران بە کێشانەوەی پارە لە ووڵاتانی کەنداو بە بیانوی پاراستنیان لە رژێمی ئێرانی، بەڵام ھەنێک جار پریشکی زەرەریشیان ھەبووە بۆ ئەمریکی یەکان. بۆ ئێرانی یەکان روخانی رژێمی سەدام بە بەرژەوەندی ئەوان شکایەوەو، بەشێکی شورشی بەھاریی عەرەبیش سوودی بۆ ئێرانی یەکان زۆرتر بوو، وەک لە ئەمریکی یەکان. ئەمەش ئەمریکای ناچار بە پێدا چوونەوە کرد بە پێگەو ھەژموونی خۆی لە خۆر ھەڵاتی ناوەراستدا. لە دوای شەریی داعش باڵا دەستی ئێران فراوانتر بوو تا رادەیەک کردنە دەرەوەی ئەمریکا لە عێراق رۆژ لە دوای رۆژ بەرەو نزیک بوونەوە دەچوو. ئێران لە رێگەی قاسمی سلێمانی ھێدی ھێدی جومگەکانی دەسەڵاتی عێراقی دەگرتە دەست، لە رێگەی ھاوپەیمانە شیعەکانی خۆیەوە، لەو نێوەندەشدا کورد بە ھۆی کێشەی دارایی و ناوخۆی زیاتر بەرەو بەرەی ئێرانی ھەنگاوی دەنا . کورد دەیزانی لە دوای شکستی ریفراندۆم تاکە رزگارکەریی گەرانەوەیە بۆ ناو باوەشی بەغداد، ئەمەش بە مانای باوەشکردن بە ماڵی ئێرانیدا. ئەوەی بە دەست ئەمریکاوە مابوو سوونەکانی عێراق. بەڵام ئەوان بە ھۆی شەری داعشەوە تووشی نشوستی زۆر بوون وە تەواو لاواز بوون لە عێراقی نوێدا. بۆیە داھاتوی ئەمریکا لە عێراقدا ترسێکی راستەقینەی لێ نیشتبوو، تا لە کۆتادا بینیمان پەرلەمانی عێراقی بریاری دەرکردنی ئەمریکای دەرکرد لە عێراقدا.
کورد و بەشێکی زۆری سوونەکان بەشداری ئەو بریارەی پەرلەمانیان نەکرد، ئەم ھەنگاوەی کورد لە ڕووی لۆژیکی ھەڵبژاردەیەکی دروست بوو، بە مانا کورد بەرەی ھاوپەیمانی راستەقینەی بۆ کۆتا جار ھەڵبژارد و چووە بەرەی ئەمریکا، ئێرانی یەکانیش بە ناردنی مووشەک بۆ سەربازگەی ئەمریکی یەکان لە ھەولێر پیرۆز بای ئەو ھەڵبژاردەیەیان لە کوردەکان کرد.
کوردوستانی باشوور ھەڵبژاردەکەی دروست بوو لە بەر ئەوەی لە ساڵی 1991 ئەوەی کوردی پاراستوە ئەمریکا بووە ئەوەی ھاوکاری کوردی کردوە لە شەری داعش ئەمریکا بووە تەنانەت لە دوای داگیر کردنەوەی کەرکوک لە لایەن حەشدی شەعبی ئەمریکا حەشدی راگرت دەنا ئەوان دەیانویست ھەرێمی کوردوستان ھەمووی داگیر بکەن بە واتا ئەمریکا پێویستی بە کوردە بە بەردەوامی ، وە کوردیش پێویستی بە ئەمریکایە بۆ مانەوەی خۆی، ھەموومان باش دەزانینی پێگەو دەسەڵاتی ئەمریکا زۆر زۆری زیاترە لە پێگەو دەسەڵاتی ئێرانی لە جیھاندا لەبەر ئەوە لایەنگیری کورد بۆ ئەمریکا ئومیدی سەرکەوتنی بۆ کورد زۆرترە وەک لە لایەنگیری کورد بۆ ئێران. ئەمریکی یەکان بە بەردەوام پێویستیان بە کودە لە رووی پیگەی کوردوستان شوێنی جوگرافی و پێکھاتەی کۆمەڵگای کوردی یەوە، کە ئاشنان بە ئەمریکی یەکان ھەروەھا لە روی بەرژەوەندیشەوە ئەمریکی یەکان کوردوستانی باشوریان دەوێت ئێمەش دەبێ ئەوە بزانین لە سیاسەتدا ھەمیشە ئەوە ھەڵبژێرە کە دەیەوێیت و پێویستی پێتە نەک ئەوەی تۆ ئەتەوێت پێویست پێ یەتی، ئەمریکا ئەمرۆ زیاتر پێویستی بە کوردە بۆیە دەبێ کورد بە ئەندازەی پێویستی یەکانی ئەمریکا داخوازی یە نەتەوەیەکەی خۆی بەرز بکاتەوە و داواکاری یە رەواکانت کە بە مافی خۆی دەزانێت بە پێی کات و شوێنی گونجاو وا بەست بە ویستەکانی ئەمریکا بێنێتە دی. ئەم ھەلەی بۆ کورد رێککەوتوە دووبارەی مێژووە کاتێک بەریتانی یەکان داوایان لە شێخ محمود کرد دەست بخاتە دەستی یانەوە، بەڵام شێخ رازی نەبوو ئەوە بوو دەستی خستە دەستی عوسمانی یەکان ئەمەش بە زەرەرێک بە سەر کوردا شکایەو کە تا ئێستاش کورد باجەکەی ئەداتەوە بۆیە دوو بارە کردنەوەی ھەمان ھەڵە بە دڵنیای ھەمان ئەنجامی خراپی دەبێت، لەم سۆنگەیەوە روون دەبێتەوە دەسەڵاتدارانی ھەرێمی کوردوستان ئەمجارە ھەڵبژاردەیەکی سەرکەوتوویان کردوە بە بریار دان بۆ چوونە بەرەی ئەمریکی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت