بورهان شێخ ڕەئوف: ئەمریکاو ئێران لە دواى مووشەکبارانى بنکەى عەین ئەلسەدو هەولێر.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پەلامارو مووشەکبارانى بنکەى ئاسمانى عەین ئەلسەد لە پارێزگاى ئەنبارى خۆرئاواى عێراق کە دووەم گەورەترین بنکەى سەربازى و ئاسمانى عێراقە لە دواى بنکەى بەلەد، وەکو تەواوکەرو کاردانەوەى ئەو زنجیرە پەلامارو بەریەک کەوتننانەى هەردوو وڵاتى ئەمریکاو ئێرانە لە سەرخاکى عێراق دواى پلامارەکانى حەشدى شەعبى بۆسەر بنکەى K1 لەکەرکوک و کوژارانى بەڵێندەرێکى ئەمریکى بەناوى فراس حامید و هێرشى فڕۆکە کانى ئەمریکا بۆ سەر بنکەکانى حەشد لە قائیم و کوژرانى ژمارەیەک لە چەکدارەکانیان ولە ناویاندا عەلى خەزعەلى فەرماندەى لیواى 45 ى حەشدى شەعبى.
دواتر خۆپیشاندانەکانى بەغداد لەلایەن لایەنگرانى حەشدى شەعبى بۆسەر باڵوێزخانەى ئەمریکا لە بەغداو سووتاندنى دەرگاى دەرەوەى و دواتر کوژرانى سەردار قاسم سلێمانى فەرماندەى فەیلەقى قودسى سوپاى پاسدارانى ئێران و ئەبو مهدى موهەندیس جێگرى فەرماندەى حەشدى شەعبى لەلایەن فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانى ئەمریکاوە لە بەرەبەیانى 3/1/2020 لە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى بەغدا.
دواتر ئێرانیش لە دواى نیوەشەوى 8/1/2020 وەکو وەڵامێک و تۆڵەیەک بۆ خوێنى سلێمانى ڕۆکێتبارانى بنکەى عەین ئەلسەدو هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستانى کرد.

لەدواى پەلامارەکە ى عەین ئەلسەد
هەرچەندە ئێرانیەکان پێنج ڕۆژ دواکەوتن و دواى بیرکردنەوەو لێکۆڵینەوەو کۆبوونەوەى ئەنجومەنى باڵاى ئاسایشى ئێران بە سەرۆکایەتى ڕابەرى کۆمارى ئیسلامى عەلى خامنەئى بڕیارى تۆڵە ئەستاندنەوەیان دا و
باشترین شوێنیش بۆ ئۆپراسیۆنەکەیان عێراق بوو بۆیە هەر لە سەرخاکى عێراق وەڵامیان دایەوەو پەلامارى ئەو دوو شوێنەیان دا کە پێشتر باسمکردوون.
هەرچەندە بەیانى سەرکردایەتى پاسدارانى ئێران باس لە کوژرانى 88 سەربازى ئەمریکى دەکات لەو ئۆپەراسیۆنەدا بەڵام ئەمریکیەکان لەزارى سەرۆک ترەمپەوە دەڵێن هیچ زیانیێکى گیانیمان نەبووە.
بەهەرحاڵ ئەوەى دواى هێرشەکە خوێندنەوەى بۆ دەکرێت ئەوەیە هەرچەندە ئێرانیەکان بە دوو وتارى جیا گوزارشتیان لێکرد یەکێکیان بۆ ناوخۆى ئێران کە بەیانى سوپاى پاسداران و میدیاو ماڵپەڕەکانى نزیک بوو لێیان کە زۆر بە توندى و گەورەیى باسى هێرشەکەیان کردو بۆ ڕێکخستن و یەکگرتنى بەرەیى ناوخۆیى خۆیان و شیعە بەگشتى و هەوادارانیان لە عێراق، هەر لەو کات و ساتەدا کە قاسم سلێمانى کوژرا ئەوانیش هێرشەکەیان دەستپێکرد و بە تۆڵە سەندنەوەیەکى جەرگبڕ وەسفیان کرد.
وتارى دووەمیان لە زارى وەزیرى دەرەوەیان موحەمەد جەواد زەریفەوە بوو کە ئاڕاستەى ڕاى گشتى دەرەوە کرابوو واى پیشاندا کە ئەمە بەرگرییە لە خۆمان ئێران زوڵمى لێکراوە ئێمەش لە چوارچێوەى مادەى 51 میساقى نەتەوەیەکگرتووەکان بەرگریمان لە خۆمان کردووە، ئێران هەوڵى هەڵکشان و جەنگ نادات و ناخوازن شەڕ لە گەڵ ئەمریکا بکەن.
لە هەمانکاتیشدا ئێرانیەکان سەرکەوتوو بوون لەوەى شەڕێکى سەخت و خوێناوى و وێرانکەر لە خۆیان بە دوور بخەنەوە لە ئێستادا هیچ نەبێت بەوەى کە گورزى گەورەو پەلامارى شوێن و پێگەى تریان نەدا چ لە بنکە ئەمریکیەکانى تر لە وڵاتانى ناوچەى کەنداو و ئیسرائیل.
لە لایەکى ترەوە دیبلۆماسیەتى ئێران هەوڵى تریان خستە گەڕ بۆکەمکردنەوەى ئاڵۆزى و گرژییەکانى ناوچەکە و پەیوەنددییە نێودەوڵەتییەکانیان ئەوەش خۆى لەوەدا بینیەوە کە ئەو تۆمەتەى کەساڵى ڕابردوو دابوویانە پاڵ ژنەزاناى کۆمەڵناسى ئەکادیمى فەرەنسى (فابریکا عەدلخا ) لاببەن و سووکى بکەن لەسەرى.
لە هەمانکاتیشدا ئەوە ڕابگەیەنن ئێرانیەکان کە پابەندن بە ڕێککەوتننامەى ئەتۆمیەکەوە و هەوڵنادەن جەنگ هەڵبگیرسێت لە گەڵ ئەمریکادا و وەڵامدانەوەکەى خۆیان بۆ ئەمریکا بە هاوسەنگ ناو ببەن.
لە کۆتاییدا لە ئاوا بارو دۆخێکدا ئەگەرەکانى هەڵگیرسانى جەنگ دوورنیە تاوەکو زەمینە ساز نەکرێت بۆ دانوستان و دیالۆگ لە نێوان ئەو دوو جەمسەرە گرنگەدا، لە کاتێکدا ئەمریکا لە خۆسازدانى سەربازیدایە لە هەمو بنکەو بارەگاکانى لە عێراق و کوەیت و وڵاتانى ترو بنکە ى دییگۆگارسیا لە ئۆقیانووسى هندى، و ئێرانیەکانیش بە هەمان شێوە لە تەنگەى هورمز و هەڕەشەو هوتافو دروشمە ئایینى وە مەزهەبیەکانیان لە کاتى بە خاکسپاردنى ژەنراڵ سلێمانى. موژدەى خۆشى بە گەلانى ناوچەکە نادەن. ئەگەر هەموو لایەک کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى هەوڵى خێراو جدى نەدەن بۆ چارەسەرکردنى ئەم کریزە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت