هێرش عەبدولڕحمان: کێ دەبێتە نەسروڵڵاکەی عێراق؟!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئێران دەمێکە دەیویست شیعەکانی عێراق بخاتە بەلەمێکەوە و کاپتنیان بۆ دابنێت، بەڵام پارە و بەرژەوندی وایکرد ھەر یەکەیان لە ئاوازێک بخوێنێت. بەکوژرانی سولەیمانی کۆکرنەوەیان خەریکە دەبێتە مەحاڵ لەسەر پێگە و دەسەڵات، هەرچەندە خاوەن سەرکردەیەکی زۆرن بەڵام تەنھا موقتەدا و خەزعەلی بەردەوام بەقسە ڕەنگاوڕەنگەکانیان دژی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ ڕاکێشانی سۆزی شەقامی شیعی بەلای خۆیاندا مێدیاکانیان تەنیەوە. وەک شەقامی عیراقی دەڵێن ھەردووکیان کار لەسەر دزینی بەرھەمی خۆپێشاندانەکان دەکەن، تا مەیدانەکە یەکێکیان دواجار بێ بریاری تاران وەک پاڵەوان یەکلایی بکاتەوە.
ئێران بۆ ئەوەی کۆپی لوبنان لەعێراق دووبارەبکاتەوە چەندین جار سەرکردەکانی شیعەی بانگھێشتی تاران کردوە، کە دۆخەکە وا دەخوازێت ئەوە فرە کوێخاییە کۆتایی بێت، یەکیک وەک برا گەورەی ھەمووان ھەڵبژێرن، بەدەر لە مەرجەعیەت چەترێکبێت ماڵە جیاوازەکانی شیعە بکاتەوە بەیەک ماڵی گەورە بۆ ھەمووان، چونکە لەبەرژەوندی ھەردوولانیە. بۆ ئەم مەبەستە دوای چەندین جار بانگکردنی سەدر بۆ تاران بێ ئومێدی دەکەن و پێیدەڵێن خەزعەلی بۆ ئەوان بژاردەیەکی باشە و دەتوانێت ئەو کارەبکات و ببێت بە حەسەن نەسروڵڵای شیعەکانی عێراق.
ئەو بریارە وایکرد سەدر چەند ھەنگاوێک لە تاران دورکەوێتەوە و دەستبکات بە جموڵ و نمایشکردن، بەوەی بڵێ من عێراقیم و شتەکانی تر لای من گرنگ نیە، دەرکەوتنی لەناو خۆپێشاندەران گوایە ئەو ئەتوانێت ئاڕاستەیان بکات و، بە تاران بڵێت ڕاستە ئێوە ئەوتان پێ باشە، بەڵام من لەپێشترم لەخەزعەلی، کە کاربەدەستی خۆم بووە و لە ماڵی مندا گەورە بووە و ناتوانن خواستی ئێوە بیکات بە نەسروڵڵاکەی عێراق.
بۆیە ئەو ململانێیە درێژە دەکێشی و بەردەوام دەبێت ، بەنەمانی قاسمی سولەیمانی مەیدانێکی پر کێشە بۆ شیعەکانی عێراق جێماوە، ئەوان بڵاوتر دەبن و، وەک جاران ناتوانن دروشمی گەورە ھەڵگرن، یان ھەڕەشەبکەن، ئەو تەپوتۆزەی ڕۆژانە دەیکەن بەئامانجگرتنی بنکە سەربازییە ئەمریکیەکان بەچەند موشەک و ھاوانێک، سەدان ھەنگاو لەکۆتایی خۆیان نزیک دەبنەوە و. دواجار ھەڵبژرادنی نەسروڵڵاکەی عیراق بە نەمانی یەکێکیان لە سەدر و خەزعەلی و دوورخستنەوەی کۆمەڵێک سەکردەیتر کۆتایی دێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت