هیوا ناسیح: کۆڕبه‌ندی ئابوریی داڤۆس، ئامانجه‌کانی چییه‌ و کێ به‌شداری ده‌کات؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کۆڕبه‌ندی ئابوریی جیهانی (WEF) بریتییه‌ له‌ کۆڕبه‌ندێک یان ڕێخراوێک که‌ له‌ ساڵی 1971 له‌ لایه‌ن ئابوریناسی ئه‌ڵمانی کلاوس شڤابه‌وه‌ دامه‌زراوه، کاتی خۆی وه‌ک (وه‌قف)ێک واته‌ رێکخراوێک یان پلاتفۆرمێکی قازانج نه‌ویست بۆ دیالۆگ له‌ نێوان کۆمپانیاکانی ئه‌وروپا دامه‌زرا، تا له‌وێدا سیاسییه‌کان و ئابوریناسانی ئه‌وروپا گفتوگۆ له‌ باره‌ی گرفت و کێشه‌ دارایی و بازرگانییه‌کانه‌وه بکه‌ن، له‌ پێناو فه‌راهه‌مکردنی که‌شێکی لێکتێگه‌شتن له نێوانیاندا، که‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ژیان و گوزه‌ران و دارایی خه‌ڵک و دانیشتوانی وڵاته‌کانیاندا بێت. به‌ڵام له ئێستادا گومان زۆره‌ که‌ ئامانجه‌که‌ی خۆی پێکا بێت یان ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر رێبازی خۆشی به‌رده‌وام بێت.
باره‌گای سه‌ره‌کی رێکخراوه‌که‌ له‌ ناوچه‌ی کۆلۆگنییه‌ له‌ کانتۆنی ژنێڤی سویسرا، به‌ڵام نوسینگه‌شی له‌ چه‌ندان شوێنی تری جیهان هه‌یه‌ وه‌ک له‌ په‌کین، نیویۆرک، سانفرانسیسکۆ و تۆکیو. به‌ڵام ساڵانه‌ کۆنفرانس یان کۆڕبه‌ندی خۆی له‌ شارۆچکه‌ی داڤۆس، که‌ له‌ کانتۆنی گراوبیوندن له‌ نێو شاخه‌کانی ئه‌ڵپدایه‌ له‌ سویسرا ساز ده‌کات، ئه‌م رێکخراوه‌ تا ساڵی 1978 ناوی (کۆڕبه‌ندی به‌رێوه‌بردنی ئه‌وروپا) بوو، له‌و ساڵه‌ به‌دواوه‌ به‌ نێوی (کۆڕبه‌ندی ئابوریی جیهانی) ناسرا. له‌ ساڵی 2015ه‌وه‌ وه‌ک رێکخراوێکی نێوده‌وڵه‌تی دانی پێدانراوه‌. رێکخراوه‌که‌ خۆی وا پێناسه‌ ده‌کات، که‌ ناسیاسیی و بێلایه‌ن و سه‌ربه‌خۆیه‌ له ‌رووی ئایدۆلۆجی و بیروبۆچوونه‌وه‌. پله‌ی راوێژکاریی له‌ رێکخراوی ئاشتی و کۆمه‌ڵایه‌تی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان دراوه‌تێ. له‌ ژێر چاودێریی توندی وه‌زاره‌تی ناوخۆی وڵاتی سویسرادا رێکده‌خرێت.
دروشمی ئه‌م رێکخراوه‌ (به‌ره‌و باشترکردنی ره‌وشی جیهان)ه‌. ساڵانه‌ له‌ مانگی کانونی دووه‌م یان شوباتدا کۆنفرانسی گشتی خۆی ساز ده‌کات. که‌ به‌ سه‌دان رۆژنامه‌وان، شاره‌زای ئابوری، سیاسه‌تمه‌دار، هونه‌رمه‌ند، زانا و که‌سایه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی و به‌ناوبانگی جیهانی تێیدا به‌شداریی ده‌که‌ن. به‌شێوه‌یه‌‌کی گشتی باس له‌ کێشه‌ ئابوریی و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌ندروستیی و پیسبوونی ژینگه‌ ده‌که‌ن. ئه‌م رێخکراوه‌ ناوداره‌ جیهانییه‌ به‌رده‌وام له‌ جیهاندا کۆنفرانسی تریش ساز ده‌کات و به‌ رێکوپێکیش راپۆرت و لێکۆڵینه‌وه‌ چاپ و بڵاوده‌کاته‌وه‌.
زۆر جاران له‌ میانه‌ی سیمینار و کۆڕ و کۆبوونه‌وه‌کانی کۆڕبه‌نده‌که‌دا ڕووداوی گرنگ ڕوویداوه‌، وه‌ک ساڵی 1988 هه‌ردوو وڵاتی تورکیا و یۆنان، که‌ گرژییه‌کی سه‌ربازی و سیاسیی زۆر له‌نێوانیاندا دروست ببوو، رێکه‌وتنیان واژوو کرد، که‌ په‌نا بۆ شه‌ڕ نه‌به‌ن و ململانێکانیان به‌ گفتوگۆ چاره‌سه‌ر بکه‌ن، هه‌روه‌ها ساڵی 1992 ئاشتیخوازی ناوداری باشوری ئه‌فریقا نیلسۆن ماندێللا له‌گه‌ڵ سه‌رۆکی ئه‌وکاتی حکومه‌تی باشوری ئه‌فریقا فره‌دریک دیکلێرک بۆ یه‌که‌مجار به ئاشکرا و له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته‌ کۆبونه‌وه‌. ساڵی 2018ش سه‌رۆکی تورکیا ره‌جه‌ب ئه‌ردۆگان و سه‌رۆکی ئیسرائیل شیمعون پیرێز ده‌مه‌قاڵێی توند له نێوانیان دروست بوو، ئه‌ردۆگان وه‌ک ناڕه‌زایی مێزگرده‌‌که‌ی به‌جێهێشت!
به‌شداربووانی کێن و کێ باربووی ده‌کات؟
کۆڕبه‌نده‌که‌ له‌ لایه‌ن نزیکه‌ی 1000که‌سایه‌تی و رێکخراو کۆمپیانیا و بانکی جیهانییه‌وه‌ له‌ ڕووی ئابورییه‌وه‌ باربوو ده‌کرێت. به‌شداریی و به‌ ئه‌‌ندامبوونی ئه‌مانه‌ به‌ ئامانجی به‌شداربوونه‌ له‌ نه‌خشه‌دانان و پلانرێژیی بۆ داهاتووی ئابوری و بازرگانی له‌ سه‌راسه‌ری جیهاندا. له‌ ساڵی 2005ه‌وه‌ بڕیی ئابوونه‌ی ئه‌ندامانه به‌ 42 هه‌زار و پێنجسه‌د فره‌نکی سویسری (نزیکه‌ی هه‌مان بڕ دۆلار ده‌کات) دیاریکراوه‌، وه‌ بڕیی ئابوونه‌ی به‌شداریی له‌ کۆبوونه‌کانی دیداری سه‌رۆکه‌کانیش له‌ کۆڕبه‌نده‌که‌‌دا 18 هه‌زار فره‌نک (یان دۆلار) ده‌چێته‌ سه‌ری، واته‌ به‌ گشتی بۆ ىه‌شدارییکردن له‌ کۆڕبه‌نده‌که‌دا بۆ کورسییه‌ک پێویسته‌ 60 هه‌زار دۆلار بدرێت. دیاره‌ هیچ که‌سێک له‌ سه‌رۆکی وڵاتان داوه‌ت ناکرێن، به‌ڵکو ئه‌وه‌ خۆیانن گه‌ر بیانه‌‌وێت پێویسته‌ داواکاریی به‌شداریی پێشکه‌ش بکه‌ن و ئه‌م بڕه‌ پاره‌یه‌ پێشه‌کی بده‌ن، ئینجا ره‌زامه‌ندیی یان داوه‌تنامه‌یان بۆ ده‌نێرن، هه‌ڵبه‌ت ئه‌م وته‌یه‌ بۆ سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستانیش راسته‌ و داوه‌تنه‌کراوه‌، به‌ڵکو داواکاریی به‌شداریکردنی بۆ پێشکه‌شکراوه‌ و ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی بۆ دراوه‌ تا به‌شداریی بکات. مه‌گه‌ر داوه‌ت بۆ که‌سایه‌تییه‌کی گرنگی جیهانی بنێردرێت، که‌‌ له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا زۆر ناسرا بێت، یان هونه‌رمه‌ند و که‌سانێکی وا که‌ بیانه‌وێت پاره‌ بۆ پرۆژه‌یه‌کی خێرخوازیی و مرۆیی ببه‌خشن.
سه‌باره‌ت به‌ تێچوونی دابنیکردنی ئاساییش و سه‌لامه‌تی ژیان و گیانی به‌شداربووان که به‌‌ هه‌زاران که‌س ده‌بن، پاره‌یه‌کی زۆر و خه‌یاڵی سه‌رف ده‌کرێت. هه‌ر بۆ نمونه‌ ساڵی 2019 حکومه‌تی سویسرا نزیکه‌ی یانزه‌ میلیۆن دۆلاریی له‌م بواره‌دا سه‌رفکردوه‌، که‌ مه‌به‌ست لێی به‌کارخستنی هه‌زاران پۆلیس و سه‌رباز و هێزی ئاسایشی تایبه‌تیی و مه‌شقپێکراو و هێلیکۆپته‌ر و… هتد. به‌شێکی ئه‌م پاره‌یه‌ش حکومه‌تی وڵاته‌که‌ دابینی ده‌کات. بۆ نمونه‌ له‌ هه‌ر پێنج رۆژی کۆنفرانسه‌‌که‌دا به‌رده‌وام چه‌ندان هێلیکۆپته‌ری پێشکه‌وتوو چاودێری شارۆچکه‌که‌ و ده‌وروبه‌ری ده‌‌کات.
دیاره‌ وڵاتی سویسرا سودێکی بێ ئه‌ندازه‌ له‌ سازکردن و به‌رێوه‌بردنی ئه‌م کۆنفراسه‌ ساڵانه‌یه‌ی رێکخراوه‌که‌ ده‌بینێت، له‌ ڕووی بره‌وپه‌یداکردن بۆ بازرگانی و گه‌شتیاریی و په‌ره‌پێدان و ناوبانگ بۆ به‌رهه‌می وڵاته‌که‌، که‌ گه‌شه‌یه‌کی زۆر به‌ ئابوریی سویسرا ده‌دات، بۆ نمونه‌ ساڵی 2017 ئه‌م وڵاته‌ به‌ گشتی له‌م باره‌یه‌وه‌ 94 میلیۆن دۆلار قازانجی کردوه‌.
به‌ شێوه‌یه‌کی گشتی هه‌میشه‌ به‌شداربووانی کۆنفرانسی سه‌ره‌کی زیاتر له‌ هه‌زار ئه‌ندام ده‌بن، که‌ نوێنه‌رایه‌تی، وڵاتان و رێکخراوی ناحکومی و ئاینی و کۆمپانیای میدیایی و بانک و کۆمپیانیا به‌رهه‌مهێنه‌ره‌ جیهانییه‌کانه‌ له‌ هه‌موو بواره‌کاندا. هاوکات و هاوته‌ریبیش ده‌یان کۆڕ و کۆبوونه‌وه‌ و سیمینار ساز ده‌کرێت و له‌ په‌راوێزی ئه‌مانه‌شدا چه‌ندان کۆبوونه‌وه‌ و دیداریی دووقۆڵی و سێقۆڵی و گروپ به‌ جیاجیا ساز ده‌درێت، جا هی که‌سایه‌تییه‌ دیپلۆماتی و سیاسییه‌کان بن یان خاوه‌نکار و کۆمپانیاکان.

کۆڕبه‌ندی داڤۆسی 2020
ئه‌مساڵ کۆڕبه‌نده‌که‌ له‌ 21 تا 24 ی کانونی دووه‌م واته‌ پێنج رۆژ ده‌خایه‌نێت و گرنگییه‌کی تایبه‌تی هه‌یه‌، چونکه‌ په‌نجاهه‌مین ساڵه‌ی سازکردنییه‌تی. له‌ که‌شێکی ساردی ژێر پێنج پله‌‌ی سه‌دی، که‌ داروبه‌رد و دره‌خت و خانوبه‌ره‌کان نیومه‌تر به‌فر دایپۆشیوه‌، له‌ شآرۆچکه‌یه‌ی نێو زینجیره شاخه‌کانی ئه‌لپ، که‌ وه‌ک ده‌ڵێن به‌رزترین شاره‌ له‌ ڕووی ده‌ریاوه‌ له ئه‌وروپادا و ئاو و هه‌وایه‌کی سازگار و پاکی هه‌یه‌، هه‌ر بۆیه‌ بۆته‌ جێنزرگه‌ بۆ توشبووانی هه‌ندێک نه‌‌خۆشی و چه‌ندان نه‌خۆشخانه‌ و نشینگه‌ی چاکبوونه‌وه‌ و ئاساییبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌کانی هه‌ناسه‌دان و پێست و هی تری تێدایه‌. نوسه‌ری ناسراوی ئه‌ڵمانی هه‌ڵگری خه‌ڵاتی نۆبڵ تۆماس مان کاتێک نه‌خۆشی سیلی هه‌بووه‌ و بۆ چاکبوونه‌وه‌ له‌وێ ژیاوه‌، رۆمانێکی به‌ ناوی (شاخی ئه‌فسوناوی) له‌ سه‌ر ئه‌م شارۆچکه‌یه‌ و ناوچه‌یه‌ نوسیوه‌، له‌وێدا باس له‌وه‌ ده‌کات، که‌ به‌ هۆی جوانی و ئه‌فسوناوی ناوچه‌که‌ و پاکی ئاووهه‌واکه‌ی ئه‌وێ، ده‌کرێت مرۆڤ دیدێکی تری بۆ ژیان و گه‌ردون هه‌بێت. جێی باسه‌‌ منیش زۆر جار سه‌ردانی ئه‌و شارۆچکه‌یه‌‌م کردوه‌ و به‌ سروشتی ناوازه‌ و ده‌رئاسای ئه‌و شارۆچکه‌‌یه‌ سه‌رسام بوومه‌.
کۆڕبه‌ندی ئه‌مساڵ له‌ ژێر ناونیشانی (جیهانێکی یه‌کگرتوو ته‌با و گه‌شه‌کردنی به‌رده‌وام)دا و له‌ پاڵ نزیکه‌ی 1000 سه‌رۆک و نوێنه‌رانی کۆمپانیا جۆراوجۆره‌کانی جیهان، نزیکه‌ی دووهه‌زار که‌سایه‌تی سیاسی و ئابوریناس و خاوه‌نکاری سه‌رمایه‌داری گه‌وره‌ (بزنسمان) که‌ 119 که‌سیان ملیاردێرن، وه‌ که‌سانی تری ناسراو له‌ سه‌ر ئاستی جیهان به‌شداری ده‌که‌ن، که‌ کاریگه‌ری ناوبانگ و که‌سایه‌تییان بۆ سه‌ر سیاسه‌ت و ته‌کنه‌لۆژیا و چاره‌نوسی مرۆڤ و جیهان هه‌یه‌، بۆ نمونه‌ گرێتا تونبێرگ، که‌ کچێکی 17 ساڵه‌ی سویدییه‌ و به‌ ئایکۆنی پاراستنی ژینگه‌ و بانگخواز بۆ پاراستنی روه‌‌ک و گیانه‌وه‌ران ناسراوه‌.. له‌ نێو به‌شداربووانیش 600 که‌سیان قسه‌که‌ر ده‌بن، واته‌ وته‌یان ده‌بێت له‌ کۆڕبه‌نده‌که‌دا.
له‌ نێو سیاسییه‌کاندا ساڵانه‌ ده‌یان سه‌رکرده‌ی وڵاتان به‌شداری ده‌که‌ن، ئه‌مساڵ یه‌ک له‌وان دۆناڵد ترامپی سه‌رۆکی وڵاته‌ یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌‌مریکایه‌، که‌‌ وه‌ک حکومه‌تی سویسرا رایگه‌یاند، ته‌نها تێچوونی هێزه‌‌کانی پۆلیس و ئاسایش و رێوشوێنی پاراستنی و هاتووچۆ و گوستنه‌وه‌ی (به‌ چوار هێلیکۆپته‌ر له فڕگه‌ی زویرخه‌وه‌ بۆ داڤۆس و گه‌‌ڕاندنه‌وه‌ی بۆ فڕگه‌که‌) نزیکه‌ی 800 هه‌زار دۆلار که‌وتوه‌.

کۆڕبه‌نده‌که‌ چی ده‌توانێت بکات؟
له‌‌ له‌ ساڵی رابردودا کۆڕبه‌نده‌که‌ بانگه‌وازی جیهانی بۆ وه‌ستانه‌وه‌ به‌رامبه‌ر گۆڕانی که‌شوهه‌وای جیهان و هێرشی ئه‌له‌کترۆنی کرد. له‌‌ کۆبوونه‌کانی کۆڕبه‌نده‌که‌دا قسه‌وباس و گفتوگۆ له‌سه‌ر بابه‌ته‌ ئابورییه‌کان، هه‌روه‌ها دارایی جیهان، بازرگانی و کۆمپانیا و بانکه‌کان، ره‌وشی ته‌ندروستی جیهانی و په‌نابه‌ران و… هتد ده‌کرێت. له‌ به‌رنامه‌ و کارنامه‌ی کۆڕبه‌‌ندی ئه‌مساڵدا دانراوه‌، که‌ بابه‌ته‌کانی گۆڕانی که‌شوهه‌وا و پاراستنی بایۆلۆژیی جۆره‌کانی روه‌ک و گیانه‌وه‌ران، لابردنی قه‌رزه‌ به‌رز و درێژخایه‌نه‌کان له‌سه‌ر وڵاتان، دوورخستنه‌وه‌ی ئه‌گه‌ری جه‌نگی ته‌کنه‌لۆژی، دروستکردنی پاراستن و پردی په‌یوه‌‌ندی له‌ نێوان ملیاران مرۆڤ، چاره‌سه‌ریی قه‌یرانه‌ سیاسی و مرۆییه‌کان و… هتد قسه‌یان له‌باره‌وه بکرێت.

ره‌خنه‌گران چی ده‌ڵێن؟
ساڵانه‌ و له‌ رۆژانی کۆڕبه‌نده‌که‌دا له‌و که‌شه‌ سه‌رما و سۆڵه‌ و سه‌خته‌دا به‌ سه‌دان که‌س له‌ چه‌په‌کان و نه‌یارانی سه‌رمایه‌داریی جیهانیی خۆپیشاندان له‌ نێو شاره‌که‌دا ساز ده‌که‌ن. دیاره‌ ئه‌مان دژی کۆنفرانسه‌که‌ن و پێیان وایه‌ که‌ ته‌نها سود به‌ سه‌رمایه‌داران و بازرگانان و وڵاته‌ زلهێزه‌کان ده‌گه‌یه‌نێت و هه‌ژاری و بێکاری و بێدادی زیاتر له‌گه‌ڵ خۆی دێنێت. ئه‌مساڵ نزیکه‌‌ی 400 که‌س خۆپیشاندانیان کرد.
ره‌خنه‌گرانی کۆڕبه‌ندی ئابوریی جیهانیی داڤۆس ده‌ڵێن، که‌ ئه‌مه‌ ته‌نها کۆبونه‌‌وه‌ی توێژێکی هه‌ڵبژارده‌ی جیهانه‌ له‌سه‌ر ئاستی ملیاردێر و خاوه‌نکاره‌کان که‌ ئابوری و دارایی وڵاتان به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن، بۆ دروستکردنی تۆڕێکی په‌‌یوه‌ندی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان. زانای ئابوریناس و هه‌ڵگری خه‌ڵاتی نۆبڵ جۆزێڤ ستیگلیتز که‌ له‌ساڵی 1995 ه‌وه‌ به‌رده‌وام به‌شداریی ئه‌م کۆڕبه‌نده‌ی کردوه‌ ده‌ڵێت: کۆڕبه‌نده‌که‌ سه‌ره‌ڕای زیادبوونی نادادی و نایه‌کسانی له‌ جیهاندا و گۆڕانی که‌‌شوهه‌وا به هه‌لپه‌رستانه‌ به‌ره‌و پێچه‌وانه‌ی گلۆبالیزه‌یشن هه‌نگاو هه‌ڵده‌گرێت. ناوبراو زیاتر ده‌ڕوات و ده‌ڵێت (له کۆڕبه‌ندی داڤۆسدا باس له‌ دابه‌زاندن و که‌مکردنه‌وه‌ی باجی ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان هه‌روه‌ها نابه‌رپرسیارێتی به‌رامبه‌ر کێشه‌کانی جیهان ده‌کرێت).
له‌ وڵامدا رێکخه‌رانی کۆڕبه‌نده‌که‌ ده‌ڵێن که‌ زۆرێک له‌ به‌شداربووان له‌ رێکخراوه‌ ناحکومییه‌کانه‌وه‌ دێن. هه‌وه‌ها نوێنه‌رانی زۆر له‌ رێخکراوه‌کانی مافه‌کانی مرۆڤیش به‌شدارن تێیدا. بۆ نمونه‌ رێکخراوی جیهانی (ئۆکسفام)یش که بۆ نه‌هێشتنی هه‌ژاری و گه‌شه‌پێدانی ته‌ندروستی و زانیاریی له‌ جیهاندا خه‌بات ده‌کات، به‌شداری ده‌کات، که‌ ساڵانه‌ راپۆرتێک له‌ سه‌ر دۆخی نایه‌‌کسانی و بێدادی و هه‌ژاری له‌ جیهاندا بڵاوده‌کاته‌وه‌.
هه‌روه‌ها وه‌ک داکۆکی لێی ده‌ڵێن: ئه‌مه‌ هه‌لێکی ده‌گمه‌نه‌ که‌ نوێنه‌رانی رێخکراوه‌ جۆراوجۆره‌کانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و که‌سایه‌تییه‌ ناسراوه‌کان ڕووبه‌ڕوو له‌گه‌ڵ ئابوریناسان و ده‌وڵه‌مه‌ندان و نوێنه‌رانی کۆمپانیاکانی جیهاندا گفتوگۆ بکه‌ن.

وێنه‌کە: دامه‌زرێنه‌ریی کۆڕبه‌نده‌که‌” کلاوس شڤاب

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت