ئارام عەلی عەزیز: سەرزەمینی پیرۆز، کوردستان.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دڵى زەمین، شوێنى تەججەلى نوورى خوداو چیاى نووراوى، شوێنى یەکەمین چیاى خۆرى لێهەڵهات، وڵاتى یەکەمین وشەو و خانەى فێربوون و زانست و مەعریفە، شوێنى یەکەمین خێزان و یەکەمین جوتیارى سەرزەمین، شوێنى یەکەمین مرۆڤى عاقڵ و بەتەدبیر، سەرزەمینى یەکەمین شارستانیەت و هیواى مرۆڤایەتى، کوردستانە، عێراقە، سەرزەمینى میزۆپۆتامیایە، کە سەرزەمینى شارستانیەتەکانە.
مێژوو شایەدى لەسەر پیرۆزکردنى ئەم سەرزەمینە دەدا بە یەکەمین میحرابى خەلیقەت، بە بەهەشتى ئادن، کە تیایدا فریشتەکان کڕنۆشیان بۆ جەلالەتى مەزنایەتى موقەدەرى خودا لە شەخسى ئادەمى باوکى بەشەریەتدا برد.
سەرگوزەشتەکانى ململانێى نێوان خێروشەڕ، کە بە هەڵگەڕانەوەى ناوکى شەڕوخراپە بە جەبەروتەکەى لە فەرمایشتەکانى خودا دەستیپێکرد، بەڵگەى ململانێیەکى تاڵ ودژوارە لەسەر خاکەکەى، کە بوە هۆى داڕشتنى یاسای هزریی ناسراو بە زانستى ئایدۆلۆجیا، کە بۆ بەدەستوورکردنى ئەوەیە کە هى تۆیەو، ئەوەیش کە لە مافوئەرکدا لەسەرتە. ئەم ململانێ و واقیعەیش تا رۆژگارى ئەمڕۆمان بەردەوامە.
پیرۆزیت ئەى میزۆپۆتامیا، پیرۆزیت ئەى مێرگى گەورەو پیرماممان، ئەى سەرزەمینى موعجیزەو قۆپ و ئایەتى خودا، ئەى عەقیقى زەمان و هەموو کات و سەردەمانێک، ئەى خاکى ساسان و کلدان و ئاشورپانیپاڵ، ئەى سەرزەمینى سۆمەرو ئەکەد، لەتاشەبەردى چیاکانت کێلى یاساى حاموڕابى نەخشێنرا، ئەى گۆڕەپانى گڵگامێش و داستانەکانى، تۆى ئاوازى قیسارەى ژیان.
پیرۆزبوویت ئەى چیاى جودى، ئەى سنجار شوێنى گیرسانەوەى کەشتیەکەى حەزرەتى نوح، پیرۆزکرایت ئەى پەناگەى حەزرەتى عیساى ئیمامى ئاشتەوایى، پیرۆزکرایت کاتێک، کە رۆشنایى خودا تەججەلى کردەسەر قۆپەکانى چیاکەت لە رۆژى نەورۆزى یەکەمین جەژنى مرۆڤایەتى لە شەمەهى بەهاردا، دواتریش، بۆ جارى دوەم تەججەلى کرایەسەر کێوى سینا بۆ حەزرەتى موسا.
ئەلکەون بەسەرەتایەکى مەکنونى ئینفیلاقى دەستپێدەکات و خاوەن سێ ئیشراقیات و کۆتاییەکى خڕکەرەوەى پێچەرەوەیە: ئیشراقیەى یەکەم، چیاى سیناى رووناک کردەوە، ئیشراقیەى دوەم، چیاى زەیتونى رووناک کردەوە، ئیشراقیەى سێیەمیش شەوى تاریکى مرۆڤایەتى لە ئەشکەوتى حەڕاوە رووناک کردەوە، پێش ئەو سێ ئیشراقیاتەیش شارستانیەتى جیزە بە هێزێکى سەرسوڕهێنەرى مەزن، وەک رەنگدانەوەیەکى باڵابوونیى رووحی سەریهەڵدا، کە تیایدا تایبەتمەندى توانا لە هەر سێ ئەستێرەى ئایینە نەمرەکەدا درەوشایەوە، لەبەر گەورەیی هێزوهیمەتیشی نەمرودایەتى ماددى لەسەر کەنارەکەى دیکەى ئۆقیانووس بۆ یەکەمین جار رووخا، لەگەڵ هەر ئیشراقیەتێکیشدا واقیعەکە بەرجەستەبوو، ململانێکەیش تەواوى کرد.
شوورەى سنوورەکانیشى لە خۆرهەڵاتى ناوەڕاستدا، لەباکوورەوە:سەرچاوەکانى دیجلەو فورات و، لەباشووریشەوە تاڤگەکانى سەرچاوەى نیلە، ئەیکوناتەکانیشى: چیاى سیناو، چیاى زەیتون و مەککەى پیرۆزە، دابەزینەکەیشى جیزەو، بەرزبوونەوەکەیشى، جودى ( چیاى سنجارى ) کوردستانە. ئەم جوگرافیایە، کە ناوەڕاستى خۆرهەڵاتە، سەرزەمینى شارستانیەتە و خزمەتێکى گەورەى مرۆڤایەتى کردوە.
پەیوەندییەکى ئۆرگانیکى کۆن و لە مێژینەو پەیوەستبوونێکى ئەزەلیانە کیانى مرۆڤایەتى لە جوانترین وێنەى رووحانیات و ماددیاتدا دەهەژێنێت.
لە میزۆپۆتامیاوە رۆژەکانى خوداو مێژوو دەستى پێکرد، لێرەوە شارستانیەت لەسەر بنەماى فکرو خوداپەرستى بنیاتنرا، لێرەوە بڵێسەى شارستانیەت سەریهەڵداو بەرەودەورووبەر هەڵکشاو، تەمومژى تاریکى بەرۆشنایى مەعریفە رەواندەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت