بورهان شێخ ڕەئوف: سەوداى سەدە یان گاڵتەجاڕى سەدە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دواجار دواى سێ ساڵ لە سەرۆکایەتى ترەمپ ئەو پڕۆژەیەى کە بانگەشەى بۆ دەکرد بۆ چارەسەرکردنى کێشەى درێژخایەن و ئاڵۆزى عەرەب – ئیسرائیل ڕۆژى سێ شەمەى ڕابردوو واتە 28/1/2020 ئاشکراى کرد کە خۆى و کۆشنەرى زاواى ئەندازیارى ڕاستەوخۆى بوون.

پلانى پرۆژەکە
پلانى کورت و پوختى پرۆژەى سەوداى سەدە ئەوەیە، کە دامەزراندنى دەوڵەتێکى فەلەستینیە بەمەرجگەلێکى زۆر قورس و قەتیسکەر و لکاندنى هەموو کۆمەڵگە نێشتەجێ بوونە جوولەکەنیشینەکانى دۆڵى ئوردن و کەرتى خۆرئاوایە بە دەوڵەتى ئیسرائیلەوە، لە گۆڕنانى ئومێد و مافى گەڕانەوەى هەموو ئاوارەو پەناهەندە فەلەستینیەکانە بۆ سەر خاکى خۆیان.

مەرجەکان بۆ دەوڵەتى فەلەستین
1- دەبێت فەلەستینیەکان بە فەرمى دان بە بوونى دەوڵەتى ئیسرائیلدا بنێن کە دەوڵەتێکى یەهوودیە.
2- ڕەتکردنەوەى ڕاشکاوانەى تیرۆر بە هەموو جۆرەکانیەوە.
3- ئەگەر فەلەستینیەکان قایل بوون بە دانوستان لە گەڵ ئیسرائیلدا بەرامبەر ئەو دەوڵەتەى، کە بنیامین ناتەنیاهۆ لە ڕووى پرنسیپەوە ڕازى بووە پێى ئەوا ئەو دەوڵەتە دەبێت بێ چەک بێت واتە داماڵراو بێت لە چەک.
4- ئیسرائیل بەرپرسیارە لە پاراستنى بارى ئاسایش و چاودێرى ئاسمانى ئەو ناوچانە لە خۆرئاواى دۆڵى ئوردون، هەروەها کەرتى غەزەش کەلە بندەسەڵاتى حەماسدایە دەبێت لە چەک داماڵراو بێت.

ئایندەى کۆمەڵگە جوولەکەنیشینەکان
ئەمریکا ئامادەیە بە فەرمى ئەوەبناسێت کە هەموو کۆمەڵگە نیشتەجێ بوونانەى کە خاکى عەرەبەو ئیسرائیل بە زۆر داگیرى کردووە و ببنە بەشێک لە دەوڵەتى عبرى کە 30% خاکى کەرتى خۆرئاوا دەبێتە بەشێک لە ئیسرائیل.
لە هەمانکاتدا واشنتۆن ئامادەیە بە فەرمى دەستەڵاتى ئیسرائیل بە سەر دۆڵى ئوردونیشدا بناسێت کە ناوچەیەکى ئیستراتیجى گرنگەلەسەر سنوورى شانشینى هاشمى ئوردون.
لە بەرامبەر ئەمەشدا فەلەستینیەکان خوازیاران دەوڵەتێک دابمەزرێنن، کە هەموو ئەو خاکانە بگرێتەوە کە ساڵى 1967 داگیرکراون بە قودسیشەوە.
لەلایەکى ترەوە سەرۆک ترەمپ دەڵێت: ئەو نەخشەو پڕۆژە پێشنیارکراوەى ئێمە بۆ دامەزراندنى دوو دەوڵەتى فەلەستینى و ئیسرائیلى، خاکى دەوڵەتە فەلەستینیەکە دوو هێندە زیاد دەکات لە پرۆسیسێکدا کە گۆڕانەوەى خاکە لە نێوان دەوڵەتى عیبرى و فەلەستینیەکاندا.
لە بەرامبەریشدا جارێکى تر ئیسرائیل بەڵێن دەدات، کە بۆ ماوەى چوارساڵ هەموو پڕۆژەیەکى نیشتەجێبوون سڕ دەکات و ئەویش ئەو ماوەیە، کە فەلەستینیەکان دەتوانن چاو بخشێننەوە بەو بڕیارەى، کە ئەم پلانەیان ڕەت کردۆتەوە.

قودس
ئەگەرچى لە سەردەمى ئیدارەى ترەمپ قودس بە فەرمى بە پایتەختى دەوڵەتى ئیسرائیل ناسرا و باڵوێزخانەى ئەمریکا لە تەلئەبیبەوە گوێزرایەوە بۆ قودس، کە پێشتر هیچ سەرۆکێکى ئەمریکا قایل نەبوون ئەو هەنگاوە هەستیارە بنێن لە بەر ئاڵۆزى و سەختى ئەو بابەتە بەلاى عەرەب و فەلەستینیەکانیشەوە بە تایبەتى، بەڵام ترەمپ بە پێچەوانەى بەڵێن و هەنگاوەکەى پێشتریەوە لەم پلانەدا باسى ئەوە دەکات کە قودسى ڕۆژهەڵات پایتەختى دەوڵەتى فەلەستینیەکان بێت و بەشە خۆرئاواییەکەى پایتەختى دەوڵەتى ئیسرائیل بێت، ئەوەشى پەیوەندى بە شوێنە پیرۆزەکانەوە هەیە ترەمپ دەخوازێت بارودۆخى ئێستاى قودس وەکو خۆى بمێنێتەوە واتەحەرەمى قودسى و جەبەل یەهود لەبندەستى جوولەکەکان بێت و مزگەوتى ئەقساش لە ژێر سەرپەرشتیارى ئوردندا بێت.

دەوڵەتیێکى لەیەک دابڕاو و پچڕ پچڕ لەسەر خاک
هەروەکو دەزانین کێشەى گەورە ى دەوڵەتى فەلەستین ئەوەیە کە هەموو ناوچەکانى بەش بەش کراوەو بە دەم یەکەوە نین و کۆمەڵگە نیشتەجێبوونە جوولەکەنیشینەکان لە نێوان ناوچە عەرەب نیشینەکاندا، پلانەکەى ترەمپ و سەوداى سەدە ئەوەیە کە لە ڕێگەى تونێل و شەمەندەفەرى زۆر خێراو تۆڕى گەیاندن و پێکەوەبەستن بە تەکنۆلۆجیاى نوێ بۆ گواستنەوەى شتوومەک و هاوڵاتیان لە نێوان کەرتى غەزەو کەنارى خۆرئاوا بەیەکەوە ببەسترێنەوە.

کێشەو ئایندەى پەنابەرانى فەلەستینى
وەکو پێشتریش ئاماژەم پێدا مافى گەڕانەوە لە گۆڕنراوە و نابێت فەلەستینیەکان ڕۆژێک لە ڕۆژان بەتەماى ئەوەبن بگەڕێنەوە بۆ سەر خاک و ماڵى خۆیان و بەتایبەتى ئاوارەکانى ساڵى 1967، چارەسەرى سەوداى سەدە بۆ ئاوارەکان ئەوەیە دەتوانن بگەڕینەوە بۆ ئەو دەوڵەتە فەلەستیننیەى کە دادەمەزرێت یان لەو وڵاتانەى کە ئێستا دەژین بمێننەوەو ببنە بە هاوڵاتى ئەو وڵاتە.
هەر لەو چوارچێوەدا ترەمپ هەموو یارمەتى و کۆمەکە داراییەکانى ئەمریکا بۆ ئۆنروا وەستاند ئەو ئاژانسەى نەتەوەیەکگرتووەکان کە تایبەتە بە ئاوەرەکانى فەلەستین. بەڵکو بەڵێنى داوە، کە هەموو تواناکانیان بخەنەگەڕ بۆ ئەوەى ئاوارەو پەناهەندە فەلە ستینیەکان نیشتەجێ بکەن لەو وڵاتانەى کە ئێستا تێ یدا دەژین.

وڵاتانى عەرەبى و سەوداى سەدە
هەرچەندە باڵوێزى هەندێک لە وڵاتانى کەنداو وەکو سوڵتان نشینى عومان و ئیمارات و بەحرین ئامادە پرێس کۆنفرانسى ڕاگەیاندنى پڕۆژەکەى ترەمپ بوون، کە زۆر بە گەرمى سوپاسى هەوڵ و کۆششەکانى کردن و لە هەمان کاتیشدا ئوردن بە وریاییەوە لە پڕۆژەکەى ڕوانى تەحەفوزى لەسەر چەند خاڵێکى هەبوو. میسریش خوازیارى ئەوەبوو، کە خوێندنەوەى وردى بۆ بکرێت و عەرەبستانى سعوودیەش وتى هەنگاوەنى سەرۆک ترەمپ بەرز دەنرخێنین و هەروەها فەلەستینیەکان و ئیسرائیل هان دەدەین بۆ دانوستانى ڕاستەخۆ لە ژێر چاودێرى ئەمریکادا. هەروەها ئەمریکا لە وڵاتانى عەرەبى دەخوازێت، کە فشار لە فەلەستینیەکان بکەن ئەم پڕۆژە پەسەند بکەن و سوود لەو بڕە پارە زۆرەى، کە بڕیارە 50 ملیار دۆلار خەرج بکرێت لەماوەى دەساڵدا بۆ فەلەستین وەبەربهێنرێت.
لە کۆتاییدا پێویستە ئەوە بڵێم، کە هەرچەندە ئێستا فەلەستینیەکان بێ پشت و پەنا ماونەتەوە لە جیهانى عەرەبیدا ئێستا عەرەبەکان ئێران بە دوژمنى ژمارەیەکى خۆیان دەزانن نەک ئیسرائیل، ماوەتەوە ئومێدیان بە ئێران و تورکیایە، کە ئێستا لە هەوڵى ئەودان خۆیان بکەنەوە بە دەمڕاست و جێنشینى خەلافەتى ئیسلامى عوسمانى و سفەوى، کە ئەوەش تا ڕادەیەکى زۆر جێگەى گومانە لە م جیهانە جەنجاڵ و پڕ کێشەو دژبەیەک و بەرژەوەندى خوازییەدا. خاڵێکى لاوازى ترى ئەم سات و سەودا نامەیە ئەوەیە، کە یەک لایەنەیەو کورد لە مێژە وتوویەتى چەپڵە بە دەستێک لێنادرێت، فەلەستینیەکان نەچنە ژێربارى ئەم سەودایە. بۆیە دەڵێن: ئەمە گاڵتەجارى سەدەیە نەک سەوداى سەدە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت