پشتیوان جەمال: ئەجێندای پارتی و کابینەی نۆ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کابینەیەک، کەهەر لەسەرەتادا کارەکتەرە سەرەکیەکەی لەدۆخێکی پڕ لەململانێی نێو حزبەکەی خۆیەوە هاتەپێشەوەو، کرا بەسەرۆکی حکومەت. چەندە بیری لای حیزبە ڕکابەرەکەی بوو تیمەکەی لەنێو حکومەت دا بێ هێزبن، دوو ئەوەندەش بیری لای باڵە جیاوازەکەی ناو حزبەکەی خۆی بوو، کە بێ هێزیان بکات و نەهێڵێت ڕۆڵیان بمێنێت. هەرواشی کرد بەرامبەر هەردوو تەرەف، لە سەرەتادا هەرچی لەباڵی خۆیان نەبوو نەیان توانی هیچ پۆستێک لەحکومەت وەربگرن و، ئەوەی هەشیان بوو لەکابینەی پێشوتر لێی وەرگرتنەوە بەبەهانەی جیاجیا. هەر لەوەزیر تا مودیر عامێک. لەلایەکی ترەوە بەرامبەر بەیەکێتی، دووەمی هەڵبژاردنەکانی هەرێم بوو. بۆ بێ هێزکردنی تیمەکەی لەحکومەت چەندین وەکیل وەزیری جێگرو وەزیری بۆ وەزیرەکانی دانا بۆ بێ هێزکردنی دەسەڵاتیان، لەکاتێکدا دەبێ ئەمانە لەناو هۆڵی پەرلەمان دەنگیان پێ بدرێت. بەڵام نەگەڕایەوە بۆ ئەم ڕێگایەو، بەڵکو دروستکردنی حکومەتی لەناو حکومەتی پێک هێنا. گۆڕانیش کە هەر لە کۆبوونەوەی یەکەمەوە بڕیاری خۆیان دابوو، بەشداری حکومەت بکەن، وەک ئەوەی هەنگوینیان لەکلۆرەداردا دۆزیبێتەوەو بەشداربوونیان بەجۆرێ “سمعنا و آطعنا” تەنها گوێ دەگرین و جێ بەجێی دەکەین.
بەم جۆرە لاوازکردنی ڕۆڵی حزبە بەشدارە کان، دەتوانم بڵێم شتێک نیە پارتی لێی بەرپرسیاربێت، بەڵکو بێ هەڵوێستی هەموو حیزبەکانە بەئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵاتەوە قبوڵی” چل و پێنچ” کورسیەکەی پارتی یان کرد، کە بەڕۆژی ڕووناک تەزویری کرد. بۆیە ئێستا هەربیانویەک کەلەپارتیان هەبێت، قسەیەکی بێ ماناو بێ ئەرزشە. ئێستا پارتی باڵادەست بووە، تەنها ئەوە جێبەجێ دەکات کە لە پلانیاندایە، پەرلەمانێک کە هەرلەسەرەتاوە نرخی بۆ دانەناو تەنانەت ڕۆژی خوێندنەوەی هێڵە گشتیەکانی کارنامەی حکومەت، هیچ یەک لەئەندامانی پەرلەمان نوسخەیەکیان لەو کارنامەیە لانەبوو. لەکاتێکدا پێویستبوو لانی کەم بیست و چوار سعات پێشی خوێندنەوەی کارنامەکە، ئەندامانی پەرلەمان نوسخەیەک لەو کارنامەیان لابێت بۆسەرنج و تێ بینیەکانیان. تا قسەیەکان لەبارەی ئەم هێڵانەوە هەبێ. بەڵکو دەنگیان دا بەو کارنامەیە، ئەمەش جۆرێک بوو لەڕاوکردنی پەرلەمان و نرخ دانەنان بۆی. هێنانی پڕۆژەی بەناو چاکسازیش بۆناو هۆڵی پەرلەمان، کە باس لەکەمکردنەوەی بندیوارو، موچەی نایاسایی و، خانەنشینی دەکات. ئەسڵەن هەرکاتی خۆشی ئەوان بەنایاسایی موچەیان پێداون و، دەسەڵاتی کەسی تر نەبووە، بۆ هەر پڕۆژەیەکیش بیانەوێ بەبێ کێشە تێی دەپەڕێنن.
ئەوەی ئێستاش بەقەیرانی غاز ناوی نراوە، پەیوەندیەکی بەقەیرانەوە نیە. جگە لەشەڕی کۆمپانیا زەبەلاحەکان لەنێوان یەکێتی و پارتی. ئەوەی هەمیشە پشتی پارتی پێی بەهێزە داهاتە زۆرەکەی نەوتە. لەوەتەی بەرهەمی نەوت بەرەو کزی دەچێت و، بەنیازن غاز بکرێتە جێگرەوەی، پارتی هەوڵدەدات دەستبگرێت بەسەر بەرهەمی غازی هەرێم و کۆنتڕۆڵی بکات. بەو پێیەش کە زۆرترین غازی هەرێم لەسنوری ناوچەی سەوزە، پارتی دەیەوێت بە هەر شێوەیەک بێت گرێبەستی کۆمپانیاکانی خۆی لەناوچەی سەوز بکات. یەکێتیش درکی بەم داگیرکاریە کردووەو ڕێگری لێدەکات. بەر بەم داگیرکاریە دەگرێت. لێرەدا میللەت بۆتە قوربانی ئەم قەیرانە دروست کراوە. ئەوەی ڕوودەدات تاوانی هەموو حیزبەکانە، کە واژویان لەسەر چل و پێنچ کورسیەکەی پارتی کرد. سیاسەت کردن وەک شیتەڵکردنی هاو کێشەی بیرکاری وایە، لەسەرەتادا ژمارەیەکت هەڵە دانا تا کۆتایی بە هەڵە وەڵامەکەت چنگ دەکەوێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت