دڵشاد مەجید: بۆ قوربانیانی 17 ی شوبات.!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سیاسیەت، خوێندنەوەی مێژوویی و جوگرافیا و ڕووداو ھاوکێشەی ھێزی بابەتی و تواناو قودرەتی زاتیە. بۆئەوەی بەرنامە و روئیای سیاسی و ئامانجی ستراتجی و تاکتیکەکانت بۆ ئەمرۆ و داھاتوو بخولقێنی. بەبێ خوێندنەوە ئەو فاکتەر و ئامرازانە ھەر لەسەرەتاوە جوڵەکەت بەئیفلیجی لەدایک دەبێ، و دروشم و بەرنامە و سیاسیەکەت لە ھات و ھەرای پۆپۆلیست و ئەنارشیزم زیاتر نابێ.
ئێستا ھەندێک ھێز ی سیاسی وەک نەوەی نوێ لە کوردستان بەھەمان تێزو تێڕوانینی بزووتنەوەی گۆران بانگەوازی خۆپشاندانی ملیۆنی لە( لەیادی 17 شوبات) دەکەن. (نەوەی نوێ ) ھەمان ھەڵەی بزووتنەوەی گۆران دووبارە دەکاتەوە. بزووتنەوەی گۆران لەژێر کاریگەری ( بەھاری عەرەبی – مەیدانی تەحریری میسڕ) جاری خۆپشاندانی دا. ئێستاش نەوەی نوێ لەژێر کاریگاری ( مەیدانی حریەی بەغدا) دەیەوێ خۆپشاندان بخلوقێنێ.
ڕەنگە بڵێن ناکرێ ئەم دوو ھێزەو و ئەم دوو سەرکردایەتیە بەیەک بشبوھێنی. جیاوازیان بەقەدەر ئەرزو ئاسمانە. بەڵێ وایە ڕاستیە ئەم دوو ھێزە لەھیچ شتێک لێک ناچن. بەڵام لەیەک شت لێک دەچن. کە ھیچ لەو دوو ھێزە زەمینەی خوێندنەوەیەکی ( زاتیان- ناوخۆییان) نەخوڵقاندووە. بەڵکو جۆری ململانێنێکان و ھەنگاوەکان و پلانیشیان نەک نیە، بەڵکو نەدیاریکردووە نە دەستنیشانکردووە.
ھەردوو ھێز پشتیان بە ململانێ ( بابەتیەکان- دەرەوە) بەستووە. لەسەر فاکتەری نەفسی و گوشاری نەفسی کاریان کردووە. بەمانایەکی تر وویستوویانە نەفسیەن دەسەلات بروخێنن، ترسیان لادروست بکەن، ئەوا لەمیسر دەسەلات گۆرا. ئەوا لەبەغداش خۆپشاندەران توانیان گۆرانکاری بکەن. ئێوەش دەبێ بگۆڕێن. واتە ئەم دووھێزە، ویستویانەو دەیانەوێ بەخوێن و شەونخۆنی و قوربانیەکانی خەڵکی دەرەوە، سەرکەوتنێک بەکەمترین زیان لەناوەوە بەدەست بھێنن.
نەوەی نوێ بەبێ خوێندنەوەی ھەلومەرجی بابەتی جۆری ململانێکانی ناوخۆ و پۆلینکردنی چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگای کوردی، لەڕێژەی زیان و دەستەکەوتەکانی لەگەل دەسەڵات، نەبوونی جولانەوەی سەندیکاو رێکخراوە مەدەنیەکان، ھەروەھا نەخوێندنەوەی فاکتەری دابەشبوونی ھەرێم بۆ دوو زۆن و مانەوەی دوو زۆنی، کە خۆی لەخۆیدا ڕێگاگرتنە لە کۆڕانکاری.دەیەوێ لەپەنای کێشمە کێش و دووشمەکانی مەیدانی حریەی بەغداد و دابەشکردنی دەبەیەک نەوت دەسەلات بگوڕێ.!

با زیاتر ڕوونی بکەینەوە.!
نەوەی نوێ پێش تۆ، بزووتنەوەی گۆران لەجیاتی ئەوەی دەسەڵات بە گوشاری دەروونی(نەفسی) برووخێنێ، کەچی بەپێچەوانە وورەو تواناو نەفسیەتی خەڵکی ھەرێمی بەتەواوی تێکشاند.
چۆن..؟ خەڵک نائومێدیەکەی لەوە سەرچاوەی گرتوە، بزووتنەوەی گۆران بەم ھەموو ھێزە، نەیتوانی گۆڕانکاری بکا و بەردەوامی بە ململانێکە بدات. ناچار لەدوا قوناغ تەسلیمی دەسەڵات دەبێت و لەجیاتی کۆڕانکاری، دەیەوێ ئەو دەسەڵاتە بە چاکسازی چاک بکات. واتە ھێشتنەوەو مانەوەی ئەو دەسەڵاتە. نەک گۆڕینی ئەو دەسەڵاتە. بۆیە نەوەی نوێ دەترسم ئێوەش لەناو ئەو بێ قودرەتیەدا.. جارێکی تر نەفسیەتی خەلک تێک بشکێنن.!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت