هۆشیارجەمال: ڕانانێک بۆ ڕۆمانی هەرەسی ژێرخانێک.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

عێراق بە درێژایی مێژوو سەر زەمینی ئازارەکانی مرۆڤ بووە، گەر سەیرێکی تۆماری ڕابردووی ئەم وڵاتە بکەین بۆمان دەردەکەوێت جگە لە گەلەکەی، پاشا و خەلیفە و سەرۆکەکانیشی زۆربەی کوژراون و دەسەڵاتدارانی دیکتاتۆر بوون. هەردەم هاوڵاتیانی لە ئازار و ئەشکەنجەدا بوون و لە دۆخێکی دەروونی سەخت و شڵەژاویدا ژیانیان بردۆتە سەر.
ڕۆمانی (هەرەسی ژێرخانێک) کە لە نووسینی ڕۆماننووسی عێراقی (نەوزات شەمدین)، وەرگێرانی (سەباح ئیسماعیل)ە. باس لە ژیانی خێزانێک دەکات لە سەردەمی حوکومڕانی حیزبی بەعسدا، بە دیاریکراوی لە کاتی جەنگی عێراق- ئێران دەستپێدەکات. باس لەسەختی ژیانی هاوڵاتیانی عێراق دەکات لەو کاتەدا بەدەست بڕیار و کردارەکانی سەدام حوسێنەوە.

کارەکتەری سەرەکی ڕۆمانەکە گەنجێکی خاوەن پێداویستی تایبەتە
بەناوی (سائیر) کە یەکەم بەرکەوتەی لەخوێندن و لە ژیانی ڕۆژانەی لە کۆمەڵگادا توشی شکستی دەکەن بەهۆی ئەوەی ناتوانێت بە زمانێکی پاراو قسە بکات، لە جیاتی ڕێزگرتن لەم گەنجەکە بە چاوێكی کەمەوە لەلایەن هاوڕێ و هاوتەمەنەکانیەوە سەیری دەکەن، کە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لە عێراق بە گشتی لە ڕابردوودا و لە ئێستاشدا پەروەردە کردنی مرۆڤ شکستی هێناوە، چ پەروردەی خێزانی بێت یاخود پەروەردەکردن لە ناوەندەکانی خوێندن.
پاشان دۆخی سەختی ژیانی لەو کاتەوە دەسپێدەکات کە (سائیر) کاتی سەربازی دێت و تاقانەی چەند خوشکێکە، بەناچاری دایکی لە ژێر زەمینی ماڵەکەیاندا دەیشارێتەوە بۆ ماوەی ( 12 ) ساڵ.
سائیر لە دۆخێکی سەختدا دەژی، هەموو ژیانی پر دەبێت لە وەسوەسە و خەیاڵ و دەرونێکی شێواو سەرباری ئەوەی ژیانی ناو ژێر زەمینەکە دەکات بە شوێنی کتێب خوێندنەوە خۆی دەگونجێنێت لەگەڵ ئەو بارودۆخە نوێیەی دروسبووە. بەڵام چارەسەری دۆخی دەروونی ئەم کەسە ناکات. ئەم ژیانە پر لە ئازارە ئاوێنەی ژیانی زۆربەی خەڵکی عێراقە لە زاخۆ وە تا بەسرە.
سائیر سەرباری ئەوەی لە ژێر زەمیندا ژیان دەباتە سەر، لەڕێگای ڕادیۆوە ئاگاداری ڕووداوەکانی دەرەوە دەبێت، هەر بۆیە بەردەوام لە ڕێگای خەیاڵەکانییەوە دەچێتە ناو ژیانی واقیعی و ئازارەکانی خەڵکی دەبینێت. کوژرانی باوک و براکەی، کچان و ژنانی وڵاتەکەی و ڕۆچوونی دەسەڵاتی بەعس لە ڕێگای پیاوەکانی بەعسەوە بۆ ناو خێزانەکان و تاک بە تاکی کۆمەڵگا.
دواجار ڕژێمی بەعس ڕوخا و سەدام لە ناوچوو، (سائیر)یش بەشێوەیەکی کاتی هاتە دەرەوە لە ژێر زەمینەکە، بەڵام بەهۆی گۆڕانی تەواوی هزریەوە نەیتوانی لە دەرەوە بژی و بەناچاری گەڕایەوە ناو ژێر زەمینەکەی و بڕیار دەدات لەوێ بژی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت