نەوزادی موهەندیس: لەکەیەوە خەڵکتان کردۆتە کۆیلە، کە بۆخۆیان بە ئازادى لەدایک بوون!

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مێژووى کۆیلایەتى زۆر دێرینە و دەگەڕێتەوە بۆ پێش زاین و پێش مێژووى نوسین ولەزۆرێک لە کەلتورەکاندا باوى هەبوە، دواى ئەوەى لە سەردەمى بەردینى نوێدا پێش 11 هەزار ساڵ کشتوکاڵ داهێنرا دیاردەى بە کۆیلەکردنى بە کۆمەڵ سەریهەڵدا لە ئیمپراتۆریەتە کۆنەکانى سۆمەر و میسر و چین و ئەکەد و ئاشور و بابل و ئێرانى کۆن و یۆنانى کۆن و هند و ئیمپراتۆریەتى ڕۆمانى و خەلافەتى عەرەبى ئیسلامى و سوڵتانەکان و هەروەها شارستانێتیەکانى پێش کۆلۆمبۆس لە دۆزینەوەى ئەمریکاکاندا.
بەم شێوەیە ئەوەى دەردەکەوێت کە لانکەى سەرهەڵدان و بڵاوبونەوە و گەشەکردنى کۆیلایەتى لە ڕۆژهەڵاتى دوور و نزیکدا بوە،پێش ئەوەى بگاتە ئەوروپا و ئەمریکاکان. جا کۆیلایەتیش لەکۆنداچەند شێوەیەکى هەبوە و لە ئێستاشدا هەیەتى وەک:کۆیلەى لە جیاتى قەرز وکۆیلەى سزا لەسەر تاوان و بەکۆیلەکردنى دیلى جەنگ و ئاوارەبوونى منداڵ و لەدایکبوونى منداڵى کۆیلە لە دایک وباوکێکى کۆیلە و جیوازى چینایەتى.
لەم سەردەمەى ئێستاشدا، کەسەردەمى پێشکەوتن و داهێنان و بەجیهانیبون و نەمانى سنورە دەستکردەکان و دروشمى بریقەدارى مافەکانى مرۆڤ بەرزکراوەتەوە، کەچى بەچەندین و بەدڕندانەترین شێواز مرۆڤەکان دەکرێنە کۆیلە و دەچەوسێنرێنەوە و ناچارى کارى قورسدەکرێن لەلایەن سەرمایەدار و کۆمپانیاکانەوە و تەنانەت تەکنیک و داهێنانیشى تیادا بەڕێوەدەچێت لەوانە:
* لە سیستەمى حوکمڕانی تاکڕەو و خۆسەپێنەکاندا یان سیستەمى شمولى و سەربازیەکاندا، ئەوا هەموو گەل و کۆمەڵگا دەکرێتە کۆیلەى سیاسەت و بەرنامە ى سەرکردە و دەزگا چەوسێنەرەکان و هەموان لە پێناو حەز و ویست و ئارەزوە کەسى و بنەماڵەیەکانى ئەواندا دەکرێنە کۆیلە.
* دیاردەکانى بەکۆیلەکردن و بە سوخرە گرتن و ئەنجامدانى کارى قورس و تاقەت پڕۆکێن لە زۆر شوێنى دونیادا پەیڕەو دەکرێن بەتایبەتیش لە کیشوەرى ئاسیا و ئەفریقیادا و هەژارى و بێدەرەتانى مرۆڤەکان دەقۆزنەوە بۆ بەرژەوەندى و دەسکەوتى ئابورى خۆیان.
* دیاردەى ئاوارەبوون و کۆچکردنى زۆرەملێ یان بە ئارەزو و ویستى مرۆڤەکان لەدونیاى دواکەوتووى باشورى دونیاوە بۆ دونیاى پێشکەوتوى باکورى زەوى شێوازێکى ترى کۆیلایەتیە و لەو پێناوە و بۆ گەیشتن بە بەهەشتەکەى سەر زەمین جۆرەها مامەڵەى کڕین و فرۆشتن بە مرۆڤەکانەوە دەکرێت.
* دیاردەى کۆیلایەتى خۆشى دەبینێتەوە لە بەکارهێنانى توندوتیژى و هەڕەشەکردن و بەکارهێنانى ژنان و کچانى گەورە و منداڵیش بۆ کارى سێکسى و ئاڵوگۆڕ و کڕین و مامەڵە پێوەکردن.
* دیاردەى کۆیلایەتى ،بڵاوبۆتەوە لەڕێگەى کڕین و فرۆشتن بە ئەندامەکانى لەشى مرۆڤەوە لەلایەن باند و گروپە مافیاکانەوە لەسەرتاسەرى جیهاندا و زۆرجاران لەڕێگەى فرتوفێڵ و فریودان یان نەخۆشى و یارمەتیدانیانەوە.
* کۆیلایەتى لەڕێگەى ڕفاندنى منداڵانى بێ دایک و باوک یان منداڵانى تر بۆتە دیاردەیەکى ترسناک لە جیهاندا.
* بەزۆر کردن بە چەکدار لەلایەن گروپە چەکدارە تیرۆریستى و توندڕەوى نەتەوەیى و ئاینى و مەزهەبیەکانەوە بۆ منداڵانى خوار تەمەن 18 ساڵ.
* کۆیلایەتى سیاسى و ئەمنى و ئابورى و کۆمەڵایەتى و حیزبایەتیش جۆرێکى ترن لە کردنى کۆیلەى مرۆڤە ئازادەکان. لەڕێگەى دیاردەى پاشگەزبونەوە لە بەڵێن و ڕێکەوتنەکان و بەڵێندانى درۆ و دەنگ و زیمەت کڕین و تەکەتولى ناڕەوا و تەزویرکردن و ساختەکارى لەهەڵبژاردنەکان و… هتد.
بەم شێوەیە کۆیلایەتى دیاردەیەکى مێژووکردى مرۆڤ تۆخکەرەوەى درێژخایەنە و تائێستاش بەردەوامى هەیە و هیچ یەکێک لە ئاین و مەزهەبەکان بەتەواوەتى ڕەتیان نەکردۆتەوە و نەیانتوانیوە ڕێگەى لێبگرن و قەدەغەى بکەن. بەداخەوە شارستانێتى مرۆڤایەتى بە ئارەق و بە ماندووبوون و خوێن و فرمێسکى کۆیلەکان دروستبون و مرۆڤایەتى ئێستا قەرزاربارى کۆیلەکانە بەهەموو جۆرەکانیەوە.
کۆیلەکردن یان کۆیلایەتى بەکورتى بریتیە لە بەکارهێنانى توانا و هێزى جەستەیى و فکرى مرۆڤە ئازادەکان و لێسەندنەوەى ئیڕادە و ویستە ئازادەکانیان و بەکارهێنانیان بۆ بەرژەوەندى سەرکردە و بنەماڵە و کۆمپانیا و حیزب و گروپ و مافیاکان.چەوساندنەوە و بەکارهێنانى توندوتیژى و برسیکردن و هەژارخستن و دواکوتوویى و نەخوێندەوارى و نەخۆشى و داگیرکارى و جەنگە ناوخۆیى و نێودەوڵەتیەکانیش ئامڕازێکن بۆ بەکۆیلەکردن .
ئەوەتا ڕێکخراوێکى تیرۆریستى وەکو داعش بەئاشکرا و لەبەرچاوى هەموو مرۆڤایەتیدا، دەزگاى کۆیلایەتى دامەزراندوە لەساڵى 2015دا و نرخى بۆ مرۆڤە ئازادەکان داناوە بۆ مامەڵەپێوەکردنیان دواى گرتنیان بەدیل لەجەنگە ناڕەواو سەپێنراوەکاندا بەم شێوەیەى لاى خوارەوە:
* منداڵانى تەمەن 1-9 ساڵان بە 200 هەزار دینار
* ژن و منداڵ تەمەن 10-20ساڵان بە 150 هەزار دینار
* ژنان لە 20-30 ساڵان بە 100هەزار دینار
* ژنانى تەمەن 30-40ساڵان بە 75هەزار دینار
* ژنانى تەمەن 40-50 ساڵان بە 50هەزار دینار
* لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک دیل لەبەرامبەر چەند پاکەت جگەرەیەکدا فرۆشراون
* وەک ڕاگەیەنراویشە کە زۆرێک لە ژنەکان بەوڵاتى سعودیە و وڵاتانى ترى کەنداو و تورکیا فرۆشراون.
* لە ڕێکەوتى 2/12/2019دا کە ڕۆژى (( ڕەتکردنەوەى کۆیلایەتیە)) کە نەتەوە یەکگرتوەکان واژۆى ڕێکەوتنى قەدەغەکردنى بازرگانى بە مرۆڤەکان وبەکارهێنانى کەسانى تر بۆ کارى جنسى کردوە، کە لە 2/12/1949دا دەرچوە.لەلایەن ڕێکخراوى کارى نێودەوڵەتیەوە لەیادى 71ساڵەى ئەو ڕێکەوتنەدا ئامارێک بڵاوکراوەتەوە و ئاشکراى کردوە کە 40 ملیۆن مرۆڤ لەهەموو جیهاندا بونەتە قوربانى((بەکۆیلەکردنى نوێ))کە ژنان و منداڵان ڕێژەى 71% لەو ژمارەیە پێکدێنن.
جا تاکو دیاردەى کۆیلایەتى بەهەموو جۆرەکانیەوە لە شارستانێتى و کۆمەڵگا مرۆڤایەتیەکاندا باووبرەوى هەبێت و دەسکەوتى سیاسى و ئابورى و ئەمنى لێوە دەستبکەوێت ئەوا نە مرۆڤایەتى ئازاد و نە کۆمەڵگاکان ئازاد دەبن.لەکاتێکدا کە پەروەردەگار هەموو مرۆڤەکانى بە ئازادى ئەفراندوە بۆئەوەى بە ئازادى بژین و بەئازاى بیربکەنەوە و بەئازادیش مافەکانى خۆیان و چارەنوسیشیان دیاریبکەن.نەک بۆئەوەى ببنە کۆیلەى مرۆڤەکان. یەکێک لە بنەماو بیروباوەڕە مرۆڤدۆستەکان بریتیە لە نەهێشتنى دیاردەکانى چەوساندنەوەى مرۆڤ لەلایەن براى مرۆڤیەوە بەهۆى جیاوازى چینایەتى یان نەتەوەیى یان ئاینى و مەزهەبى یان ڕەنگ و ڕوخساریەوە.
بەڵام بەداخەوە لەم ڕۆژگارەى ئێستاماندا زۆرێک لەمرۆڤەکان بەویستى خۆیان ،خۆیان دەکەنە کۆیلەى پلە وپۆست و ئیمتیازات و ملکەچى نواندن بۆ هەندێک کەس و سەرکردە کە هیچیان لەوان زیاتر نیە جگە لە فرتوفێڵ و ساختەکارى و دزینى سەروەت و سامان و گەندەڵى و قۆرخکارى و خۆسەپاندن بەزەبرى هێزى مادى و مەعنەوى،بەهەڵفریواندن بە بەڵێن و پارە و پێدانى پلەو پۆست،بەڵام لەناوەڕۆکدا سەندنەوەى هەموو بڕیار و ویستە ئازادەکانێتى و بەکارهێنانێتى بۆ بەرژەوەندیەکانى خۆى.
بەداخەوە کۆیلەیەکى زەمەنە دێرینەکانى پێش زاین هیچ جیاوازیەکیان نیە لە کۆیلەیەکى سەدەى بیست ویەکى ئێستا،بەهەمان شێوەش چەوسێنەرێکى ئەو زەمانە ڕابوردوە ڕەش و نامرۆڤانانەى پێشوو هیچیان جیاوازى نیە لە چەوسێنەرەکانى ئەم سەردەمەى کە بەناو مافەکانى مرۆڤ و ژنان و دروشمەکانى یەکسانى ڕەگەزى و هاوڵاتیبون و سەروەربونى یاسایان تیادا بەرزکراوەتەوە،جگە لەوەى کە تەنها ئامڕاز و هۆکار و میکانیزمى بەکۆیلەگرتن و چەوساندنەوەکان گۆڕاون یان ناو و جێگە و زەمەنەکانیان گۆڕاون.
ئەوەى جێگەى تێڕامانە زۆرێک لەو چەوساوانەى قۆناغەکانى ڕابووردوو،دواتر کە بەشێوەیەک لە شێوەکان دەبنە دەسەڵاتدار یان سەرمایەدار بەهەمان شێوازى چەوسێنەرەکانى خۆیان و خراپتریش دەکەونە چەوسانەوە و بەکۆیلەکردنى مرۆڤەکانى برایان و ئیدى بەم شێوەیە ڕەوڕەوەى کۆیلایەتى بەردەوام بونى هەیە و دەبێت تا مرۆڤەکان بمێنن.جا لەم جۆرەدا شۆڕشگێڕەکان لە پێشەوەى هەموان دێن و کە تادوێنێ خەباتیان دژى چەوسانەوە و زوڵم و زۆر وکۆیلایەتى دەکرد دواى سەرکەوتن و دەسەڵاتگرتنە دەست ئەوکات خۆیان دەبنە چەوسێنەر و مرۆڤەکان دەکەنە کۆیلە.
بۆیە بۆئەوەى کۆمەڵگایەکى مرۆڤایەتى خاوێن و دوور لەکۆیلەبوون پێکەوەبنرێت دەبێت هەمیشە ئەو وتەیە لەگوێماندا بزرنگێتەوە و بەڕووى زاڵم و چەوسێنەر و سەرکردە و کۆمپانیا و سەرمایەدار و گروپە مافیاکاندا و لێپرسراوە گەندەلەکاندا بەرزبکرێتەوە کە گوتراوە ((ئەرێ کەى مرۆڤەکانتان کردونەتە کۆیلە لەکاتێکدا بە ئازادانە لەدایک بوون))،چونکە مرۆڤى کۆیلە تەنها بونەوەرێکى جوڵاوى ئیشکەرى بێ بەخشش و دوور لەداهێنانە و تەنها وەکو ڕۆبۆتێک دەجوڵێنرێت و هەرکاتیش نەخۆشکەوت و پیربوو یان توانا و وزەى کارکردنى نەما ئەوا بەئاسانى لەناو دەبرێت و لەکۆڵدەکرێتەوە،جا تا پەڵەى ڕەشى کۆیلایەتى لەتەوێڵى مرۆڤایەتى نەسڕێتەوە ئەوا هەرگیز کۆمەڵگایەکى ئازاد و پڕ بەرهەم و بەخشش نایەتە کایەوە و شەرمەزاریش ڕووى تەواوى مرۆڤایەتى بەرنادات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت