سامانی وەستا بەکر: ڕەوشت سەرچاوەیە نەک یاسا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کاتێ سەرۆکی گەورەترین دەزگا شەرعیەکانی وڵات دەوڵەمەنترین خەڵکانی ناو کۆمەڵگەبن ئەوە ئەوە ئەگەیەنێ کە دەستپیسی و دزی لەسەرەوە بۆ خوارەوە کشاوە و ئیتر ناتوانرێ چاوەڕوانی زۆر لەو دەزگا شەرعیانە بکەی.
هیچ شتێک وەک خۆی خراپ نیە، بەڵکو  بەکاربەرەکەی خراپ بەکاری ئەهێنێ، واتە خود خۆی لەخۆیا چاکە بەڵکو بەفەرمانی بکەر ڕەوشتی باش و خراپ دیاری ئەکرێ، هەڵبەتە لە کۆمەڵگەی ئێمە لە دوای ساڵی 1991وە ئەم سەرەتا سادەیە تێکچووە یان ڕاستر بڵێین تێکدراوە.
بێ ڕەوشت ناتوانێ دژی بەد ڕەوشتی ببێتەوە، بەڵام ئەتوانێ لە پشت بێ ڕەوشتێکەوە بێت بۆ سەرخستنی بەد ڕەوشتی، بەو جۆرەش ئەو کەسە دووجار بێ ڕەوشتە، ئەمەش جۆرێکە لەو مۆدێلەی ئێستا کاری پێئەکرێ کە بێ ڕەوشتەکان بۆ مانەوەو سەرکەوتن بەد ڕەوشتەکان ئەکەنە ڕاوێژکارو دەمڕاست.
سەرکەوتن و ناوبانگ چەن لە ڕێی بێ ڕەوشتی و کاری خراپەوە بە خێرایی پێی بگەیت هەر بەهەمان خێرایش ئەیدۆڕێنرێ.
واتە باش و خراپ هەر بە ڕەوشت دیاری ئەکرێ، کە ڕەوشت بەرز و باڵا بوو هەموو ئەوانەی لە دایک ئەبن و بەرهەم ئەهێنرێن ڕوپۆشکرا و ناوەرۆکی جوانی ڕەوشت ئەبن،  پێچەوانەکەشی راستە.
‎ئەکرێت کۆمەڵگە بەبێ یاسا بەڕێوە بچێت بەڵام بەبێ ڕەوشت بەڕێوە ناچێت، واتە ڕەوشت ڕاگری کۆمەڵگەیە نەک یاسا چونکە سەرەتا و سەرچاوە و چاوگ بۆ یاسا ڕەوشتە، بەڵام پێچەوانەکەی هەڵەیە واتە یاسای زۆرو باش ناتوانێ کۆمەڵگەیەکی بە ڕەوشت بەرهەمبێنێ چونکە ڕەوشتی کۆمەڵگە بڕیاردەرە چۆن یاساکە بەکارئەهێنێ.
پەروەردەی کۆمەڵگە بەسیاسی بەڕەوشت ئەکرێت، بە سیستمی بە ڕەوشت ئەکرێت، کە سیستم و دەسەڵات خۆی بێ ڕەوشت بوو  ئیتر ڕەوشتی پەروەردەیی ون ئەبێت، ئەوانە یەنە ناوەوە کە خۆپیشاندەران ئەکوژن، ڕەخنە گران ئەکوژن، شەق لەمامۆستا ئەیەن، کچی حەوت ساڵ لاقە ئەکەن، بە ئارەزوی دڵیان دزی و تاڵانی ئەکەن.
‎کە ڕەوشت نەبوو ویژدان نابێت حاکم و دەسەڵاتدارەکانیش بێ ویژدان دەبن، کە ڕەوشتت نەبوو بەها نامێنێت، کە بەها نەما ژیانی شکۆمەندانە نامێنێت، سەرسەری و چەتەو شەقاوە و بێ ڕەوشت و دز دەبن بەهەموو شتێک، یاساش بۆخۆی بەشێک ئەبێت لە پارێزەری ئەو چەتانە.
هەرێمی کوردستان نمونەیەکە لە بڵاوبوونەوەی بێ ڕەوشتی سیاسی، بێ ڕەوشتی ئابوری، بێ ڕەوشتی کۆمەڵایەتی، بێ ڕەوشتی سەربازی، بێ ڕەوشتی داد و دادوەری، بێ ڕەوشتی پەروەردەیی، بێ ڕەوشتی مێدیایی، بێ ڕەوشتی پەرلەمانی، بێ ڕەوشتی حکومەت و حکومڕانی و… هتد.
‎بۆیە ڕەوشت گرنگە بۆ پێش خستن و گەشەی کۆمەڵگە،  کۆمەڵگەی بە ڕەوشت کۆمەڵگەیەکی تەندروستە، پەروەردەی دروست بناغەی کۆمەڵگەی ئەخلاقیە، سیاسەت و ڕەوشت گرێدراوی یەکن.
لە سەردەمی ئەم چینە حوكمڕانەی كوردستان بێ ڕەوشتی لە ئاستێکا بەرجەستە ئەکرێ کە ڕەوشت و پێچەوانەکەیان لە کۆمەڵگە شێواندووە و بێ ڕەوشتی لە هەموو ئاستێکا پیادە ئەکەن، بۆیە لێرەوە هەندێک سەمەرە بە چەند نمونەیەک باسی ئەکەم.
ئەمان هاتن مۆدێلێك لە دوو بەرەكایەتی بڵاوكەنەوە بۆ دوورخستنەوەو دابڕانی ئەوەی كە پێی ئەوترێ زۆنی زەرد و سەوز كە ئەگەر زۆر بە ووردبین نەبی ھەستی پێناكەی كە ئەویش لە شێوازی بەكارھێنانی دەستەواژەو پیتەكانن، بۆ نمونە بەكارھێنانی پیتەكان، لە پیتی كوردی ئارامییا ھەردوو پیتی (“و” وە “وو”) بوونی ھەیە، بۆ نمونە ئەو ڕاگەیاندن و مێدیایەی سەر بە زۆنی زەردن ئەنوسن (بوو، دوو، چوو كە ئەمانە ڕەوان و ڕاستن واتە پیتی “وو” بەكارئەھێن وە ھەندێك جار زیادە ڕۆی تیائەكەن و لەبری “ڕوناك ئەنوسن ڕووناك وە لەبری سنور ئەنوسن سنوور”).
ھەرچی ئەو مێدیایەی سەر بە زۆنی سەوزن بۆ نمونە ئەنوسن (بو، دو، چو) كە ئەمە ھەڵەیەو ئەو ووشەو ڕاناوانە بە پیتی “وو” ئەنوسرێن، یان لایەكیان ئەنوسێ نموونە یان میژوو، كەچی ئەوتریان ئەنوسێ نمونە یان مێژو، كە ئەمەش سەرلێشێوانێكی زۆر بەدوای خۆیا ئەھێنێ و مناڵ و فێرخواز ئەخاتە سەر ڕێیەكی دووبەرەكی و ناراست، ئەمە لە كاتێكا كە ئەبوو كاری یەكەمی حوكمڕانی كورد لەدوای ساڵی 1991وە كاركردن بووایە بۆ زمانێكی یەكگرتوو ھاوبەش و لایەنی كەم ھەر ھیچ نەبێ زمانێكی نوسینی ھاوبەش، ئەگەرچی پێش ھاتنی ئەمان تا ئاستێك ئەو زمانی نوسینی ھاوبەشە ھەبوو كە زۆری ئەو كارەش ئەگەڕێتەوە بۆ كتێبی ئەلف و بێی كوردی مامۆستا ئیبراھیم باڵدار بەڵام  ئەمان ئەوەشیان تێك و پێك شكان، مەخابن زۆرێک لە مێدیا و مێدیاکاران بێ ئەوەی سەر بەیەکێک لەم دوو زۆنەبن بەڵام بەو شێوەیە ئەنوس بە جۆرێک بارگاوی بوون دوو کەس لە یەک ڕۆژنامە بێت و دەستەواژەکان وەک یەک بەکارناهێنن و پیتەکان بەپێی مەزاجی کەسی بەکارئەهێنن!
لەو مۆدێلی بەرێوەبردنەی كە ئۆجەلان سەرسام بووە پێی و لەدوای ماری بوچین بیرمەندی ئەمەریکی گەشەی پێیاوە ھاوسەرۆكی وەك مۆدێلێكی بەڕێوەبردنی نێوان ھەردوو ڕەگەزی مێ و نێر داڕشتووە بۆ ھاوسەنگی دابەشكردنی دەسەڵات لەنێوان دوو ڕەگەزی ھاوسەنگی پێكھێنەری كۆمەڵگە، بەشێوەیەكی دادپەروەرو ھاوسەنگ تا ئاستێك كە لە ھەموو ئەو حیزب و لایەنانەی كە نزیكن لە پارتی كرێكارانی كوردستانەوە ئەو مۆدێلە شۆڕبۆتەوە لەسەرەوەبۆ خوارەوە،  لە ھەندێك شوێنیشا ئەگەر دەستەی پێكھێنەری دەزگایەكی دیاریكراو ژمارەكەی نۆ كەس بێت بۆ نمونە، ئەوا پێنچ مێ و چوار نێر ھەڵەبژێرن، مەخابن لە ھەرێمی كوردستان بۆ شكاندنی ھەندێ باڵ و ڕاگرتنی ھاوسەنگی دوو باڵیتر ئەو سیستمە بەڕێوەبردنە ھاوسەنگەیان تێك و پێك شكان و دوو ڕەگەزی نێریان بۆ ھاوسەرۆكی دەستنیشان كرد بەمەش بێ ڕەوشتییەکی زۆریان کرد بەرامبەر تێزێک لە داهێنان کە ئەکرێ لە داهاتووا وەک جۆرێک لە سیستمی بەڕێوەیردنی دەسەڵاتی کورد لە کوردستانا بناسرێ.
ھاتن لەبری دەستاودەستكردنی دەسەڵات دەسەڵاتیان لەنێوان خۆیانا دابەشكرد و لەناو خۆشیانا بۆ كوتلە دەسەڵاتدارەكان و دواتر بۆ باڵێکی دیاریکراو و لەناو باڵەکەشا بۆ بنەماڵەیەک و لە وێشەوە بۆ خێزانێک و لە ناو خێزانێکیشەوە بۆ باوک و کوڕ و ئاموزا بەو واتایەی سیستمی بەڕوەبردن و دەستاودەستکردنی دەسەڵاتیان کرد بە پشتاوپشتی دەسەڵات.
ئەمان هاتن لەبری دابینكردنی ئاسایش ھاتن بۆ ھاوڵاتیان ھاتن كۆمپانیای ئاسایشیان بۆ خۆیان دامەزراند و بەسەر باڕو ڕێستاوڕانت و ھۆتێل و كۆمپانیا بازرگانی و شوێنە گشتیەكانا ئەیسەپێنن بۆ بەدەستھێنانی زۆر قازانج.
لەبری بازاڕی ئازاد ھیچ ئازادیەكی بازرگانیان بۆ بزنسمانی بێ لایەن و خاوەن كار نەھێشتەوەو كۆی بازرگانی وڵاتیان لە دەرزیەكەوە بۆ نەوت و گەشتیاری و ئاسمان و ڕێسمانیان خستە ژێر كۆنترۆلی خۆیانەوەو بازاڕیان پڕكرد لە كاڵای خراپ و بەسەرچوو و لەگەڵ داو دەرمانی بێ كەڵك و گەچی سپی لەبری چارەسەری پێویست بۆ چاكبوونەوەی كەسی تووش بووی نەخۆش و كاڵای بێ كوالێتی و ھەڵگری چەندین نەخۆشی.
هاتن بە دامەزراندنی چەندین مێدیای سێبەرو ئاڕاستەکراو مێشکی خەڵکیان وا جەجاڵ کرد کە نەک هەر عەوام و خەڵکی سادە بەڵکو سەریان لە ڕۆشنبیر و بیرمەندانیش شێوان، لەوەش ناشرینترو چەپەڵتر کۆی ئەو مێدیا حیزبی و سێبەرو ئاڕاستەکراوانە بە پارەی دزراوی دەوڵەت بەڕێوەئەبەن، تاکە مەبەستیش لێی مانەوەی خۆیانە بێ ئەوەی هیچ جۆرە پەروەردەیکی دروست لەبەرژەوەندی کۆمەڵگە بڵاوکەنەوە، بەڵکو غەزوی مێشک و عەقڵ و بیرو بۆچوون و کلتور و کەرامەت و باوەڕ و ویژدان و هەست و مرۆڤایەتی و فەرهەنگ و فەرمانمان ئەکەن.
هاتن لەبری ئەوەی ڕێگاو جادەی ستراتیژی گرنگ دروستکەن و ناوچەکان پێکەوە ببەستنەوەو ژیانی خەڵکی لە مردن بپارێزن هەستان بەدروستکردنی باشترین ڕێگا بۆ ئەو ناوچانەی خۆیان لێی ئەژین و سەرڕێی خۆیانە.
لەبری چاكسازی لە سیستمی پەروەردە و پاكردنەوەی لەو خەوشەی چەندین ساڵە مێشكی خوێندكاری كوردی پێ ژەھراوی ئەكرێ، كەچی ھاتن زیاد لە سی زانكۆیان لەژێر ناوی جیاجیا دامەزران كە تەنھا چەندانەیەكیان كە لە ژمارەكانی یەك دەست تێناپەڕێ زانستی كارەكەن و تا ئاستێك پەروەردەیەكی دروست بڵاوەكەنەوە ئەگەرنا ئەوانیتر نەك ھەر پەروەردەی دروست بڵاوناكەنەوە بەڵكو ھیچ داھێنانێكیشیا نەك نیە بگرە كاركردنیان لەبەرژەوەندی دوژمنانی كورد و زاڵ كردنی زمانی وڵاتێكی دیاری كراو و بڵاوكردنەوەی كلتورو فەرھەنگی ولاتانی داگیركەرن و لەوەش تێپەرێ مەبەست لە كردنەوەی ئەو ھەموو زانكۆیە تەنھا بازرگانیە و زانست لەوێ غیابە.
زانكۆ واتە توێژینەوە و داھێنانی زانستی و شیكاری كردن بۆ زۆربەی بابەتەكان، كە لەو ڕێیەوە كۆمەڵگە بەرەو پێش و ھۆشیار ئەڕوات،  بەڵام ئەو ناوچانەی كە زانكۆیان تیا كراوەتەوە ئاستی ڕۆشنبیری خەڵكەی بەبەراورد بە ڕابردوو نەك ھەر بەرەو پێش نەچوون و بەڵكو ئاستی ڕۆشنیری خەڵكەكەی لە پاشەكشەشدایە!
کارەکانی حکومەت و سیستمی بەڕێوەبردنی وڵات هێندە بەد ڕەوشتی تیا ئەکرێ لەلایەن دەستەیەکی بێ ڕەوشتەوە، کە لە ئێستایا لەسەردەمی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ترس و لەرزی خەڵك ھێندەی لە بێ متمانەییە لە حكومەت كە لەوانەیە لە كاتی تووش بوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا بە ئەركی سەرشانی خۆی ھەڵنەسێ ھێندە ترسی لە خودی ڤایرۆسركە نیە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت