نوری کەریم: نوسەرو بنوس و لافاوی رشانەوەی چاپخانەکان/ بەشی دووەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەمە وەنەبێت هەر لە کورد و بەشێک لە نوسەرانی کورد ڕوویدابێت، نەخێر لەنێو گەلانی دیکەشدا زۆرن. هەر بۆنمونە: شاعیری گەورەی عەرەب و بەرگریی فەلەستان(فەلەستین)، مەحمود دەروێش، وشەکانی لە گولـلە کوشندەتر بون بۆ جولەکە و دەوڵەتی ئیسرائیل. بەڵام دڵدارەکەشی کچێکی جولەکە بوو! گەورە نوسەری فەرەنسا، جان جاک رۆسۆ لە کتێبەکانیدا بایەخێکی زۆری دەدا بە پەروەردە، بەڵام منداڵەکانی خۆی بۆ پەروەردە نەکرا و ناردنی بۆ نەوای هەتیوان – بێباوکان!
کۆمەڵێکی دیکەش بنوس هەن هەمو ئەرکەکەیان بریتییە لە دروشمی قەبەو وتنەوەی توتی ئاسا و جوینەوەی چەند رستەو دەستەوشەیەکی سەرنجراکێشی بێناوەڕۆک، کە نزیکەی پەنجا ساڵێک دەبێت بەسەرزاری کۆمەڵێک لاوانی سەرگەرمی سەربە ناسیۆنالیزمی کوردەوەیە و هەتا ئێستاش کۆمەڵەیەک یا رێکخراوێکی بۆ هەڵنەپێچراوە بتوانێت ئامانجە نزیک و دورەکانی بکاتە بەرنامە و لەقاڵبێکی فەلسەفی ئایدیۆلۆژیدا بەرجەستەی بکات و، چل پەنجا ئەندامی ئەکتیڤ رێکبخات و بیانخاتەگەڕ بۆ کارکردن لە پێناو دامەزراندنی رێکخراوێکی سیاسی بۆ جۆشدانی جەماوەر و ئاڕاستەکردنیان بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجانە. بەمەرجێک بەردەوام هەنگاو بنێت نەک هەر لەشوێنی خۆیدا تەپەتەپ بکات! هەرنەبێت مژدەی بەرەوپێش چون و سەرکەوتنێکی پێوەدیار بێت. ئەگەر نا، هەر دەنگی هەبێت و رەنگی نەبێت، ئەوە نەک لەجێی نەبوانە، بەڵکو نەبونی باشترە. لەو نمونەیەشمان هەیە و زۆرێک لەهەرە دڵسۆزەکانی گەل و وڵات هەمو تەمەنی خۆیان خستە قەبەڵی و سەرەنجامیش مایەپۆچ دەرچون. لەو مەیانی سیاسەت و سیاسەتبازی یەدا، سێ لایەن : پارتی کۆمۆنیستی عێراق، کۆمەڵەی ئازادی و ژیانەوە ویەکێتی کورد(کاژیک) و پارتی سۆسیالیستی کورد(پاسۆک) مایەپوچ مانەوە و وەک کۆتایی چیرۆکەکانی گوێ ئاگردان (منیش هاتمەوە هیچیان نەدامێ).
کرۆکی باسەکە، نوسەر و بنوس بو، جاهەندێک لەو بنوسانە تەنانەت کوردیش نازانن و لە جیاتی (میرولە )دەنوسێت مێلورە، لە جێگەی مولولە/ ملولە، لەجێگەی قەیدیی نییە – قەیناکا دەنوسێت قەینا، لەبری بەڵکو/ بەشکم بەکاردەبات. هەندێ نمونەی دیکاش دەخەمە بەرچاو، ئەوەی نێوان جوت کەوانە گەورەکان، راستکردنەوەی هەڵەو شێواندنەکانە.
بێژەرێک جیاوازی نێوان شەقام و شەقاو ناکات، دەفەرموێ: چەند شەقامێک لەولاترەوە!. یەکێکی دیکەش لەبری تانک دەڵێت تانکەر!
نەخۆشخانەی گشتی(سەفین) ی تایبەتی! عێراق لەسەر درگای جەنگێکی نوێیە {وەرگێڕانێکی وشە بە وشەی(العراق علی ابواب حرب جدیدە).
درامایەکی دۆبلاژکراو: ئەو ئاگرەی کردوتە بەیاری دەتسوتێنێ {یاری بە ئاگر مەکە}.
ئەو ژمارەیەی ماوەی ژیانی لەناو مۆساد دا{ژمارەی صالانی ژیانی لە ناو مۆساد دا}.
لەو نامەیە شت لە خۆگرتووە گەیشت! {لەو نامەیە تێگەیشت کە زۆر شتی گرنگی تێدابو}.
وێنەیەکی ئەدهەم بارزانی کە وێنەیەکی خومەینی بەخۆیەوە هەڵواسیوە.{وێنەیەکی خومەینی کردووە بە بەرۆکیدا}.
شانۆکردن بە تەرمەکان{سوکایەتیکردن بە تەرمەکان}.
دار ترێ { مێو، دارمێو}.
بوێرێکی بێکۆتایی{ئەوپەڕی بوێریی}.
گواستنەوەی دانیشتنەکانی دادگا بەزیندویی{ راستاوخۆ}.
خانەو ئێزگە(دارالاذاعە) {ئێستگەی رادیۆ}.
فەرمانگەی چاکسازی سەید صادق/صیانە{چاککردنەوە و بەردەوامیپێدان}.
هاوڕێیەکم گوێی لە رووداوەکە بوو!{ روداوەکەی بینی}.
چی سەربار دەکەیت؟ {چی دەخەیتە سەر؟}.
ئەمڕۆ لەباشوری کوردستان ژمارەی نوسەر و بنوس و قەڵەم بەدەست و قەڵەمباز و قەڵەموەشێن و ئەهلی قەڵەم، ئەوەندە زۆرە دەتوانین بڵێین ژمارەی چاپەمەنییەکان : رۆژنامە، هەفتەنامە، مانگنامە، وەرزنامە، گۆڤار،کتێب، کتێبۆڵکە، بڵاوکراوە و بڵاوکراوە ئەلکترۆنی یەکان هێندە زۆرن. گەربێتو بەراوردێک لەنێوان لافاوی چاپەمەنی یەکان و ژمارەی نوسەران و بنوسەکاندا بکەین، ئەنجامێکی سەیر دەردەچێت. ئاخۆ ئێمە لە باشور چەند نوسەرمان هەیە، کە بەمانای وشەکە، نوسەر بن و بەبەرهەمەکانیان کەلێنێکیان لەو هەمو کەلوکونەی ژیانی کوردەواریدا پڕکردبێتەوە لەبوارەکانی زانست و تەکنۆلۆژیا، دیرۆک، جوگرافیا، کۆمەڵایەتیی، هونەر، پەروەردەو پەروەردەی منداڵ، دەرونناسیی و… هتد. هەرچۆنێک ژمارەیان بخەمڵێنین دەبینین ژمارەی چاپکراوەکان لەسەرو ژمارەی نوسەرانەوەن. کەچی رێژەی خوێنەر لەسەدا یەک کەمترە(0،79٪)!دەی کەوابێت بۆ کێ و لەپێناو چیدا دەنوسین؟
وەک دەزانین نوسەر و بنوس و قەڵەم بەدەستەکانیش لە ئاستەکانی بەهرەو هونەریی نوسین و ئەزمونگەریی خۆیان و خزمەتکردن و بەرهەمی بەکەڵکدا کە شایانی خوێندنەوە بێت لە چەندین ئاستی جیاوازدان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت