پشکۆ ئەمین: پەناهەندە بۆتە چەکی دەستی ئەردۆگان.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەردوگان پەناهەندەی کردۆتە چەک و دژی ئەورپا بەکاریان دەهێنێت، بەمە پارە و هاوکاری سەربازیان لێدەستێنێت. هەر رۆژە داوای شتێک و پەڵپ و بیانویەکیان پێدەگرێت. ئەوروپیەکان باش لە تورکیا تیگەیشتوون، بەڵام ناچارن کاتێک تورکیا باس لە پەناهەندە دەکات، لەرزیان لێدێت و دەترسێن لە دووبارە بوونەوەی لێشاوی هاتنی پەناهەندە وەک 2016.
تورکیا نزیکەی 4 ملێون پەناهەندەی سوری لە سەرەتای شەڕی سوریاوە لە وڵاتەکەیدا راگرتوە، خۆی کردۆتە دەمراستی ئۆپۆزسێۆنە ئیسلامیەکەی سوریا و لە دژی کورد و دژی رژیمەکەی ئەسەدیش شەڕیان پێدەکات و بەکاریان دەهێنێت.
لە ساڵی 2016 دا تورکیا ریکەوتنیکی لەگەڵ یەکیەتی ئەوروپادا دەربارەی پەناهەندە کردوە بەڵام هەر رۆژە بە بیانویەک هەرەشەی دەرگا کردنەوە دەکات، گەرچی تورکیا هەتا ئێستا هەربەدەم دەیوت دەرگاکان دەکەمەوە، ئێستا وا بەئاشکرا دەرگاکانی کردۆتەوە و بە پەناهەندەکانی وتوە: ئەوروپا دەرگای وەرگرتنی پەناهەندەی کردۆتەوە، میتی تورکی ـMIT – پەناهەندەی ئێراقی و سوری و ئەفغانی و ئەفریقی سواری شاحینە دەکات و بە خۆرایی دەیانێرێتە سەر سنوورەکانی یۆنان و بۆڵگاریا تا لەوێوە خۆیان بکەن بەناو ئەو دوو وڵاتە ئەوروپیەدا و لەوێوە بپەرێنەوە بۆ ئەوروپا،
لەسەر سنوری یۆنان شەڕە لەنێوان زیاتر لە 30000 پەناهەندە و پۆلیسی یونانیدا،
پەناهەندە بە بەرد و پۆلیس بە گازی فرمێسکڕێژ، رێگری دەکەن لە پەڕینەوەیان بۆ ناو سنوری یۆنان.
چوار رۆژە تا ئەمڕۆ نەیان توانیوە لە سنوور بپەڕێنەوە، لەباریکی زۆر خراپدان،سەرما و باران، بێخواردن و خواردنەوە، بێجیگەی نوستن و دانیشتن لەناو دوکەڵی گازی فرمێسکرێژدا، ژن و منداڵ و گەنج دەیانەوێت بپەڕێنەوە بەڵام تا ئێستا بێهوودە بوە،
دەنگێک هەیە کە دەڵێن: میتی تورکی قومبەلەی گازی داوەتە پەناهەندەکان یاخود خۆی تیکەڵی پەناهندە کردبێت و دژ بە پۆلیسی یونانی بیتەقێنێت، دوێنی خاتوو میرکڵی کانسلەری ئەڵمانیا وتی: ئەو رێگەیەی ئەردوگان گرتویەتیەبەر هیچ قابیلی قبوڵ نیە، نابێت لە سەر شان و گیانی پەناهەندە پەنا بۆ جێبەجێکردنی مەرامی سیاسیی خۆت ببەیت.
ئێستا پەناهەندەکانی سەرسنووری یۆنان و تورکیا لە کۆڵانێکدان دەرچوونیان نیە، هەر دوێنی میرکل تەلەفونی بۆ ئەردۆگان کرد و پەیمانی هاوکاری کردنی زیاتری پێدا.
رۆژنامەی پارتی ئۆپۆزسێۆنی تورکی دەڵێت کە ئەردۆگان لە کۆبونەوەی پەرلەمەنتارانی پارتەکەیدا لە کۆشکی دۆلما باهسی لە ئەستەمبوڵ کە 26 دەقیقە خوتبەی بۆدان٫خوتبەکەی زۆر لاوازبوو،کومەڵێک قسەی بێمانا و هیچوپووچ بوو و شتی ساڵانی 2013ی دەڕێسایەوە، لە میانەی خوتبەکەیدا ئەردوگان بە پەرلەمەنتارەکان دەڵێت: دوێنێ شەو تەلەفونم لەگەڵ ترەمپ کرد، ترەمپ لێی پرسیم: پۆتین چی دەکات لە سوریا؟
منیش بەپێکەنینەوە پێم وت: نەوتی دەوێت لە قامشلی، وتی: بۆ لێیەتی؟ وتم: بەڵی بەس وەک دیرەزور زۆر نیە، بەپێکەنینەوە دەڵێت: ئێوە دەزانن کە ترەمپ حەزی لەم نوکتانەیە، پەرلەمەنتارەکانیش پێدەکەنین و چەپڵە لێدەدەن، ئەم بڕگەی وتار و قسانەی ئەردۆغان بووە بە مایەی گاڵتەجاری و مەخسەرە، لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکانی تورکیادا لێدەدرێتەوە و گاڵتەی پێدەکردێت، وەک گاڵتە پێکردنێک، دەپرسن: بەچی پێدەکەنیت ئەردوگان؟ لە شەوی شەممەدا زیاتر لە 200000 کەس هەشتاگی:# NeGülüyorsunErdoğan بەچی پێدەکەنیت ئەردوگانیان بڵاو کردەوە، خەڵک لاشەی کوڕی کوژراوی بۆ دێتەوە و ئەردوگان و پەرلەمەنتارانی حیزبەکەی پێدەکەنین، باشە گەر بیلالی کوڕی یان زاواکەی لەناو کوژراوەکاندا بوایە ئایا ئەردوگان هەر پێدەکەنی؟
ئەردۆگان تووشی ترسی فۆبیای کوردی بووە، بۆیە لەگەڵ باس لەشەڕی سوریا دەکرێت، ئەردوگان دەڵێت گەر بەشداری ئەو شەڕەمان نەکردایە سوریا دابەش دەبوو، پاشان وڵاتەکەی ئێمەش دابەش دەکرا.
ڤوندەرلاین سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەروەی ئەوروپا، دوێنێ لەگەڵ دوو نوێنەری تری یەکیەتیی ئەورپادا بە فرۆکە رۆشتنە سەرسنووری نیوان یۆنان و تورکیا تا لە نزیکەوە ئاگاداری رەوشەکەبن، لەگەڕانەوەیدا پەیمانی هاوکاریکردنی یۆنانی دا و وتی: خەمی یۆنان، خەمی ئێمەیە، بە هەموو شێوەیەک هاوکاری دەکەین،
ڤۆندەرلاین وتی: یەکیەتیی ئەوروپا لە بەردەم هەڕەشە و تاقیکردنەوەیەکی تازەیەدا، بەیەکگرتووی دەمێنێتەوە و خۆی رادەگرێت و دابەش نابێت، ئەوانەی تاقیمان دەکەنەوە و پێیان وایە پارچە پارچە دەبین، زۆر هەڵەن. ئەمەی بە رەجەب ئەردۆگان وت، ناچینە ژێر هیچ هەڕەشە و فشارێک، بەڵام لە کوێ پێویست بە هاوکاری بکات، ئەوروپا ئامادەیە کە بیکات، ئێمە ریکەوتنێکمان هەیە و پابەندین پێوەی بۆیە پێویستە تورکیاش پێوەی پابەندبێت.
لە هەمانکاتدا ڤوندەرلاین دەڵێت: یۆنان و پۆلیسی یۆنان لەپێناو ئەوروپاد کار دەکەن، رێگە دەگرن لە هاتنی پەناهندە، یەکیەتیی ئەوروپا ئامادەیە پۆلیسی خێرا بنیرێت بۆ هاوکاریی پۆلیسی یۆنان و بۆلگاریا گەر پێویستیان پێیبێت.
هەر لەوێدا ڤوندەرلاین و تیمەکەی بڕیاری هاوکاریکردنی یۆنانیان دا وەک، پێدانی 7 ملێۆن یورۆ، ناردنی فرۆکەیەکی چاودێری، دوو هەلیکۆپتەر و پاپۆر و بەلەمی خێرای فریاکەوتن و داودەرمان.
بریاریشە هەر ئەمرۆ ڤۆندەرلاین و تیمەکەی سنوری تورکیا و بۆلگاریا بەسەربکەنەوە، گەرچی سنووری بۆڵگاریە بێدەنگە و وەک سنووری یۆنان کێشەی تێدا نیە، پێدەچێت تورکیا پەناهەندەکانی تەنها رەوانەی لای یۆنان کردبێت.
خاتوو مێڕکڵ تەلەفونی لەگەڵ پۆتیندا کرد و هیوای خواست کە رۆژی پێنج شەممە لەگەڵ ئەردوگاندا بگەنە رێکەوتن لەسەر ئیدلیب و شەر بوەستێنرێت.
وەزیری دەرەوی روسی سەرجەی لاگرۆڤ دەڵێت: سوپای روسی و سوری لە شەڕی ئیدلیب ناوەستێن، بۆ چارەسەری پەناهەندە کە بەرەو ئەوروپا نەڕۆن، ئەم لێدوانە وەلامێکە بۆ مێرکڵ و ئەوروپاش.
دوێنێ سەرۆک وەزیرانی یۆنان کریاکۆس میستۆتاکیس Kyriakos Mitsotakis وتی: هەموو گەل پێکەوەین هاوکار و رێگرین، رێگە نادەین هیچ کەسێک سنوورمان ببەزێنێت و لە تورکیاوە بێتە یۆنان.
ئەم وتانەی میستۆتاکیس لە بەندەری ئەلیسکەندەرەوە Alexandroupoli راگەیاند، ووتی: کەس ناتوانێت هەڕەشەمان لێبکات و هەڕەشەی کەسیش قبوڵ ناکەین.
سەرۆک وەزیرانی فەرەنسا ماکرون بڕیاری دا هاوکاری زیاتر بدات بە خەڵکی ئیدلیب،
چەند رۆژێکە نویێەرانی ئەوروپا لە برۆکسل لەخەمی رەوشی سەرسنووری یۆنان و بۆلگاریادان.
لە بروکسل جۆزیف بۆریل Josep Borrell نویێنەر و رێکخەری کاروباری دەرەوەی یەکیەتیی ئەوروپا دەڵێت: ئەو شەڕەی لە ئیدلیب روودەدات هۆیەکە بۆ تێکدانی ئاشتی جیهانی، داوا دەکات رۆژی هەینی کۆبونەوەیەکی تایبەت لەسەر شەڕ و ئێش و ئازاری خەڵکی ئیدلیب سازبکرێت.
جۆزیف بۆریل داوا دەکات کە بە پشتگیری ناتۆ ناوچەیەکی پارێزراو دروست بکرێت لە ئیدلیب و دەوروبەریدا بۆ کۆتایی هێنان بەو ئێش و ئازارەی خەڵکی ئیدلیب و سوریا توشی هاتوون.
دەڵێت: ئەو خەڵکانەی لە ئیدلیبدان نازانین بۆ کوێ پچن، دەڕۆن بۆ پێشەوە دیواری سنوری تورکیایە و رێگەیان لێگیراوە، لە دوایانەوە سوپای ئەسەدە و لەژێر لێدان و ئەشکەنجەدا دەیان کوژێت، لەوێ دەمێنینەوە لە سەرمادا رەق دەبنەوە، یان برسیەتی دەیان کوژێت، ئەی کەواتە بۆ کوێ پچن؟
بۆرێل دەڵێت: کارەساتی ئیدلیب کارەساتی سەدەیە و دەبێت کۆتایی بەو جەهەنەمە بهێنرێت کە داگیرسێنراوە بۆ ئەو خەڵکە.
داواش دەکەن کە نابێت ئەو ناوچە ئارامە تاوانبارانی وەک پۆتینی هاوکاریکەری رژیمی ئەسەد، کە خەڵکی وڵاتەکەی خۆی دەکوژێت و ئەردوگانی هاوکاریکەری تیرۆرستانی ئیسلامی کە پێیوایە بە کوشتنی کورد خزمەت بە رژیمەکەی دەکات، یاری بە چارەنوسی خەڵکی سوریا بکەن و ئەوان لەو ناوچە ئارامەدا دەسەڵاتداربن، هەر ئەمڕۆ سەبەستیان کورتس Sebastian Kurz کانزلەری نەمسا داوا دەکات کە بە هەموو شێوەیەک بەرپەرجی ئەردوگان بدرێتەوە، سزای بخرێتە سەر، دەڵێت: ئێمە ریکەوتنێکمان هەیە لەگەڵ تورکیادا، بۆیە نابێت وڵاتانی ئەوروپی بە گوێی ئەردوگان بکەن،گەر ئەمڕۆ بەگوێمان کرد، سبەی خراپتر داوا دەکات، زیاتری دەویت، نابێت رێگە بدرێت کە هاتنی پەناهەندەکانی 2015 دووبارە ببێتەوە.
ئەلیکسەندەر دۆبریند Alexander Dobrindt پشتگیری وتەکەی وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا ئەناگریت کەرم باوەر دەکات و دەڵێت کە پێویستە ناوچەی ئارام دروستبکرێت لەژیر جاودێری ناتۆ و نەتەوە یەکگرتوەکاندا.
سەرۆک وەزیرانی نیدەرلاند مارک رووتەر Mark Rutte دەڵێت: ئەوروپا ئامادە نیە لەسەر شتیک گفتوگۆ بکات لەکاتێکدا تورکیا چەقۆی لەسەر ملی داناوە و دەڵێت: ئەردوگان گوێ بە چارەنوسی پەناهەندەکان نادات تەنها دەسکەوتی سیاسیی خۆی دەوێت. پەناهەندە بۆتە چەکی دەستی ئەردۆگان.
ئەمڕۆ چوارشەممە، نوینەری یەکیەتیی ئەوروپا چارلز میشێل Charles Michel گەیشتە ئەنقەرە بۆ گفتوگۆ کردن لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیادا، دەڵێت: هیچ ئامادەگییەک لە لایەن تورکیاوە نیە بۆ چارەسەر کردنی هاتنی پەناهەندە بۆ ئەوروپا.
تورکیا ئامادە نیە بەهیچ شێوەیەک، نە لەگەڵ دراوسێکانیدا، یینان و بۆلگاریا، کۆبێتەوە و نە باس لە ورەگرتنی ئەو ملیارات دۆلارە بکات کە ئەورپا ئامادەیە بیداتێ،
تورکیا دەیەوێت کە بەزۆر ئەم سێ خاڵە بەسەر یەکیەتیی ئەوروپادا بسەپێنێت:
1- هاوکاریی سەربازی و سیاسیی تورکیا بکرێت لە سوریادا.
2- هەروەها هاوکاری ئابووری پەناهەندە بکرێت لەناو تورکیادا.
3- هاوکاری تورکیا بکرێت تا لە ناوچە کوردیەکان، ناوچەی ئارام دروستبکرێت بە یارمەتی و هاوکاری ئەوروپا تا پەناهەندەکانی تورکیا بگەڕێنرێنەوە بۆ ئەو ناوچەي ئارامەی کە تورکیا دەیەوێت دروستی بکات لەژێر سەرپەرشتی خۆیدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت