گۆران هەڵەبجەیی: لە بەهەشت شەهیدی کۆرۆنا وەرناگرن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لیژنەی باڵای فەتوای کوردستان، فەتوایەکی پڕسەمەرەی دەرکرد کە بووە مایەی نیگەرنی و تووڕەبوونی خەڵک بەتایبەتی لە سۆشیال میدیادا.
ئەم کەسانە لە لیژنەی فەتوا بەم فەتوایەیان، {فەتوای ڕێگەدان بە ئەنجامدانی نویژی هەینی} خۆیان کردووەتە ڕاعی و خەمخۆرو دەمڕاست و وتەبێژی سەرجەم موسوڵمانانی کوردستان. بێ ئەوەی بیر لە ئاکامە مەترسیدارو خراپەکانی ئەم فەتوایە بکەنەوە.
بەقسەی خۆیان مزگەوت پاکژترین شوێنەو خودا دەیپاریزێت، یاخود ئەوەی بە کرۆنا بمرێ شەهیدە.بەم بۆچوونە سادە و ناواقیعیانە دەیانەوێت گەمە بە تەندرووستی خەڵک بکەن.
ئەرکی وەزارەتی تەندرووستیە کە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم حالەتەدا دەکات، نەک مەلاو بانگخواز و لیژنەی فەتوا. ئەوان بۆیان نیە بڕیار لە بارەی پەتایتەکی وا مەترسیدارەوە بدەن، کە لە ڕووی زانستیەوە هیچ لەبارەیەوە نازانن.
رۆژانی هەینی بە مەبەستی نوێژی جومعە بەهەزارەها خەڵک ڕوودەکەنە مزگەوتەکان، کە هەموویان شوێنی داخراون، جا گەر تەنها کەسێک لە نێویاندا پەتاکەی گرتبیت، ئیدی ئەوە بەسە کە لەماوەیەکی کەمدا کارەسات درووست بکات و بەهەموو شار و وڵاتدا بڵاوببیتەوە، بەتایبەتی لەنیو خێزانی نوێژکەراندا. جا ئەم کارەی ئەم لیژنەیە لە بێ باکی و ناپەرۆشیان بۆ ژیانی خەڵک سەرچاوەی وەرگرتووە و تەنها شتێک بیریان لێکردووەتەوە بەردەوامبوونی نوێژی هەینیە.
ئەمە هەمان چیرۆکی پیاوانی ئاینی کڵیسای ئەروپامان دێنێتەوە یاد کە لە ناوەڕاستی ساڵانی [1300]ەکاندا کاندا [پەتای تاعون] بە ئەوروپادا بلاوبوویەوە، پتر لە نیوەی دانیشتوانی ئەوروپای کووشت . پیاونی ئاینی دەیانگووت ئەمە سزای خوادایە بۆ گوناهبار و بێ باوەڕان، وە داوایان لە خەڵک دەکرد بۆ نزاو خۆ پاککردنەوە لە گوناه بچنە کلیساکان. بەڵام لەئاکامدا پەتاکە حسابی بۆ نزاو پاڕنەوەو پۆست و پلەی ئیمانداریەتی ئاینداران و پیاوانی ئاینی نەکرد، هێندەی لێ کووشتن، کڵێساکان بە ئەندازەیەک چۆڵ بوون ،پیاوی ئاینی نەما بیان بەن بەڕێوە ، چونکە زۆربەیان بە تاعونە ڕەشکە مردن.
بەڵی کە نەخۆشیەک بەرۆکی مرۆڤەکان دەگرێت ئیماندارو بێ ئیمان، هەژارو زەنگین، سپی پێست و ڕەش پێست هەر هەمووی ئەگەری توشبوونی دەبێت.
خالێ دووەم، کە فەتواکە دەڵێت، ئەوەی بە پەتاکە بمرێت شەهیدە، دیسان ئەمەش گاڵتەکردنە بە گیانی مرۆڤ و هاوکات سادەکردنی مەسەلەی شەهادەتە.
وەک دەقە قورئانیەکەن بەدیاری دەخەن، بەخشینی شەهادەت تەنها لای خودایە نەک لای چەند مەلایەک، پاشان مرۆڤ هەرچەندە ئیمانداربێت تەنها بۆ ئەوەی چەند مەلایەک بەشهید ناوی بهێنن، ئارەزوو ناکات بە نەخۆشی بمرێت. بۆیە مرۆڤی ئاقل گەر بزانێت بەشداری کردنی لە نوێژی هەینیدا مەترسی لەسەر ژیانی دروست دەکات ئەو کارە ناکات.
جگە لەمە، هێندەی بزانم بە پێی ئایەت و حەدیس بە کەسێک دەگووترێت شەهید کە لە جەنگی دژی کافران ، دیفاع لە ئاین، یا لەغەزا و فتوحاتدا کوژرابێت، نەک بە مردن بەکۆرۆنا. جا هیوادارم هیچ نوێژکەرێک بە کۆرۆنا گیان لەدەست نەدات، چونکە لە بەهەشت دەرگایان لێ ناکەنەوە و حسابی شەهیدیان بۆ ناکەن.

*دەستخۆشی بۆ ئەنجومەنی وەرزیران
پەیوەست بەم باسەوە، ئیمرۆ ئەنجومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەی خۆیدا کۆمەڵێک بریاری دەربارەی پەتای کۆرۆنا دەرکرد کە گرنگەکەیان قەدەغەکردنی سازدانی بۆنە ئاینیەکانە ،لە نێویشیندا نوێژی جومعەیە. ئەمە یەکەمجارە دەسەڵاتی ئیداری دژ بە بڕیارێکی دەسەڵاتی ئاینی بوەستێتەوەو بێدەنگی هەڵنەبژێرێت. بەراستی ئەم بریارە لە شویێی خۆیدا بوو.ئومێدەوارم لە ئایندەدا هەر بڕیارو فەتوایەک دەردەچیت گەر دژ بە بەرژەوەندی و خواستی خەڵک بوو بەم جۆرەی ئیستا هەڵبوەشێنرێتەوە.
ئەم هەنگاوەی ئەنجومەنی وەزیران پاراستنی هەیبەتی حکومەتە کە بەفەرمی باڵاترین دەسەڵاتەو و هاوکات بەرپرسە لە ژیانی هاووڵاتیان . جا با ئیتر لیژنەی باڵای فەتوا هەر پێناسەی {شەهید }ببەخشێتەوە.
لەکۆتایدا دەڵێم تۆبڵێی دڵسۆزی کوردی موسوڵمان بۆ ئاینی ئیسلام لە هی ئیێران و سعودیە پتەوتر بێت ؟ ئەوەتا لەو دوو وڵاتە هەموو جۆرە چالاکیەکی ئاینی ڕاگیراون.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت