سوپـا سـلام: نامەیەکى کراوە بۆ برایان و خوشکانى موسڵمانم

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەر لە خوێندنەوەى ئارەزوومە بزانیت باوەڕم بە ئاینى ئیسلام هەیە و خۆشم داناوە بۆ ئەو بەهەشتەى، کە تۆ دەتەوێت بە زۆر و کەللە رەقى خۆت بە دەستى بهێنیت، بە ئەندازەى ترسى تۆش لەو دۆزەخە دەترسم، کە رۆژانە یار و نەیارى بیرکردنەوەکانتى بە رەتڵ بۆ دەنێریت.
براو خوشکى موسڵمانم لە کاتێکدا ناوچەکەمان بەگشتى و هەرێمى کوردستان بە تایبەتى بە دۆخێکى مەترسیداردا تێدەپەڕێت بەهۆى بڵاو بوونەوەى ڤایرۆسى کرۆناوە، هیچ میرخاسیەک نیە دژى رێنماییە تەندروستیەکان بوەستیتەوە بە دروست کردنى قەرەباڵغی بە ناوى (نوێژى جەماعەت و وتارى هەینى و وانەى ئاینى و… هتد). چونکە ئەو رێنماییە تەندروستیانە بە هەموو پێودانگێکى ئاینى (اقامە حجە) لەسەرت ماڵە،لوتکەى جەهالەتە وابیر بکەیتەوە کە ئەو رێکارە تەندروستیانە بۆ دژایەتى دینەکەت و قەڵاچۆکردنى مزگەوت و نزرگە دینیەکانە،چونکە نە مەغۆل و نە تەتەر و نە خەباتى زیاتر لە نیوسەدەى سیکۆلاریزم بە هەموو رەوتە جیاوازەکانیەوە نەیتوانیوە ئەوەى کەتۆ گومانى بۆ دەکەیت پراکتیزەى بکات،بەڵام دڵنیابە ئەو پەتایە بە هەرێمەکەماندا بڵاو ببێتەوە دیندار و بێ دین، چەپ و راست بەهیلاک دەبات و هێز نیە بەرى پێبگرێت، وەلێ بینیمان زلهێزێکى ئابوورى و سیاسى و تەکنەلۆجى وەک چینى بە چۆکدا هێنا. بەر لەوەى بەو دەرئەنجامە خراپانە بگەین دەقمان هەیە کە بە ئاشکرا پێمان دەڵێت: ( وَلَا تُلْقُوا بِأَيْدِيكُمْ إِلَى التَّهْلُكَةِ )، چونکە پاراستن و ئازار نەدانى مرۆڤ وەک رووخانى کەعبەى رووگەى موسڵمانان بە هەند وەرگیراوە (من آذى مسلما بغير حق فكأنما هدم بيت الله ).
براو خوشکى موسڵمانم تۆ کە بۆ تەعزێیەک یان دەعوەتێک دوو شار دەبڕى و نوێژەکەت (قێر و جمع) دەکەى، نمە بارانێکى رەحمەت دەبارێ نوێژى نیوەڕۆ و عەسر و ئێوارە و خەوتنان (جمع و تقدیم) دەکەى، وتیان ئەمڕۆ بەهارە هەینى لێبەدەرناکەى لە سەیران و گەشتیت،ئێستا خێرە کێرڤى ئیمانت فوول بووە وادەزانى ئەگەر بۆ ماوەیەکى کاتى کۆبوونەوە و قەرەباڵغى لە مزگەوت و شوێنە ئاینیەکان راگریت دووچارى کوفر و توغیان بووى؟
ئەرێ هەر ئەم جەمعە موسڵمانە نین لە بوارى زەکات و سەرفرترەدا سەر بە دەرگاى هەزار فتواو حیلە شەرعیدا دەکەین بۆ ئەوەى کەمترین رێژە لە ماڵ و سامانمان ببەخشین؟ ئەرێ هەر ئێمە نین بۆ رۆژووى رەمەزان بە رێنمایی ئەگەر فەریکە دکتۆرێکیش بێت خۆمان دەبوورین لە رۆژو گرتنى ئەو مانگە پیرۆزە؟ کەچى ئێستا هەموو دکتۆرى جیهان و رێکخراوە تەندروستیە نێودەوڵتیەکان تکامان لێدەکەن بە شێوەیەکى کاتى وازبێنین لە دروست کردنى قەرەباڵغى و مەراسیمە دینیە بە کۆمەڵەکان بەڵام بە قسەیان ناکەین!
خوشک و براى دیندارم تۆ دەزانى مەبەستى نوێژى (جمع) تەنها و تەنها بۆ (لا یحرج ڕمتە) بووە، ئەدى بەڵایەکى وەک ڤایرۆسى کرۆنا گەر خوا نەکردە بڵاو ببێتەوە دەزانى چ پەشێویەکى تەندروستى و ئابوورى بەسەر ئەم میللەتەدا دێت، ئایا رەوا تر نیە بۆ ماوەیەکى کاتى بوەستین؟ ئایا دەزانین کەعبەى رووگەى موسڵمانان و مزگەوتى مەدینەى پیرۆز کە هەموو دیندار و عارفى کورد خەون بە تەنها نوێژێکەوە دەبینێت تیایدا ئێستا بۆ خۆپارێزى لە ڤایرۆسى کرۆنا چۆڵکراوە و لە کاتێکدا تەنها یەک حاڵەت لەو وڵاتە دەرکەوتووە؟
ئەگەر بابەتەکەش خۆى دەبینێتەوە لەپەرچە کردارى ئەوەى بۆچى (کافێ و دیسکۆ و ریستۆرانت و یانەکان و… هتد) داناخرێن دەبێت ئەمانیش لە چالاکى بەردەوامبن، لەمەشدا لوتکەى جەهالەت خۆى دەردەخات کە تۆى موسڵمان بەراوردى مزگەوت و شوێنە پیرۆزەکانت بە دیسکۆ و مەساج بکەى لە کاتێکدا بەردەوام مزگەوت و شوێنە ئاینیەکان لەسەر و ئەوانەوە خۆیان وێنا کردووە.
باوەڕدارى ئازیز ئەگەر بابەتەکە دینداریە دەقى شەرعى پێمان دەڵێت ئەگەر تەنانەت سیر و پیازت خوارد توخنى مزگەوت و نوێژ نەکەوى (مَنْ أَكَلَ الْبَصَلَ وَالثُّوم وَالْكُرَّاث فَلا يَقْرَبَنَّ مسْجِدَنَا، فَإِنَّ المَلائِكَةَ تَتَأَذَّى مِمَّا يتأَذَّى مِنْهُ بَنُو آدمَ) ئەدى ئەگەر پەتایەکى وەک کرۆنات پێوەبێت کە هەتا (14 رۆژ) نیشانەکانى بەروونى تیادا دەرناکەون دەبێت چ حوکمێکى شەرعی لەسەر بێت؟ ئەگەر بابەتەکەش خوانەکردە بۆ خۆ دەرخستن و ریاکاریە و سبەى کە خۆى کاندید کرد بڵێ دژى رێنماییەکانى حکومەت و کرۆناش وەستامەوە ئەوە دەبێت هەموومان بڵێن (اللهم اهد قومی فانهم لا یعلمون)

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت