کاوسێن بابەکر: بودجەی عێڕاق چۆن کورت ناهێنێ؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دەستەڵاتدارانی عێراق لە 17ساڵی حوکمڕانیدا ئیدارەیەکی هێندە ناشیرینیان پێشانداوە کە نمونەی لەمێژوی عێراقدا نەبوە! گەندەڵی لەچلەپۆپەدایەو هیچ ئاسۆیەکی چارەسەریش دیارنییە لەچەند هەوڵێکی شەرمنانە نەبێ کەئەویش خۆی لەگەندەڵکارە زلەکان نادات، خراپ کەڵک وەرگرتن لەدەستەڵات،بەرتیل،کۆمپانیای وەهمی،لەهەمووی سەیر تر مووچەخۆری وەهمی کە کەسانێک هەن دەیان موچە لەیەک کاتدا وەردەگرن، ئەوە هەمووی وایکردوە کە بوجەی 2020 پەنجا ترلیۆن کورتهێنانی هەبێ، چۆن نایبێ سەیری ئەم موچانە بکە کە(محەمەد سەید موحسین) لە بەرنامەیەکدا لەتەلەڤزیۆن ئاماژەی بەم ئابڕوچونەدا لەدوو کەیسدا، کەمن بەکورتی ئاماژەی پێدەدەم؛ بەڵام سەرت نەسوڕمێ ڕەنگە شتی گەورەترو ئابڕوبەر تر هەبێ لەنێو کەیسە لەژمارە نەهاتوەکانی گەندەڵی و دزی لەم خەڵکە وەزاڵەهاتوەی عێڕاق بەکوردو عەرەبیەوە.
کەیسی یەکەم/ سوکەکەیانە دەڵێ؛ 26کەس 13موچە وەردەگرن واتا ئەوکەسانە هەر بە دوو ڕۆژ جارێک دەچنە سەرەی موچەوەرگرتن! 198 کەس 12 موجە وەردەگرن، 316 کەس 11 موجە، 715 کەس 10موچە. 1207کەس 9 موچە، 2287 کەس 8موچە، 3651 کەس 7موچە، کە سەرجەم دەکاتە زیاتر لە 35ملیار دینار!
کەیسی دوەم/ زۆر ئابڕوبەر ترە ببینە؛ یەکێک بەتەنها 36موچە وەردەگرێ واتا هەمو ڕۆژان موچەیەک وەردەگرێ و 6ڕۆژیش ناچارە دووکەڕەتان بکات بۆ دووموچە! یانی ئەو کەسە هەر فریادەکەوێ موچە وەربگرێ و هێندە سەرقاڵە سەریخۆشی بۆ ناخورێ!
18کەس 33 موچە وەردەگرن هەریەکێکیان، 3کەس 30موچە وەردەگرن، 10کەس 28موچە، یەکێکی تر بەتەنها 27موچەوەردەگرێ، 6کەس 26موچە، 25کەس 20موچە، 15 کەس 19موچە، 10کەسیتر 17موچە، 32کەسیتر 16موچەوەردەگرن هەموو مانگێک! واتائەو فەقیرانە هیچ کارو کاسبیەکیان پێناکرێت هەرخەریکی مووچەوەرگرتنن!
دیارە ئەو کاک محەمەد لەسەر هەڵماڵینی ئەو گەندەڵیانە زۆر هەڕەشەی لێکراوەو هەوڵی کڕینی دراوە لەلایەن بەرپرسە گەندەڵەکانەوە! هەر بۆیەش دوو تەلەڤزیۆنی بەجێهێشتوە!ئەو بەڕێزە لەسەر شاشەکەوە ڕونیکردەوە کەناو و وێنەو کەیسی هەرهەموانی لایەو ئەوەی بێت و دانیپێدابنێ و ئیدی واز بێنێ و هاوکاری بکا لەناساندن و بەدادگا گەیاندنی ئەو گەندەڵانە ناوەکەی بڵاوناکاتەوە، هەر کەسێکیش ئەمە ڕەتدەکاتەوە زۆر خۆشحاڵ دەبم بچێتە دادگاو شکاتم لێبکات! ئەو ئەوەشی گوت کە ڕەنگە کەسانێکی قوربانی هەبن بەناوی ئەوەوە ئەو پارانە وەربگرن و تەنها چەند دینارێکی پێبدەن!
دەبێ ئاماژە بەوەبکەین کە بایۆمەتریش بێکەڵک بوو نەیتوانی ڕێگە لەچەند مووچەیی بگرێ! لەکوردستانیش تائێستا وەک پێویست کار بەبایۆمەتری نەکراوە و دەریش کەوت چەند موچەیی هەبوە، بەڵام دیارنیە چۆن چارەسەر کراوە یان نەکراوە!
لەکۆتاییدا دەڵێم ئەو دزی و گەندەڵیە بڕستی لەخەڵک بڕیوەو ئیدی کاروانی حوکمڕانی ئەو برادەرانە گەیشتۆتە کۆتایی و دەبێ لەکورسیەکە دابەزن تاکار لەکار نەترازاوە و هێزی لەبننەهاتوی خەڵکی وەتەنگ هاتوو تەرووشکی پێکەوە نەسوتاندووە!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت