ھوشیار ئەحمەدی: ھەڵەبجە لەبیر ناکرێ، بەڵام ئاخۆ دەبێتە وانەی مێژوویی بۆمان؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

گەلێ گریاوە شارێ بۆ مەزارێ
ئەبێ شینی چلۆن بێ مەرگی شارێ؟!
“مامۆستا شەریف حسەین پەناھی”

کارەساتی ھەڵبجەش درێژەی کارەساتە مێژووییەکانی وەک شەڕی چاڵدرانە. ئەمجاریش دوژمنانی کورد یەکیان فێڵبازانە ھەوڵیدا مارێکی بریندار و شەڕئاشۆی ژاراوی و ترسناک بە دەستی رووتی کوردی ھەژار بگرێ کە ئەویتریان (مارەکە) پێوەیدا و تا لێواری مەرگ بردینی.
ھێزەکانی سوپای تیرۆریستیی پاسداران کە زۆرێکیان جاشەکورد بوون، بۆ عەمەلیاتی (وەلفەجری دە 10) بە چاوساغی و یارمەتیی یەکییەتی نیشتمانی ھاتنە ناو باشووری کوردستان، خەڵکی وەزاڵەھاتووی باشوور(ھەڵبجە و ناوچەکانی پێشڕەویی سوپای پاسداران) پێشوازییان لە ھێزەکە و یەکییەتی کرد.
ھەواڵ گەییشتە خەڵک کە رێژیمی بەعس گەرەکیە بۆردمانی شیمیاییان بکات، خەڵکەکە گەرکیان بوو شار جێ بێڵن و راکەن، یەکییەتی پێشیان پێ ئەگرێ و ئێژن درۆیە، ھیچ روونادات.
رێژیمی بەعس بڕیاری تۆڵە ئەدات و بڕیار ئەدەنە دەست عەلی حەسەن ئەلمەجید(خالێد ابن ولیدی بەعس) بۆ تۆڵەی بەزەبر. عەلی کیمیاویش وەک بەشێ لە پرۆسەی ئەنفال، بڕیاری کۆمەڵکوژییەکی مێژوویی لە کورد ئەدا. رۆژی 16- 03- 1987 بەرامبەر بە ٢٥⁄١٢⁄١٣٦٦ ھەڵبجە بە گازەکانی ئەعساب، ڤی ئێکس، سارین، تابون و خەردل بۆردمان کرا، بەڵام نە تیرۆریستێکی پاسدار و نە تەنانەت جاشەکوردێکیشی تێدا نەکوژرا، تەنیا 5000 پیرو پەککەوتە و ژن و کچۆڵە و مێرمناڵ و مناڵی بێ تاوانی تێیدا کوژرا و زیاپر لە 10.000 کەسیش بریندار بوون و تا ئێستاش بە دەست ئاسەوارەکانی ئەو بوردمانەوە ئەناڵێنن کە تەنیا ھۆکاری مەرگیان کوردبوون و ھەڵبجەیی بوون بوو.
پاش بوردمانەکە پاسدارە تیرۆریستەکان و جاشەکان چوونە ناو شاری ھەڵبجە بۆ تاڵان و راوڕووتی شار و لە پێش کامێراکانیش بۆ کۆکردنەوەی تەرمی ھەڵبجەییەکان و وێنەگرتنیان. ئەو کارەساتە وەک گەورەترین کۆمەڵکوژیی مرۆڤی بێ چەک لە شارێکا بە گازی ژاراوی لە مێژوودا تۆمار کراوە.
کوردی ھەژار لەو کارەساتە شارێکی مردوو، شارێکی تازیەبار و خەمبار، شارێکی رەشپۆش، شارێکی گریان و شین و زاری و مێژویەک لە شێعر و گۆرانی و بەیت و بالۆرەی حەزینی بۆ وەک نەتەوە و چەند نەسڵ ئیفلیج و بریندار و بەترەفی بۆ مایەوە، مێژوویەک لە مناڵی ونبوو و دایکی کۆس کەوتوو و باوکی جەرگ سووتاوی بۆ مایەوە و…،.
ئەگەر بە مەنتیق و بە پێی یاسای نێودەوڵەتی لێی بڕوانین، دەوڵەتی ئاڵمانی ئەوکاتیش بە رادەی رێژیمی بەعس و بگرە زیاتریش لەو تاوانەدا بەشدار بوو. ئەوان ئەو چەکە کۆمەڵکوژانەیان بە رێژیمی بەعس دابوو.
رۆژێ لە کۆرسی زمانی ئاڵمانی لەگەڵ مامۆستاکەمان کە تا رادەیەک رەگەزپەرستی ئاڵمانی بوو، لە سەر بابەتی ھەڵبجە لێمان بووبە مشتومڕ. ئەو ئەیوت: دەوڵەتی ئێمە تاوانبار نیە، مامەڵەی کردووە بە چەکەوە. منیش وتم بە پێچەوانەوە ، سەرانی دەوڵەتی ئێوەش بە قەد سەرانی رێژمی بەعس تاوانبارن. چونکی چەکێکی ئاوا ترسناک و تۆقێنەریان بە دیکتاتۆرێ داوە کە وەک ئەوەیە شمشێرێکی تیژ بدەیە دەست بکوژێکی شێت و مەستەوە.
دەوڵەتی ئێران توانی لەو دەرفەتە سوود وەرگرێ و زۆربەی بریندارە شیمیاییەکانی خۆی بەسەر ئاڵمانا ساغ کردنەوە و ھێنانیە نەخۆشخانەکانی ئەو وڵاتەو چارەسەری بۆ کردن و تەنانەت زۆرێکیشیان لە ئاڵمان مانەوە و تا مردن خزمەت ئەکرێن. بەڵام کوردی خێرلەخۆنەدیو چەندەی خێر لە ئامانجەکانی راپەڕینەکەی 1991 بینی، ھەر ئەوەندەشی خێر لە بەمێدیایی کردنی و دەنگدانەوەی کارەساتەکەی ھەڵبجە و قەرەبوو کردنەوە و بەھاناوەچوونیان بینی.
بەکورتییەکەی ھەڵبجە بووە ئامانجی پاکانەحەساوی نێوان ئێران و عێراق و لەو نێوانەشدا شۆڕشی کوردەکان زابرێکی گورچوبڕی پێکەوت کە دوور نیە خودی ئەو دوو دەوڵەتە بە پێی پەیماننامەکانی نێوان داگیرکەرانی کوردستان، لەسەر لەناوبردنی کورد لەو بەشەی کوردستان رێک نەکەوتبن.
چونکی بە بیانوی ھاوکاریی کوردەکانی عێراق لە گەڵ سوپای تیرۆریستی پاسداران دژ بە رێژیمی دڕندەی بەعس، لە باشووری کوردستان لە نزیکەی چارەکە سەدەیەکا، نزیک بە نیو ملیون کورد لەو بەشە لە لایەن رێژیمی بەعسەوە کوژران و لەناوبران و نزیک بە ٥٠٠٠ گوند و ئاوەدانی لەگەڵ خاکا تەخت کران و خەڵکەکەیان راگوێزرانە کەمە زۆرەملێیەکان، دەیان ھەزار کانیاو بە بتۆن پڕکرانەوە تا پێشمەرگە لە سەریان پشوو نەدا و لێوەیان ئاو نەخواتەوە، ملیونھا دار و دەوەن لە ریشە دەرھێنران تا پێشمەرگە لەناویانا سەنگەر نەگرێ و بۆسە نەنێتەوە کە ئەمەش بە بەشێ لە شەڕی ژینگەیی و ئێکۆسیستم دادەنرێ کە بە تیرۆری ئێکۆسیستمیش ناسراوە.
ئەمڕۆ 31 ساڵ بەسەر ئەو کارەساتەدا تێدەپەڕێ. کورد لەو کارەساتە چ دەستکەوتێکی ھەبوو، مناڵانی کورد، تاکی کورد چی لەسەر ئەو مێژووە خوێناوی و مەرگاوییە ئەزانن؟! ئایا مناڵانی کورد کە ئەو دەم تازە لەدایک ببوون و ئێستا 31 _ 32ساڵیانە چۆن لە سەر ئەو قۆناغە و ئێستا قەزاوەت ئەکەن؟
تا ئێستا بەشی دیپلۆماسی حکۆمەتی کوردی و حیزبەکانی ھەرێم، چەندە ئەو بابەتەیان وەک تاوانێ لە گەڵ ئاڵمان و ئۆروپا زق کردوەتەوە؟
چەند برینداری ئەو چەکانەی ئاڵمانیان لە ھەڵبجەوە ھێناوەتە نەخۆشخانەکانی ئاڵمان؟!
چەندە مێدیا حکومەتی، حیزبی و بەناو سەربەخۆ و پڕۆفیشناڵەکان ئەو بابەتەیان زق کردووەتەوە و قامکیان بۆ دەوڵەتی ئاڵمان کێشاوە؟!
_تێبینی: لەوەی کە لەو کارەساتا لایەنەکان (بەعس، ئێران، کورد) چەندە تاوانبار و ھەقدارن با بوەستێ.
و لە کۆتاییدا سەری رێز بۆ گیانی پاکی شەھیدانی پەپولە ئاسای ھەڵبجە دائەنەوێنم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت