کاوسێن بابەکر: ئەرکی حکومەت لەهەمبەر پەتای کۆرۆنا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

حکومەتی سەرکەوتو وبەرپرس لەکاتی ئەزمەکاندا دەردەکەوێ، تاچەند بەپلان و پێشبینی باش چالاکانە گەمارۆی ئەزمەکان دەدات و چارەسەری کێشەکان دەکات. ئەم پەتایە سەرەتای کێشەیەکی گەورەیە بۆ هەموو جیهان و لەناویشیاندا نیشتمانەکەمان، تائەو کاتەی چارەسەرێکی جیهانی بۆ دەدۆزرێتەوە. وەزارەتی تەندروستی و کادیرە تەندروستیەکان زۆر دڵسۆزانە ئەرکی خۆیان رۆژانە جێبەجێدەکەن، ئاسایش و پۆلیس هەروا، ڕێنوێنیەکانی حکومەت لەجێی خۆیاندان و ئەرکی هاوڵاتیان لێرەوە دەست پێدەکات، کە جێبەجێیان بکەن ولەماڵەوە بمێننەوە،تائێرە شتەکان بەڕێکی دەڕۆن، بەڵام ئایا کارەکە بەمە کۆتایی دێت؟ حکومەت کە بەهاوڵاتی دەڵی مەچۆ دەرەوە ئەی چی بۆدەکات؟ ئەو خێزانە پێویستی بە خۆراک وپارەیە بۆ ئەوەی کاتێ ناچێتە دەرەوەو کار ناکات مناڵەکانی برسی نەبن. مووچەخۆر چاوەڕوانی مووچەکەیەتی، کە دەبوایە زووتر کەکاتی ئاسایی وەریبگرتبا! کەچی حکومەت دەڵێ ناتوانم دابەشی بکەم! ئێمەدەزانین حکومەت دوای نزیکەی سی ساڵ سیستەمی بانکی نییە! باشە ئەی بۆ ئەم ئەزمەیە چی دەکەی؟ کەناهێڵی کەس لەماڵەوە بێتە دەرەوە باشە تۆ بچۆ بۆماڵی ئەوان و مووچەدابەش بکە، بۆ هێندە قورسە بانکەکان رابسپێرن هەر بانکەی دەیان لیژنە بۆ دابەشکردنی موچە بنێرێ بۆ ماڵەکان کە ناوونیشان و ژمارەی مۆبایلی سەرجەم مووچەخۆرانیان لایە وکادیری بانکیش کەم نین!
خەڵکی کاسبکارو کەم دەرامەتیش ئەرکی حکومەتە یارمەتیان بدات، بەداخەوە دڵنیام حکومەت هیچ داتایەکی لانیە ئەو خەڵکانە دەستنیشان بکات، بەڵام دەکرێ هاوکاریان بکات بەوەی بۆ هەر یەکێکیان گوژمەیەک پارە یان خۆراکی هەفتەیەک بەپێی ژمارەی خێزان لەڕێی بایەعیەکانەوە ناو باناو بەسەریاندا دابەش بکات.
ئەگەر حکومەت بەم ئەرکانە هەڵنەستێت وئەم پەتایە درێژە بکێشێت، دڵنیام کێشەی گەورەتر سەرهەڵدەدات و ئەم (منع التجول) ڕێگری لەچوونە دەرەوەیەش سەر ناگرێ و خەڵک بەناچاری دێنە دەرەوە، بۆ ئەوەی پێداویستی و نان بۆ مناڵەکانیان پەیدا بکەن، بەڵام چۆنی پەیدا دەکەن ئەوە دەکەوێتە سەر بارودۆخی ئەوکات و ڕادەی بەپیرەوە چوونی حکومەت بۆ داواکاریە هەنووکەییەکانی خەڵکەکەی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت