زاهیر باهیر: ئێمە لە بریتانیا لەبەردەم جەنگی هەمە جۆرەداین.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مەترسی کۆرۆنا بۆ ئەم سەرەدەمەی ئیستا، کە سەردەمی پێشکەوتوترین تەکنەلۆجیا و زانستە، مەترسییەکی یەکجار گەورەیە و، هیچ کەسێكمان چاوەڕوانمان نەدەکرد، کە بەم شێوەیە یەخەمان بگرێت. ئابووریمان داڕمێنێت، ژیانمان لێهەراسان بکات، خوشەویسستمانمان لێببات، پەیوەندی کۆمەڵایەتیمان کۆتا بکات، بڕوا و متمانەمان بە خۆمان و بە زانستیش ئاوا لەق بکات.
ڕووداوەکان بە پەلە دێن و دەڕۆن، بڕیارەکانیش لەوان بە پەلەتر دەدرێن، ترس و نیگەرانی خەڵکیش خراپتر کارایی خۆیان دادەنێن، ژیانمان بارگران دەکەن، دەروونمان شێواوتر دەکەن.
ئێمە لە بریتانیا نەك هەر لەبەردەم جەنگی ڕووبەڕووبونەوەی کۆرۆنەداین، بەڵکو لەبەردەم جەنگی سایکۆلۆجی حکومەتیشداین، کە بەردەوام لە دەماندنی هەمانەی پڕ لە ترساندنی خەڵکی و دڵەڕاوکێدایە. هاوکاتیش لەبەردەم جەنگی بژێوی و مانەوەمانداین، گەر کار وەکو ئەم هەفتەیە بڕوات و کەمەپەینی ترساندنی خەڵکی هەر بەردەوامبێت، بە تایبەت لە لەندەن دەبینین خەڵکی لەبەر بێ نانیی، بێ بوونی کەرەسەی پێداویستیی بە هەموو چەشنەکانیییەوە، بەدیارچاومانەوە، دەمرن. ئای کە سوێیەکی سەختە، ئای کە دیمەنێکی لە یاد نەچوو و هاوکات خەمناکە.
ئەوەی کە زیاتر کارایی دەروونیی و نیگەرانیی تاك و کۆمەڵایەتی دروستکردووە، خودی هاتنی کۆرۆنا نییە، بەڵکو هەنگاوەکانی حکومەتە کە دەینێت، گفتار و کردار و بڕیارەکانێتی کە دەیدات، کە کەمپەینی بەردەوامی تۆقاندنە. بەمەش کە دەیکات تا ئێستا دوو دەستکەوتی بەدەستهێناوە: توانیوێتی کۆنترۆڵی خەڵکی بکات ، هەروەها خەڵکی وابەستە بە دەوڵەت بکات.
‘تۆنی بێن’ کۆنە پەڕلەمانتاری بریتانیا و چەپ و سۆشیالیستی بەناوبانگی ئەم وڵاتە لە یەكێك لەو 10 خاڵە گرنگەی کە وتوونی، ئەمە یەکێکیانە” ” وا تێدەفکرم کە دوو ڕێگا هەیە کە خەڵکی پێ کۆنترۆڵدەکرێت، یەکەمیان تۆقاندن و ترساندنی خەڵیکیی، دووەهەمیان، تێشکاندن یاخود وێرنکردنیان”.
لە ڕاستیدا ئێمە تۆقێنراوین و ئەم تۆقینەش سەرەنجام تێکماندەشکێنێ و دوای کارەساتی کۆرۆنا گەر بەخۆماندا نەیەینەوە، دەبێت شوکرانەبژێری دەوڵەت و خاوەنکاربین و بە هەموو شتێك ڕازیبین هەر لە کرێ و موچەی کەمەوە، کەمبوونەوەی مافەکان و ئازادییەکانمان و مەرج و بەندی خراپی سەرکارمان تا دەگاتە زۆری تر.
نکوڵی لەوە ناکرێت کە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە دوای سەردەمی جەنگی جیهانی دووهەمەوە مەترسیدارترین ڤایرۆسە. ئەوەشی کە وای لێکردووە لە بریتانیا مەترسیدار بێت ئەوەیە کە 10 ساڵ زیاترە حکومەتی موحافیزین بە بیانوی قەیرانی ئابوورییەوە، کە وەکو پاساوێکی سیاسیی، سیاسەتی دەستگرتنەوەیان [ تەقەشوف] بەسەرمان سەپاندوە. ئەمەش کارایی خراپی لەسەر بەشی تەندروستی ئەم وڵاتە بە خراپی دروستکردووە، هەر لە تەرخاننەکردنی پارەی تەواو و بەتایبەتیکردنی هەندێك لە بەشەکانی لە کەرتی دەوڵەتییەوە و ڕێگادان بە دکتۆرە باشەکان کە نیوەکار کاربکەن و نیوەی دیکە لە کلنیکە یا خەستەخانە ئەهەلییەکانا. بڕی نەخۆشی زۆر، کە بەشێکی بەهۆی نەدارایی و نەبوونی پارەی تەواو بۆ خۆپاراستن لە سەرما و گەرما و… تد، تا ڕادەی گۆڕینی یاسای بەشی تەندروستی کە لەتەك ستاندەری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانا نایەتەوە. لەمانەش زیاتر هاتنەدەرەوەمان لە یەکێتی ئەورپا، کە دڵەڕاوکێیەکی زۆری بۆ دکتۆر و نێرس و کارمەندەکانی تری، کە لە وڵاتانی دیکەی ئەوروپاوە هاتوون دروستکرد. زۆربەیان ناچارکران، کە بەجێمانبهێڵن و بچنەوە بۆ وڵاتانی خۆیان. ئەمانە هەمووی وای کرد، کە ئێـمە نوقسانی 50 هەزار نێرس و 5 هەزار دکتۆرمان لە بەشی تەندروستیدا، لە ئێستادا هەیە.
بەم جۆرە بەشی تەندروستی لێرە نە ئامادەکاری و نە دەرمانی تەوا و نە قەرەوێڵەی کافی و نە ئامراز و جیهازەکانیم کە لە ئێستادا زەروورن ، هیچیانی نییە. ئەمە جگە لەوەشیم کە تا ئێستاش دکتۆر و نێرس و کارمەند و کرێکارانی پاککەرەوەی بیناکانم کە بەرەی پێشەوەی ئەم جەنگەن پشکنینی [ تێست] ئەم پەتایەیان بۆ نەکراوە. ئەمەش تاوانەم کە کاتێك دکتۆرێك، نێرسێك چارەسەری تووشبووان دەکات، کەچی خۆی لە هەبوونی ئەو پەتایە دڵنیا نەبێت!! لە دڵەڕاوکێ و نەبوونی متمانە بەخۆیدا، بێت.
هۆکاری نەپشکنینیش تەنها بڕی پاەیە کەهەر پشکنینێك 20 پاوەندی تێدەچێت. ئەمەش بە دەوری خۆی بواری دروستکردنی پارەیەکی خەیاڵی بۆ کلینک و خەستەخانە ئەهلییەکان ڕەخساندوە، کە ئەوان ئەم هەلەیان قۆستۆتەوە کە لە بەرانبەر 250 پاوەند تا 370 پاوەند ئەوان ئەم پشکنینیە دەکەن.
ئەمە بێ لەوەی تا ڕادەیەك لە دوێنێوە، 21/03، ژیانیان لە لەندەندا وەستاندووە بە داخستنی باڕ و نادی و کۆفی شۆپ و چێشتخانە و سینەما و شانۆ و یانەکانی وەرزشکردن و مەلەکردن و… تد. ئەوە ڕاستە کە دەوڵەت پێرێ، 20/03، بریاری دا ئەوانەی کە لەو بەشانەدا کاردەکەن لە سەدا 80 موچەکەیان وەردەگرن کە خودی ئەمەش ئینگلیز پێی دەڵێت، Pay cut ، واتە موچە/ کرێ بڕین بە ڕێژەی لە سەدا 20 کە لە کاتێکدا کرێکاران و هەژاران هیچ ڕۆڵێکیان لە ڕوودانی ئەم ئافاتەدا، نەبووە.
هاوکاتیش لەم بڕیارەی حکومەتدا شتێکی بۆ ئەوانەی کە بە بێ عەقد کار دەکەن [ زیڕۆ کۆنتراکت ] کە زیاترن لە 600 هەزار، هەروەها ئەوانەی کە بزنسی بچوک یاخود کار بۆخۆیان دەکەن، تێدا نییە ئەمە جگە لە بارودۆخی زیاتر لە 5 ملیۆن خانەنشینکرا و زیاتر لە 3 ملیۆن منداڵ کە لە هێڵی برسێتیدا دەژین.
ئەو بڕیارە کە دەوڵەت دوێنێ دای لەبەر چاوی کاڵی کرێکاران نەبوو بەڵکو لەبەر دانەڕمانی ئابووریی بوو کە یارمەتی خاوەنکار و خاوەنکارگەو کۆمپانیاکانی دا. چونکە گەر هەموو ئەم کرێکارانە بێ پارە و موچە بچنەوە ماڵەوە ناتوانن بژین و دواتر زەمینە بۆ هاتنە سەر شەقامی خەڵکی و تێكشکاندنی هەرچی هەیە لە بینای دەوڵەتی و کۆمپانیا و بانق و بوغازەی گەورەی خواردن و کەلەوپەل و بردنی هەرچی تیادا بێت، کە لەم زروفەدا زۆر ئەستەم دەبێت بۆ دەوڵەت، کە بتوانێت ئاسایش بۆ ناو شار بگێڕێتەوە و هاوکاتیش مولزەم دەبێت بە قەرەبووکردنەوە.
هەرچی بزنسە زەرەر ناکات ڕەنگە قازانج و سوود بێتە خوارەوە بەڵام ئەوەتا دەوڵەت 330 ملیار دۆلاری بۆ تەخانکردون، باجی لەسەر هەڵپەساردوون ، بڕێك پارەی کرێکارەکانیان بۆ دەدات، خۆشیان لە دائیرەی تەئمین شتێك پارە وەردەگرنەوە.
لە نانی ئەم هەنگاوەدا حکومەتیش بە ڕۆلی خۆی قازانج دەکات هەم بزنس و هەم بڕێك لە کرێکارانیش رازیدەکات و خۆی شیریندەکات و هەڵبژاردنی داهاتووش مسۆگەر دەکات. لە لایەکی دیکەشەوە کار لەسەر دابڕینی پەیوەندی خەڵکی دەکات، کە بە هێچ شێوەیەك نەچنە دەرەوە و لە ماڵەوە بن مەگەر کاری یەکجار زەرووریان هەبێت. ئێمەشی ئاوا ترساندووە، کە گەر دراوسێیەکت پێویستی بە یارمەتی تۆ بێت، نە هەموو کەسێك ئامادەیە بچێت بە دەمییەوە نە هەموو دراوسێیەکیش متمانە بە یارمەتیدەرانی دەکات لە ترسی ڤایرۆسەکە، نەبا بۆی بەریت.
لەمانەش ترسناکتر، کە رەنگە لە هەفتەی داهاتووە بێت، قەدەخەکردنی خەڵکییە هەر لەژێڕ بیانوی کەمکردنەوەی مەترسیی ڤایرۆسەکە و یارمەتی دانی بەشی تەندروستی، کە خەڵکی ناچارە بیگرێتە بەر. چونکە ئەمان زەمینەسازییان هەفتەیەکە بۆ ئەمە کردووە بە وتنی ئەوەی، کە ئەم دەردە تاکو بەهاری ساڵی ئایندە دەخایەنێت، 4 کەس لە 5 کەسی ئەم وڵاتە تووشی دەبن کە بە ڕێژەی سەدی لە سەدا 80 ی دانیشتوانی بریتانی، لە 5 کەس 4 کەس بە ژمارەش 7.9 ملیۆنیان داخڵی خەستەخانە دەبن، ئەگەریی ئەوە هەیە ژمارەی قوربانییان لە نێوانی 318،660 و 531،100 کەس بن. ئایا شتێکی دیکە دەمێنیت، کە لەمە زیاتر نیگەرانت بکات، بتتۆقێنێت، بێ وررەت بکات ڕادەستی تەنهایی و بێ چارەیی و بێ کەسییی بێ ئومێدیت بکات؟
ئەوەی، کە دەوڵەت هەوڵی بۆ نەداوە، بچوکترین ئامادەکاریی بووە لە بەرانبەر ئەم پەتایەدا کە 3 مانگە لە ئارادایە: لەوانە تا ئێستا دەمامك و دەسکێش بۆ کارمەندانی خەستەخانە نییە، دەرمانی تەواو نییە، ماشێنی یارمەتیدانی ژیانەوەی سییەکان کەمە، پێشوەخت کۆنتراکتێك لە تەك هەندێك ئوتێلدا نەکراوە بۆ کردنی بەشێکیان بە خەستەخانە گەر پێویستی کرد ، یارمەتی شارەوانییەکان بە بڕێکی زیاتر پارە نەکراوە کە ئەوان یارمەتی کەسانی پەککەوتە و پیر و منداڵان کە پێویستیان بە پێداویستی تەواو هەیە…تاکو شتێك ئەرك لەسەر خەستەخانەکان، کەمببێتەوە . لە مانەش گرنگتر لە 3 ساڵی ڕابووردووە 50 هەزار نێرس و 5،500 دکتۆر خانەنشینکراون و یاخود کاریان لە بەر فشار و باری تەندروستییان بەجێهێڵاوە ، حکومەت لە دوێنێوە، 21/03 وە داوایان لیدەکات کە بگەڕێنەوە ” بەشی تەندروستی پێویستی پێتانە” . کاتێك کە ئەمانە نەکراون کەچی هێشتا بێ ئابڕوانە لەبری هێنانەوەی پۆزش و بەڵێندان بە کردنی هەموو شتێك و دڵنەواییکردنمان ، دێن دەمان تۆقێنن تاکو تێمانبشکێنن .
سەرەڕای ئەمانەش، ئێمە لەژێر هەرەشەی نەبوونیشداین، نەبوونی نان و سەوزە و میوە و وشکەداین، گەلێك لە سوپەرمارکێتەکان ڕەفەکانیان بەتاڵە ئەوەشی کە هەیە بڕێك دانراوە کە ناتوانیت لەوە زیاتر بکڕیت، شیر و پەنیر و گۆشت و ماسی و هەندێك خواردنی دیکە لە قەیراندان. لەو لاشەوە کێڵگەوانەکان و خاوەنکێڵگەکان باڕەیا لێ هەستاوە کە دەرەقەتی بازاڕ نایەن بە هۆی ئەو تۆفان و زریانەی کە ئەمساڵ بووە ئێستاش بە هۆی کۆرۆناوە کە لە وەرزی بەرهەم ڕنین و کۆکردنەوەیدا هاتنی 60 هەزار کرێکار لە وڵاتەکانی دیکەوە، لەدەستدەدەن. هەر بە گوێرەی راپۆرتێکی دیکە، کێڵگەکان زیاتر لە 80 هەزار کرێکاریان دەوێت ئەمانە لە کوێوە بهێنن؟!! بۆیە لاتان سەیر نەبێت کە کۆمەڵەی کێڵگەوان و خاوەنکێڵگەکان داوا لە دەوڵەت دەکەن کە ” سوپای زەوییان” بۆ بنێرێت ، واتە سەرباز بنێرن بۆ کارکردن لە زەوییەکان.
جگە لەوەی سەرەوەش بەهۆی سیاسەتی ئابوری لیبراڵ و بازاڕ و گڵۆبەلایزیشنەوە و گۆڕینی کەش و هەواوە لە بریتانیا ساڵ بەسەڵ بەرهەمی کشتیاری و کێڵگەکانی ئێرە لە کەمبوونەوەدا دەبێت. لەم بارەشدا بازاڕ متمانە دەکاتە سەر بەرووبوومی هاوردە لە ولاتانی وەکو ئیسپانیا و یۆنان و تورکیا و ئەفەریقاوە ئەمەش بە هۆی دەردی کۆرۆناوە گرفتێکی گەورەی دروستکردووە کە ئێستا بەشێك لەو وڵاتەنە یا خۆیان توشی ئەو دەردە بوون یاخود لە چاوەڕاونیی هاتنی ئەو ئافاتەدان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت