كەمال محەمەد: جەنگەكە لە كۆرۆنا ئەبەینەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ژیان دوبارە بونەوەیەكی بەردەوامە، هەندێ جار بریسكەو روداوی تراژیدی كورتخایەن زیندو ئەبێتەوە، بەڵام هەر زوو ئەو بریسكەو ڕوداوانە وون ئەبن و زۆر خێرا گۆڕانكارییەكان ڕووئەدەن و خەندەیەكی ئەبسورد لەگەڵ خۆی دێنێت و سەرلەنوێ مرۆڤایەتی لە ڕۆژێكی بەختیارەوە وزەكانی خۆی وەردەگرێتەوە. ئەوەی گرنگە لە ئێستادا ئەوەیە، كە بزانین ئێمە لە چ حاڵ و قۆناغێكداین، چۆن بتوانین جەنگێك بەرپا بكەین، كە توانای دروستكردنی ئاشتییەكی درێژخایەنی هەبێت و، دوا ڕۆڵی خۆمان ببەخشینە سەركەوتنێكی مێژوویی. ئێمەی مرۆڤ نابێت هیچ كات خۆمان بە لاواز بزانین، چونكە ئەو هێزەی لە ناخنماندایە توانای ئاشناكردنمانی هەیە بەوەی، كە چۆن بەهاو توانای راستەقینەی خۆمان بسەلمێنین، ئەگەر لەسەر بنەمای راستییە گشتییەكانی هێزی مرۆڤ بونمان ئەنجامی بدەین.
ئێمەی مرۆڤ ئێستا دوو بژاردەمان لەبەردەستە یان تەسلیمبون یان بەرخۆدان بەرامبەر بە ڤایرۆسێكی نەبینراو، كەدانپێنانی تاڵە. بەڵام راستییەكەو یەخەی مرۆڤایەتی گرتوە، ئەمە ساتێكە دەبێت هەرەزێدە بەرامبەری وریاو هەستیار بین. ئەمە رەوشێكی بێ رەحمانەیە، كە ڤایرۆسێك ڕوبەروی مرۆڤایەتی كردۆتەوە بۆیە جگە لە حساب بۆ كردنێكی راستی لەڕێگەی بەرخودانەوە لەم جەنگەدا لەڕێگەی جێبەجێكردنی هەمو شارەزاییەكانی خۆپارێزی و رێنماییەتەندروستییەكانەوە چارەیەكی دیكە نییە. بۆیە بەرفراوانترین خۆ رێكخستن لەم جەنگەدا، زیاتر دەرفەتی سەركەوتنی گەورە ئەهێنێتە مەیدان، تا بتوانرێت پێكەوە ڕۆڵێكی دیاریكەر ببینین لە پێكهێنانی تاك و كۆمەڵگایەكی تەندروستانەی خاوەن توانستێكی بەرزی روبەروبونەوەدا.
توانست و ئیرادەی ئێمەی مرۆڤ لەم جەنگەدا یادگاری قۆناغێك ئەبێت لە داهاتوودا، كە ئێمەی مرۆڤ چۆن توانیومانە بەچەكی دەستمان، كە خۆپارێزی و گوێڕایەڵی ڕێنماییەكانی تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەكان، قۆناغێكی دژوارمان تێپەڕاندوە. بێگومان تێكۆشانی بەردەوامی ئێمە بەرامبەربە ڤایرۆسی كۆرۆنا ”كۆڤید 19” ڕێگا لە پێش گۆڕانكاری گرنگ و بایەخدار ئەكاتەوە، چونكە مێژوی مرۆڤایەتی ڕوبەروی چەندین قۆناغی هاوشێوە بۆتەوەو سەرلەبەریانی سنورداركردوەو لەبەرتەسكترین كەلەبەرو زانستی ئەو سەردەمانەشدا تەنگەتاویی كردون و، لەناوی بردون. بۆیە گومانی تێدا نییە پێشكەوتنی زانستی سەردەم و هوشیاری ئەمڕۆكەی مرۆڤ، ئەتوانێ ئەم نێوەندە زەمەنییە بكاتە ڕاگوزەرییەكی دیكەی مێژوویی.
بەگشتی مرۆڤەكان كارەكتەری شارستانیتەتەكانی سەردەمی خۆیانن، ئێمەی مرۆڤ ناتوانینن بیسەلمێنین كە شۆڕش و بەرخودانە مرۆییەكان لەقۆناغە سەختەكاندا میراسێكیان بۆ بەجێ نەهێشتوین، چونكە ئەگەر میراس و ئەزمونەكانی ئەوان نەبونایە ژیانی ئێستای ئێمە هیچ مانایەك و بونێكی نەبو، بۆیە پێویستە ئێمەی مرۆڤی سەردەم لەوەها قۆناغێكدا، كە لەسەردەمێكی بێ هاوتای زانستداین لەچاو سەردەمانی ڕابردودا ڕەوابونێكی خێرا بە چەكی زانستگەرایی و ئیرادەو توانای خۆمان. بدەین و ئەوەی پێویستە بیكەین لەم جەنگەدا و بیسەلمێنین ئەوەی لە سەردەمی كۆڤید 19دەشدا ئەژی دیسانەوە سەپاندنی هێز و توانای مرۆڤایەتییە، كە هەمیشە رەقیبەكانی خۆی لەناو دەبات و دەكەوێتەوە مەیدانی بەردەوامی ژیانەوە.
لە كۆتاییدا پێویستە ئەوە بەبیر بهێنمەوە، كە ئێمەی مرۆڤ و بەنی ئادەم، بڕوای تەواومان بەو ئایەتەی خوای گەورە هەبێت كە فەرمویەتی: ( فٳن مع العسر يسری ٭ ٳن مع العسر يسری ). واتە بەڕاستی و بە دڵنیاییەوە لە گەڵ ناخۆشی و ناڕەحەتیەکاندا خۆشی ئاسانی بە شوێنیەوەیە دێت بەردەوام.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت