دکتۆر محەمەد ئەمین گەناوی: ئابورى قەیران لە کاتى کۆڕۆنا.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئابورى قەیران، واتە ( ڕەوشى ئابورى بە هەموو ڕەهەندییەکانیەوە لە کاتى قەیرانى ئابورى، دارایى، سیاسى، کۆمەڵایەتى، شەڕ وە هەتا قەیرانە تە‌ن دروستى وەک ئیستا کە پەتاى کۆرۆنا هە یە، فکرى وە فەرهەنگیەکانا )، لەگەڵ قەیرانى ئابورى کە بە هەرهۆکارێک بێت ڕوودەدات جیاوازى هەیە لە بنەمادا وە ئامرازى چارەسەر.
قەیرانى ئابوورى بە شێوەیەکى گشتى لە سەر خانى ئابوریدا ڕوودەدات، لە ئەنجامى سستى یان نەبونى چالاکى بە هەر هۆکارێک بێت ، کە مەرجە بۆ ئابوریەکى تەندرووست. بۆ نمونە لێرە دامەزراوەیەکى تۆکمەى ئابورى هەیە بەڵام بە هۆى هەندێک پێشهاتى چاوەڕوان نەکراو کار دەکاتە سەر چالاکى ئەم دەزگا ئابوریە، لە بوارى کارکردن و بەرهەم هێنان و سەرمایە واتە سور ى سەرمایە ‌پارە کاڵا وە یان بۆ نمونە بە هۆى هۆکارى دارایى و بازاڕى دارایى و دراوەکان، یان سیاسەتى نوێى ئابورى وە بازاڕ لە سەر ئاستى سنورى نیشتیمانى بێت یان یان ناوچەیى و جیهانى وە هەندێک جار دەشێت بە هۆى هەندێک ڕوداوى هەتا مێژووى بێت کە لە بوارى سیاسى و ئابوریدا ڕویان دابێت نمونەش بۆ ئەمە پاش 30 ساڵ لە داگیرکردنى عیراق بۆ کوەیت تا ئێستاش ئاکامە ئابوریەکانى بونیان هەیە.
واتە کاتێک قەیرانى ئابورى دروست دەبێت کە ژێرخانى ئابورى هەبێت وە بۆ چارەسەریش دەبێت سیاسەت و ئامڕازى نوێ، ڕێکخستنى نوێ،وە نوىِ کردنەوەو ئاڵوگۆر بە کاربهێنرێت بۆ چاکردنى سەرخانى ئابورى، بەڵام ئابورى قەیران واتە لەم کاتەدا کە قەیرانەکان هەن پێویستە ئاوڕبدرێتەوە لە ژێرخانى ئابورى وە ئامادەسازى بۆ بکرێت و ئاراستە بکرێ ، کە بتوانرێت بەسەر قەیرانەکاندا زاڵ بین. هەڵبەتە لە قەیرانى ئابوریدا دەبێت ژێرخانى ئابورى لە بەرچاو بگیردرێت، بۆ هەر هەوڵێک بۆ چارەسەرى بەم جیاوازیە کە دروستکردنەوە (نوێ کردنەوە )، وە چاککردن گشتگیرنیە، بەڵام بۆ ئابورى قەیران دەبێت تا ئەو پەڕى هەوڵەکان وە کارەکان گشتگیربن، بۆ نمونە ئەم قەیرانانەى کە لە کوردستان و عیراق و زۆرێک لە وڵاتانى جیهانى سێ یەم هەن. پێویستیان بە چارەسەرى گشتگیر هەیە، لە هەموو لایەنەکانى سستەمى ئابورى ،سیاسى وە فکرى بۆ دروستکردنى ژینگەو ژێرخانى ئابورى.
ئابورى قەیران بە شێوەیەکى گشتى و کورت وەک سیاسەت، میکانیزم وە ئامراز بۆ چارەسەرى رەوشى ئابورى و سنوردارکردنی زیانەکان لەم خاڵانەدا پێناسە دەکرێت.
1. دروستکردنى ئەنجومەنى شوراى شار و ناوچەکان ، کەکار لەسەر کایەکانى ئابورى بکەن، بێ خۆبەستنەوە بە بەرژەوەندییەکانى حزب و خێڵ و خێزان، ئەم حالە لە سەر ئاستى حکومەتیش هەر دەبێت وابێت ، کە پێى دەڵێین حکومەتى تەکنۆکرات وەک سەرەتا بۆ دامەزراندنى ئابوورى نیشتیمانى.
2.هەموو کەرتە ئابوریەکان، بخرێنە ژێر چاودێرى ئەنجومەنەکانەوە، دادپەروەرانە بە کاربێن بۆ پڕکردنەوە پێداویستیە هەنوکەییەکانى خەڵک، بۆ فەراهەم کردنى موچە و خۆراک و پێداویستیە سەرەکیەکانى ژیان وە بەڕێوبردنى دەزگاکانى وڵات.
3.دانانى نەخشەو جوگرافیاى ئابورى نیشتیمانى وە دەست کردن بە دروستکردنى دامەزراوەى ئابورى کەهەم بۆ کاتى ئێستا بتوانێت ئیدارەى قەیرانەکان بکات، هەم بۆ داهاتوو ببنە ژێرخانى تۆکممە.
4. پەرەپێدانى سیستەمى هەرەوەزى لە کەرتەکانى ئابوورى لە بوارى کشتوکاڵ ، پیشەسازى ، خزمەتگوزارى وە کەرتى نیشتەجێبوون بە مەبەستى فەراهەم کردنى دیموکراتى ئابورى تا زۆرترینى خەڵک ڕاستەوخۆ بەشداربن هەم لە بوارى بەرهەم هێنان هەم لە بوارى بازاڕو قازانجدا.
5.لە کاتى ئێستامان بە هۆى پەتاى کۆڕۆناوە کە زوو چارەسەرى بۆ نەدۆزێتەوە ئەوا ئەبێتە هۆى وەستانى ئابوورى (Stagnation) وە هەڵاوسان Inflation ، ئەمەش واتە کەم بوونەوەى بەرهەمهێنانى کاڵاکان هەتا کاڵا خۆراکى و دەرمانى و پزیشکیەکان ، وە سەرەنجام گرانى وەیانە بوونى کاڵاکان لە بازاڕەکانا، کە ئەبێتە هۆى ئەوەکە بەشى هەرەزۆرى خەڵک تواناى کڕینى کاڵا سەرەکیەکانى ژیان لە دەست بدات ، بێ گومان ئەم حاڵەش ئەگەر دروست بێت بۆ خۆى، دەرهاویشتەى سیاسى ، کۆمەڵایەتى وە ئاسایشى لێ ئەکەوێتەوە کە بابەتى ئێستا نییە بەڵام ئەبێ وەک ئەگەرێ لە بەرچاو بگیرێ لە حالى بەردەوام بوونى کۆرۆنا.
دەرهاویشتە تەندروستى ، ئابوورى و خۆراکیەکانى کۆڕۆنا کاریگەرى ڕاستەوخۆ خێراى هەیە لەسەر ژیان و رەوشى هەر تاکى وە هەر کۆمەڵگایەک بە هەموو ڕەهەندەکانەوە ، دەرهاویشتەکانی کۆرۆنا زیاتر و دژوارتر ئەبن ، وەک لەسەرەوە ئاماژەمان پێکرد ئەگەر ڕەوشى کۆرۆنا بەم جۆرەى ئێستامان بەردەوام بێت . وە هێڵى یەکەمى بەرگرى دەرهاویشتیەکانى ئابوورى وە تەندروستى کۆرۆنا بە فەراهەم کردنى خۆراک ئەکرێ لە ناوخۆى وڵات ئەگەر بۆ ماوەیەک نەتوانرا خۆراک لە دەرەوە بەدەست بهێنرێ چونکە بەردەوامى کۆرۆنا بۆ ماوەیەکى درێژ کاریگەرى ڕاستەوخۆى ئەبێت نەک هەر لەسەر گرانى کاڵاکانى خۆراک بەڵکو هەتا نەبوونیشیان بە هۆى نەبوونى بەرهەم و کەمبوونەوەى لە سەر ئاستى جیهان . لەگەڵ زۆربونى هەڕەشەکانى کۆڕۆنا بۆ سەر ژیان و ئاسایشى گەڵان ،زۆر وڵات بۆ پاراستنى ئاسایشى نەتەوەیى خۆیان ناچارن ڕێگرى لە هەناردەى کاڵاى خۆراکى و دەرمان بکەن بۆ دەرەوەى سنوورى نیشتیمانیان ، هەروەک یەکێتى ئەوروپا لە 15 ى ئازار رایگەیاند کە هەناردەى دەرمان وکەرەسەى پزیشکى بۆ دەرەوەى یەکێتى ئەوروپا سنوردار نەکرێ.
.https://www.politico.eu/atricle/coronavirus
هەڵبەتە لەگەڵ دژواربوونى رەوش بەهۆى کۆرۆنا وە بە دڵنیایى زۆر وڵات و کیشوەرى تریش بە هەمان جۆر هەمان هەنگاو ئەنێن بۆ ڕێگرى تەواو یان سنوردارکردنى هەناردەى کاڵاکانى خۆراک و دەرمان بۆ دەر وە ىسنورى نیشتیمانیان . لە بەر ئەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەى کەمى و نەبوونى کالاى خۆراکى لە سێبەرى هەڕەشەى کۆڕۆنادا لە سەر ئاستى کورت خایەن تا 7 مانگى تر واتە تا کۆتاى مانگى 10 پێویستە ئەم هەنگاوانە بهاوێژرێت بە تایبەت لە سەر ئاستى تاک ،خێزان وە کۆمەڵگاى بچووک ئەمجارە تەواوى کۆمەڵگا تا بتوانرێ لایەنى کەمى خۆراکى پێویست بۆ خەڵک فەراهەم بکرێ ،وە هەر تاکێ هەست بکات کە ئاسایشى خۆراکى هەیە.
1. دروست کردن کارخانەى تایبەت لە هەر پارێزگایەکا یان قەزایەک بۆ پیشەسازى کردنى گەنم ، چوونکە لە کوردستان گەنم بەشى ناوخۆ ئەکات بەڵام بۆ ئەوەى جگە لە نان گەنم بکرێتە کەرەسەیەکى خۆراکى جۆراوجۆر وەک ساوەر و گەنمە کوتاو… هتد، پێویستە بە پیشەسازى بکرێ . لە ساڵى 2016بۆ هەندێ خوێندکارى بەشى خۆراک لە کۆلیجى کشتوکاڵى زانکۆى سلێمانى ئەم هەوڵەم لەگەڵیان دا تا لە ڕێگەى ژوورى بازرگانى دەست بکرێ بە پیشەسازى کردنى گەنم بەڵام کەس ئامادەنەبوو هاوکاریان بێ ، بە دڵنیایى ئەگەر ئەمە ئەنجام درا بایە لە هەموو روویەکەوە بۆ ئێستا دەست کەوتێکى گەورە ئەبوو . ئەشێ وە ئەبێ کەڵک لەم رەوشە وەربگیرێ وەک وانەیەک بۆ پیشەسازیکردنى کشتوکاڵ هەرچى زووتر.
2. هەوڵدان بۆ هاوردەکردنى دەرمانى پێویست لەم وڵاتانەى کە تا ئێستا هەناردەکردنیان سنوردار یا ساخ نەکردوە وەک یەکێتى ئەوروپا کە لەم لینکەى سەرەوە باس کراوە.
3. ئێستا کەوەرزى خۆ ئامادەکرنە بۆ بەرهەم هێنانى بەروبومە هاوینەیەکان وەک فاسۆلیا ، ماشە سپى، بە زالیا، نۆک، گەنمە شامى، نیسک، بامیە، کاڵە ک، شووتى، وە هەروەها جۆرەها سەوزەو میوە پێویستە هەموو دەزگاکان ئاراستە بکرێن بە هاندان و هاکارى خەڵک بۆ چاندنى هەرچى زۆرترى زەویە کشتوکاڵیەکان لە لادێکان وە دەوروبەرى شارۆچکەکان وە شارەکان، وە هەموو ئەم زەویانەى بەراون و بە کەڵکى کشتوکاڵ دێن . بە لەبەر چاوگرتنى کەش و هەواى کوردستان لە ئێستاوە تا کۆتاى مانگى 10 بۆ هەندێ بەرووبووم ئەتوانرێ تا دووجار هەمان بەروبووم لە زۆر ناوچە بەرهەم بهێنرێت.
4. ئەوانەى لە شارەکان ئەژین وە لە حەوشەى ماڵەکانیان چەند مەتر هەبێ هەتا ئەگەر 1-2 م دوجاش بێ با سەوزە یەک، میوەیەک یا جۆرێکى پاقلەمەنى تیا بچێنن، وە هەتا ئە وانەى حەوشەیان نیە ئەتوانن کەڵک لە ئینجانە وەربگرن وە بە کارى بهێنن بۆ چاندنى ئەم بەرووبوومانەى خۆیان مەبەستیانە.
هەڵبەیە ئەمە ئەبێتە سەرەتایەکى گرنگ کە لە مەودوا پێویستیەکانى خۆراک لە با بە بەرهەمى ناوخۆ پڕبکرێنەوە کە لە ئەنجاما لە رووى ئابوورى ، تەندرووستى، ژینگە ییەوە بەسوودە لێرەدا گرنگ ئەمەیە کە هەموان هەرکەسە بە گوێرەى تواناو شارەزایى خۆى بەشداربێ لە بەڕێوبردنى / ئیدارەکردنى ئابوورى قەیران وە چارەسەرکردنى قەیران گرفتەکان لەسەر ئاستى بەشدارى تاک وە بەهاوکارى و لەگەڵ کۆمەڵ و دامەزراوەکان. بەتایبەت لە کاتى ئێستاى پەتاى کۆڕۆنا کە هەڕەشەى فرە ڕەهەندى هەیە لەسەر ژیانى مرۆڤ . بە هیواى بەشدارى هەمووان لە چارەسەرى پێش هاتە خراپیەکانى کۆڕۆنا وە بە هیواى لەش ساخى هەموان.
* ئابوورى قەیوان بابەتى سیمینارێک بوو لە ساڵى 2016 لە سلێمانى بەڵام بە لەر چاوگرتنى بوونى کۆڕۆنا چاک کراوەتەوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت