حەمەئازاد بەرزنجی: ئێستا لە دڵەوە هەستدەکەیت ، کە ئەوانە هی تۆن و تۆیش لەوانی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەوەتەی ئەم ڤایرۆسی کۆرۆنایە پەیدابووەو بڵاوبۆتەوە، لەگەڵ ترس و نارەحەتی و نا ئارامییەکەی و دانیشتن و لە ماڵەوە مانەوەکەی و قۆرەنتینیاکەی و دروستکردنی بێکارییەکەی، بەڵام لەگەڵ ئەو هەمو ناڕەحەتیەشدا، لە کونجی ماڵەکەتدا، هەست بە ئارامییەک دەکەیت و هەست دەکەیت حکومەتت هەیەو تا ڕادەیەکی زۆریش گوێرایەڵی، فەرمانە تەندروستی و ئیدارییەکانی دەبین و تا ئێستاش هەنگاوی باش نراون.
دەزگاو تیمە تەندروستیەکان، لە ریزی پێشەوەن و پارێزگاریمان لێدەکەن و چارەسەرمان دەکەن. پۆلیس و ئاسایش و پیشمەرگە ودەزگا ڕاگەیاندنەکان و دەزگاکانی دیکە، کاروبارەکان ڕێکدەخەن و شەونخونیمان دەکەن و، ئێشکگرمانن. ئێستا لە دڵەوە بێ مجامەلەی هیچ کەس و لایەنێ هەستدەکەیت کە ئەوانە هی تۆن و تۆیش لەوانی.
هەرچەندە پێشتر، لە هەندێ شوێن و کاتی تردا، لە هەندێ بۆنە و، ڕێپێوان وناڕەزایی و خۆپیشانداندا، هەستت دەکرد، هەندێ جار لەلایەن هەندێکیانەوە، سنور دەبەزێنراو، دژی خواست و ویستەکانت، هەڵوێستی توند وەردەگیران و زەبرو زەنگی توندیشیان بەرامبەر بەکار دەهێنایت. بەڵام ئەمجارەیان گەر تۆزێ توندیش بن بەرامبەرت هەستدەکەیت کە تۆ خۆت سنورت بەزاندووە نەک ئەوان.
بەڵام بەداخەوە لێرەو لەوێ، هەندێ هەڵوێست لە هەندێ کەسانی ناچیزە و نا بەرپرس بۆ خۆنواندن و خۆدەرخستن، دەبینی، خەریکە ئەم هەستە هاوکارییە جوانە نیشتمانیەیەی کە لە هەمو لایەکدا هەستی پێدەکرێ و دەبینرێت، لە کەدار دەکرێت. بەلام ئەوەی جێگەی دڵخۆشیە هەر زو لە سۆشیال میدیاوە بەرپەرچیان دەدرێتەوە و لە شوێنی خۆیان قڕوقەپیان پێدەکرێت و دەمکوت دەکرێن.
ئاخر تۆ ئەندام پەرلەمانی، یان دەمانچە کەلەکێ(دەمانچە بەلاقەد) و پلەداری، یان مێزەر بەسەرو تۆبەکاری و، خێران دەکەیت، چ پێویست دەکات، کامێرایەک بە کلکی خۆتەوە بەستی. ئەمە خێر کردنە، یان خۆ دەرخستنی خۆت و ڕوشاندی، خێر پێکراوە. لە ناو کوردەواریدا دەمێکە بە قسەی نەستەق و پەند ڕێنمایی ئەم گومڕاکەرانە کراوە. ( گەر بەدەستی ڕاست خێرت کرد، نا بێ دەستی چەپ پێی بزانێ). یان وتراوە ( تۆ چاکە بکەو بیدە بەئاوا، عالەم نەیزانێ لای خوا نوسراوە ).
ئەمانە تا زوە وازبهێنن باشترە، چونکە نەک سودی نابێ و سۆزی خەڵک ڕاناکێشی، بەڵکە پەرچە کرداری خراپیشی دەبێ وزیان بەخۆیان و بەو شوێن و لایەنەیش دەگەیەنێ کە کاری تیادەکەن. چاکترین کاری خێرخوازی لە ئێستادا ئەو هەڵمەتی دروستکردنی خەستەخانانەیە کە هەمو شاروشارۆچکەکانی کۆردستانی گرتۆتەوە و خۆزگە دەبو بەکلتوری بەردەوام. بۆ دەسگیرۆیی هەژارانیش ئەوە حکومەت هەیە، تەنانەت پێویست بەدەزگای خێرخوازی، زەردوسوروسەوزیش، ناکات، لێکگرێدانێکی زۆر لە نێوان دەزگا تەندروستی و خزمەتگوزاری و ئیداری و تاکی کوردەواریدا، پەیدا بۆتەوەو مەیڕەوێننەوە. پێویست بە خۆنواندنی حزبی ناکات و ئەم پەیوەندیە، خۆشەویستیەی کەلەم بەهارەدا گۆپکەی کردوە بهێلن چەکەرە بکات و لەناوی مەبەن. چ بێ ماناییەکە، بە میللەتێ ڕەوا نەبینی کە شانازی بە حکومەتەکەیەوە بکات و نەهێڵی حکومەت ڕۆڵی خۆی ببینێ و هەر بەزۆری زۆر دارەکی کلکی تێهەڵبقورتێنی و بتەوێ بەلاڕێیدا بەریتەوە و، چالاکییەکان و خزمەتگوزارییەکان بە رەنگی حزبی باڵا پۆش بکەیتەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت